شەماڵ عادل سەلیم :: مەزرەعەی هەندێ لەمەسئولە دزەکانی هەرێمی بەتەمای خوا ؟
ماوەیەکە هەندێک لە مەسئولە دەست رۆیشتوەکانی هەردوو حزبی باڵادەستی هەرێمی بەتەمای خوا خەریکن ئەودەڤەرەی ئێمە وەک میراتی باوکیان بەش بەشی دەکەن و بەکەیفی خۆیان خانوو شوقەو ڤێلاو هوتێل باڵەخانەو مەزرەعەی لێ دروست دەکەن و خۆیان و ماڵ ومناڵیان های لایڤ دەژین بێ ئەوەی کەس بتوانی دەم بکاتەوەو پێیان بڵێ ئەرێ بۆ وادەکەن ، ئێ ئەوان مەسئولن و ئەوڕۆ بەقودرەتی قادر بونەتە سێبەری خوا لەسەر زەوی و کێ دەتوانێ فزە بکاو بڵێ : کلتوری مەزرەعەو دزینی نەوت وپارەوسامانی خەڵکی کوردستان و دابەش کردنی زەوی و ئاسمان و خەفەکردنی دەنگی نارەزایی خەڵک و لەخوێن خەڵتانی خۆپیشاندەران وتیرۆرکردن ودەمانچە دابەشکردن ،تۆخکردنەوەی چەمک و رەهەندەکانی بەدیکتاتۆری بوونە ، ئا رێک وەک ئەوەی سەدام و حزبەکەی لە عیراق پەیرەویان دەکرد ….!!
بەڵێ .. سەدامی دیکتاتۆریش هەر وای دەکرد ، ئا ئەویش زۆر حەزی لە مەزرەعە بوو ، لەوێ پشوی دەداو شەوانی لەتەک جاریەکان بەسەردەبردو هەرلەوێشەوە بەمەستی بریاری رزگارکردنی فەلەستین و شەڕی نگریسی قادسیەی جاڕدا ….!! ئا سەدامیش پارەو سامان و نەوتی و خێراتی وڵاتی بۆخۆی و خانەوادەو دارودەستەو دوڵ وزوڕنا ژەنەکانی سەرف دەکرد وەک ئەوەی ماڵ و ملکی حوسێنی بابی بێت و کەسیش نەیدەتوانی فزە بکات ، ئا سەدامیش رەخنەگرەکانی لە زیندانا توند دەکردوولەناو تیزاب دەیتواندنەوە خانوەکەشی بەسەر خانەوادەکەی دەروخاند و بە مخەریب ناوزەدی دەکردن، سەدامیش بەچەپڵەو هەلهەلەو موبایەعەوهۆراکیشان بوە ئەوسەدامەی کە هەرهەموومان بە مێژوە خوێناویەکەی ئاشناین و باش دەزانین چ دڕندەیەک بوو ، نەک تەنها سەدام و خانەوادەکەی بەڵکو براو خاڵ ومام و گورگەکانی عەشیرەتەکەشی لەناو روباری پارەی دزراوی میللەت مەلەوانیان دەکردو خەلکیش لەبرسانا دەمرد ….ئێ ئەوان مەسئول بوون وەک هەندێ لە دزەکانی دەڤەری ئێمە کە لەسەر خوێن و ماندوبوونی خەلکی هەرێمی کوردستان بوونە خاوەن ڤێلاو سەیارەو تەیارەو ڤیزاوماستەرکارت و ژێرزەمینی تەژی لە دەفتەرە دۆلارو مەزرەعە و سێ – چوار ژن ی بەئاشکراو چەندینی بەدزی …..
ئێ دەبا هەر خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان بێ پارە بێ ….! دەبا هەژارانی هەرێمی کوردستان ئەندامی لەشیان بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان بفرۆشن ، دەبا کارمەند و پێشمەرگەو مامۆستاو موچەخۆرەکان هەر چاوەڕوانی موچە بن ، دەبا هەر وا کوردستان وێران بێت و ببێتە زبڵدانی کاڵا و کەل و پەل و خواردەمەنی ئێکسپایەری تورکیاو ئێران وچین ، ئێ دەبا هەروا سیستەمی خوێندن، تەندروستی و خزمەتگوزارییەكانی دیكەش وێران و کاوڵ وتەپێندراو بێت ، ئێ دەبا هەروا کەس و کاری شەهیدوئەنفالکراوەکان لەبری قەرەبووکردنەوەیان لەناو کەلاوەکانیان نوزەنوزیان بێت ولەقوروچڵپاوی رۆژگاری رەشیان ون بن ….!، دەبا هەر حکومەت پێکنەیەت و پەرلەمانیش هەروا بێ ئیش وکاربێت ، با قەبرستانەکان و گلکۆی ئازیزانمان لەناو جەرگەی شارەکان لەگەڵ زەوی تەخت بکرێت و لەشوێنیان باڵەخانەی زەبەلاح لەسەر ئێسکوپروسکی ئازیزانمان بەهەنجەتی (ماستەرپلانی سەقەت ) بەرزبکرێتەوەو مەسئولە پۆشتەکان پۆزلێبدەن و سیمای راستەقینەی شارەکان بگۆڕن ….!!
کێ بەکێیە .. با ئەودەڤەرە هەر وا بێ ساحێب بێ ….!!
دەبا هەروابێت …..؟!
گرنگ مەسئولەکان و خانەوادەو دارودەستەو دەڵاڵەکانیان تێرو پڕوجوان و پۆشتە وپەرداخ بن ، ئا ئەوان گرنگن ، ئەی ئەوان نەبن کێ دەتوانی لاسایی سەدام بکاتەوە ، بەڵێ جاران سەدامێک مان بوو ئیستا بەدەیان سەدام لەمەیدانن ، چینی هەژارو کرێکارو بێدەرامەتەکانیش ئەوانەی نانیان نییە با ( کێک و پسکیت ) بخۆن و شوکری خوا بکەن و هەستنەوەسەرپێ ….. !!
بەڵێ هیچ دیکتاتۆرێک لەپڕ نابێتە دیکتاتۆرتاوەکو دڵنیا نەبێت لە کەمژەیی گەلەکەی ، رێک وەک ئەوانەی ئێمە …. بەڵام وەک پێشینان فەرموویانە ، کەجام پڕبوو لێ ی دەرژێ ، ئەوکاتیش پەشیمانی دادی کەس نادا و سەدام ئاسا لەناو ژێرزەمین و کونی مەزرەعەکانیان وەک مشکی تۆپیو رادەکێشرنە بەردەم دادگای گەل ولەسەرکاروکردەوە پۆخلەوەکانیان دادگایی دەکرێن …..
بەڵێ … بەڵێ رێک وەک سەدام و دارودەستە قێزەوەنەکەی درەنگ یا زوو دەخرێنە زبڵدانی مێژوەوە ……!!