مالیکی : هەرێمی كوردستان ئەو شاشانەی كوژاندووەتەوە كە چاودێرە عێراقییەكان لێوەی چاودێری بڕی هەناردەكراوی نەوت دەكەن .
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
نووری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی عێراق نیگەرانە لە چۆنێتی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان و بە گوتەی ئەو “هەرێمی كوردستان ئەو شاشانەی كوژاندووەتەوە كە چاودێرە عێراقییەكان لێوەی چاودێری بڕی هەناردەكراوی نەوت دەكەن”. مالیكی دەشڵێ بۆ مادەی 140 كاری خۆم كردووەو كورد چی هەیە با بیخاتەڕوو.
ئەمڕۆ یەكشەممە نووری مالیكی، لەگەڵ نوێنەرانی كورد لە بەغدا كۆبووەو هەروەك پێشتر تۆڕی میدیایی رووداو بڵاویكردەوە، تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكە تاوتوێكردنی پرسی بودجەو هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بوو.
ئازاد سرێشمەیی، ئەندامی پەرلەمانی عێراقو یەكێك لە بەشدارانی كۆبوونەوەكە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی مالیكی بە ئامادەبوونی حوسێن شەهرستانی، جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزە بووە لەگەڵ نوێنەرانی كوردو بۆ ئەوە بوو كە نوێنەرانی كورد لە نزیكەوە ئاگاداری دواكەوتنی بودجە و گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدا بن.
بەپێی ئەو زانیاریانەی رووداو لە بەشدارانی كۆبوونەوەكەوە دەستی كەوتووە مالیكی باسی لە سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا كردووەو رێككەوتنەكانی باسكردووە، گوتوویەتی “ئێمە دەبێت بزانین ئەو بڕەی دەنێردرێتە دەرەوە چەندە و بۆرییەكان لە پێش سەعاتەكەوە ببەستنو بە نرخی جیهانی بفرۆشرێت، هەروەها داهاتەكەی بڕواتە ئەو سندووقە لە ئەمریكا كە پارەی عێراقی تێدەكرێت”.
مالیكی رێككەوتنەكەی لەگەڵ شاندی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی بە “ئیجابی” وەسفكردووە، بەڵام نیگەران بووە لە وەڵامنەدانەوە بارزانی كە بە گوتەی مالیكی گوتوویەتی دوای 2 رۆژ وەڵامی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستانی پێدەگات، “ئەوەتا بوو بە دوو سێ هەفتە و هەر وەڵام نایەتەوە، لەكاتێكدا ئێمە لەژێر فشاری شەقامداین، لەلایەكەوە تۆمەتبارمان دەكەن بەوەی كە حكومەت ئەم بودجەیە دوادەخات و بەكاریدەهێنێت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، هەروەها ئوسامە نوجەیفی وادەی بۆ دیاریكردووین،ئێمە نامانەوێت زیان لە هەرێمی كوردستان و لە ئێمەش بكەوێت”.
سەرچاوەیەكی كۆبوونەوەكە بە رووداوی راگەیاند “مالیكی گوتیشی پێشنیازێك هەیە كە ئێمە بودجە بنێرین بۆ پەرلەمان بە بێ لەسەدا 17 كەی هەرێمی كوردستان، كە ئەوان نەوت بنێرن بۆچی ئێمەش بودجەیان بۆ دابنێین،بەڵام من ئەوەم پێباش نییە و قبوڵم نەكردووە، پێشنیازێكی دیكەش ئەوەیە كە ئێمە هەوڵبدەین هەرێم خۆی رازی بێت بەو مەرجانەی كە لێرە رازی بووە لەسەری و وەڵاممان بدەنەوە و داوای لە ئێمە وەك پەرلەمانتاران كرد كە رۆڵی خۆمان ببینین حكومەتی هەرێم رەزامەند بكەین لەسەر ئەو مەرجانەی كە لەسەری رێككەوتووین”.
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە مالیكی گوتوویەتی “دوێنێ ئیجرائاتی ساختەكاری لە بەندەری جیهان دەستیپێكردووە كە بۆرییەكەیان لەولای ساعەتەكەوە بەستووە بە دووری 70 مەتر، ئێمە فەرمانبەرمان هەیە كە چاودێری شاشەكان دەكات كە جارێ 7 عەمباریان جیاكردووەتەوە و نەوتی هەرێمی كوردستانی تێدەكەن و هەموو شاشەكانیشیان كوژاندووەتەوە بۆ ئەوەی فەرمانبەرەكانی ئێمە نەزانن چەند نەوت دەڕوات، ئەمە زۆر خراپە و دەبێت ئێمە رێگەچارەیەك بۆ ئەم شتانە بدۆزینەوە”.
سەرۆك وەزیرانی عێراق لەسەر جێبەجێنەكردنی مادەی 140، پەرلەمان تۆمەتبار دەكاتو گوتوویەتی: “من هەموو كارەكانی خۆمم تەواوكردووە و پەرلەمان نایكات، ئێوە كە یاسای نەخشەكێشانی سنوورتان هەیە فەرموون بیخەنەڕوو”.
سەرچاوە / ڕووداو
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە