Shaxewan

شاخه‌وان برایم عه‌بدوڵڵا : كابینه‌ی هه‌شته‌م و زۆر شتی تریش .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بۆ هه‌رێمێكی بچووكی وه‌ك باشووری كوردستان ، پێكنه‌هێنانی كابینه‌یه‌كی لۆكالی له‌ ماوه‌ی نزیك له‌ چوار مانگدا‌ شتێكی نا ئاساییه‌و جێگه‌ی پرسیاره ‌، چونكه‌ پێكهاته‌ی باشوور له‌رووی ئاینزاییه‌وه‌ زۆرینه‌ سوننه‌ مه‌زهه‌ب و مه‌سیحی و توركانه‌كانیش كه‌مینه‌ن و به‌ربه‌ست نین له‌و باره‌یه‌وه ‌، هاوكات له‌رووی نه‌ته‌وه‌ییشه‌وه‌ حیزبه‌ براوه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان كوردستانین( كوردن ) كه‌واته‌ بۆخۆی ئه‌مه‌ جێگه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ركردنه‌ كه‌ بۆچی ئه‌و ماوه‌ زۆره‌ حكومه‌ت پێكنه‌هات و په‌رله‌مانیش‌ گوایه‌ شوێنی یاسادانان و لێپرسینه‌وه‌یه‌ تاهه‌نووكه‌ نه‌یتوانیوه‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌ك بۆ خۆی ده‌ست نیشان بكات ، كه‌واته‌ ئه‌مه‌ ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت په‌رله‌مان به‌راستی نوێنه‌رایه‌تی راسته‌قینه‌ی خه‌ڵك نییه‌و ده‌سته‌مۆی حیزبه‌كانه‌و ئه‌ندامه‌كانی وه‌ك رۆبۆتوان له‌ ده‌ستی به‌رپرسه‌ حیزبییه‌كانه‌وه‌ ، هاوكات ململانێی دوو حیزبه‌ دووه‌م و سێیه‌مه‌كه‌ی براوه‌ی هه‌ڵبژاردنیش له‌سه‌ر پۆستی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت ئه‌مه‌ش خوێندنه‌وه‌یه‌كی تری ده‌وێت كه‌ به‌راستی ئه‌و دوو حیزبه‌ واته‌ گۆڕان و یه‌كێتی به‌ر له‌وه‌ی له‌ خه‌می هاونیشتمانیاندابن له‌ خه‌می وه‌رگرتنی پۆستدان بۆ به‌رپرسه‌ حیزبییه‌كانیان ، ئه‌گه‌رچی به‌پێی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن بێت ئه‌و پۆسته‌ هی گۆڕانه‌ ، چونكه‌ جیاوازی له‌ نێوان كورسییه‌كانی گۆڕان له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا شه‌ش كورسییه‌و ئه‌مه‌ش هێنده‌ی كۆی كورسییه‌كانی كۆمه‌ڵی ئیسلامییه‌‌ كه‌ ئه‌ویش داوای شتی زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تر ده‌كات كه به‌پێی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ری ده‌كه‌وێت .

