دکتۆر کەمال میراودەلی : کەی پاشا دەمرێ ؟
پاشا نامرێ
کوولەکەی رۆحی لای خۆی نییە
نازانێ زیندوو ببێتەوە، یان بمرێ ئەو هەژارە
ئەمە بڕیارێکە بۆی دەدرێ
بە ریمۆتکۆنتڕۆل
دەبزوێ
بە ناو بازاڕدا دەگەڕێ
ناو بە ناو وێنەی سڕوساردی
بەرگی گەرمی لە بەر دەکرێ
دکتۆریكی درۆسازیش
هەر چەند مانگێک جارێک
ساغ و سەلیمی دەکاتەوە
تا دکتۆرێکی درۆنەزان
جێگەکەی نەگرێ
پاشای تەشریفات
پاشای دوو- وڵات ، دوور- وڵات
هەروەک چۆن ئەو ساتانەی بە بەرگی
جادووگەرانی شامەوە
بە رووتی دەگەڕا
هەمووش شایەتیان بۆ دەدا
جوانترین بەرگی مۆدیرنی لە بەر دایە!
ستایشی تاڵە ئالتوونییەکانیان دەکرد
یەک دەیوت: تەڵاقم کەوتبێت
چۆغە و کەوای ئەحمەدپاشای بابانی لە بەرە
یەک دەیووت پشتێن و خەنجەری مەلیک مەحمـوودی لە کەمەرە
یەک دەیوت هاڕونەڕەشیدی بەغدایە
یەک دەیوت نە بابە ماندێلایە
ئێستاش ئەو هەژارە
ئەو [ رەجولی قەرارە ]
لە سەر رۆخی ژیان و مەرگدا
وەک ( بلە )
بێکەس و تەنیایە
خێزانەکەی خۆشی بە دەوری دا نایە
هەموو خەریکی کلیلەکانن
لە کوێن:
کلیلی قاسەکان،
سەرقەپاغی کووپەکان،
کەندووەکان، کۆمپانیاکان، کەلاوەکان،
لە سەر زالکی زێرینی زێرابی سکرتاریەت رۆنیشتوون
بە رەنگ و بۆنەکەی مەست بوون
نایانەوێ پاشا بمرێ
نا پاشا بشمرێ نامرێ
تا پێرێژنە نێریژنەکەی
تاکەکەی تریشی نەوەشێنێ
نێرەمووکەکان بە
پارەی گیرفان و پێڵاوی سەر دەم
بە تەواوەتی نەخەسێنێ
وەچە گوناحەکەی لە سەر عەرشی ژیڕ پێی سولتاندا
نەچەقێنێ
پاشا نامرێ نامرێ
تا ریمۆتکۆنترۆل نەیمرێنێ
جارێکی تر بۆ پێشوازی لافاوی
خوێنی مەڕە قوربانییەکان نایەتەوە
وەک مەتەڵێکی هەڵواسراو دەمێنیتەوە
دەبێ ئەمجارە هەموو شار
لە چاوەڕوانی ئەودا بمرێ
دەبێ ئەمجارە شار سەرببڕدرێ
لەتوکوتی
لە نێو میرو مافیاکاندا دابەش بکرێ