Zirek-Kemalmontage

زیرەك كەمال : هەموومان قەرزاری مەلا عەلی كەلەك ـ ین .

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پاشای سعود بڕیاریدا لەساڵانی حەجكردن و لەكاتی تەوافدا حاجیەكان لەدەوری كەعبەو لەسەر كێوی عەرەفە دوعا بۆ مەلا عەلی كەڵەك بكەن ، چونكە چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجەی دۆزیەوە .

 ئیرەییم بە وڵاتانی كەنداو دێت ، چونكە بەردەوام بەخت یاوەریانەو لەوەتەی هەن ئەستێرەی ئەو بەختەیان لەئاسماندا دەدرەوشێتەوە ، ئاخر دوای ئەوەی لەنیوەی یەكەمی سەدەی بیستەمدا لەخاكە دێم و زەویە رەق و لماویەكەیاندا نەوت دۆزرایەوەو لەماوەیەكی كەمدا نەوت دانیشتوانی ئەو سەر زەمینەی لەكۆمەڵێك خێل و رەشماڵ نشین كرد بەدەوڵەمەندترین و  بەنازترین میللەتی سەر ئەو هەسارەیە .

 دوای ئەوەی (مەلا عەلی كەڵەك ) فەشەلی بەهەموو بیردۆزە زانستییە پزیشكییەكان هێناو تەپڵی تۆپانەی پێكردن و چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجەی لەمیزی حوشتردا دۆزییەوە ، ئیدی لەوێ بەو پێیەی بەشی هەرە زۆری حوشترەكانی دونیا لەو وڵاتانەن ، لەوێدا نرخی حوشتر فڕیوە ، دەڵێین میرنشینە كەوا ئاوریشمەكانی كەنداو كەلەچەند مانگی رابردوودا هەواڵی دۆزینەوەی ( بەدیل ) ی نەوت لەئەمریكا دەستی پێ خستونە سەر ئەژنۆ ، ئیدی كەڕەنای شاپلۆغان و تریقەی پێكەنینیان حەوت بۆ گەرەك و حەوت وڵات دەڕوات  .

 ئاخر دوێنێ بی بی سی كۆنگرە رۆژنامەنووسیەكەی ئوبامای بڕی و لەهەواڵێكی بەپەلەدا گوتی : ئەمریكاو وڵاتە زلهێزەكان كەبەشی زۆری شان و شكۆی ئابووری خۆیان لەنەوتی وڵاتانی كەنداو بەدەستهێناوە ، هەر وڵاتەو بەمەبەستی گرێ بەستێكی بازرگانی و هێنانی ( میزی حوشتر ) لەو وڵاتانەوە بەپەلە شاندی خۆیان نارد ، بۆلای میرەكانی كەنداو ، فەرهەنگ گۆمەشینی رۆژنامەنووسیش بەئەسپایی و بەنهێنی پێی راگەیاندم كەئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمیش لەم بارەیەوە بەنهێنی چەندین كۆبوونەوەی ئەنجام داوەو لەهەوڵی ئەوەدان شاندێكی باڵا بەرەو وڵاتانی كەنداو بنێرن و بەمیرنشینەكانی ئەوێ بڵێن لەداهاتوودا چی كلاشی هەورامی و سركەی خۆشناوەتی و ماستی هەولێرو گەزۆی سلێمانی و كری زاخۆ و چ بەروو بوومی میوە و كشتوكاڵ هەیە بۆئەوانی دەنێرن و لەبەرامبەر ئەوەشدا ئەوان میزی حوشترمان بۆ بنێرن ، تاكو لەهەرێمەوە وەكو ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەتەنكەر بەرێی ئێراندا بۆ وڵاتانی تربینێرین بەمەش هەم خۆیان لە هەڕەشەكانی نوری مالكی برای عەرەبی چاوڕەش لەبڕینی بودجەی هەرێم دەرباز دەكەن و هەم چاوی كامێرای ئۆپۆزسیۆنیش لەسەر خۆیان لادەبن كەبەردەوام خەریكە ژمارەی ئەو تانكەرە نەوتانەی بەزمانی من نا بەزمانی ئەوان كە گوایە بەقاچاغ بۆدەرەوەی هەرێم دەبردرێ .

 بلە ئەسمەری گوندەكەشمان كەدوێنێ خەریكی دۆشینی مانگە رەشەكەی بوو ، جاران وەكو مندالێكی خۆی دەیڵاواندەوە ، كەوتبووە تێهەڵدانی و دەیگوت تخوا تۆش رزقی و بەقوربانی چۆرەمیزێكی حوشتر بن ، هەواڵی ئەوەش هەیە كەگوایە چی مەڕو بزنی هەرێم هەیە لەدەشت و شاخەكانی كوردستان رووەو مەخمور و دەشتی موسڵ قەتارەیان بەستووەو ئاژەڵدارەكان بڕیاریانداوە بەحوشتر بیان گۆڕنەوە  .

 دەست خۆش ( مەلا عەلی كەڵەك ) كەوا لەو گرێ خۆبەكەم زانینە نەتەوەییە رزگارت كردین ، كەبەردەوام وەكو كورد گلەیی ئەوەمان لەخۆمان هەبوو كەئەو لەسەر ئاستی فەلسەفە فەیلەسوفێك و نەلەسەر ئاستی زانست بیرمەندێكمان هەیە ، بەڵام مەلا عەلی بەدۆزینەوەی میزی حوشتر وەكو دەرمانی شێر پەنجە هەم شەقەزللەیەكی لەبنی گۆێی تیئۆرە زانستە پزیشكیەكانداو هەم كوردی لەگرێی خۆبەكەم زانستی رزگاركرد .

س/ ڕک .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت