عەتا قەرەداخی : کێشەى شووناس لە شیعری ( چراو مەشقەڵان ) ی ئەنوەر قادردا .
چراو مەشقەڵان , یەکێکە لە شیعرەکانی ئەنوەر قادر کە ساڵی 1983 لە دەرەوەى زێدو نیشتیمانی خۆی نووسیووێتی . ئەم شیعرە پێکەوەبەستنی دوو زەمینەى جیاوەزە بە گوێرەى شاعیر کە ئەو دوو زەمینەش زەمینەى بەرهەمهێنانی دەقەکەو زەمینەى بەرهەهێنانی داهێنەری دەقەکەیە . واتە ئەوێ و ئێرە ، ئەوێی ساتەوەختێک کە دەقەکەی تێدا بەرهەم هاتووە لەگەڵ ئێرەى رابردووى شاعیر ، کە شاعیر بە زۆر رایەڵی رۆحی و مەعنەوى بەهێز پێوەى بەستراوە . لێرەدا پێمباشە دەقی شیعرەکە بنووسمەوە :
وەکو چرای کز سووتاوی بەندەری دوور ،
تێشکم ناگاتە ئەو کەنار ،
غەریبی کێو لەبنە دێنێت ،
هەر لە لووتکەکانی کورددا ،
من مەشقەڵانی ئاگرم ،
شەوانی تاریکی زستان ،
دەکەمە شەوقی چراخان ..
ناونیشانی شیعرەکە ( چراو مەشقەڵان ) ، لە دوو وشە پێکدێت کە هەردووکیان سەرچاوەى رووناکین ، بەڵام جیاوازی لە ئاستی ئەو رووناکیەدا هەیە کە دەیبەخشن . یەکەمیان ( چرا ) کە لە کوردیدا دەلالەتی سەرچاوەیەکی کەمی رووناکیی هەڵدەگرێت و زیاتر ئامرازی قۆناغی ژیانی پێش شارە چونکە وەکو ئاشکرایە شار ئەو زەمینە رووناکەیە کە کارەباو گڵۆپ سەرچاوەی بەخشینی رووناکییە تێیدا . ئەمەش لە بارێکر تردا پاشخانێکی کۆمەڵگەى پێش شار یان قۆناغی پێش کارەبا نیشان دەدات ، هەرچەندە لە فۆلکلۆرو ئەفسانەى کوردیدا چرا دەلالەتی ئیشراق و رێنیشاندەرو رەوێنەرەوەى تاریکی هەڵدەگرێت . لەبەرامبەردا مەشقەڵان ئاگرێکی گەورەیەو رووناکی و گەرمی بەخشە . لە هەمان کاتدا شاعیر خۆی لەو دوو زەمینە جیاوازەدا وەکو هەردوو سەرچاوەکە نیشان دەدات . لەوێ واتە لە زەمینەى بەرهەمهێنانی دەقەکە وەکو چرایەکی کز سووتاو خۆی نمایش دەکات و کاتێکیش باسی زێدو نیشتیمان دەکات وەکو مەشقەڵان لەوێرا خۆی نیشان دەدات .
بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکە کلیک بکەرە سەر – کێشەى شووناس لە شیعری ( چراو مەشقەڵان ) ی ئەنوەر قادردا