شەماڵ عادل سەلیم : حکومەتی کار بەڕێکەر یان زێرابی ئاوبەڕێکەر ….؟!
نێچیرڤان بارزانى سهرۆکى حکومهتى کاربەڕێکەری ههرێمی کوردستان له چاوپێکهوتنێکدا لهگهڵ رۆژنامەی شهرقولئهوسهت ژمارە (١٢٧٣٨) ڕایگەیاند ، لەپاش پەسەندکردنی ئەنجامەکان هەڵبژاردن گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ لایەنە براوەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەت ساز دەدرێن. ڕاشیگەیاند، “ئەگەر بڕیار بێت من بۆ پێکهێنانی کابینەی 8 ڕابسپێردرێم، ئەوا رازی نیم هیچ کاندیدێک بۆ وەرگرتنی وەزارەتێک بسەپێنرێت ..”
دوای ئەوەی کە رۆژی 7/11/2013 پارتی دیموکراتی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بەرەسمی بۆ سەرۆکایەتی حکومەتی داهاتوو کاندیدکردەوە، دوای هەفتەیەکیش لە کاندیدکردنەکەی، بارزانی گفتوگۆکانی بۆ پێکهێنانی حکومەت دەستیپێکرد، سەرەتاو لە رۆژی یەکەمدا لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و دواتریش لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان کۆبوەوە، پاشان لە رۆژانی دواتردا لەگەڵ لایەنەکانی ترو هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێت جەولەکانی دانوستانی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی داهاتوی حکومەتی هەرێم هەربەردەوامەو لێرەو لەوێش قسە لەسەر دابەشکردنی پۆست و پلەکان و پشکی لایەنەکان لە حکومەتی داهاتو دەکرێت و هەریەکە بە جۆرێک باسی لێوەدەکات .
ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە کە ماوەی زیاتر لە چوار مانگ بەسەر هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 21ی ئەیلولی 2013ی کوردستاندا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا ئاسۆی پێکهێنانی حکومەت بە نادیاری ماوەتەوەو لێرەو لەوێش بەشێکی لایەنە سیاسیەکان بەشێوەیەکی ناڕەسمی باس لە دابەشکردنی پۆستەکان دەکەن، لەهەمان کاتیش بەرپرسیارێتی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت دەخەنە ئەستۆی هەندێک لایەن کە گوایە قەبارەی خۆیان نازانن، لە بەرامبەردا چەند لایەنێکیش براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکان بە بەرپرسیار دەزانن بۆ دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت، کە پارتی دیموکراتی کوردستانە .
هەر لەم سەروبەندەدا هەندێکیش لەئەندامانی هەردو حزبی دەسەلاتداری پارتی و یەکیتی ئاشکرا ئاخ ئۆف و بۆ ساڵی (2009) هەڵدەکێشن و دەڵێن ( بههۆی رێكکهوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یهكێتیهوه بە زووترین کات ههردولا رێككهوتین لهسهر دابهشكردنی پۆستهكانی حکومەت لهنێوان خۆمان و زۆر بهئاسانی و له ماوهیهكی كهمدا حكومهتمان پێكهێنا و هەستاینەوە سەرپێ نەک وەک ئەوەی ئەمرۆ پێکهێنانی کابینەی هەشتەم بویتە بنێشتە شینکەی سەر زاران ….!
ئەوەی شایانی باس کردنە لێرە ئەوەیە کە خودی سەرۆکی حکومەتی کار بەرێکەر وهەرهەموو لایەنەکانیش ( سەرجەم حیزبەکان و فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی بێ ئیشوکار ) دەڵێن کە بەلای ئەوانەوە گرنگە چوار ساڵی داهاتوو بۆ بەرەو پێشەوەبردنی ژێرخانی ئابوریی و بەدیھێنانی حکومەت و پەرلەمان و شەقامێکی ھێمن بێ ولەپێناو ھاتنەدی ئاشتبونەوەی خەڵک لەگەڵ پەرلەمان و حکومەت و پەرلەمان و حکومەتیش لەنێو خۆیاندا .
بەڵێ هەرهەموو لایەنەکان بەبێ جیاوازی جەخت دەکەنەوە لەسەرە ئەوەی کە چوارساڵی داهاتو، دەبێ ساڵانی سهقامگیری و ئارامی ئهمنی و كۆمهڵایهتی و ئابوری و سایكۆلۆژی بێت بۆ خهڵكی كوردستان … هەروەها فریشتە ئاسا دەست لەسنگ و لەبەردەم میدیاکان دەڵێن کە بەلایانەوە بەرنامەی حکومەت گرنگە ، نەک (پۆست و پلەو پایە) بۆیە هەموولایەک دەیانەوێت حکومەتی داهاتو ، حکومەتێکی بنکە فرەوان بێت و شەراکەتی راستەقینە تێیدا ڕەنگبداتەوەو بنەمای بەرژەوەندی گشتی خەڵکی کوردستان و چاکسازی و بەگژداچونەوەی گەندەڵی ببێتە کۆڵەکەی بیناکردنی ئەو حكومەتە کە بتوانی چوار ساڵی هێمن ئارام بێنێتە دی بۆ سەرجەم خەڵکی کوردستان بەبێ جیاوازی ڕەنگ و دەنگەکان …!!
لێرەدا دەپرسین ،ئێ ئەگەر وابی سەرۆکی حکومەت و سەرجەم حیزبەکان و فراکسیۆنەکانی پەرلەمان ڕاست بکەن وبەراستی لەخەمی خەڵکی کوردستان بن و پۆست و پلەو پایە نەبووبێتە رێگر لەبەرامبەر پێکهێنانی حکومەت ، ئەدی خێرە هەتا نووسینی ئەم بابەتەش هیچ ئاسۆیەکی پێکهێنانی حکومەت لەئارادانییە ؟ ئەی باشە ئەوپێداگرتنەتان بۆ دابەش کردنی پۆست و پلەو پایە مانای چییە ؟
لەکۆتایدا ئەوەندە ماوە بڵێم ئەوەی زەرەر مەندبێت لە دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت تەنها خەڵکی کوردستانە نەک حزب و لایەنەکان کە لە کونی تەسکی بەرژەوەندیەکانیانەوە سەیری بەرژەوەندی خەلکی بەشمەینەتی هەریمی بەتەمای خوا دەکەن ……،ڵافاوەکەی دوێنێی هەرێمی بەتەمای خوا باشترین بەڵگەیە بۆ سەلماندنی ئەم قسەیە کە خەلکی لە قوڕو چڵپاو وەردراوی کوردستان بەئاشکرا دەڵێن : ئێمە پێویستمان بە زێرابی ئاوبەڕێکەرە نەک حکومەتی کار بەڕێکەری چەق بەستوی دزو گەندەڵ ….!!