هێمن ڕەئووف : کەرکوک لەنێوان تیرۆر و بێئابڕوویی میدیای کوردیدا .
کەم ڕۆژ هەیە کەرکوک و زۆرێک لە ناوچە جێناکۆکەکان نەبێتە مەیدانی تەقینەوە و کردە تیرۆرستیەکان . کەم ڕۆژ هەیە دەیان هاوڵاتی مەدەنی بە منداڵ و پیر و گەنجەوە نەبنە قوربانی ئەو نائارامیەی لەوناوچانەدا خۆیی سەپاندووە . ئەگەر بە ئاگاییەوە بە ئەرشیفی میدیای کوردی بەتایبەت ئەوانەی خۆیان پێ ” ئازاد و ئەهلی و سەربەخۆیە ” بچینەوە ، دەبینین چەند بێباکانە لە ژیانی خەڵکی سیڤیل و بێدیفاعی ئەو ناوچانە دەڕوانن . هەر یەک لە ئێمە دەتوانین دەیان بەروار بدۆزینەوە کە ئەو میدیایە هیچ گرنگییەکی بەو ڕووداوانە نەداوە کە خەڵکی مەدەنی و ئاسایی کراونەتە قوربانی .
لەهێرشە تیرۆرستیەکەی ٤/١٢/٢٠١٣دا لە کەرکوک ، بەڕوونی بێئابڕوویی میدیای کوردیم بینی . بینیم چەند بێشەرمانە لەهەوڵی گەورەکردن و ناساندن و بە قارەمان نیشاندانی هەندێک هێزی دەمامکدار و پارەخۆر و پیاوکوژدا چۆن هەزیلانە وەک دەڵاڵی هەواڵ چرکە چرکە خۆیانی بۆ تەرخان دەکەن ، بەڵام ” بەبەڵگەوە ” لەکاتی بەقوربانیبوونی دەیان هاوڵاتی مەدەنی و دەیان بازاڕ و گەڕەک و شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵک ، بەهیچ شێوەیەک گرنگییان پێنەداوە و لەو ساتانەدا گرنگترین هەواڵەکانیان شەڕی دوو بەرپرسی نابەرپرس و جلەکانی هەیفا و کۆبونەوە بێسودەکانی سەرۆک و سەرکردە فاشیلەکان بووە .
ئەوەی ڕوویدا ئەمجارەیان بارەگای دەزگای هەواڵگری و هەستیارترین ئۆرگانی چەکداری دەوڵەت ئامانج بوو . هەرچەندە ئەوە ئەوپەڕی مایەپوچی و شکستی ئەمنی دەوڵەتە دەزگایەک ئیشی دۆزینەوە و چاودێریکردنی تیرۆرستانە ، دەکرێتە ئامانج. تیرۆرستان توانیان سەرکەوتووانە لەو دەرگایەشەوە دەیان خەڵکی ئەو شارە بکەنە قوربانی ، بەڵام ڕاگەیاندن و هەندێک لە ڕۆژنامەنوسە سوکەکان کەوتونەتە بەشان و باڵ هەڵدانی کۆمەڵێ پیاوی قەڵەوی چەک بەشان کە تەنها بە ئیشی خۆیان هەستاون. وەک چۆن بەقاڵێک تەماتە دەفرۆشێت ، وەستایەک دیوارێک دروستدەکات ، مامۆستایەک وانە دەڵێتەوە ، کەناسێک شەقام پاک دەکاتەوە … بەهەمان شێوە ئەوانیش شتێکی زیادەیان نەکردووە جێاگای شانازی بێت .
من پێم وایە لە کوردستاندا میدیایەکی ئەهلی و سەربەخۆ نیە ، هەموویان بە شێوازێکی ناشەریفانە کار بۆ جوانکردنی ڕووی قێزەون و ڕەشی حیزب و دەسەڵات دەکەن . هەموویان کاریان شەریفاندنی دز و گەندەڵ و پیاوکوژەکانە . لە تەنیشت ئەم ئیشە بێئاڕووییەوە جارجارە ڕاپۆرت و هەواڵی شەرمنانە لەسەر بەرپرس و دەزگاکانی حومەت و حیزب بڵاو دەکەنەوە و خۆیانی پێ وەک بێلایەن و سەربەخۆ دەناسێنن . ئەمانە کۆمەڵێک خەڵکی سودمەند و ئینتیهازین کە ناشەرعییانە و دووڕووییانە خەریکی پەیداکردن و دزی و خیانەتن . بەدڵنیایەوە زۆرینەی ڕەهای نوسەران و ڕۆشنبیران ئەم ڕاستیە دەزانن ، بەڵام زۆرێکیان لەترسی بایکۆتکردنیان لەلایەن میدیاکانەوە ، یان لەترسی لەدەست نەدانی گۆشە بێسودەکانیان لە ڕۆژنامەکاندا کە بە سەرچاوەی ناودەرکردنی خۆیانی دەزانن ناوێرن بۆ جارێکیش قسە لەسەر ئەم بێئابڕووییە بکەن .
ئەم میدیایە سەلماندی کە بەهیچ شێوەیەک خوێنی خەڵکی سیڤیل و بێدیفاعی ئەم میللەتەی بۆ گرنگ نیە و زۆر بێباکە لەئاست ئەو هەموو قوربانیەدا . بازرگانێک خوێن لە لوتی بێت هەفتەیەکی پێوە دەکوژن . چەکدارێکی حیزب یان کوڕی بەرپرسێک لە رووداوێکدا پێوە ببێت مانگێک گرنگترین سەردێڕی هەواڵەکانیانە . هەرچی خەڵکی مەدەنی و بێکەس و داماوی ئەم میللەتەشە ، لەبەر ئەوەی پارەی تیدا پەیدا ناکەن نەبۆتە بچوکترین خەم و هەواڵێکی لەسەر ناسازێنن . بە ڕاشکاوی دەڵێم میدیا حیزبییەکان زۆر شەریفتر و ڕاستگۆیانەتر پەیوەستن بە ئەرکی خۆیانەوە . ئەوان بە ئاشکرا بوێرانە خەریکی جوانردنی حیزبەکانیانن ، هەقی خۆیانە و ئیشی خۆیانە بە چەکدارەکانیاندا هەڵدەن و نەیانشاردۆتەوە کە معاشخۆری حیزبین . بەڵام بۆ ئەو میدیایە وەک ئەهلی خۆی ناساندووە ، بێئابڕوویی نەبێت هیچی تر نیە .
کەنەدا