عیماد ئەحمەد : بەشداریمان لە حکوومەت لەسەر بنەمای رێکەوتنی ستراتیژیی و بارودۆخی تازە دەبێ .
یەکێتی دەگەڕێتەوە بۆ رێککەوتنی ستراتیجی
راپۆرتی : ستیڤان شەمزینی
* عیماد ئەحمەد : بەشداریمان لە حکوومەت لەسەر بنەمای رێکەوتنی ستراتیژیی و بارودۆخی تازە دەبێ
* یوسف عەبدولقادر: هیچ ئەندامێکی پارتی ناڕەزایی بەرامبەر رێککەوتننامەی ستراتیژیی دەرنەبڕیوە
لە ماوەی یەک ساڵی رابردوو ، یەکێتی نیشتمانی کوردستان ، لە رێگەی میدیاکانییەوە و لە زمانی سەرکردە و بەرپرسە باڵاکانییەوە پێداگریی لەسەر ئەوە دەکرد ، رێککەوتنی ستراتیجی بووەتە یەکێک لە هۆکارەکانی شکستی یەکێتی لە هەردوو هەڵبژاردنی ساڵی 2009 و 2010، هاوکات باسیان لە هەموارکردنەوە یان زیاتر لەوە “هەڵوەشاندنە ” ی دەکرد . لە رووی کردارییەوە بەشداریی پارتی و یەکێتی لە هەڵبژاردنی 21-9-2013 بە لیستی جیا ، پێچەوانەی بەندەکانی ناو رێککەوتنە بوو .
جگە لەوەش تۆمارکردنی داوا لەلایەن یەکێتییەوە لە پارێزگای موسڵ لەسەر پارتی لە هەڵبژاردنی پارێزگاکان لە بەهاری 2013 دیسانەوە پێچەوانەی پرنسیپی گشتیی رێککەوتنی ستراتیجی بوو . لە دواین جاردا پشتتێکردنی یەکێتی لە پارتی لە هەڵبژاردنی پارێزەران و هاوپەیمانیکردن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن جارێکی دیکە دژی ئەو رێککەوتنە بوو ، بەڵام لە ئێستادا یەکێتی لە پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی هەشتەمدا دەیانەوێ بگەڕێنەوە بۆ رێککەوتنی ستراتیجی و بە پێی ئەو رێکەوتنە بەشداریی بکەن لە حکوومەتدا نەک بەپێی ئیستحقاقاتی هەڵبژاردن .
عیماد ئەحمەد ، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ، باس لە پرنسیپی ( پەنجا بە پەنجا ) لەنێوان یەکێتی و پارتی دەکات و رایدەگەیەنێت ئەو پرنسیپە شکستی هێنا و لە کابینەکانی پێشوو بوونی نەبووە . ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ، باسی دواین دانیشتنی هەردوو وەفدی دانوستانکاری یەکێتی و پارتی بۆ پێکهێنانی کابینەی هەشت دەکات و ئاشکرای دەکات تا ئێستا بە فیعلی بۆ دابەشکردنی پۆستەکان لەگەڵ پارتی دانەنیشتوون و ئەوەی دەوترێت راست نییە . ئەوەشی راگەیاند یەکێتی لەسەرەتای دەرکەوتنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانەکانەوە ئامادەیی خۆی بۆ بەشداریکردنی لە حکوومەتێکی یەکڕیزیی نیشتیمانی نیشاندا ، بەشداریشمان لەسەر بنەمای رێکەوتننامەی ستراتیژیی نێوانمان و بە رەچاوکردنی بارودۆخی تازە دەبێت، پێمانخۆشە بەشداربین لە بەرنامەی حکوومەت و بە قەبارەی خۆمان و خەباتمان و لەو بارەیەوە لەگەڵ برادەرانی پارتیدا قسەی خۆمان کردووە .
ئارێز عەبدوڵڵا ، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، وێڕای ئەوەی پێداگریی لەسەر ئەوە دەکات رێککەوتنی ستراتیجی بۆ ئەم قۆناغەش پێویستییەکی مێژووییە و تەنیا یەک بەندی لێ جێبەجێ نەکراوە ، وتیشی ” رێککەوتنى ستراتیجى وەکو خۆى جێبەجێ نەکراوە و ماوەى رابردووش یەکێتى بە هۆیەوە زیانمەند بوو ، بۆیە ئەو بابەتە هەمیشە جێى مشتومڕى ناو یەکێتییە و منیش پێموایە کاتى هەموارکردنەوەى رێککەوتننامەکە هاتووە و هیواداریشم ئەو رێککەوتننامەیە چوارچێوەیەکى نیشتیمانى فراوانى پێ بدرێ ، واتە لە جیاتى ئەوەى تەنیا لە نێوان یەکێتى و پارتى بێ چوارچێوەیەک بێ هەموو هێزە کاریگەرەکانی کوردستان بگرێتە خۆى “.
بەرپرسێکی پارتیش رایدەگەیەنێت ، تائێستا هیچ ئەندامێکی حزبەکەی ناڕەزایی بەرامبەر رێکەوتنی ستراتیژیی دەنەبڕیووە . یوسف عەبدولقادر رەسول ، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند : بە راشکاویی دەڵێین تا ئێستا ئێمە پابەندین بە رێکەوتنی ستراتیژیی و هیچ ئەندامێکی پارتیش ناڕەزایی بەرامبەر رێککەوتننامەکە دەرنەبڕیوە و تەئکیدیش دەکەینەوە کە ئێمە پابەندین بە بڕیاری مەرکەزەوە و هیچ شتێکی رەسمی لەناو پارتیدا نییە کە بڵێت رێککەوتننامەی ستراتیژیی نەماوە و تا ئێستاش ئێمە ئەو رێککەوتنە بە باش دەزانین ، چوونکە کۆمەڵێک کاریگەریی باشی لێکەوتۆتەوە .
وتیشی ” هەرچەندە تا ئێستا لە ناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیشدا هیچ شتێکی رەسمی لە دژی رێکەوتنی ستراتیژی بوونی نییە ، بەڵام دڵگرانی ئێمە لەوەدایە هەندێک جار بەشێک لە برادەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لێدوان لە دژی ئەو رێکەوتنە دەدەن و ئێمەش گلەیمان لەو کەسانە هەبووە و بڕواشمان وا بووە کە ئەو جۆرە لێدوانانە تەنیا بۆچوونی ئەو کەسانەن نەک بۆچوونی رەسمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان “. لە بارەی چۆنێتی بەشداریکردنی یەکێتیش لەگەڵ پارتی لە حکوومەتی داهاتوودا، یوسف عەبدولقادر وتی ، ” ئێمە لە پێکهێنانی حکوومەتدا لەسەر بنەمای ژمارەی کورسی مامەڵە لەگەڵ یەکێتیدا ناکەین و ئەوەش بڕیارێکی رەسمی پارتییە “.
لە ئێستادا دوو بۆچوونی سەرەکی لە ناو یەکێتی هەیە لە بارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت و کارکردن بە رێکەوتنی ستراتیجی. بۆچوونی بەهێز ئەوەیە پارتی و یەکێتی بە پێی رێککەوتنی ستراتیجی مامەڵە لەگەڵ ئەو 56 کورسییە بکەن کە بە هەردوولایان بەدەستیانهێناوە و بەشێوەی یەکسان پۆستەکان وەربگرن . بۆچوونی دووەم ئەوەیە پارتی و یەکێتی بەو 56 کورسییە دەتوانن رێژەی پێویست مسۆگەر بکەن بۆ پێکهێنانی کابینەی هەشتەم ، خۆیان کابینەکە رابگەیەنن و هێزەکانی دیکە بانگهێشت بکەن بۆ بەشداریکردن لەو کابینە نوێیە . کە ئەمەش دیسانەوە دووبارەکردنەوەی ئەزموونی کابینەکانی پێشووترە .
لەو بارەوە ، سەعدی ئەحمەد پیرە ، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی رایدەگەیەنێ کە پێویستە ئەو رێککەوتنە لە بەرچاو بگیرێت . سەبارەت بە رێککەوتنی ستراتیژیی نێوان پارتی و یەکێتیش کە یەکێتی داوا دەکات پۆستە وەزارییەکان لەسەر بنەمای ئەو رێککەوتنە دابەشبکرێت ، سەعدی پیرە رایگەیاند حزبەکەی دوو پێوەری هەیە ” ئەگەر رێککەوتنی ستراتیژیی پێوەر بێت ، دەبێت دابەشکردنی وەزارەتەکان بە شێوەیەک بێ حیساب بۆ 56 کورسی پارتی و یەکێتی بکرێت و ئەوانی دیکە بەسەر لایەنەکانی دیکە دابەشبکرێت ، بەڵام ئەگەر رێککەوتنی ستراتیژیی پێوەر نەبێت ، ئەوا دەبێت ئیستیحقاقی هەڵبژاردن و پێگەی جوگرافی و نفوزی دەسەڵات و هێزی لایەنەکان لە بەرچاو بگیرێت “.
لەلایەکی ترەوە ، بەهۆی دوورکەوتنەوەی پارتی و یەکێتی لە یەکتر ، بە تایبەت لە دوای ڤیتۆی پارتی لەسەر نەجمەدین کەریم ، دیسانەوە یەکێتی رووبەڕووی کێشە بۆتەوە و سەرکردەکانی یەکێتی دیسانەوە داوای کارکردن دەکەن بە رێککەوتنی ستراتیجی. بە وتەی مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ، بە هۆی دۆخی ئێستای شاری کەرکووکەوە حزبەکەی بریندار کراوە ، ناوبراو لەو رووەوە دەڵێت : ساڕێژکردنی ئەم برینە ، پێش هەموو کەسێک ، رووبەڕووی سەرۆکی هەرێم دەبێتەوە . ناوبراو لەو بارەوە دەڵێت ” یەکێتی ، بەم دۆخەی کەرکووک ، بریندار کراوە. پێشمانوایە ، ساڕێژکردنی ئەم برینە ، پێش هەموو کەسێک ، لە باری سیاسییەوە ، رووبەڕووی بەڕێز سەرۆکی هەرێم بۆتەوە . بە دڵنیاییەوە چاوەڕێی هەڵوێستێکین ، کۆتایی بەم کێشەیە بهێنێت و چارەسەرێکی ئەوتۆش بدۆزرێتەوە ، کاریگەریی ئەرێنی لەسەر کۆی گفتوگۆکان و پەیوەندییەکان و ئەرکە هاوبەشەکانمان ، هەبێت.”
بەشێکیش لە سەرکردەکانی یەکێتی ، داوای ئەوە دەکەن پارتی لەم بارودۆخە هەستیارەدا ، موراعاتی یەکێتی بکات و بە وتەی ” عیماد ئەحمەد ” ی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیش ، پارتی موراعاتی یەکێتی کردووە . وتیشی ” وەڵامی پارتی تا ئێستا لەو بارەیەوە ئیجابی بووە و بە ئێمەیان راگەیاندووە کە ئەوانیش پابەندن بە رێککەوتننامەی ستراتیژییەوە ، هەروەها موراعاتی بارودۆخی یەکێتیش دەکەن ، تاکو ئێستا لە کۆبوونەوەکان شتێکی سلبی نەبیستراوە و گوێ لە بۆچوونی یەکتر دەگیرێت و گفتوگۆکان بەشێوەی ئیجابی بەڕێوە دەچن “.