دکتۆر کەمال میراودەلی : ئامۆژگارییەک بۆ مناڵەکان .
مناڵەکان بێدەنگ بن :
وس ، وس ، وس
هەناسە لە خۆتان ببڕن
ئێستا کاتی ئارامییە
خەریکە کێکەکە بەش دەکرێ
کێکە مەزنەکە بەش دەکرێ
قیژە قیژ نەکەن
هێمنیی پێش ئاهەنگەکە تێک نەدەن
خۆتان بە دارکاری مەدەن
ئاخر كێکەکە بەش دەکرێ
چەقۆکان هەموو حازرن
لە دەوری کێک کوبوونەوە
چەقۆی گەورە لە ناوەڕاستا چەقیوە
زەبەلاح، ددان مشارییە
چوار – سەرییە
هەموو چاویان لەو بڕیوە
تامەزرۆن، تەماعدارن ،
چاوچنۆک و دەمهارن ،
چەقۆکان
وس بن، وس بن
هەناسە لە خۆتان ببڕن
چەقۆکان هەموو حازرن
ئەوە کێکەکە بەش دەکرێ
وس بن وس بن
ئەگینا بەشتان دەبڕێ
بانکەکان پارەیان تیا نامێنێ
باوکتان مووچەکەی نامێنێ
دایکتان ماچتان ناکا
وس بن وس بن، قسە نەکەن ،
خۆشی یارییەکە تێک مەدەن
ئاخر کێکەکە بەش دەکرێ
کوا کێکەکە ، چەند گەورەیە ،
پڕ بە بەری ئەم وڵاتەیە
وەک کراسی پاشا وایە کەس نایبینێ
وس بن وس بن مناڵەکان
باوەڕ نەکەن بە قسەی چاو ،
نەیکەنە قاو ،
کێکەکە یەکجار گەورەیە
هەمووتان بەشتان پێدەبڕێ
کپ بن مات بن بێ قسە بن
بێ هەناسەو وەسوەسە بن
ئاخر کێکەکە بە ش دەکرێ
های های وای وای
ئەوانە کێن وەک تارمایی
لە ژوورە تاریکەکانەوە هاتنە دەرێ
هەر یەکەیان پارچە کێکێکی پێیە
زل زل زل زل گەورە گەورە
بە سەد دەستیش هەڵناگیرێ
نازانین چۆن پێیان دەخورێ
کێکێک وەک کێویكی رەشە
یەک دەڵێی گردۆکەی شینە
یەکی تر تەپۆلکەی سەوزە
ئەوانی تر دەلێی کێلی سپی ناو گۆڕستانن
وای لەو کێکە زەبەلاحانە !!
مناڵەکان ، وس وس بن
ئەوە کێکەکە بەشکرا
بڕۆن بخۆن
دەست و ورگ و گیرفان پر کەن
تا مەست دەبن تەسەل دەبن
بخۆن بخۆن .
چییە، چییە مناڵەکان
بۆچی یەکسەر
لە بەزمی کێکخواردن وەستان
ئاخر هەمووی
رزیوە ، گەنیوە
تووشی سکژان و سەرێشەو سەڕەتانتان دەکات
باشە ، باشە
ئەوە کێکەکە بەشکرا
بەرماوەی پیستان پێ بڕا
بڕۆن بە سکی بەتاڵ بنوون
بە برسێتیی بمرن
ىاشترە لەوەی
تامی ئەو کێکە گەنیوە بکەن