هەناردنی نەوتی هەرێم دەستیپێکرد
نەوت پێگەی هەرێمی کوردستان بەهێز دەکات
راپۆرت : ستیڤان شەمزینی ، ئاژانسەکان
* زۆرینەی کۆمپانیا زەبەحەلاکانی دنیا پێشبڕکێ دەکەن لەسەر نەوت و گازی کوردستان
* ناردنی نەوتی هەرێم بۆ تورکیا کاریگەریی زۆری لەسەر رەوشی هەرێم و ناوچەکە دەبێ
هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی فەرمی بۆ تورکیا و لەوێشەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان دەستی پێکرد . شارەزایانی ئابووری ئەم هەنگاوە بە دەسپێکی رووداوێکی گرنگ دەزانن کە بە هۆیەوە لە رووی سیاسیی و ئابوورییەوە پێگەی هەرێمی کوردستان بەرز دەبێتەوە و دەبێتە سەنتەرێکی گرنگی ئابووری لە ناوچەکەدا . بە رای شارەزایانی ئابووری ئەم هەنگاوەی حکوومەتی هەرێم سەرباری هەر رەخنە و تێبینییەک هەنگاوێکی پۆزەتیڤ و چارەنووسسازە ، چوونکە سەرەتای بەهێزبوونی هەرێمی کوردستانە وەک دیفاکتۆیەکی سیاسیی لە رۆژهەڵاتی ناویندا .
هەرێمێکی دەوڵەمەند بە نەوت
شارەزایەکی بواری نەوت پێشبینی دەکات ، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەماوەی دوو ساڵی داهاتوو، بگاتە زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا ، پێشیوایە هەرێم لەسەر دەریایەکە لە نەوت . سوبحی بەدری ، شارەزای بواری نەوت ، دەڵێت ” مژدەی دۆزینەوەی بڕێکی زۆر لە نەوت و گاز لە یەکێک لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم لەلایەن گروپی کۆمپانیاکانی M.O.L مەجەر بۆ بەرهەمهێنانی نەوت ، هەواڵێکی دڵخۆشکەر بوو” ، وتیشی “هەر بەرەوپێش چوونێک لە هەرێم خزمەت بە عێراق دەگەیەنێت “.
بەدری پێشبینی دەکات ، هەرێمی کوردستان لە توانایدا بێت رێژەی هەناردەی نەوت لە ماوەی هەر دوو ساڵی 2014 و 2015 بگەیەنێتە یەک ملیۆن بەرمیل یان زیاتر لە رۆژێکدا ، ئەوەشی خستەڕوو کە “هەرێمی کوردستان لەسەر دەریایەکە لە نەوت و دەوڵەمەندە بەو سەرچاوە سروشتییە “. بە وتەی بەدری هەردوو یاسای وەبەرهێنان و نەوتی هەرێمی کوردستان ، لە یاسا پێشکەوتووەکانن لەسەر ئاستی ناوچەکە ، ئاماژەی بەوەشکرد ” پێدەچێت عێراق بە هۆی زۆری نەوتی هەرێم ببێتە یەکێک لە وڵاتە بەهێزەکانی ناوچەکە لە رووی هەناردەی نەوت ، دوای پاشەکشەی چەندین وڵاتی دیکەی ناوچەکە “.
پێشتر گروپی کۆمپانیای M.O.L مەجەر، کە کار لە کەرتی نەوتدا دەکات لە هەرێم ئاشکرایکردبوو ، رێژەیەکی زۆر نەوتی خاوی لە یەکێک لەکێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دۆزیوەتەوە و لە ساڵی داهاتوەوە دەست دەکات بە بەرهەمهێنانی نەوت لەو کێڵگەیە ، کە پێدەچێت 10 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا بەرهەم بهێنێت .
لەلایەکی ترەوە کۆمپانیای ئۆریکس پترۆلیۆم رایگەیاند پاش هەڵکۆڵینێکی زۆر لە ناوچەی زێی گەورە لە هەرێمی کوردستان لە کێڵگەیەکدا نەوتی دۆزیوەتەوە کە توانای بەرهەمهێنانی 4800 بەرمیل نەوتی هەیە لە رۆژێکدا . بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە ” هێنری لاگار” کە کۆمپانیایەکی کەنەدییە و بنکەی سەرەکی لە شاری کالگری کەنەدایە بە ئاژانسی هەواڵی UPI رایگەیاند ، خۆشحاڵن هەوڵەکانیان سەری گرتووە و نەوتیان لە زێی گەورە دۆزیوەتەوە . دەڵێت “ ئێستا خەریکی ئەوەین دۆزینەوەکەمان پەرە پێبدەین بە مەبەستی بەکارهێنانی بۆ بازرگانی “. کێڵگەی زێی گەورە کەوتووەتە نێوان هەولێر و کەرکووک، شارەزایانی بواری نەوت دەڵێن ئەو ناوچەیە زۆر دەوڵەمەندە بە نەوت و ئەگەری هەیە زیاتر لە 23 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ژێر زەویدا هەبێ .
د . بێوار خنسی ، پسپۆری نەوت و گاز و راوێژکاری ئاسایشی ئابووری حکوومەتی هەرێم ، دەڵێت ” وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رایگەیاندووە یەدەگی نەوت لەهەرێم ( هەولێر و سلێمانی و دهۆک ) ، 45 ملیار بەرمیلە و دابەشی 52 بلۆک بوون ، بەڵام بە پێشبینی من لەو ژمارەیە زیاترە و نزیک دەبێتەوە لە 60 ملیار بەرمیل “.
رۆژانە 150 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکرێت
بە پێی دوایین زانیارییەکان لە ئێستادا رۆژانە (150) هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم هەناردە دەکرێت و تا کۆتایی ساڵی داهاتووش ئەو بڕە دەگاتە (400) هەزار بەرمیل . لە میانی سەردانەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمدا بۆ تورکیا “رێککەوتن لەبارەی هەناردەکردنەکەوە کراوە ” ، ئەوە لە کاتێکدایە ئەو سەردانە نیگەرانی بەغدای لێکەوتەوە و ئەمەریکاش لەسەر ئەو دۆخە هاتە دەنگ . سایتی (رووداو) لە زاری سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ، بڵاویکردوەتەوە بەپێی پلانی ئەو وەزارەتە دەبێت تا ساڵی (2015) بڕی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بۆ دەرەوە بگاتە یەک ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا . ئەو سەرچاوەیە ، ئاماژەی بەوەشکردووە ” تورکیا لە نێوان هەولێر و بەغداد ، هەولێری هەڵبژارد “، بەڵام تورکیا هەوڵ دەدات بەغداش بەو رێککەوتنە رازی بکات .
لە وتارێکیشدا لە کۆنفرانسی لووتکەی ئاتلانتیک بۆ وزە ، ئاشتی هەورامی ، وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند : رۆژ لە دوای رۆژ لە هەرێمی کوردستان کێڵگەی نەوت دەدۆزرێتەوە ، بۆیە بۆ ئەوەی رۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بکرێ دەرفەتی گونجاو لە بەردەستە . وتیشی : خواستی هەرێمی کوردستان ئەوەیە رۆژانە 2 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بکا ، بۆ ئەو مەبەستەش حکوومەت پێویستی بە تەکنۆلۆژیایەکی پێشکەوتوو و راکێشانی بۆری نەوت و ئەزموونی نێودەوڵەتی هەیە .
وتیشی ” بۆ یەکسان کارکردنی سیستمی ئێمە و سیستمی تورکیا لە نێوان هەردوولادا چەندین کاری هاوبەش ئەنجام دراون و ئەنجام دەدرێن و کاتێک کۆتایی بەو ئامادەکارییانە هات ئەوا دەست بە هەناردەکردنی نەوت دەکرێ . ئەگەر هیچ جۆرە کێشە یا گرفتێکی نوێ دەرنەکەوێ لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا دەست بە هەناردەی نەوت بۆ تورکیا دەکەین “.
نەوت پێگەی هەرێم بەرز دەکاتەوە
بیژان مۆساڤار رەهمانی بەرپرسێکی کۆمپانیای ( DNO) ی نەروێجی ، باسی رەوشی کەرتی نەوت لە هەرێم دەکات و دەڵێت ” دوای کۆمپانیای گەنەل ئەنەرجی ، کۆمپانیاکەمان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان دووەمە . لەگەڵ کۆمپانیای گەنەل ئەنەرجی لە دوو بیردا نەوت بەرهەم دەهێنین . پێنچ ساڵ لەمەوبەر هیچ کەسێک نەیدەزانی کوردستان لە کوێیە ، بەڵام ئێستا هەموو کەس بە هۆی نەوتەوە حکوومەتی کوردستان دەناسێت “.
لای خۆیەوە ئەدم نیوتۆن بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندنی کۆمپانیای (Maersk Oil)ی دانیمارکی ، باسی نەوتی کوردستان و داهاتووی حکوومەتی هەرێم دەکات و دەڵێت ” پێموایە ناردنی نەوتی هەرێم بۆ تورکیا کاریگەریی زۆری لەسەر رەوشی هەرێم و ناوچەکە دەبێت ، بۆیە کاری بەرهەمهێنانی نەوت دەکەین و بڕیارمانداوە لە ساڵی ٢٠١٤دا گەشە بە کارەکەمان بدەین “. ئەدم تیوتۆن رایگەیاند ، رۆژ بە رۆژ داواکاریی نەوت لەجیهان زیاد دەبێ ، بۆیە پێگە و جێگەی کوردستان لەسەر نەخشەی جیهان زۆر گرنگ دەبێ .
لە سێیەمین کۆنفرانسی وزە لە شاری هەولێر عیماد ئەحمەد ، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێم ، رایگەیاند ” نەوت لە هەر کوێیەک بێت بازاڕ بۆ خۆی پەیدا دەکات ، نەوتی هەرێمی کوردستانیش بازاڕی بۆ پەیدا بووە ، رۆژ بە رۆژ گەشەی کردووە و بەرەوپێشچووە ، ئەویش لەسەر بنەمای راستی و پشت ئەستوور بە دەستووری عێراق و یاسای پەرلەمانی کوردستان توانیمان لەو بوارە پێشبکەوین و پێشکەوتنی گەورەتر لە پێشەوەیە “.
د.بێوار خنسی ، پێیوایە لە ئێستادا زۆربەی کۆمپانیا زەبەحەلاکانی نەوت و گاز چاویان بڕیوەتە سامانی سروشتیی هەرێم ، ئەمەش کاریگەریی خۆی دەبێت لەسەر پێگەی هەرێم و دەڵێت ” غازی سروشتی کوردستان ، 3 تریلۆن مەتر چوار گۆشەیە “. بۆیە لە ئێستادا زۆرینەی کۆمپانیا زەبەحەلاکانی دنیا پێشبڕکێ دەکەن لەسەر نەوت و گازی کوردستان .
تێبینی : ئەم راپۆرتەم لە ژمارە “33”ی گۆڤاری ” شەپۆل ” لە 15-12-2013 بڵاوکراوەتەوە .