shaxawan-Ibrahim-3

شاخه‌وان برایم عه‌بدوڵڵا : له‌ په‌راوێزی كوشتاره‌كانی ده‌ڤه‌ری سلێمانی .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئه‌وانی تریش مرۆڤن

به‌هۆی زۆربوونی هۆكاره‌كانی میدیا و به‌ تایبه‌تی میدیای ئاسمانی له‌ باشووری كوردستاندا ، رۆژ نییه‌ هه‌واڵی كوشتنی یه‌كێك یان زیاترمان به‌رگوێ نه‌كه‌وێت ، ئه‌مه‌ش ته‌نیا وه‌ك هه‌واڵێكی ئاسایی میدیاكان بووه‌و له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵگه‌ نه‌بۆته‌ هۆی ڕاچڵه‌كانی تاكه‌كان ، چونكه‌ به‌راستی وه‌ك پێویست میدیا نه‌یتوانیوه‌ بایه‌خ به‌و كرده‌ تاوانكاریانه‌ بدات كه گومانی كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی لێده‌كرێت یان كوژراوه‌كه‌ كه‌سێكی دیاری ناو كۆمه‌ڵگه‌ نییه ‌، ئه‌مه‌ش له‌ كه‌م بایه‌خ بوونی ئینسانه‌كان به‌ولاوه‌ هیچی تر ناگه‌یه‌نێت له‌ زاكیره‌ی ئه‌وانه‌ی میدیاكان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن ، ئه‌گینا كوژرانی هه‌ر هاوڵاتییه‌ك له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووسێك و سیاسییه‌كدا له‌رووی ئینسانییه‌وه‌ هیچ جیاوازی نییه‌و ته‌نیا جیاوازی نێوانیان پێگه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌یانه‌و ئه‌ویش له‌ كوردستاندا ئه‌و مۆدێله‌ ناشیرینه‌ دروستبووه‌ كه‌ جیاوازی له‌ نێوان ئینسانه‌كاندا ده‌كرێت ته‌نانه‌ت له‌ كاتی مردن یاخود تیرۆركردن و كوشتندا ، میدیاكان ده‌بێت ئه‌وه‌ باش بزانن كه‌ جیاوازی له‌ نێوان كرێكارێك و بازرگانێك و سیاسییه‌ك و عه‌ره‌بێك و مه‌سیحێك و كوردێك و كۆنه‌جاشێك و به‌عسییه‌كی دانیشتووی هه‌رێمدا نییه‌ له‌ كاتێك ده‌كوژرێن ، چونكه‌ مرۆڤ هه‌ر چییه‌ك بێت دواتر مرۆڤه‌و ناكرێت به‌ هه‌ر بیانووێكی ئایینی و ئایدۆلۆژی و فیكری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و شه‌ره‌فه‌وه‌ بكوژرێت یان دووچاری ئازاردان ببنه‌وه ‌، ئه‌گه‌ر له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا دیارده‌ی كوشتن به‌ زه‌قی دیار كه‌وت ئه‌وكات ته‌واوی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ به‌ ته‌واوی كایه‌ سیاسی و ئه‌منی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ده‌كه‌وێته‌ به‌رده‌م پرسیاری ره‌خنه‌ی جیدییه‌وه‌ و هاوڵاتیانیش مافی خۆیانه‌ دووچاری ترس ببنه‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌ڵوێست له‌ دامه‌زراوه‌كانی ئه‌منی و حكومی تایبه‌تمه‌ند به‌ بواری پاراستنی گیانی هاوڵاتیان وه‌رگرن .

ئه‌و باره‌ ناسه‌قامگیره‌ی بۆ سه‌ر گیانی هاوڵاتیان له‌ ده‌ڤه‌ری سلێمانی هاتۆته‌ ئاراوه‌ ، بێ هیچ ئه‌ملاو ئه‌ولایه‌ك ئه‌مه‌مان پێ ده‌ڵێت دامه‌زراوه‌ ئه‌منییه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ نه‌یانتوانیوه‌ به‌ ته‌واوی به‌ ئه‌ركی خۆیان هه‌ڵسن كه‌ پاراستنی ئه‌منیه‌تی هاوڵاتیانه‌، ئه‌م هه‌ڵومه‌رجه‌ ناله‌باره‌ وا ده‌كات دیارده‌ی چه‌كداری دووباره‌ زه‌ق بێته‌وه‌و ئه‌مه‌ش یه‌كجاری باره‌كه‌ به‌ره‌و ئاڵۆزی و مه‌ترسی به‌رێت و به‌ هۆیه‌وه‌ دزی و چه‌ته‌یی و مرۆڤكوشتن ببێته‌ پیشه‌ی رۆژانه‌ی چه‌ته و پیاوكوژه‌كان ، پێویسته‌ دامه‌زراوه‌ ئه‌منییه‌كانی سلێمانی به‌ ئاشكرا داوای هاوكاری له‌ هاوڵاتیان بكات بۆ هاوكاریكردنیان له‌ دۆزینه‌وه‌ی تاوانباران و دان بنێت به‌وه‌ی سه‌ركه‌وتوونه‌بوونه‌ له‌ پاراستنی ئه‌من و ئاسایش بۆیان، هه‌ر هیچ نه‌بێت داوایان لێ بكات پشت به‌ خودی توانا و بیرۆكه‌ی خۆیان ببه‌ستن بۆ پارێزگاری كردن له‌ گیانی خۆیان و به‌ ئاشكرا به‌ هاوڵاتیان بڵێت ناتوانن سه‌روماڵیان له‌ده‌ست چه‌ته‌و دز و تاوانباره‌كان بپارێزن ، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وكات هاوڵاتی هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك ده‌كات و ناهێڵێت به‌ ئاسانی بكه‌وێته‌ ناو تۆڕی تاوانكارییه‌وه‌ !

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت