گه‌رمیانی حه‌مه‌ی پوور : كاروانی برای کاوە گەرمیانی ، كاڵایه‌ك بۆ خۆ پاككردنه‌وه‌ .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سه‌رۆكێك ده‌یه‌وێ خۆی پاك بكاته‌وه ‌، خۆپاك كردنه‌وه‌ له‌و هه‌موو تاوانه‌ی كه‌ له‌ مێژووی ژیانی سیاسی خۆیدا كردوونی كارێكی زۆر قورسه ‌.

تاوانه‌كانی ئه‌وه‌نده‌ زۆرن لە ژماردن نایەت ، ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسه‌ی ته‌نها به‌خه‌یاڵ خۆی له‌ بنه‌ماڵه‌كه‌ی سه‌رۆك نزیك دەكرده‌وه ‌، ته‌نانه‌ت ئه‌و خه‌یاڵه‌شیان پێ ڕه‌وا نه‌بینی .

كاوه‌ گه‌رمیانی له‌ باوه‌شی دایكیدا له‌لایه‌ن مافیاكانی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ شه‌هید ده‌كرێت ، كه‌سوكاره‌كه‌ی به‌جۆرێك تووشی شۆك هاتوون كه‌ ئه‌و برینه‌ی له‌ جه‌سته‌یان دروستكراوه ‌، هێنده‌ پڕ ئازاره‌ كه‌ ته‌نانه‌ت باشه‌و خراپه‌شیان لێ تێكچووه‌و بۆیان جیاناكرێته‌وه‌ ! نازانن چی بكه‌ن ؟!

ئێستا سه‌رۆك ئه‌وان بانگهێشت ده‌كات !! به‌ڵام بۆچی و چییان پێده‌ڵێ ؟!

هه‌رچی بێت بانگكردنی ئه‌وان بۆ چاوپێكه‌وتن ، جگه ‌له‌ نیشاندانی وه‌ك سه‌رۆكی وڵات و خه‌مخۆری ئه‌و دۆسیه‌ و ڕاكێشانی سۆزی كه‌سوكاره‌كه‌ی و به‌شێك له‌ خه‌ڵكی خۆش بڕوای كوردستان شتێكی تر نییه ‌.

كێشه‌ی بنه‌ماڵه‌ی كاوه‌ وەک دۆسیەی تیرۆریی ڕۆژنامەنوسێک پەیوەست نییە بە چاوپێكه‌وتنی ئه‌وان لەگەڵ بارزانیی و  ئه‌و به‌رپرس نییه ‌، كێشه‌ی ئه‌وان كێشه‌یه‌كی یاساییه ‌، ئه‌گه‌ر بڕیاره‌ كوردستان وڵات بێت و دام و ده‌زگای حكومی هه‌بێت و شتێكی هه‌بێت به‌ ناوی ده‌سه‌ڵاته‌كانی جێبه‌جێ كردن و دادوه‌ری ، ئه‌وا هیچ پێویستیی به‌ چاوپێكه‌وتنی كه‌س ناكات و دەسەڵات ، بكوژ  و ئەوانەی لەپشتی تاوانەکەوەن دەدۆزێتەوەو له‌ چوارچێوه‌ی یاسادا سزایان بەسەردا دەسەپێنێت  .

ئه‌ی خۆ كاوه‌ گه‌رمیانیش له‌ هه‌موو ئه‌و خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیانه‌ی بۆ شه‌هیدانی قه‌ڵم له‌گه‌ڵمان ئه‌یكرد هه‌رهه‌مان شتی ئه‌وت ، مه‌گه‌ر بارزانی هه‌ر بۆ خۆی دادوه‌رو ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنیشه‌ كه‌ بانگهێشتی بنه‌ماڵه‌ی شه‌هید کاوە‌ ده‌كات ؟

خه‌ڵكی تر زۆرن ئه‌و پرسیاره‌ دەکەن ‌، كه‌ سۆران و سە‌رده‌شتیش به‌ هه‌مان ده‌ردی كاوه‌ چوون ، ئه‌ی بۆ به‌خه‌می دۆسیه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ نییه‌و ناش بێت ؟

من له‌سه‌ر ئه‌وه‌یان قسه‌یه‌ك ناكه‌م چونكه‌ ئاشكرایه‌ بۆ ؟

به‌ڵكو من لێره‌وه‌ چه‌ند وشه‌یه‌كم بۆ كاكه‌ كاروان هه‌یه ‌، ئه‌و كوڕه‌ دڵسۆزه‌ دڵشكاوه‌ی كه‌ دڵه‌ پاكه‌كه‌ی خه‌ریكه‌ ئه‌بێته‌ كاڵایه‌ك بۆ پاككردنه‌وه‌ی ده‌ستی پیسی به‌رپرسان .

