دکتۆرکەمال میراودەلی : بۆ ئامەد ی کاوە گەرمیانی .
بەخێر بێی ئامەد ،
بەخێر بێی بۆ ژیان ، بۆ جیهان ،
بەخێر بێی بۆ کوردستان ، بۆ گەرمیان
بەخێر بێی بۆ کەلار
شارۆچکەی هەمیشە دڵبریندار
وەک دڵی ئێستای دایە گیان
بەخێر بێی بۆ ئەم دەڤەرە
بەخێر بێی بۆ باوەشی خاتوو شیرین، دایە گەورە
بەخێر بێی ئامەد ، کوڕی شەهیدی کوڕی شەهید ،
بەخێر بێی بۆ ناو چیرۆکی چاوەڕوانییەکی تری بی بڕانەوەی
کۆرپە بێ باوکەکان
ئەوانەش کە خۆیان بوونە باوک و هێشتاش نازانن
باوکیان چۆن ون بوون ، بۆ ونبوون
بێ ناونیشان
چارەنووسیان لە چ ناوچەوانێکی رەش نووسراوە
رەنگی تۆخی خوێنەکەیان
بە کەڵپەو چەنگی چ دڕندەیەکەوە جێماوە؟
بەخێر بێی بۆ ناو جەنگەڵ
جەنگەڵی دەسەڵاتی کوردیی و
باوەشی دایەو ئامێزی گەل
بەخێر بێی ئامەد
لە ناوەکەتدا کاوە هەمیشە زیندووەو بیر دەکاتەوە
خەم مەخۆ کە بابە دوورەیە لێت
بە خوێنی خۆی
برینی منالە کۆرپەکانی روژاوا دەشواتەوە
تۆ ئامەدی و لە کەلاریت
ئەو کەلارەو لە ئامەدەو
تا ئاپۆ بە ئازادیی نەبێنێ
ناگەڕێتەوە
ئەوسا لەگەڵ کۆمەڵێک زارۆکی زیتی ئامەدا
بۆ پێشوازی تۆ دێتەوە
خەم مەخۆ بابە لات نییە
کاوە بە دوای منداڵە زیندەبەچاڵەکاندا دەگەڕێ
کاوە لە سەر جاددە و بانەکانی گەرمیاندا بە تاقی تەنیا وەستاوە
پاسەوانەو چاو دەگێڕێ
کامێراو قەڵەمیكی پێیە ،
چاودێریی ڕێوبانی جەردەکان دەکات
لە کام لا دەردەکەونەوە
داخۆ ئەم جارە
کام لەتوکوتی جەستەی نێشتیمان
بۆ بازاڕەکانی داگیرکەر دەگوێزنەوە
یان ئەمشۆ بۆ راوی ئەو دێن
بۆ راوی ئەو؟
کاوە بست بە بستی گەرمیانی خۆش دەوێ
هەر لە کەلارەوە تا کۆپانیی
هەموو کوردستانی خۆش دەوێ
کاوە لە گەرمەخەمی گەرمیانییەکان دروست بووە
وەڵلا گەر سەیری وێنەکەی دەکەم بە دیمەن
گەرمیانی بریندارو روخساری کاوە لێک ناکەمەوە
کامەیەن کامەن ؟
هەموو جارێ کە تانکەرە نەوتێک تێدەپەڕێ
کە کۆمپانیایەکی دزیی وداگیرکاریی وتاوان
خاکەنازی لەسەر سنگی گٶرە-بە-کۆمەلەکان گیر دەکاو
بێ پرس ، بێ پلان ،
بێ روخسەت ، بێ پرسینەوە
وەک داگیرکەرێکی تاوانکار
زۆردار
هار
خوێنخوار
بەدوای نەوت و گازی ئێسکوپروسکی ئەنفالکراوەکاندا دەگەڕێ
کاوە یەک دنیا مەراق دەخواو
لە بەرخۆیەوە پڕ بە قوڕگی بێدەنگییەک
کە هەموو گەرمیان کاس دەکا، بە کوڵ دەگری
کە گەورە بووی
سەیری دەموچاوی باوکت بکە
نەخشەی برینەکانی گەرمیانە
گوێ لە هەناسەکانی بگرە
هەمووی یەک بە یەک داستانە
بەخێر بێی ئامەد
بۆ ئەو ماڵە سادەیە
کە بە قەدەر بەلەمێکی تێكشکاوە
بەلام بەرامبەر هیچ تەوژمێک
چۆکی دانەداوە
ماڵێک پڕ پڕ لە کەرامەت
لێوانلێو لە شانازیی و گەورەیی و حیکمەت
بنمیچێکی نزم کە بۆ كۆشکە بەرزەکان سەری نەنەواند
دیوارێکی رووخاو
کە بۆ تایتانیکەکان شانی دا نەدا
گیرفانێکی بەتال
کە بۆ فەردە دۆلار ، لێوی نەقرچاند ،
دڵیکی گەورە کە گەرمیانی تێدا جێبۆتەوە
هێچ قۆندەرەیەک ناوێرێ لێی نزیک بێتەوە
دەستێکی بێ چەک ، بێ هێز ،
بێ پاسەوان ، بێ لەشکر
کە دەسەلاتی هەموو دزەکانی هێنایە لەرزین
هەتا بەزین
بەزینی خۆیان لە ناو خوێنی کاوەدا جاڕ دا
رووت و قووت کەوتنە گۆڕێ
بەرامبەر مرۆڤایەتی و خەڵک و خودا
خۆش ئامەدی ئامەد بۆ ناو ئەم ماڵە سادەیەی
کە بنمیچەکەی بە ئاسمانەوە هەڵواسراوە
پایەکەی لە قووڵایی گەرمیاندا دارێژراوە
دوینێ جەردەکانی وڵات
کردنەوەی تایتانیکێکی تریان راگەیان
پێنج ئەستێرەیەکی تری پرۆژەی گەشت و گەوادیی – یان
بە ئاسماندا هەڵتۆقان
قۆندەرەی زێر بۆ ژنەکانیان دەکڕن
زامدارەکانی هەڵەبجەش هێشتا بە زامەکانیانەوە دەمرن
قوربانییەکانی ئەنفالیش وەک شیرین
هێشتا هەزاران بێ ماڵ و حاڵ دەژین
سەیری نیگای خەمباری کەلار کە
سەیری دڵی دوولەتی کفری کە
سەیری چٶڕاوگەی چاوی چەمچەمال کە
سەیری سەروسیمای سەرسامی سەید سادق کە
سەرنجی دەروونی زەبوونی دەربەندیخان بدە
گوێ بۆ هەناوی سوتاوی هەڵەبجە رابگرە
خەمێکی خورماڵ شی کەوە
ئای لەو شارو شارۆچکە شەهیدانە
شایەتی بێشەرەفنامەیی تایتانیکەکانن
هیچاین بە قەدەر
دوو ئوتێلی گەشت و گەوادییان بۆ خەرج نەکراوە
هیچیان داهاتی مانگێکی نەوتی دزراویان بۆ دانەنراوە
جەرگیشیان کون کون کراوە.
خۆش ئامەدی ئامەد
ئێرە
دەسەڵاتی قۆندەرەی زێڕو
سەری قۆندەرەیە
بمبەخشە ئامەد گیان نەمتوانی وشەیەکیش بۆ کاوە بنووسم
هەر کە خەریک بووم ناوەکەی حینجە کەم بە ئاسانی
هەزاران تەیموور لە قوولایی زیندەچاڵەکانەوە سەری دەرێناو زریکانی
هەزاران قوڕگی پڕ لە گڵ و گریانی خنکاو
لێم بوون بە لافاو
ئاخر کاوە ئەنفالستانێکی گەڕۆک بوو
کاوە بۆ ئەوان زمان بوو، ویژدان بوو، چیرۆک بوو
بەخێر بێی ئامەد وەللا هاتنی پیرۆزی تۆ
دڵی برینداری منیشی سارێژ کرد
خۆزگە لە ئامێزم دەگرتی و ناوچەوانی پاکتم ماچ دەکرد
بەلام لەم دوورییە نزیکەوە
رەنگی کاوە لە روخسارتدا دەخوێنمەوە
بۆنی کاوە لە دیداری تۆ دا دەکەم
دەنگی کاوە لە هێمنیی لەدایکبوونی تۆدا
پڕ بە گریان و گومانی گەرمیان دەنگ دەداتەوە
من دەزانم گەرمیان پرە لە کاوەکان
من دەزانم گەرمیان قەت نابێت بە
جەنگەڵی ترسنۆکەکان
من دەزانم گەرمیان رادەپەڕێتەوە
جارێکی تر هەڵناخەڵەتێ بە درۆو دروشمی خەسیوەکان
من دەزانم وەڕزی هەڵوەڕینی گەوادەکان دەست پێدەکا و
کاوە دێتەوە .
خٶس هاتی بۆ ئامێزی شیرین خان
خۆش هاتی بۆ گەرمیانەکەت، ئامەد گیان .