دکتۆر کەمال میراودەلی : سڵاوی ساڵی نوێ
لە ناو قەدی ئەو هەموو تاوان و تالان و وێرانییەی ئەخلاق و ئینسان لە باشوور ، نابێت ئەو درەختە سەوزو بەهێزانەمان لە بەرچاوو ودڵ ون بن کە لەناو قەدی ئەو هەموو زەلکاوەدا ، سەری بەرزیان لە خۆر و رەگی رەسەنیان لە خاک جیا نابێتەوە و نە سەریان ، نە پەلوپۆیان ، بۆ هیچ رەشەبایەکی تاوان و هیچ هەڕەشەی بڕینەوە و هەڵمەتێکی داپاچین و بێدەنگکردن و وکڕین، شۆڕ ناکەن .
سەید ئەکرەم
سڵاو لە سەید ئەکرەم لە باوک و خێزان و کەسوکارە سەربەرزو شەرەفمەندەکەی کە سەر بۆ هیچ گوشارو گەندەڵییەکی دەسەلاتی تاوانکار نەوی ناکەن .
سەیید لە زینداندا سەربلندو ئازادو ئازایە ، ویژدانی زیندووی کۆمەلگایەکە دەسەلاتی گەندەڵ هەموو جوانییەکی تێدا کوشتتوەو هەموو دەنگێکی ویژدان و ئازادی خەفە کردووە .
بەلام سەید ئەکرەم ئەکرەمترو بەرێزترو بەرزتر و بەهێز ترە .
سلاوت لێ بێت خاڵە سەید ئەکرەم
سلاوتان لێ بىێت باوک و کەسوکاری کەریمی کاکە سەید ئەکرەم .
بە هیوای دیداریی هەق و ئازادیی .
کاوە گەرمیانی
خوشکە شیرین و دایکە کاوە و براو کەسوکاری بەرێزو سەربەرزی کاوە گەرمیانی ، هاتنە ریزی خاوەن شەهیدانی خەلکەوە ، شەهیدانی گەرمیانی ئەنفالی بەردەوام و خوێنی بە ناهەق رژاو .
سلاوی رێزو وەفا بۆ دادە شیرین ، بۆ دایکی کاوەی کەڵەژن ، بۆ برایان و خوشکان و کەسوکار و هاوڕێیانی خۆگرو باوەر بەرزی کاوەی شەهید ، چاوەڕوانی هاتنەوەو ژووانی سەربەرزانەی کاوە بکەن لەگەڵ شیرین خان و ئامەدی ئازیز .
چاوت ماچ دەکەم ئامەدی ئازیز ، تۆ گەورەترین دیاری بووی بۆ سالێ ٢٠١٤ ، کە هیوادارم سالی بەراوەژووکردنەوەی تاوانەکان و هەستانەوەی گەل و نیشتیمان بێت .
سەردەشت عوسمان
سلاو بۆ کاکە بەکر ، کاکە هەژار ، کاکە بەشدار ، بۆ باک و دایکی سەربڵندو خۆراگرو خوشکان و کەسوکارو هاورێیانی بەرێزی سەردەشت عوسمانی شەهید .
سەودا نەکردنی ئێوە بە هیچ شێوەیەک لەگەل دەسەڵات و باوەری پتەو و سەری بڵندو خەبات و خۆراگرتن و سووربوونی ئێوە لەسەر هێشتنەوەی کەیسی شەهیدو بەردادکردنی تاوانکاران جیگەی شانازی هەموو مرۆڤێکی دادخوازو ئازادییخوازە .
ئێوە هێزیكی رەمزیی و مەعنەویی و نموونەیەکی زیندووی ئازایەتی و ئینسانییەت و دادخوازیین ، هەر سەرفراز بن ، خەباتتان بەردەوام و پایەدار بێت .
سۆران مامە حەمە
پیرۆزبێت یاد و ناوی سۆران و سلاو لە دایک و خوشکە میهرەبانەکانی و کەسو کارە سەربەرزەکەی .
سۆران شەهیدی ئازایی و ئازادیی و راستگۆیی قەڵەم و زیندوویی ویژدان بوو . سەربەرزیی ئێوەو دلسۆزیی هاورێیان و ئازادیخوازان ، هەمیشە ناوی سۆران بە بەرزیی و کاریگەریی دەهێڵێتەوە .
شەهیدانی راپەڕینی ١٧ی شوبات
سلاو بۆ یەک بەیەکی باوکان و دایکان و کەسوکاری سەربەرزو دڵقایمی شەهیدانی ١٧ ی شوبات و دوایی ، ئێوە نموونەیەکی نوێی خۆراگریی و نموونەیی بوونتان پێشکەشکردووە لە قبولکردنی مەرگی رۆلەکانتان لە پێناوی دادپەروەریی و یەکسانیی و نەهێشتنی گەندەڵیی و داگیرکاریی دەسەلاتی بەربەرستان ،
سلاوتان لێ بێت و شانازیی بە وەستانتان بەرامبەر دەسەلات و جوانمەردیی و نیشتمانپەروەریتانەوە دەکەین .
شەهیدان و قارەمانانی خۆراوا
شەهیدان و قارەمانانی خۆراوا قۆناغێکی موعجیزەیی یان لە رووی چەشنیی و تازەگەریی و ستراتیجییەوە لە خەباتی نەتەوەییماندا تۆمار کرد . سەرکەوتنەکانی ئەوان و خۆراگرتن و سیاسەتی ئینسانییانەو ئازادیخوازانەیان دنیای ناچارکرد سەری رێز بۆ شەهیدی کورد و ئیرادەی ئازادیخوازیی گەلی کوردستان نەوی بکات .
ئێوە کانگەی لەبن نەهاتووی هیواو ئومێدی گەشی نەتەوەن و لەدڵی هەموو ئازادیخوازو نیشتمانپەروەرێکی کوردان . خودا سەرفرازتان بکاو سڵاو تان لێ بێت .
سڵاو لە کاکە ساڵەح موسلیم کە ئازایانە و هوشیارانە رێبەری خەباتی خۆراوا دەکات و بە شانازییەوە کورە جوانەمەرگەکەی پێشکەشی پرسی پاشەرۆژی ئازادیی نەتەوەکەی کرد .
ئۆجەلان
سلاو لە رێبەری نەتەوەیی سادەو بیرمەندو خۆبەخش ئاپۆی مەزن کە لە زیندانیشەوە ستراتیجی رێبەرایەتیی خۆی زیرەکانەو پەیامدارانە پیادە دەکات و لە ئاستی رۆژنامە جیهانییە هەرە ناودارەکاندا لەگەل ماندێلا بەراورد دەکرێت گەرچی بەلای منەوە خەباتی ئاپۆ سەختترو گرنگترو مێژوویی ترە . سلاو لە زیندانییە تاقانەکەی ئیمرالی و سەرکردە رووناکبیرە سادەو تاقانەکەی کوردستان کە نەتەوەیەکی خستۆتە سەر ریبازی سەرکەوتن و ستراتیجێکی داناوە سەدان رێبەری ژن و پیاوی پیگەیاندووە .
ساکینە جانسز و فیدان دۆگان و لەیلا سۆیلەمەز
ساکینەی سەرکردەو فیدانی خۆبەخش و لەیلای جوانەمەرگ بە شەهیدبوونیان دنیایان هەژاندو دەوڵەتی تورکیان لەرزاند . سلاو لە یادیان . خوێنی ئەوان بۆتە بەشێک لە کڵپەی ئەبەدیی نەورۆز و خواستی ئازادیی گەلی کوردستان .
هیوادارم ٢٠١٤ ساڵی سەرکەوتنی ئامەدو ئەکرەم و سەردەشت و سۆرانەکان و ساکینەکان و هەموو شەهیدان و خەباتکارانی دادو هەق بێت .
سالی نوێ لە هەموو هاولاتییەک و مرۆڤێکی خاوەن ویژدان و سەربەرز پیرۆز بێت .
کەمال میراودەلی ١/١/٢٠١٤