فەتاح حەسەن : پیاسەیەك لە کەناری داموسئۆن .
سەمای گەڵای زەردی زییوین
بەرامبەر پرچی سەوزی سنەوبەر،
هەڵکووڕمانی سێ پاساری
ئەمە بۆخۆی قەشەنگ نییە ؟
***
خلسکێنەی
منداڵانی پاکوبێگەرد
لەسەر بەفر
ئەمە بۆخۆی سەما نییە ؟
***
گمە گمی کۆترەکان و
جیکە جیکی نەورەسەکان
کە دان دەچنن
لەسەر سەهۆڵی دەریاچە
ئەمە بۆخۆی ئاواز نییە؟
***
قاز و قوڵینگ بە پۆل بێن و
بە دەنوکیان
سەهۆڵی دەریاچە بشکێنن
ئەمە بۆخۆی تابلۆ نییە ؟
***
کچ و کوڕێك
لە ژێر وێستگەی چاوەڕوانی
دەست لە نێو دەست
منیش ، نووقمی نائارامی
لەناو سەمای دوکەڵی ، دوایین جگەرە
ئەمە بۆخۆی ، هەم سەماو ،
هەم ئاواز و ،
هەم تابلۆیەکی قەشەنگ نییە ؟
Damhus Søe
دەریاچەیەکە روبەرەکەی ( 46 هیکتارە کە دەکاتە 460 هەزار مەتر دوجا )
سەر بەشارەوانی ( کۆبنهاون ) ی پایتەختی دانیمارکە ، دەکەوێتە نێوان هەردوشاری ( ڤانلوسە ) و ( غودەوە ) و شاڕێی رۆسکیلا .