pshko-necmedin

پشکۆنەجمەدین : کەرکووک لە ململانێی حیزبە کوردییەکاندا .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر هێزە کوردییەکان پاشی ڕاپەڕینی  1991 ، ئاخاوتەیەکی سیاسیی نەتەوەییی یەکگرتوویان هەبایە ، دەشیا شوین و پێگە و چارەنووسی ئیتنیکیی کەرکووک وەک ئێستا نەبایە و ئەگەر ئەم کێشە نەتەوەیی _جوگرافییە یەکلایش نەکراباوە، دڵنیام نێزیکی چارەسەر و بەلاداخستن دەبوو .

لە مێژووی بزووتنەوەی هاوچەرخی کورددا ، هەمیشە ئاخاوەتەی حیزب و بەرژەوەندییەکانی دەستەڵاتی حیزب ، بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی لە بنهەنگڵ ناوە و حیزبی کوردی هەرگیز بیری لە دەستەڵات وەک دەستەڵاتی نەتەوە نەکردووەتەوە بگرە کاری بۆ دەسەڵاتێک کردووە ئەگەر هەموویشی نەبێت پشکی گەورەی بەر خۆی بکەوێت .

پشکەکانی دەستەڵاتی بەڕێوەبردن لە کەرکووکدا ( ئەگەر نەتەوەکانی ناکوردی لێ وەدەرنێی و تا ئەو جێگایەی پێوەندی بە کوردوە هەبێت ) نموونەیەکی گچکەی دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی بیست ساڵانی هەرێمی کوردستانە و وێڕای دابەشکردنی لەنێوان و پارتی و یەکێتیدا ، مەکۆیەکی فراوانی ململانێی سیاسەت و دەستەڵاتی ئەم دوو حیزبەیە و ئەمەش جگە لە کاردانەوە سیاسییە نەرێنییەکانی لە چوارچێوە و نێوەندی سیاسیی دەوڵەتی ئێراقدا ، کارکردێکی نەرێنیی بەرچاوی لە کایەکانی بەڕێوەبردن ، ئاوادەنکردنەوە و خزمەتگوزاریدا بۆ خەڵکی کەرکووک لێ کەوتووەتەوەو مەودایەکی فراوانی بێمتمانەییشی لەنێوانی نەتەوە و کەمینەنەتەوەییەکان و دەستەڵاتی هەرێمی کوردستاندا خولقاندووە .

لە پاشی ڕووخاندنی سەدامەوە و ئێستاشی لەگەڵ بێ ، هێزە سیاسییەکانی کورد ، بە دەستەڵاتدار و ئۆپۆزیسیۆنەوە ، چ لە پرۆسەی بەڕێوەبردنی کەرکووکدا و چ لە پرۆسەی هەڵبژاردنە لۆکاڵی و سەرتاسەرییەکاندا ، یەک ئاخاوتە و یەکگرتوو نەبوون و نەیانتوانیوە هێندەی سەنگی خۆیان و ڕێژەی کورد لەو ناوچەیەدا ، دەنگ وەدەست بهێنن و پێگەی کورد پتەو بکەن .

چارەنووسی کەرکووک لە هاوکێشە سیاسییە ئاڵۆز و تێکچرژاوەکانی هەرێم، ئێراق و ناوچەکەدا لە گێژاودایە و لێڵ و ناڕوونە .

دەرچوون لەم گێژاوە و گەیاندنی کەرکووک بە کەنارێکی ئارام و کوردخواز، هەژان و وەرچەرخانیکی لە تێڕوانین و ئەقڵی سیاسیی کوردیدا گەرەکە . پرۆسەی خۆئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنی خولی داهاتووی پەرلەمانی ئێراق لە کەرکووکدا ، پێی وتین کە تاپۆی ئەم گۆڕان و وەرچەرخانە لە بینین و بیرکردنەوەی حزبە کوردییەکاندا جارێ نائامادەیە . یەکلیستی لە هەڵبژاردندا ، ئەگەر خەسڵەتێکی خراپی پرۆسەی دیموکراتی بووبێت لە هەرێمی کوردستاندا ، ئەوا بۆ کەرکووک دەشێ مەسەلەیەکی گرنگ و چارەنووسساز بێت . حیزبە سیاسییەکانی کوردستان ، بە هەر بیانوو و پاساوێک بێت ، نەیانتوانی لە کەرکووکدا ، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان ، یەکلیست و یەکگرتوو بن و ئەمەیش لە داهاتوودا ئەنجامێکی وەها نەخوازراومان دەداتێ کە پێگەی کورد تووشی لەرزین دەکات و حیزبە کوردییەکانیش لەئاست ئەم چارەنووسەدا و لەبەردەم مێژووی سیاسی و نەتەوەییی ئێمەدا بەرپرسیارن .

گۆڤاری شار، ژمارە 17، 1ی یەنیوەریی 2014 بڵاوکراوەتەوە .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت