بارزانی و ئەردۆگان لەسەر کەرکووک رێککەوتوون .
راپۆرت : ستیڤان شەمزینی
* هاکان ئالبایراک : تورکیا پشتگیریی بارزانی دەکات تاکو کەرکووک بخرێتەوە سەر هەرێمی کوردستان
* فاروق لۆغئۆغلو : هاتنی بارزانی بۆ ئامەد دەیسەلمێنێ ئەردۆگان ناوبراو بە نوێنەری کورد دادەنێ
رۆژنامەنووسێکی رۆژنامەی ستاری تورکی ، ئەجیندایەکی هاوبەشی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان لەبارەی کەرکووکەوە ئاشکرا دەکات . ” هاکان ئالبایراک ” نزیک لە ناوەندەکانی دەسەڵات و بەڕێوەبردن لە ئەنکەرە لە رۆژنامەی ستاری تورکیدا نوسیوویەتی : تورکیا پشتگیریی مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات تاوەکوو کەرکووک بخرێتەوە سەر هەرێمی کوردستان. ئالبایراک باس لەوە دەکات لە کۆبوونەوەکانی ئامەددا لە نێوان بارزانی و دەستەڵاتدارانی تورکیادا باس لە هەوڵدان بۆ گەڕانەوەی کەرکووک بۆ سەر هەرێم کراوە بە شێوەیەک کە تورکیا پشتگیریی هەرێم بکات بۆ هەنگاونانی سەربەخۆیی .
ئەو رۆژنامەنووسە لە نووسینەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە ، کەسێکی باڵادەست دەڵێت : ئێمە هەڵەبووین کاتی خۆی رێگر بووین لەسەر هاتنەوەی کەرکووک بۆ چوارچێوەی هەرێمی کوردستان کە بە مەترسیمان دەزانی ، بەڵام نا ؟ بۆیە ئێمە تەنیا بەو کارە سوودمان بە مالیکی گەیاند . هەروەها دەنووسێت کە کوردستان بە کەرکووکەوە دەبێتە کوردستانێکی بەهێز و دەوڵەمەند ، ئەو کوردستانە دەوڵەمەندەش دەبێتە دراوسێی تورکیا کە ئەودەم هەم کوردەکان و هەم تورکیایش خێر و بێریان بەسەردا دەبارێت .
بە وتەی رۆژنامەنووسان و چاودێرانی سیاسیی تورک ، لە کۆبوونەوەکەی ئامەد لە نێوان بارزانی و ئەردۆگان ، باس لە رەوشی سیاسیی هەرێمی کوردستانیش کراوە ، لەو نێوەندەدا ئەردۆگان و بارزانی گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی سەرەتایی کە بەو پێیە تورکیا رێگریی ناکات لە پرۆسەی گەڕاندنەوەی پارێزگای کەرکووک بۆ سەر هەرێمی کوردستان ، بەڵکو بە پێچەوانەوە لای بەشێک لە تورکەکان ئەو رایە دروستبووە کە پێویستە پەیوەندیی بازرگانی و ئابووری هەردوولا بەردەوام بێت بە تایبەت لە بواری وزە و سەرچاوە سروشتییەکاندا ، کەرکووکیش ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە سامانە سروشتییەکانی وەک نەوت ، بۆیە بە گەڕانەوەی کەرکووک بۆ سەر کوردستان ، قەبارەی هەناردەی نەوت بۆ تورکیا زیاد دەبێت . لەم روانگەوە لە ئێستادا رایەکی باڵادەست هەیە لە ناوەندی بڕیاری سیاسیی تورکیدا کە گەڕانەوەی کەرکووک بۆ سەر هەرێم نەک دژی تورکیا نییە ، بەڵکو لە بەرژەوەندیی ئابووری و سیاسیی تورکیایە .
ئەم گۆڕانە لە تێڕوانینی تورکەکان بە سەردەمێکی نوێ دادەنرێ لە پەیوەندیی دوولایەنەی کوردستان و تورکیا، بە تایبەت لە دێرینەوە بەشێوەیەکی توند و هەستیار مامەڵەیان لەگەڵ پرسی کەرکووک کردووە و نەیانویستووە وەک بەشێک لە هەرێمی کوردستان بناسێنرێت ، تەنانەت زۆرجار دەستپێشخەریی جۆراوجۆریان کردووە بۆ ئەوەی بە هەر نرخێک بووە رێگریی بکەن لە گەڕانەوەی کەرکووک بۆ سەر هەرێم . بۆ نموونە لە نۆڤەمبەری 2011 رۆژنامەی ” المستقبل ” ی عێراقی ، بڵاویکردەوە کە لە هەمان مانگ کۆبوونەوەیەک لە باڵیۆزخانەی تورکیا بە ئامادەبوونی لایەنە سوونییەکان و ئەمەریکییەکان لە ژێر چاودێریی تورکەکان کراوە ، بە مەبەستی دروستکردنی هەرێمێکی سووننە لە عێراق بە مەرجێک کەرکووک بخرێتە ناو چوارچێوەی ئەم هەرێمەوە . رۆژنامەکە ئەوەش دەخاتەوە یاد کە لەو ساڵەدا ” ئوسامە نجێفی ” سەرۆکی پەرلەمانی عێراق 12 جار سەردانی تورکیای کردووە ، ئەمە جگە لەوەی ” تارق هاشمی ” جێگری سەرۆک کۆماری عێراق 20 جار سەردانی تورکیای کردووە .
تورکیا لە سەرەتای پرۆسەی ئازادیی عێراق ” 2003 ” تاکو ساڵی رابردوو، بە توندترین شێوە داکۆکیی لە کەرکووک دەکرد وەک شاریێکی تورکمانی و بە ئاشکرا هەڕەشەی لە کوردەکان دەکرد لە داواکردنی کەرکووک وەک بەشێک لە خاکی کوردستان . ” حیلمی تۆرۆس ” لە راپۆرتێکیدا بۆ رۆژنامەی DAWN لە شوباتی 2005 باس لەوە دەکات ئەگەر کوردەکان سووربن لەسەر کەرکووک ، لەوانەیە تورکەکان بە سوپا و لەشکرکێشی وەڵامی کوردی عێراق بدەنەوە . لە راپۆرتەکەدا هاتووە “ئەگەر کورد داوای کەرکووک بکەن ، تورکیا دەستدرێژییان دەکاتە سەر . بەرپرسانی تورکی رایانگەیاندووە کەرکووک 40% نەوتی عێراق و 06% نەوتی دنیای هەیە و شارێکی فرەڕەگەزە و تورکمانەکان لە سەرەکیترین دانیشتوانەکانی ئەو شارەن و دەبێ حاڵەتێکی تایبەتیان بۆ تەرخان بکرێت . کاردانەوەی توندی تورکیا کاتێک وا خۆی دەرخست رێبەرانی کورد کەرکووکیان بە شارێکی کوردستانی و بە پایتەختی کوردستانی فیدراڵ یان سەربەخۆیان زانی “.
لە راپۆرتەکەدا ” تۆرۆس” ئاماژەی بەوە داوە ” هەندێک لە رووناکبیر و مۆدێرنیستەکانی تورکیا دەڵێن : ئیمپراتۆریەتی عوسمانی حوکمی بە سەر دوو شاری کەرکووک و موسڵدا کردووە ، بەڵام لە ساڵی 1920 ئەو دوو شارەی بە بەهایەکی ناچیز داوەتە بەریتانیا و هێشتاش کە هێشتایە لەو کردەیە پەشیمانە . تورکیا دەبێ لە نەوتی کەرکووک بەشی هەبێت “. بەڵام هەر لەو ساتەوەختەدا “محەمەد عەلی بیراند ” ی رۆژنامەوانی کۆچکردووی تورکیا، رایەکی تری بۆ دەوڵەتی تورک تەرح کرد و گووتی “کورد لە ( باکووری عێراق ) بەهێز بوونە و بەهێزتریش دەبن . ئەوان پێویستیان بە پەیوەندیی دۆستانەی تورکیا هەیە . بە پێچەوانەی ئەو بێ متمانەییەی کە هەیە ، ئیمە لە دواڕۆژدا پێویستمان بە یەکتری هەیە . کورد و تورک دەبێ ئەوە بزانن تەنیا بەدۆستایەتی بۆیان دەچێتە سەر، تورکیا تەنیا لە رێگەی کوردەوە دەتوانێت کاریگەریی بەسەر دواڕۆژی عێراقەوە هەبێت “.
ناوەندە سیاسییەکانی تورکیا ، لە سەردانی ئەو دواییەی بارزانی بۆ ئامەد ، کۆمەڵێک ئاماژە و نیشانەی نوێیان بینی ، لە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییە سیاسییەکانی هەردوولا ، بۆیە هەندێک لە ناوەندە شۆڤێنییەکانی تورک بەم پێنگاڤە تووڕە بوون و پێیانوایە ئەردۆگان یارمەتی بارزانی دەدات بۆ هێنانەدی سەربەخۆیی کوردستان و گەڕانەوەی کەرکووک بۆ چوارچێوەی قەڵەمڕەوی دەسەڵاتەکەی . یەکێک لەوانەی بە توندی هۆشداریی دایە تورکە ناسیۆنالیستەکان جێگری سەرۆکی جەهەپە بوو . ” فاروق لۆغئۆغلو” جێگری سەرۆکی گشتیی پارتی گەلی کۆماری ئاشکرای کرد : ئەردۆگان دەخوازێ ” مەسعود بارزانی” بکاتە نوێنەری کوردان و بەشداریی پرۆسەی ئاشتی بکات . ” فاروق لۆغئۆغلو” جێگری سەرۆکی جەهەپە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ، رایگەیاند : هاتنی ” مەسعود بارزانی ” بۆ دیاربەکر ئەوە دەسەلمێنێ ” رەجەب تەیب ئەردۆگان ” ی سەرۆک وەزیرانی تورکیا ناوبراو بە نوێنەری کورد دادەنێ و ” بارزانی ” ش خاوەنی خەونی دەوڵەتێکی سەربەخۆیە بۆ کورد ، ئەم سەردانەش ئەو خەونەی بەهێزتر دەکات .
شرۆڤەکاری سیاسیی کورد ” بەختیار بەرزنجی ” پێیوایە ، ئەردۆگان و ئاک پارتی ، دەیانەوێ کێشەی خۆیان لەگەڵ کوردی باشوور و باکوور بەو جۆرەی بەرژەوەندییەکانیانی تێدا پارێزراو بێت چارەسەر بکەن . وتیشی ” ئەردۆگان تێگەیشتووە ئەگەر کەرکووک بگەڕێتەوە سەر کوردستان لە بەرژەوەندیی تورکە ، چوونکە لە عێراقێکی پڕ فەوزای ئاشوبی تایفەگەرییدا ، هیچ گەرەنتییەک نییە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی تورک ، بۆیە لە ئێستادا تورکەکان بەو بڕوایە گەیشتوون ، گەڕانەوەی کەرکووک بۆ سەر هەرێم نەک لە زیانیان نییە ، بەڵکو لە بەرژەوەندیی ئەوانە وەک دەسەڵات و وەک هاووڵاتیانی تورک . رۆژنامە و ناوەندەکانی میدیاش لە ئێستادا باس لەوە دەکەن بارزانی و ئەردۆگان لەسەر ئەم بابەتە رێککەوتوون و ئەمەش بە هەنگاوێکی ئیجابی دەدەنە قەڵەم “.