Shaxewan

شاخه‌وان برایم عه‌بدوڵڵا : پێشمه‌رگه‌ مه‌كه‌نه‌ دوژمنی فه‌رمانبه‌ران! .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هه‌ر دۆخێكی قه‌یراناوای له‌رووی ئابووری و نه‌مانی پاره‌ له‌ بانكه‌كاندا بێته‌ ئاراوه‌ یه‌كڕاست پێشمه‌رگه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرێت له‌وه‌ی به‌هۆی موچه‌و مه‌سروفاتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌وه‌یه‌ حكومه‌ت ناتوانێت موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و پاره‌ی وه‌به‌رێنه‌ره‌كان بدات، ئه‌مه‌ش قه‌یرانی گه‌وره‌ی دروستكردووه‌ به‌هۆی نه‌دانی موچه‌ی خه‌ڵك و نه‌مانی پاره‌ له‌ بانكه‌كاندا، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی مه‌ترسیییه‌ له‌ وه‌ها قسه‌یه‌كدا راسته‌وخۆ پێشمه‌رگه‌ له‌به‌رچاوی فه‌رمانبه‌ران و خه‌ڵكی گشتی موچه‌خۆر ناشیرین ده‌بێت به‌وه‌ی بۆته‌ هۆكار له‌ نه‌مانی پاره‌ له‌ بانكه‌كاندا، ئاخر پێشمه‌رگه‌ش وه‌ك هه‌ر فه‌رمانبه‌رێكی تری میری مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ موچه‌ وه‌ربگرێت و بژێوی خێزانه‌كه‌ی دابین ببێت، ئه‌مه‌ش حه‌قێكی ره‌وای خۆیه‌تی و كه‌س خێری پێ ناكات، چونكه‌ ئه‌وه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌ داكۆكی له‌و به‌رپرسه‌ گه‌نده‌ڵانه‌ ده‌كات كه‌ له‌سه‌ر شاشه‌كانه‌وه‌ ئه‌و قه‌یرانی نه‌مانی پاره‌یه‌ دووچاری بانكه‌كان بۆته‌وه‌ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی پێشمه‌رگه‌وه‌ گوایه‌ به‌غدا پاره‌ی پێشمه‌رگه‌ نانێرێت، ئاخر ئه‌مه‌ كه‌ی كێشه‌ی پێشمه‌رگه‌یه‌كی به‌دبه‌خته‌ كه‌ له‌سه‌نگه‌ره‌كانی كه‌ركوك و به‌ره‌ی موسڵدا دژ به‌ چه‌كداره‌كانی مالیكی له‌ سه‌نگه‌ره‌كانیدایه‌ و خێزانه‌كه‌ی پاره‌ی كرێی خانوو و مه‌سروفاتی ماڵه‌وه‌ی نییه‌، به‌ڵكو ئه‌مه‌ راسته‌وخۆ پێوه‌ندی به‌ حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ هه‌یه‌ ژیانی پێشمه‌رگه‌ دابین بكات، ئه‌گینا با بڵێت به‌ پێشمه‌گه‌كان بڕۆنه‌ ماڵه‌وه‌ و به‌ چه‌كداره‌كانی مالیكی پارێزگاری له‌ كوردستان بكات .

پێشمه‌رگه‌ نه‌بێت زۆر به‌رپرسی دز و چه‌ته‌ی ئه‌م وڵاته‌ هه‌ن ناتوانن بۆ یه‌ك خوله‌كیش ته‌ماشی ناو چاوی سه‌ربازێكی مالیكی بكه‌ن، ئه‌ی كه‌واته‌ ئه‌م قسه‌ قۆڕانه‌ چییه‌ خه‌تای پێشمه‌رگه‌یه‌ ناتوانن موچه‌ی خه‌ڵكی بده‌ن، من قه‌ناعه‌تی سه‌دله‌سه‌دم هه‌یه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی دێته‌ هه‌رێمه‌وه‌ زۆر له‌وه‌ زۆرتره‌ به‌هۆی پێدانی موچه‌ی پێشمه‌رگه‌وه‌ په‌كی بكه‌وێت، به‌ڵكو زۆربه‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ی دێته‌ هه‌رێمه‌وه‌ هه‌ندێ كه‌س بۆ خۆیان برابه‌ش به‌شی ده‌كه‌ن چ ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر حیزبه‌كاندا به‌ گه‌وره‌ و بچووكه‌وه‌و چ به‌سه‌ر به‌رپرسه‌ حیزبی و حكومی و كادیرانی باڵای ئۆپۆزسیۆن، ئه‌وه‌ی لێی سودمه‌ند نییه‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ هه‌ژاره‌یه‌ كه‌ سێ بۆ چوار مانگه‌ چاوه‌ڕێی وه‌رگرتنی 150 هه‌زاری هه‌ژارانه‌ ده‌كات و ئه‌ویش بانك پاره‌ی تێدا نه‌ماوه‌، به‌سه‌ چیتر پێشمه‌رگه‌ له‌به‌ر چاوی خه‌ڵكیدا ناشیرین مه‌كه‌ن و مه‌یانكه‌ن به‌ دوژی خه‌ڵكی گشتی به‌وه‌ی ئه‌وان هۆكاری نه‌مانی پاره‌ن له‌ بانكه‌كاندا ، ئه‌و به‌رپرسه‌ی ئه‌و قسه‌یه‌ بكات حه‌ق وایه‌ داواكاری گشتی بیباته‌ به‌رده‌م دادگه‌و سزای بدات ، چونكه‌ ئه‌وه‌ كێشه‌ی پێشمه‌رگه‌یه‌كی ئاسایی نییه‌ كه‌ به‌غدا موچه‌ی بۆ ره‌وانه‌ ناكات، به‌ڵكو ئه‌وه‌ ئیشی ئه‌و به‌رپرسانه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر شاشه‌كان به‌س خه‌ریكی درۆ و بۆینباخه‌كانیانن موچه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ به‌غدا وه‌ربگرن، مه‌ترسیدارترین قسه‌گه‌لێك له‌و ماوه‌یه‌دا كرابێت ئه‌و قسانه‌ بووه‌ به‌رپرسه‌ داراییه‌كان كردویانه‌ گوایه‌ ناتوانن موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بده‌ن تا هی پێشمه‌رگه‌ نه‌ده‌ن ، ئاخر ئه‌مه‌ له‌ نێوان پێشمه‌رگه‌ و فه‌رمانبه‌ری میریدا جۆرێك له‌ گرێی سایكۆلۆژی دروست ده‌كات و ده‌بێته‌ شه‌ڕی نه‌فسی له‌ نێوانیاندا، به‌مه‌ش ئه‌و هێزه‌ی گوایه‌ داكۆكی له‌ كوردستان ده‌كات دڵشكاو ده‌بێت و وه‌ك پێویست ناتوانێت خزمه‌ت بكات، ئه‌وكات حیزبه‌كان پاره‌ی بۆ دابین ده‌كه‌ن و ده‌یكه‌نه‌ پێشمه‌رگه‌ی حیزب، ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین مه‌ترسییه‌ كه‌ پێشمه‌رگه‌ هی حیزبی سیاسی بێت، چونكه‌ ناكرێت حیزبی سیاسی خاوه‌نی چه‌ك بێت، ئه‌وه‌تا حكومه‌ت به‌هۆی یه‌كێتییه‌وه‌ پێكنایه‌ت، چونكه‌ چه‌كی هه‌یه‌ و به‌و پێوه‌رانه‌ رازی نییه‌ كه‌ بۆی دیاری ده‌كرێن به‌ مه‌به‌ستی به‌شداری له‌ حكومه‌تدا، وه‌زاره‌تی پێشمه‌ركه‌ پێویسته‌ چیتر له‌و نا حه‌قییه‌ بێده‌نگ نه‌بێت كه‌ به‌رپرسه‌ داراییه‌كان هۆكاری نه‌مانی پاره‌ ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی پێشمه‌رگه‌وه‌!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت