د. کەمال میراودەلی : من رەنگی رەشم خۆش دەوێت .
من رەنگی رەشم خۆش دەوێت
وەک چاوی رەشی بریقەداری دایکم
وەک ئەو چا رەشەی باوکم حەزی لێبوو
لە سەر کەترییەکی بە دووکەڵی رەش رەشهەڵگەڕاو
لە سەر خەلووزێکی رەش
کە رەشایی هەناوی خۆی
بۆ قوڵپەڕەشەکانی چا سوور سووردەکردەوە.
من قەت مانگم هێندەی روخساری دڵدارەکەم پێ جوان نە بووە
چونکە قەت نەیتوانیوە
وەک ئەو پرچێکی قەترانی رەش رەش
بکاتە خەرمانەی دەوری رووی گەش
من رەنگی رەشم خۆش دەوێ
وەک تەختەڕەشەکەی مەکتەبم
بە تەباشیرە سپییەکە ناوی کوردستانم لێ دەنووسیی
قەت رەش و سپی
هەڵەو راستیی تێکەل نەدەکرد
رەنگەکانم دەسڕینەوە و رەنگی تۆخی ئەو هەمیشە
بە نەگۆڕیی دەمایەوە.
من قەلەڕەشم خۆش دەوێ
تەیرێکی رەزا سووکە و
هەموو خەونەکانی رەنگاورەنگن
ئازاردانی هیچ زیندەیەکیان تێدا نییە.
من ترێ رەشم خۆش دەوێ
و دۆشاوەکەی کە دەمانکردە باسووخێکی رەش
بە تامتر لە هەزار چوکلیاتی هەندەران.
من شەوم خۆش دەوێت
کە وەک دایکێکی میهرەبان بە پرچە رەشەکانی داماندەپۆشێت
دەڵێ: کاتی خەوە بۆ تۆ بۆ سروشت، بۆ شتەکان
تەنیا فریشتەکان بەخەبەردەمێنن و چاوەدێریمان دەکەن
لە باخەکەمدا گولە سوورەکانیش رەش دەچن
زەردو سپییەکانیش رەش دەچن
لە نێوان ئەرزو ئاسمانیشدا
تاریکاییی درێژ دەبێتەوە
تەنیا دوور دوور لە ئاسمان
هەندێ ئەستێرە چاوشارکێ دەکەن
بەلام من کە شەو داهات
گڵۆپەکانیشم دەکوژێنمەوە
تا ژوورەکەم تاریک تاریک دایەت
تارای میهرەبانی تاریکیی
نەرم نەرم روخساری جیهان دادەپۆشێ
و بەخەوی شیرینم دەسپیڕێ
تا بەیانی کە قووقەی کەلەشێر دەبیستم
هەتاو دێت و بە پەنجە ناسکەکانی
لە پەنجەرەی ژوورەکەم دەدا
سوپاس ئەی تاریکیی .
بەخێر بێی ئەی رووناکی
ئێوە دوو هاورێی دلسۆزی ژیانمن .
رەنگی رەشم خۆش دەوێ
ئەو ساتە نەبێت کە دایکم سەراپای جەستەی
بۆ مەرگێکی تر رەش رەش دەپۆشێ
یان کچێکی روخسار پاک
باڵای ئابروومەندی کوردانەی
بە پەردەی حیجابی رەشی داگیرکەر دادەپۆشێ
هەموو رەنگە رەشەکان جوانن
رەنگی رەشی دەستی رەشی مەرگ نەبێت
رەنگی رەشی عەقلی رەشی
کۆیلەکانی جەهالەت و جەنگ نەبێت