به‌پێی ده‌نگۆی میدیاییش بێت پارتی داوای زیادكردنی دوو جێگری تری بۆ سه‌رۆكی حكومه‌ت كردووه‌ بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ئه‌م قه‌یرانه‌ی له‌ نێوان دوو حیزبه‌كه‌دایه‌ له‌سه‌ر وه‌رگرتنی جێگری حكومه‌ت ، به‌ڵام ئه‌مه‌ پێشنیارێكی تائه‌وپه‌ڕی ناواقعییه‌و ناكرێت بۆ رازیكردنی حیزبی سیاسی پۆستی كارتۆنی به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌وه‌ زیاد بكرێت ، چونكه‌ ئه‌مه‌ له‌ دواییدا ده‌بێت شوێن و بودجه‌و فه‌رمانبه‌رو پاسه‌وان و ئیمتیازی جۆراوجۆر بۆ دوو جێگره‌ تازه‌كه‌ زیاد بكرێت و ئینجا له‌رووی میدیاییشه‌وه‌ هه‌ر رۆژه‌ و جێگرێك دێته‌ سه‌ر شاشه‌و به‌ شان و باڵی حیزبه‌كه‌یدا هه‌ڵده‌دات ، به‌مه‌ش حكومه‌ت له‌بری ئه‌وه‌ی هی خه‌ڵك بێت ده‌بێته‌ هی حیزبه‌كان و به‌های نامێنێت له‌به‌رچاوی تاكی هاونیشتمانیدا ، كه‌واته‌ پرۆژه‌ی زیادكردنی دوو جێگر به‌ یه‌كێك له‌ پرۆژه‌ پێشنیاركراوه‌ فاشیله‌كان هه‌ژمار ده‌كرێت و ته‌نیا هاونیشتمانی باجی ئه‌و هه‌ڵه‌ ستراتیژییه‌ ده‌دات ، چونكه‌ ناكرێت له‌ هه‌رێمێكی لۆكالی بچووكی وه‌ك باشوور حكومه‌ت سێ جێگری هه‌بێت و هه‌ر یه‌كه‌شیان له‌ حیزبه‌ سیاسییه‌كان خاوه‌ن مێژووی ركابه‌رایه‌تیبن له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا ، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ روویدا به‌بێ هیچ ئه‌ملاوئه‌ولایه‌ك كابینه‌یه‌كی كارتۆنی ده‌بێت و ته‌نیا مه‌به‌ست لێی كپ كردنی ده‌نگه‌ ناره‌زاییه‌كانه‌ .

خودی حكومه‌تی بنكه‌فراوان له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی دیموكراسیدا یه‌ك ناگرێته‌وه‌ ، چونكه‌ له‌وه‌ها حكومه‌تێكدا رۆحیه‌تی ئۆپۆزسیۆن بوون ئاماده‌گی نابێت و دیموكراسیش به‌بێ ئۆپۆزسیۆن وه‌ك كارگه‌یه‌كی بێ كارمه‌ندو سوته‌مه‌نی وایه‌ ، چونكه‌ به‌رهه‌می نابێت و ته‌نیا ناوی ده‌بێت ، كه‌واته‌ ئۆپۆزسیۆن تاوانباری سه‌ره‌كین له‌وه‌ها دۆخێكی بێ ئۆپۆزسیۆن بووندا ، چونكه‌ ده‌یانتوانی نه‌چنه‌ ناو حكومه‌ته‌وه‌ مادام به‌ته‌نیاو به‌بێ ده‌سه‌ڵات ناتوانن حكومه‌ت پێ بهێنن ، ئاخر هاونیشتمانییه‌كی یه‌كجار زۆر ده‌نگی بۆ ئه‌وه‌دا ئۆپۆزسیۆن ژیانیان باشتر بكات ، به‌ڵام كاتێك ده‌چنه‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ هیچ جیاوازیان نابێت له‌گه‌ڵ حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی تره‌وه‌و ئه‌وانیش برابه‌ش داهات و پاره‌ی میلله‌ت له‌ نێوان خۆیاندا به‌ش ده‌كه‌ن و هاونیشتمانیش با بۆ خۆی هه‌ر ناره‌زایی ده‌ربڕێت و كه‌سیش نابێت روومالی نائومێدییه‌كانیان بكات ، چونكه‌ له‌وه‌ها حكومه‌تێكدا به‌رهه‌لستكاری نامێنێت و چاوپۆشی له‌ یه‌كتری ده‌كه‌ن ، كاره‌ساتێكی تری ئه‌و حكومه‌ته‌ بنكه‌فراوانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئیسلامییه‌كان وه‌ك هێزی براوه‌ ده‌چنه‌ ناو حكومه‌ته‌وه‌و به‌مه‌ش پلان و به‌رنامه‌ی كۆنه‌په‌رستی داده‌ڕێژن له‌ ناو هه‌ناوی حكومه‌تدا ، بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵ وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی به‌ر بكه‌وێت هه‌رچی مه‌لا هه‌یه‌ ئاڕاسته‌ ده‌كرێن بۆ ئه‌وه‌ی به‌ر به‌ ئازادی و مافی قسه‌كردنی خه‌ڵكی بگرن له‌رووی رۆشنبیری و ئازادی قسه‌كردنه‌وه‌و هاوكات ئیش له‌سه‌ر به‌ ئیسلامی كردنی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌كه‌ن له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی ته‌یاری فێنده‌مێنتالی ئیسلامیدا، خۆ ئه‌گه‌ر وه‌زاره‌تی گه‌شت و گوزاریش بدرێته‌ یه‌كگرتوو ئه‌وكات ره‌وشی گه‌شتیاری په‌كی ده‌كه‌وێت ، چونكه‌ ئه‌وه‌نده‌ سانسۆر له‌سه‌ر ئازادی گه‌شتیاری خه‌ڵكی داده‌نێت‌ تا‌ به‌هۆیه‌وه‌ ئازادی گه‌شتیار ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ ، ئاخر ئه‌گه‌ر یه‌كگرتوو پرۆسه‌ی به‌ گه‌شتیاری كردنی كوردستانی بكه‌وێته‌ ده‌ست ، چۆن رێگه‌ به‌وه‌ ده‌دات له‌ سه‌یرانگه‌یه‌كدا یان شوێنگه‌یه‌كی گه‌شتیاریدا ، كوڕ و كچێك ماچی یه‌كتری بكه‌ن یان پێكێك مه‌شروب بخۆنه‌وه ‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌مه‌ قه‌ده‌غه‌ ده‌بێت ، چونكه‌ بینیمان ئیسلامییه‌كانی كوردستان چ فه‌وزایه‌كیان دروست كرد كاتێك دوو هاوسه‌ر له‌ سلێمانی ماچی یه‌كتریان كرد ، بۆیه‌ من باسی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و گه‌شت و گوزارم كرد ، چونكه‌ وه‌زاره‌ته‌ سیادییه‌كان بۆ سێ حیزبه‌كه‌ی تر ده‌رۆن ، كه‌واته‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ من زۆر گه‌شبین نیم به‌و كابینه‌ بنكه‌ فراوانه ‌، چونكه‌ ئه‌وكات رۆڵه‌كان و به‌رپرسیاره‌تییه‌كان بزر ده‌بن و كه‌س هه‌ڵه‌ی كه‌س ناخاته‌ ملی خۆیه‌وه ‌، بگره‌ ئیش له‌سه‌ر شكست پێ هێنمانی پرۆژه‌كانی یه‌كتریش ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌ هاونیشتمان بڵێن ئها ئه‌وه‌ فلانه‌ حیزبه‌ ناتوانێت ئه‌دای وه‌زاره‌ته‌كه‌ی بكات بۆ خزمه‌ت كردنی هاونیشتمانی!

ئه‌وه‌ی من له‌و كابینه‌یه‌ بیخوێنمه‌وه‌ ده‌رئه‌نجامی ئه‌وه‌ ده‌بێت ئیسلامیه‌كان به‌هێزترده‌بن و به‌وپێیه‌ی داهاتی زه‌به‌لاحیان ده‌كه‌وێته‌ ده‌ست و به‌مه‌ش ئیش له‌سه‌ر به‌ ئیسلامیزه‌كردنی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌كه‌ن و ته‌نگ به‌ ئازادی و مافی خه‌ڵكی تر و دیموكراسی هه‌ڵده‌چنن ، هاونیشتمانی زیانی به‌رده‌كه‌وێت به‌وپێیه‌ی شوێنێك لایه‌نێكی سیاسی به‌هێز شك نابات ده‌نگی به‌رز بكاته‌وه‌ ، هاوكات ململانێ حیزبییه‌كان ده‌چنه‌ ناو حكومه‌ته‌وه‌و هه‌ر حیزبه‌و هه‌وڵ ده‌دات به‌ خێرایی پێگه‌ی خۆی و كادیره‌كانی له‌ ناو حكومه‌تدا به‌هێزتر بكات و زۆر كه‌سیش به‌بێ هۆ له‌ پۆسته‌كانیان دوور ده‌خرێنه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌ر به‌ حیزبی ئه‌و نییه‌و له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ش خاڵه‌ هه‌ره‌ دره‌وشاوه‌كه‌ی دیموكراسی كه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌ بوونی نامێنێت و به‌مه‌ش دیموكراسی باجی گه‌وره‌ ده‌دات .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت