فەرەیدون کونجرینی : گروپە ئیسلامییەکان بەشێکن لە ناجێگیری .
گروپە تیرۆریستەکان ڕوویان لە ئـــــێراق کردووە ، ئەو وڵاتەیان کردۆتە چاوگی کاری تیرۆریستیان ، بەپشتیوانی چەند دەوڵەتێکی عەرەبی و هەرێمی ، لەژێر ناوی بەرەی نوسرەو دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام .
ئـــێراق ، لەدوای 2003 وە توندوتیژییەکان هیچیی کەمتر نەبوو لە سەردەمی سەدام ، ئەگەر لەمەوپێش ئێراقی داخراو هۆکار بووبێت بۆ مانەوەی عێراقێکی یەکگرت و دەسەڵاتی داپڵۆسینی سەدام ، ئەوا ئەمڕۆ شیعەی ئـــێراق بەحوکمی گۆرانکارییە سیاسیەکان ناتوانێت لاسایی دەسەڵاتی پێشتر بکاتەوەو ، ناشتوانێت ئاسایشی عێراقی یەکگرتوو دابین بکات . هۆکارە سیاسیە بنەڕەتییەکان عێراقیان بردووە بەرەو جەنگێکی ناوخۆیی و هەر بەئاسانی کۆتایی نایەت ، جگە بە ئــــێراقێکی دابەش بوو.
ئەم گروپە ئیسلامیانە بەهۆی ململانییە مەزهەبییەکانەوە لەنێوان شیعەو سونەدا ، زیاتر لەوڵاتە شیعیەکان جێگیر بوون و سەرچاوەی هاندان و پیتاکیان لەو وڵات و دەسەڵاتانەوە پێدەدرێت کەسوودمەندن لە ئاڵۆزیی و نانەوەی ئاژاوەو مەنەفەعەتی سیاسیان .
لەعێراقدا ، بۆ هەشتا ساڵ سونەکان بە پاڵپشتی ئینگلیز و وڵاتانی ڕۆژئاوا بە ئاگروئاسن حوکمی شیعەو کوردیان کرد ، لە دوای پرۆسەی ئازادکردنی عێراق ( 2003 ) وە شیعەکان بەحکومی زۆرینە لەو وڵاتەو کوردیش بەهۆی کردنەوەی دەروازەی هەناسەدانی ئازادی توانی پێگە گرنگەکانی ئەو وڵاتە بگرنە دەست و ئەهلی سونەش لە زۆربەی دەسەڵاتە گرنگەکانی ئەو ولاتە لە پاشەکشێدا بن بەهۆی دوو هۆکارەوە .
1 / سونەکان سەرکردەکانیان زۆربەیان لەگەڵ نەمانی سەدام ئەوانیش یان ڕاپێچی زیندان کران ، یان هەڵهاتن .
2 / سونەکان لەدوای رووخاندنی سەدامەوە لەژێر خەونی گەڕانەوەی دەسەڵات وەک ئەوەی لەوەوپێش هەیان بووە ، پەنایان بۆ کاری دیبلۆماسی ناجۆر و کردەی توندوتیژی لەمەیدانی سیاسی عیراق بردووە ، بەمەش داشی یاسایی و سیاسی شیعەکان بەسەردایاندا زاڵ بووە ، جگە لەپاشەکشێ و دۆڕاندنی هەیمەنەتی سونە لەعێراق هیچی تر بەدی ناکرێت .
لەهەر ناوچەیەکدا جەنگ هەبێت ، لەویادا ماف و دەستکەوت پێشێل دەکرێت . عیراقی ئەمڕۆ هێندە ئاڵۆز بوو ، کۆمەڵێک بازرگان و مافیا سودمەندی یەکەمن .
وڵاتیان بەرەو جەنگێکی دەرونی و جەستەیی بردووە ، ڕۆژ نییە بەدەیان کەسی بێ تاوان خواردەی ئەو جەنگە ترسناکەیان نەکات . خەڵکی کوردستانیش لەو ئالۆزو تەنگەشانەی دەسەڵات و خەڵکدا ، بێ بەش نەبووەو . شتێک لەوانی جیا کردۆتەوە ، جۆری ئاڵۆزییەکان لەچاو ئەواندا . بڕیاردان لەسەرحوکمی ناجۆریی کەم و زۆر ، زادەی گەورەیی و قەبەی دەسەڵات و جۆری ململانییەکانە .
کوردستان بەشێکی دانەبڕاوی سیاسی و حوکمڕانی عێراقە ، تەنگەشەکانی عێراق و هەیمەنەتی سیاسی یەک ڕەنگ و یەک جۆرن ، لەوێ ئایدۆلۆژییەک بوونی هەیە لێرەش جۆرێکی تر ، بەلام لە رووی بیرکردنەوە بۆ بەردەوامی دەسەڵات لەسەر کەسەکان لەیەک سەرچاوەوە هەڵجینراوەو هەموو ڕێگان دەباتەوە بۆ حوکمی داپڵۆسین و خەش و بەتاڵانبردنی سەرمایەی گشتی .
لەنێوان ئەو گێژاوە سیاسی و ناحکومرانییەی عێراق و کوردستان ، گروپە ئیسلامییەکان بەشێکن لە ناجێگیری سیاسی و ئەمنی سەرخەڵک . هەردوولا بە جۆریک تاوان لەسەر خەڵک زیاد دەکەن، کە مرۆڤ شەرم دەکات بڵێت خەڵکی ئەو وڵاتەم . تۆ ببینە بەبەر چاوی خەڵکەوە خەش لە هەڵبژاردن دەکرێت ، لەبەرچاوی خەڵکەوە دزی و تاڵانی سەرمایەی گشتی دەکرێت ، بەبەرچاوی خەڵکەوە ڕۆژنامەنوس دەکوژرێت ، بەبەرچاوی خەڵکەو ڕۆژانە – نەوت بەسەدان تەنکەر ئاودیو دەکرێت ، کەسیش راپێجی بەردەم دادگایەکی دەستڕۆیشت و ناکرێت . لەولاشەوە گروپە تیرۆریستەکان ئەوەی خوا پێی ناخۆشە ئەنجامی دەدەن ..
ئێستا کوردستان لەڕووی کۆمەڵێک دەسەلاتی خۆجییەوە بەشێکی دابراوە لە عێراق ، بەڵام ئاگرە سورەی نەخۆشی دەسەلات و بەهەدەردانی سەرامایەی خەڵک ، کۆمەڵگا هەر دەسوتینێت ، ئەوەی داوای ماف بکات ، دوژمنەو بە جۆرێک سەرکوت دەکرێت ، ئەوەی لەسەر دەسەڵات بنوسێت و خەڵک بەئاگا بێنیتەوە ، ئەوە هەواڵگری ئەم وڵات و ئەو وڵاتەیە ، لەپەنایەکدا دەبێت کۆتایی بەژیانی بێت ..
ئەڵمانیا
- Latest Posts by فەرەیدون کونجـــرینی
فەرەیدون کونجرینی: 31ی ئاب بۆنەیەکی نیشتیمانییە!؟
-فەرەیدون کونجرینی: هۆکاریی سزادانی سەڵاحەدین دەمیرتاش!؟
-فەرەیدون کونجرینی: پێویستریین شت بۆ مرۆڤ!
- All Posts