ئەبوبەکر جاف : من و كەركوك و شتی تریش …
دوو ساڵ لە كەركوك , لە سنوری ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركوك – گەرمیان , كادیرێكی پارتی بوین . پێیان دەوتین ئێمە كادیرێكین ! بەم خەیاڵەوە دوو ساڵمان ڕاكێشا . دەیان هەڤاڵی تر هەیە هەر بەم خەیاڵەوە سەر ئەنێنەوە ؟! ماوەی ئەو دووساڵە كە نزیك لە سەروبەندی دروستبونی ئەنجومەنەوە ئێمە دەستبەكار بوین ! لە بارەگا دەمامەوەو شوێنێكی كەركوكیش نەماوە بە تەنیاو بە پیاسە لە گەڵ چەند هاوڕێیەكمدا سەرمان پێدا نەكردبێت . بێچەگە بە سەیارەیكی زۆر موتەوازع و ئاسایی ( بی ئێم 92) ماڵمان بردە ناوشار . تەنیا خۆم . بێ پاسەوان , بێ سەیارەی درع , بێ ئەوەی كوڵانەكەمان یەك بەرپرسی تێدابێت تا ئێمەش لە ژێر سایەی مەرحەمەتی پاسەوانەكەی ئەواندا دڵئارام بین . من خۆم دابووە دەستی خوداو . ئەشمزانی چی هەیەو چی نییە . تەنیا من نەبوم بەمشێوەیە , خەڵكانی تری دڵسۆز و ماندو خێرلەخۆ نەدیو زۆربوون . ئەوەی منی جیادەكردەوە , كەلارییەك نیشتەجێی كەركوكە . ئەڵبەتە ئەو بەڕێزانەی تر خەڵكی ئەصڵی شارەكە بون .
لە سنوری جوگرافیای كەركوكدا . بە دەگمەن نەبێت , ئەویش دەبوایە بە وردبین بە دوایدا بگەریتایە . یەك بەرپرسانم نەبینی ماڵ و مناڵی لە كەركوك بێت . بەرپرسی وەها هەیە لە ناو ئەنجومەندا تا ئیستاكەش شارەزای كەركوك نییە . تەنیا لە سنوری ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركوك – گەرمیان بەم لاوە , بچێتە ناو كەركوك وندەبێت ! ئەنجومەنیش بە دەیان تەلبەندو دیوار بەند و بۆسە پارێزراو بوو . ئەمە بێجگە لەوەی دەكەوێتە ناوچەیەكی بڕێك ئارامەوە . زۆرینەی بەرپرس و لیپرسراوەكان , لە سنوری دیواری ئەنجومەن بەولاوە نەیان دەزانی سنوری جوگرافیای كەركوك – گەرمیان كوێ دەكات ؟! ئەوان چ سەروكارێكیان لە گەڵ شارو خەڵك و دانیشتواندا نەبوو . لە بری ئەوەی ئەنجومەن بچێتە ناو كەركوكەوە , كەركوك و كەركوكییەكانیان دەهێنایە ناو ئەنجومەنەوە . جار جارە ئەم بەڕێزانە ناچار دەكران و ناچاردەبون سەردانی شوێنی تەقینەوەیەك بكەن ” ئەمەش بە دەگمەنی” یا بەسەركردنەوەی لق و بارەگایەك , یا سەردانی پرسەیەك , بەڵام چۆن , كۆی هێزەكانیان دەخستە ئامادەباشییەوە ! چەندین سەیارە لە پێشیانەوە , چەندین لە دوایانەوە . خۆشیان لە ناو ئۆتۆمۆبیلێكی “درع ” و گولەنەبڕو ئەو شتانەدا . یا هەردوو سایدەكەیان بۆ دادەخستن یا سایدێك بە تەواوی ! ئەم دەرچونانە زۆر كەم و دەگمەن بوو . زۆربەی بەرپرسەكان لە هەولێرەوە دەهاتن . لە هەولێرەوە بە چەندین ئۆتۆمۆبیل و پاسەوانەوە . خوا هەڵناگرێت ڕێگەی كەركوك – هەولێر زۆر ئارامە . ئا بەمشێوەیە خەبات دەكرا بۆ كەركوك . هەژارو نەدارو خۆ نەویستەكان جگە خوداوەند چاوێك نەبوو بۆ ڕوناكردنەوەی بەر پێیان . بەڵام ئەم بەرپرسانە بەمشێوەیە تەنیا مەرگی ئاسایی و مەرگێكی ” دڵنەتەزێن ” چاوەڕێیانە .
هەندێك كەوادیرو بەرپرسی تر راَستە ماڵیان لەناو كەركوكدایە , بەڵام لەو گەڕەكانە نیشتەجێن كە كوردنشینن ! لە گەڵ ئەمەشدا بەرپرسی وا هەیە بۆ ئەمنیەتی خۆی پاسەوانی بە چواردەوری یەك گەڕەكدا بڵاوە پێكردووە ! واتە گەڕەكێكی دیواربەندو تەلبەنكردووە .! ئیتر نازانم چۆن باسی ئەوە دەكات ماڵی لەناو كەركوكدایەو ئەمە فەزڵێكە بەسر ئەوانی تری ” دانیشتوی هەولێرو دەرەوەی كەركوك !
شتی تر زۆرماوە بۆ وتن ….