كاروان گیان

من له‌و هه‌سته‌ی تۆ ده‌گه‌م كه‌ له‌ ئێستادا له‌ ژێر چ فشارێكی ده‌روونیدایت ، له‌وه‌ش ده‌گه‌م كه‌ چۆن هه‌ر ڕۆژه‌و چه‌ند كه‌س خۆی كردووه‌ به‌ موده‌ڕیسی تۆو وانه‌ت پێ ده‌ڵێ و ئامۆژگاریت ده‌كات ، ده‌زانم كه‌ ئه‌وه‌نده‌یان قسه‌ بۆ كردوویت لێت وون بووه‌ كامه‌ قسه‌ی ڕاسته‌و كامه‌یان بۆ به‌رژوه‌ندیی كه‌سانێكی هه‌لپه‌رسته ‌.

كاكه‌ گیان

وه‌ك چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌و پێش پێت وتم ” كاوه‌ ئێستا ته‌نها كوڕی ئێوه‌ نییه‌و هه‌زاران خاوه‌نی تری هه‌یه‌ “، ئێستا هه‌زاران كه‌س له‌ ناوه‌و ده‌ره‌وه‌ی وڵات كار له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌ی كاكه‌ كاوه‌ ئه‌كه‌ن ، هه‌مووان شه‌و و ڕۆژ لە جوڵه‌دان بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سته‌كانی پشتی ئه‌و تیرۆره‌ ئاشكرا بكه‌ن ، فشاره‌كان به‌رده‌وامن و ناڕه‌زایه‌تییه‌كان خامۆش نابن ، ئێمه‌ له‌ جوڵه‌ ناوه‌ستین ، به‌ڵام به‌م ڕوونكردنه‌وه‌ی ئه‌مڕۆتان زۆر كه‌ستان نیگه‌ران كرد ، نیگه‌ران له‌وه‌ی كه‌ ئێوه‌ بۆچی ده‌تانه‌وێ سه‌رۆكی پارتی ببینن ؟ له‌ پێناوی چیدا ؟ چی پێ ده‌كرێت له‌و دۆسیه‌دا ؟ ئه‌ی دۆسیه‌ی سه‌رده‌شت بۆچی ئاوا له‌لایه‌ن سه‌رۆكی پارتییه‌وه‌ گرنگی پێ نه‌درا ؟

كاكه‌ گیان

ئه‌م بانگهێشته‌ پلانێكی سیاسییه‌و ئێوه‌ كاڵان بۆ پاك بوونه‌وه‌ له‌ تاوان ، پاك بوونه‌وه‌ له‌ تاوانی شه‌هید كردنی سه‌رده‌شت عوسمان و ده‌یانی تر .

ئێوه‌ كاڵان بۆ ئامانجێكی سیاسی ، سیاسه‌تێك كه‌ له‌ ڕێگه‌ی ئێوه‌وه‌ سه‌رۆكی حزبێك له‌ هه‌وڵی خۆ جوان كردن و خۆ گه‌وره‌ كردن و خۆپیرۆز كردن و ئه‌و شتانه‌یه‌ به‌رامبه‌ر به‌ حزب یان چه‌ند حزبێكی تر به‌وه‌ی ئه‌و له‌ خه‌می قووڵی دۆسیه‌كه‌دایه‌ .

تكایه‌ وه‌ك چۆن پێشتر دڵی پڕ گریان و چاوی پڕ فرمێسكتان بۆ مه‌رامی سیاسی به‌كار هێنرا ، ئیتر ڕێگه‌ مه‌ده‌ن كه‌سی تر به‌كارتان بێنێت ، ئێوه‌ خاوه‌نی قه‌زیه‌یه‌كن كه‌ ته‌نها یاسا ده‌توانێت مافتان بدات ، بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی مافیشتان گه‌لێكتان به‌ هه‌موو هێزه‌وه‌ له‌ پشته ‌، تكایه‌ گه‌لێك له‌ ده‌ست مه‌ده‌ن بۆ شه‌خێسك كه‌ له‌ خه‌می خزمه‌تكردنی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیه‌تی به‌ برینی پڕ ئازاری ئێوه ‌.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت