ئه‌سغه‌ر زار‌ع که‌هنموویی : خوێندن به زمانی زگماکی ماف یان پیلان ؟
له فارسییه‌وه : ڕێناس جاف
لێدوان و وته و ڕا و بۆچوونی ژماره‌یه‌ک ئه‌ندامی ڕۆشنبیر و لێزانی کۆڕی زانیاریی زمان و ئه‌ده‌بی فارسی بۆ ڕه‌خنه‌گرتن له ” مافی خوێندن و وانه‌وتنه‌وه به زمانی دایکزادی ” و زگماکی له لایه‌که‌وه مایه‌ی سه‌رسوڕمان و له‌و لاشه‌وه جێی داخ و که‌سه‌ره . ئه‌م سه‌رسوڕمان و په‌ژاره‌یه کاتێک ڕووی له توێژه‌ر و زمان‌ناسی هێژای وه‌ک “فه‌تحوڵڵا موجته‌بایی “،” به‌هادینی خوڕهمشاهی” و ” محه‌ممه‌د عه‌لی موه‌حید” ه ، زێتر خۆی ده‌رده‌خات ، چونکه ، ئه‌وان خه‌مخۆری بواری فه‌رهه‌نگ و ڕۆشنبیریین و وه‌ک ژماره‌یه‌کی تر له نه‌یارانی زمانی دایکزادی ، گیرۆده‌ی ناو دونیای سیاسه‌ت نه‌بوون . ئه‌وان زۆر چاکی له بایه‌خ و گرینگیی ” وشه ” و واژه تێده‌گه‌ن و له به‌ر ئاشنایه‌تییان لانیکه‌م به زمانێکی جگه له فارسی ، زۆر باش ده‌زانن که هه‌موو زمانێک ،خاوه‌نی سه‌نگ و بایه‌خی تایبه‌ت به خۆیه و هه‌ڵگری کۆمه‌ڵێک لایه‌ن و ڕه‌هه‌ندی فه‌رهه‌نگیی و کو‌لتووریی جیاواز و ئه‌زموونی پێکه‌وه‌ژیانی “خه‌ڵکانی تر” ه .
1 – ” خوێندن و فێربوونی زمانی زگماکی “، ” ماف ” و حه‌قێکی ڕوونه . ئیدی کوا کێ ده‌توانێ حاشا له‌م مافه سه‌ره‌تایی و به‌راییه بکات ؟ ئه‌و ماف و حه‌قه‌ی که له زۆر به‌ڵگه‌نامه و په‌یمانی مافی مرۆڤ هه‌ر وه‌ک جاڕنامه‌ی زمانی دایکزادی ، جاڕنامه‌ی جیهانیی مافی زمان ، بڕگه‌کانی 3 و 4 و مادده‌ی 4ی جاڕنامه‌ی مافی تاک سه‌ر به که‌مینه‌ی ئه‌تنی ، نه‌ته‌وه‌یی ، زمانیی و ئایینی ، مادده‌ی 30ی کۆنڤانسیۆنی مافی زارۆک ، مادده‌ی 27ی په‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیی مافی مه‌ده‌نیی و سیاسیی ، و ئه‌سڵ و بنه‌مای 15ی یاسای بنچینه‌یی کۆماری ئیسلامیی ئێران وه‌به‌ر جه‌خت که‌وتووه . ئایا ده‌کرێ ئه‌م ماف و حه‌قه بکرێته قوربانیی قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی ؟ ته‌نیا خوێندنه‌وه‌یه‌کی کوێرانه و ده‌مارگرژانه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ده‌توانێ ئه‌م مافه گشتییه بن لیچ و پشت گوێ بخات. ئایا ده‌کرێ بیر له قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی وڵات بکه‌یته‌وه که‌چی مافی شارمه‌ند پشت گوێ بخرێت ؟ زمانی دایکزادی ته‌نانه‌ت گه‌ر داواکاریی ڕه‌وای که‌مینه جۆربه‌جۆره‌کانی وڵاتیش نه‌بووایه ،پێویست بوو خودی ده‌وڵه‌ت بۆ جێ به‌جێکردنی ئه‌و پرسه پێشه‌نگ بووایه و خه‌ڵکانی نافارس زمانی وڵاته‌که‌مان ئاشنا به زمانی زگماکیی خۆیان بکات و ئه‌و مافه‌یان پێ ببه‌خشێ ، فێری بن؛ ته‌نانه‌ت گه‌ر ئه‌م مرۆیانه به‌رامبه‌ر به‌و ماف و حه‌قه‌ی خۆ بێ‌ئاگا و ناوشیار بن ، نابێ له‌و مافه‌ی خۆ بێبه‌ش بکرێن . تازه له‌وه گه‌ڕێ که ئێستا چه‌ندین ده‌یه به‌سه‌ر داواکاریی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی خوێندن به زمانی زگماکیی له نێو ئێرانییه نافارس زمانه‌کاندا تێده‌په‌ڕێ که‌چی ئه‌م داواکارییه به‌رده‌وامیش به‌ره‌وڕووی حاشای ژماره‌یه‌ک لاگری بواری فه‌رهه‌نگ و سیاسه‌ت بۆته‌وه .
2 – ” خوێندن به زمانی دایکزادی “، “پیلان ” نییه . سه‌رده‌مێکی فره‌ی پێ چوو هه‌تا به‌شێکی سیاسه‌توانانی پێته‌خت گوێ بۆ وریاییدانی ڕووناکبیران و کاردانه‌وه‌ی گرووپه ئه‌تنییه‌کان ڕادێرن و لایان ده‌ربکه‌وێ که خوێندن به زمانی زگماکی ، نه ته‌نێ پیلان و هه‌ڕه‌شه نییه به‌ڵکو داواکارییه‌کی مه‌ده‌نییه و لاکردنه‌وه له‌و پرسه پته‌وکردنه‌وه‌ی یه‌کگرتوویی و په‌یمانی نه‌ته‌وه‌یی لێ ده‌که‌وێته‌وه . کردار و هه‌ڵوێستی هه‌تا ڕاده‌یه‌ک ئه‌رێنیی به‌ربژاری ” ته‌گبیر و هیوا ” به‌رامبه‌ر به‌م داواکارییه‌ی ئه‌تنه‌کان و داواکارییهکانیتریان ، ئه‌وه‌نده کاریگه‌ر بوو که زێترین ده‌نگی گرووپه ئه‌تنییه‌کانی به نه‌سیب ” ڕۆحانی ” کرد . وه‌همی پیلان ،” نه‌ریتێکی دزێو ” و کرێته . کاتێک ئیدی هیچ ئامراز و چه‌کێک بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی حه‌ق له‌به‌رده‌ست دا نامێنێته‌وه ، ئاوه‌ڵکار و ده‌سته‌واژه‌ی مه‌ترسیداربوون و به پیلان وه‌سف کردن زۆر کاریگه‌ره . گه‌لێک جێی سه‌رسوڕمانه هه‌نووکه که ده‌وڵه‌ت به‌و ده‌ره‌نجامه گه‌یشتووه که گوێ بۆ داواکاریی پاش خراوی ئه‌تنه‌کان ڕادێرێ ، ژماره‌یه‌ک ڕووناکبیر به‌ره‌نگاری ئه‌و ڕاستییه ده‌بنه‌وه . ئه‌وان گه‌ره‌ک وه‌رامی ئه‌م پرسیاره بده‌نه‌وه ، ئایا ڕێز بۆ مافی مرۆڤ ، یاسای بنچینه‌یی و شه‌ریعه‌تی پیرۆز داده‌نێن یان نا ؟ ئایا ده‌زانن نهیاریهتیکردنی خوێندن به زمانی زگماکی ، کردارێکی دژه مافی مرۆڤ ، ڕه‌وتارێکی دژه ئایینیی و له هه‌مووانیش گرینگتر نهیاریهتیکردنی ئاشکرای خودی ده‌قی یاسای بنچینه‌ییه ؟
3 – ” خوێندن به زمانی دایکزادی ” نه‌ک ” مه‌ترسیدار ” نییه بگره ده‌بێته هۆی ” به‌هێزکردنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی”(ش) . به‌شێکی نه‌یارانی خوێندن به زمانی زگماکی ، به‌ڕوواڵه‌ت په‌رۆشی سنوور و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یین . گه‌ر هێنانه‌ئارای ئه‌م په‌رۆشییه ته‌نیا به نیشانه‌ی خه‌مخۆری دابنێین ، پێویسته ئاوڕێکیش بده‌ینه‌وه له ڕوانگه و وته و ڕا و بۆچوونی ژماره‌یه‌کی زۆر له شاره‌زایانی ناسراوی بواری کۆمه‌ڵناسی و زانسته سیاسییه‌کان که زۆر به ڕوونی خوێندن به زمانی زگماکی به هۆکارێک بۆ به‌هێزبوونی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و به‌رزبوونه‌وه‌ی ڕۆحی یه‌کگرتوویی نه‌ته‌وه‌یی داده‌نێن . که‌سانی وه‌ک “عه‌لی یۆنسی” ،” عه‌لی ڕه‌بیعی “،” موجته‌با مه‌قسوودی “،” حه‌میدڕه‌زا جه‌لایی پوور “، ” عه‌بدوڵڵا ڕه‌مه‌زانپوور “،” هاشمی هیدایه‌تی “، نه‌مر “کازم موعتهمیدنژاد “،” کاووس سه‌یید ئیمامی “،” ئیبراهیم حاجیانی “،” ئه‌حمه‌د ڕه‌زایی “، ” سه‌تتار عه‌زیزی “، ” مسته‌فا مه‌له‌کیان ” و ده‌یان زانستوه‌ر و ڕووناک‌بیری دی له وتووێژ و هه‌ڤپه‌یڤینی خۆدا زۆر به ڕوونی له‌سه‌ر ئه‌و ڕایه‌ن که خوێندن به زمانی دایکزادی نه ته‌نێ نابێته مایه‌ی لاوازبوون بگره هۆکارێکه بۆ به‌هێزبوونی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی . بانتر و واوه‌تر له‌وه‌ش ژماره‌یه‌ک له‌و ڕووناکبیرانه ده‌ڵێن ده‌سته‌به‌ربوونی ئه‌م مافه‌ی گرووپه ئهنتییهکان و مافهکانیتریان ، بۆ چه‌سپاندنی سه‌قام و ئاسایش و پاراستنی سنوور و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ، گه‌لێک پێویسته . ئه‌زموونی دوو وڵاتی بۆلگاریا و تورکیا ده‌سه‌لمێنێ ، حاشا و سه‌رکوتکردنی ئه‌م مافه ده‌توانێ وڵات تووشی قه‌یرانێکی سه‌خت بکات .
4 – ” زمانی دایکزادی ” قه‌ت له به‌رامبه‌ر زمانی فارسیی دا ناوه‌ستێ . خوێندن به زمانی زگماکی ، قتکردن و پشت گوێخستنی زمانی فارسی نییه . هیچ کامه له ڕووناکبیرانی ئه‌تنیی و ئه‌وانه‌ی داوای ئه‌م مافه ده‌که‌ن ، نابێژن و ئه‌وه ناهێننه زمان که ده‌بێ زمانی فارسی له بازنه‌ی خوێندن لا بدرێ و وه‌لا بنرێ . له ڕاستیدا خوێندن به زمانی ئه‌تنی ، پرسێکی جیاواز له خوێندن به زمانی فارسییه . هه‌روه‌ک چلۆن خوێندن و فێربوونی زمانی ئینگلیزی یان عه‌ره‌بی پرسێکی جیاواز له خوێندن به زمانی فارسییه . ئه‌وانه‌ی ده‌سبه‌جێ خوێندن به زمانی دایکزادی له به‌ینی ئێرانییه‌کانی نافارس زمان به به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی زمانی فارسی داده‌نێن ، یارییه‌کی مه‌ترسیدار به زمانی فارسی ده‌که‌ن .
ئه‌و ده‌سته و گرووپه به بێ ئه‌وه‌ی تێبگه‌ن و هه‌ستی پێ بکه‌ن و بزانن ، گرووپه ئه‌تنییه‌کان به‌ره‌وڕووی زمانی فارسی ده‌که‌نه‌وه . خوێندن به زمانی ئه‌تنه‌کان مافێکی هه‌ره سه‌ره‌تایی و ڕوونه ، ئه‌وه‌ی له‌به‌رچی دۆستانی فارسیی دۆست ئا به‌و چه‌شنه خراپه به‌رگری له زمانی فارسی ده‌که‌ن ، زۆر جێی تێڕامان و سه‌رسوڕمانه . له ساڵدا به ملیۆنان تمه‌ن پاره و دراو بۆ ڕیکلام و پڕۆپاگه‌نده و گه‌شه و بره‌وپێدان به زمانی فارسی خه‌رج ده‌کرێ که‌سیش نه له به‌ینی ئه‌تنه‌کان و نه‌ش له نێوان هیچکامه له سیاسه‌توانان، هیچ چه‌شنه نهیاریهتییهکی ئه‌م پرسه ناکات . که‌چی کاتێک بڕیاره له په‌نا ئه‌م زمانهداج ، زمانی زگماکیی ئێرانییه‌کانی نافارس زمان بره‌وی پێبدرێ و بخوێندرێ ، داد و هاواری خاوه‌نانی فه‌رمیی زمانی فارسی به‌رز ده‌بێته‌وه . ئه‌م ناڕه‌زایه‌تییه به ته‌واوه‌تی بێ بنه‌ما ، له‌خۆڕا و گۆتره‌یه چونکه له ڕاستیدا ئه‌مه ئه‌رکی ئه‌وان نییه . ئه‌وان له به‌رامبه‌ر زمانی فارسیی دا به‌رپرسیارن نه‌ک زمانه‌کانی دی. وه‌ک بڵێی ئه‌م گرووپه قه‌ت له بواری خوێندن به زمانی عه‌ره‌بی نه خۆ تێوه ده‌گلێنن و نه‌ش کاریان به‌و پرسه‌وه داوه . جوان و شیاو ئه‌وه‌یه له جیاتی ڕوانگه و بۆچوونی ناژیرانه ، دوور له کارناسی و دژه مافه‌وانی ، لا له ئه‌رکی سه‌رشانی خۆ بکه‌نه‌وه و ئه‌م پرسه دانێن بۆ خاوه‌نانی ئه‌م بواره واته شاره‌زایان و پسپۆڕانی زمانه نافارسییه‌کان و به‌رپرسانی هه‌مان بوار . گه‌ر له شوێنێکه‌وه زمانی فارسی که‌وته مه‌ترسییه‌وه ، گه‌ر زمانی فارسی له لیسته‌ی وانه‌کانی ناو قوتابخانه و خوێندنگه‌کان لا درا ، ئه‌وان بۆیان هه‌یه به بێ ئه‌وه‌ی زمانه‌کانی دی پشت گوێ بخه‌ن ، ڕوانگه و بۆچوونی خۆ بێننه زمان به‌ڵام کوا کێ ده‌ڵێ ده‌بێ زمانی فارسی لابدرێ ! بڕیاره زمانی دایکزادیی نافارس زمانه‌کان له په‌نا زمانی فارسیی دا بخوێندرێ .
به ڕوونی ڕاسپێریی به‌م دۆستانه ده‌که‌ین تکایه خه‌ڵک مه‌که‌ن به دوژمنی خۆ و زمانی فه‌رمیی وڵات . به‌گوێره‌ی وته‌کانی مه‌قامی مه‌زنی ڕێبه‌ری ، پاراستنی زمان و وێژه‌ی فارسی گه‌لێک گرینگ و به‌بایه‌خه به‌ڵام بێگومان پاراستنی ئه‌م زمانه، نابێ بنپێکردنی زمانه‌کانی دی و حاشاکردن له مافی زمانی ئه‌تنه‌کانی جۆربه‌جۆری لێ بکه‌وێته‌وه . ناکرێ و نابێ به بیانووی پاراستنی زمانێک ، په‌نا ببرێته به‌ر له‌ناوبردن و نه‌هێشتنی زمانه‌کانی دی له بواری خوێندن و توێژینه‌وه‌دا . له کۆتایی دا ، ئیشاره‌تێک ده‌ده‌مه ئه‌م په‌یڤ و وته گرانباییه‌ی نه‌مر دوکتۆر ” کازم موعتهمیدنژاد ” که دوو ساڵ لهمهوپێش له وتووێژ له‌گه‌ڵ ” شه‌رق ” جه‌ختی له‌سه‌ر کردبووه‌وه :” ده‌بێ سبه‌ی به‌رامبه‌ر زمانی زگماکیی گرووپه ئهتینییهکان ، وه‌رامی مێژوو بده‌ینه‌وه .” ئێستا که ده‌نگی داواکاریی گرووپه ئه‌تنییه‌کان گه‌یشتۆته گوێچکه‌ی پاستۆرنشینان و ئه‌وان وه‌رگری بوونه ، شیاو ئه‌وه‌یه ڕووناکبیران و خه‌مخۆرانی بواری فه‌رهه‌نگ و ئاکادێمیش گوێ بۆ ده‌نگی ئه‌تنه‌کان ڕادێرن و نه‌ک هه‌ر له‌به‌ر حه‌ق و ڕاستی ، نه بۆ ڕه‌زای دڵی مرۆ ، نه‌ش له‌به‌ر خودا به‌ڵکو لانیکه‌م له‌به‌ر ئێران و له‌به‌ر ویژدانی خۆشیان بووه ئه‌مجاره پاش ساڵه‌های ساڵ ، جارێک بۆ هه‌میشه کار بۆ سه‌رخستنی ئه‌م داواکارییه ڕه‌وایه بکه‌ن هه‌تا ئه‌مجاره‌یان وه‌رامێکی شیاویان بۆ مێژوو پێ بێت .
****
وه‌رگێڕ و سه‌رنجێک : دوابه‌دوای خۆ کاندیدکردن و به‌ربژاربوونی ” حه‌سه‌نی ڕۆحانی ” بۆ به‌ناو هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تی ڕژێمی ئیسلامی ، سه‌ردانی گه‌لێک ناوچه‌ی خۆیان گوته‌نی ئه‌تنه‌کانی ئێرانی کرد و له سه‌ردانه‌که‌ی بۆ پارێزگای کوردستان به‌ڵێنی دا گه‌ر سه‌ربکه‌وێ ، کار بۆ جێ به‌جێکردنی چه‌ند بنه‌ما و ئه‌سڵێکی یاسای بنچینه‌یی خاسما ئه‌سڵی 15 ده‌کات . ئێستا که پتر له 10 مانگ به‌سه‌ر سه‌رۆکایه‌تیی “ڕۆحانی” دا تێده‌په‌ڕێ ، به ده‌سنیشانکردنی به‌ناو نوێنه‌ر بۆ به‌شی ئه‌تنه‌کان ده‌یه‌وێ به‌رگی ڕاستیی به‌وه‌ر ژماره‌یه‌ک له‌و داخوازانه‌دا بکات .
دیاره له‌بن سێبه‌ری بۆر و ته‌ماویی ڕژێمی ئیسلامیی دا ئه‌مه ههنگاوێکی زۆر گرینگه بۆیه له‌سه‌ر کوردی ڕۆژهه‌ڵاته به شێوه‌یه‌کی مه‌ده‌نییانه بێته مه‌یدان و هه‌له‌که به باشترین شێواز بقۆزێته‌وه . کورد له باکووری کوردستان له سایه‌ی خه‌باتی پارتێکی شۆڕشگێڕی میناک په . که . که و ده‌یان گرووپی مه‌ده‌نیی و چه‌ندین که‌سایه‌تیی ڕووناک‌بیری خۆیه‌وه وا خه‌ریکه دۆزه‌که‌ی به‌ره‌و پێشه‌وه ڕێنمون ده‌کات و هه‌تا دێت چرای ئه‌و هیوایه گه‌شتر ده‌گڕێ . له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانیشدا کورد پێویسته چیدی بێده‌نگ و کپ نه‌مێنێ و به‌هه‌مان شێوازی مه‌ده‌نییانه بێته مه‌یدان .
ڕاسته دڵڕه‌قی ڕژێمی ئیسلامیی به‌راوه‌رد ناکرێ له‌گه‌ڵ شوێنه‌کانی دی به‌ڵام سه‌رده‌م گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه و جیهانی ئه‌مڕۆ ده‌رفه‌تی توندڕۆیی له‌مه زێتر به ڕژێمی ئیسلامی نادات . ڕاسته ته‌مه‌نی ڕژێمی ئیسلامی وا به‌ره‌و 35 ساڵ مل ده‌نێ و له‌م ماوه‌یه‌دا هه‌رچه‌شنه داخواز و داواکارییه‌کی گه‌لانی ناو ئێران به توندی به‌رپه‌رچ دراوه‌ته‌وه و سه‌دان ڕۆڵه‌ی پاک بوونه‌ته قوربانی . هێشتا به دیده‌ی خۆیان گوته‌نی ” مه‌حه‌لی” سه‌یری هه‌موو دیارده‌یه‌کی کو‌لتووریی و فه‌رهه‌نگیی گه‌لانی ناو ئێران ده‌کرێ و به‌داخه‌وه که‌شی ناوخۆ ئه‌وه‌نده هه‌ژێنه‌ر و ترسناکه که‌م که‌س ده‌وێرێ وته‌ی ئاسایی سه‌ر زمانی خۆی بێنێته زمان .
له سه‌رده‌مێکدا که شوکر وا خه‌ریکه کرانه‌وه‌یه‌ک له جیهانی چوارته‌نیشت دا ڕوو ده‌دات و خۆرهه‌ڵاتی ناڤین به‌ره‌و ئه‌و ئاراسته‌یه مل ده‌نێ ، به‌رپرسانی ڕژێم ئیدی که ده‌زانن په‌ته‌که توند توند بۆته‌وه و هیچ ڕێگه‌چاره‌یان له‌به‌رده‌م نه‌ماوه‌ته‌وه جگه له‌وه‌ی گوێ بۆ ژماره‌یه‌ک داواکاریی خۆیان گوته‌نی ئه‌تنه‌کان ڕادێرن . ئه‌رچی ئه‌مه پرسێکی ئه‌رێنییه و گه‌ره‌ک به باشترین شێوه بقۆزرێته‌وه به‌ڵام هه‌لێکیش ده‌خاته به‌رده‌م گه‌لانی سه‌رکوتکراوی ناو ئێران تا بڕێک به خۆدا بێنه‌وه و چیدی به‌رامبه‌ر به‌و هه‌موو ساڵه سه‌رکوتکارییه بێده‌نگ نه‌مێنن .
نووسه‌ری ئه‌م بابه‌ته بۆ خۆ ڕۆژنامه‌نووسێکی ئازه‌ربایجانییه که گه‌له‌که‌ی هه‌مان سته‌می لێ چووه و زۆر بوێرانه قسه‌ی دڵی خۆی به شێوازێکی زۆر ژیرانه هێناوه‌ته زمان . کوردی ده‌ستڕۆیشتووی بن حوکمی ڕژێمی ئیسلامی‌یش که‌م نین هه‌تا ته‌کانێک به خۆ بده‌ن و بۆ سبه‌ی مێژووی گه‌له‌که‌یان له‌جیاتی لۆمه ، ده‌ستخۆشانه‌ی گه‌ل وه‌ربگرن . وه‌رگێڕ به نیشانه‌ی ئه‌مانه‌ت و پاراستنی خودی ده‌قی سه‌ره‌کیی نووسینه‌که ، هه‌ندێ زاراو و ده‌سته‌واژه‌ی هه‌ر وه‌ک خۆی هێناوه . میناک ” مه‌قامی مه‌زنی ڕێبه‌ری ” ، که دیاره وه‌رگێڕ هیچ باوه‌ڕێکی به‌و دهستهواژهیهو ده‌یانی تری له هه‌مان چه‌شنه نییه . ” ته‌گبیر و بهمشووربوون و هیوا و ئومێد ” ، دروشمی ” حه‌سه‌نی ڕۆحانی” بۆ سه‌رکه‌وتن له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا بوو .
* ئه‌سغه‌ر زار‌ع که‌هنموویی ، ڕۆژنامه‌نووسی ناسراوی ئازه‌ربایجانی .
ژێده‌ر : ڕۆژنامه‌ی شه‌رق ، ژماره‌ی 1940، ڕێکه‌وتی 9/11/1392ی هه‌تاوی ، ڕووپه‌ڕه‌کانی 1 و 6