فەتاح حەسەن : مردن .. دارەبەزە .
– رەنگی مردن
تابلۆی ئازارەکان ، بێ رەنگن
وەك رەنگی من.
کە لە سامی زامی مردن
رەنگ لە روخسارم پەڕیوە .
بڵێی مردن رەنگاوڕەنگ بێ ؟
یان ، وەك تابلۆی ئازارەکان
هەر بێ رەنگ بێ !
ئەگەر ، مردن رەنگاوڕەنگ بێ !
رەنگی روخسارمی دزیوە.
چونکە مردن ، تابلۆیەکی ئەبەدییە
تابلۆ ئەبەدییەکانیش بێ رەنگن.
– وەرە توبی خوا
مەرگ ، ئەمشەو خاترجەم بە
لەم کولبەی ئەحزانە وەدەرم نێ .
نەوەك جارێ بگرە سەد جار بێمنەت بە
لە باطن و لە ضاهردا منەوەر بە.
لە ناخمدا و لەبەر دیدەم تاکو مابم
مخەیەربەو بەبێ پەروا تاجی سەربە.
– دارەبەزە
تروسکەی مۆم
بە شەونمی سەر سەوزایی
دەوروبەری گڵکۆکاندا
وەك ، ئاوێزە ، گوزەر دەکا .
***
بەمڕۆژی هەینی پیرۆزە
فاتیحایەك
لەسەر گڵکۆی ، پیرێژنێك دەخوێنم
کە هاوتەمەنی دایکمە.
***
لە پاش مەرگت
نە کوچەیەك ( شك ) دەبەم ، نە کەنارێك ..
تیای بسرەوم .. ئەی بۆ دەڵێن ..!
( جێگەی غەریبان کوچەو کەنارە ) **.
***
مزگەوتی بێ میحرابە
کڵێسای بێ خاچە
دڵی من ، بێ تۆ
دایە .
***
کە ، دەبینم
کوڕێك لەجێی گوڵی سیسبووی
گڵکۆی باوکی ،
گوڵی گەشاوە دادەنێ
لە دڵەوە گریانم دێ
بۆ دارتووە، وشکەوەبووەکەی ژورسەرت
بابە .
***
بە کلیلی ماڵەکەی خۆم
لەسەر قەدی سنەوبەرێك
ناوی سییانیم هەڵدەکۆڵم .
لێی دەنووسم .
دارەبەزەی پیاوێکی نامۆ.
دارەبەزە / دارەمەیت *
دێڕە شیعرێکی فۆلکلۆرە **