بەهرۆز جەعفەر : بۆئەوانەى کەرکوک پێش چاوى تاریک کردون .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 

چاوەڕێ بوین لەکەرکوکەوە ، یەکڕیزیی و یەک ئاسایشى و دامودەزگایی بون بگوێزینەوە بۆ هەرێمى کوردستان و پارچەکانى تر . ئەمانویست هیچ نەبێت لەخوێندنەوە سیاسیی و دەلاقە ئابوریی و هەواڵگرییەکاندا ، بەرچاومان ڕۆشن بێت . بەڵام دواجار لەبەر ململانێی شەخسی و حزبى تاریکى پێش چاوى گرتین . تائەو ئاستەى لەترسی تەخوین نەتوانین ڕاستیەکەش بگوێزینەوە !.

هەموو لیستەکان ، هەموو کوردەکان ، پشکى بەرپرسیارێتى ئەخلاقى و نەتەوەییان بەرامبەر بە کەرکوک هەیە ، لەئێستادا بەرپرسیارێتى پرسیارکردنە لەوەى ، باشە بۆچى یەکێتى و پارتى نزیکەى (8) ساڵە ڕێککەوتننامەى ستراتیژییان هەیە لەهەرێم و ، بەهەموو شتى یەکتر ئەڵێن ( بەسەرچاو) ، یەکتر ڕەت ناکەنەوە ، کەچى لەکەرکوک تاسەر ئێسک لەگەڵ یەک بردویانە .؟. ئەمە پرسیارێکە کەرکوکیەکى بەشمەینەت کە لەوەتەى هەیە بەدواى ئارامى و ژیانێکى شایستەیا ئەگەرێ ، ڕەنگە نەتوانێ سۆراخى بکات . بۆچى لەسەر پۆستە سیادییەکان لەهەرێم (هەرچەند کورد دەوڵەت نییە تا ووشەى سیادى بۆ بەکاربێت ). بە چەقەنەیەک ڕێک ئەکەون . کەچى لەکەرکوک ڕێک ناکەون ؟.

ئاخر خۆئەبێت ڕاى گشتى ، لەونهێنى یە ، تێبگەن بۆچى لەم کاتى پێکهێنانى کابینەى (8) ى حکومەتى هەرێمدا ، کە بەتایبەتى یەکێتى پێویستى بەپارتى هەیە ، ئیشى لاى پارتى یە ، کەچى یەکێتیەکان (نەفى- نەفى) پارتى ئەکەن ؟. ووریابن ( ئێمە باسى سیاسەت دەکەین نەک پێوەروشتى تر !).. یەکێتى تەنها یەک شارى بەدەستەوە ماوە تا خۆى پێ هەڵسێنێتەوە ، چۆن ئەبێت بەرچاوى تاریک بێت . کە ئەم گۆڵمەزە چییە لەکەرکوک .؟. بەبڕواى من لە (2) خاڵ تێپەر ناکات :

یەکەم : هیچ لەو قسەیە بێ ماناتر نییە ، هاوڵاتیانى سەرزەمینێک بە سیاسییەک بڵێن :” ئەو بەرژەوەندیی خۆى ناوێت !!” خودى پارێزگار بەڕێز ( نەجمەدین کەریم) کە ئەویش سیاسییەو حەقى خۆیەتى خەمى ئایندەى خۆى بخوات . بەرپرسیارى یەکەمە لەم شەڕە ، بۆمەرامى خۆى ، بەدوو شێوە . شێوەیەکیان ئەیەوێ لەم گەمەو هەرایەدا ، یەکێتى بکات بەخودى خۆى و ، وا لەپارتى بکات کە لەحکومەتى نوێی بنکەفراواندا ، کەمترین پۆست بداتە یەکێتى . بەڵکو یەکێتى لەئایندەدا لە پۆستەگرنگەکانى بەغدا ، داواى زیاتر بکات ، چونکە لەهەرێم کەمى پێدراوە ، تالەوێ خودى ( نەجمەدین کەریم ) ئایندەى خۆى لە پۆستى (سەرۆکى پەرلەمانى عێراق ) یان ( جێگرى سەرۆکى حکومەت ) دا ببێنێتەوە .. سەیربکەن (2) ساڵ پێش ئێستا مالکى لەکەرکوک ووتى : خۆم لەسەر کەرکوک بەکوشت ئەدەم .. پارێزگارى کەرکویش ئەیوت : شەرەفمەندین بەهاتنت بۆ کەرکوک !.

شێوەى دووەمیش : ئەوەیە لەم شەڕە ساردەدا ، پشتگیریی تەواوى قاعیدەى یەکێتى بەدەستبخات . چونکە ئەم برادەرە دەزانێ (مام) لێرە نییە وەک جاران پشتگیریی تەواوى بکات ، لەکۆنگرەى (4) ى یەکێتیدا ، بچێتە مەکتەبى سیاسییەوە ، جارى پێشوو دەیان کەس هەبوو لەسەرکردایەتى دەنگى لەم زیاتر بوو ، وەک ئەم نەچوونە مەکتەبى سیاسییەوە .

دووە : یان ئەوەتا پارتى و یەکێتى ، بەتایبەتى پارتى لەم قەزیەیەدا بەئەجێندەى ئیقلیمى کاردەکات ، بەتایبەت تورکیا . وەلەم گەمەیەدا پارتى دەیەوێ ڕووبەرى سیاسەتى خۆى فراوان بکات ، کەئەمە ستراتیژێکى نوێی پارتییە بۆ هەموو ناوچەکەو ، چووەتە ناو هاوکێشە ئیقلیمییەکانەوە یارى ئەکات ، پارتى ئەیەوێ نفوسی جەماوەرى و ئابوریی خۆى بگەیەنێتە باکورو ڕۆژئاواو رۆژهەڵاتى کوردستان ، بەکەرکوکیشەوە . جائیتر هەر ڕێگەیەک دەگرێتەبەر ئاساییە .

ئینجا لەکۆتاییدا ، ڕووى زارم دەکەمەخەڵک ، بەسە ئیتر کوردایەتى بکەن ، نەک حزبایەتى ، بەسیەتى ! ئیتر بەشان و باڵى ئەم گورگ و چەقەڵانەیا هەڵمە دەن ، کەس نەڵێت کەرکوک بوەتە بەهەشت و چاوتان پرۆژەو شت نابینێت . !.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت