شنۆ عوسمان : گەندەڵی دەبینرێت .
چەند ساڵێک لەمەوبەر ، لە هەواڵێکدا ئاشکرابوو کە یەکێک لەوەزیرەکانی حکومەتی فیلەندە ، داهاتەکەی چەند هەزار ئێرۆیەک زیادیکردوە . دواتر ئەم بابەتە هەڵاى نایەوە ، کە زیادکردنەکەی لە ئاستى پاشکەوت و موچەو داهاتی پۆستەکەیدا نەبووە لە لێکۆڵینەوەکەدا جەنابی وەزیر بەڵگەکانی دەرخستووەو ئاماژەی بەوەداوە کە داهاتی کتێبێکی فرۆشراوى شاردۆتەوە . تا ئەوکاتەى ئەم راستیەى گووت ، دەمکێک بوو لە پۆستەکەی لابرابوو . بەڵام ئەو وەزیرە لەجوملەیەکی سەرسوڕێنەردا گوتى : ” من بۆیە راستیەکە دەڵێم ، راستگۆى خۆم بۆ کچەکەم ئاشکرا دەکەم ” ئەمە جەوهەری راستەقینەی دیموکراسی و شەفافیەت و خۆبەرێوەبردنی راستە ، نەک بە دروشم و قسەی رەنگاورەنگ باس لە بنبڕکردنی گەندەڵی بکرێت و نەهى لە هەموو ئیختلاساتەکان بکەن ، ئەوەتا وەک شەرم لە میللەت ناکەن شەرم لە منداڵەکانى خۆشیان ناکەن ، دیارە ئەیانەوێت وەکو خۆیان دەربچن .
لە ولاتانەدا ئەگەر وەزیرێ یان کەسی سیاسیى پارەى زیاد بکات راستەوخۆ حسابى بانقى دەریدەخات ، ئەگەر لەهەرێمى کوردستان رۆشنبیرى و وریاى لە سەیرکردنى حسابی بانقدا نەبێت ئەوا بە ئاشکرا جیاوازی نێوان ئاستى موچەو موڵکى وەزیەکان و بەرپرسەکاندا دەبینرێت ، لەکوردستاندا هەر کەسە ئیداریەکانن باسى شەفافیەت و نەهێشتنی گەندەڵی و دەستپاکی دەکەن . بەڵام بینیومان و بیستومانە کە وتویانە ئەو خانو یان ئەوماڵە هی فڵانە وەزیرە یان فڵانە مەسولە ، ئەگەر موچەکەی بەراوردبکەی بەو ئەو خانوەى تێیدا دەژى بەدەساڵ ناتوانێ خانوی وا بکڕێت .
ئەم پارەداریە دابەزیوەتە خوارەوە بۆ بەرێوەبەرەگشتیەکان و راوێژکارو بەرێوەبەرى نوسینگە و راگەیاندنەکانیشیان . داهات و موچەو دەسەلاتدارى زۆرى وەزیرو بریکاری وەزیرو بەرێوەبەرى گشتى و راویژکارەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان واى کردوە تەنانەت لەچیا سەختەکانیشدا ڤێلا دروست بکەن . لەکاتێکدائەگەر سەیری موچەی بریکارو وەزیر و بەرێوبەری گشتی حکومەت بکەین ، هیچ کات ناتوانن بەو موچەیە خانوی ئاوا زەبەلاح و باخچەی چەن دونمی دروست بکەن. کەواتە ئەمەیان لە کۆی بوو ؟ ئەگەر باوەربکەین کە ئەوهەموو زەویانە میراتەو وماوەتەوە بۆیان ، ئەوا هەڵەیەکى گەورەیە بەقەد ئەوەى بە ڕەش بڵێین سپی . میرات لە زیدى باو باپیرانیان بەهەرحاڵ بۆچەند سەدمەترێک ، نەک لە هەولێرو دهۆک و سلێمانى ، نەک لە هەموو لادێى ناحیەو سەرشاخێکى هەرێمى کوردستان ، خۆ خاکى هەرێمى کوردستان هی ئەو کەمینەیە نییە ئەگەرچى خەریکە دەبێتە هی چەن سەد کەسێک .
کەواتە دەگەیەنە ئەو دەرئەنجامەی لەسایەی حوکمرانى و پارتیى و یەکێتیەوە دزیش بکەی لە ئەموالی دەوڵەت ئاساییە. ئەم دوو حزبە گەندەڵیان کرد بەشتێکی زۆر ئاسایی و تەبیعی . واتا ئاساییە بڵێت ئەم خانوە سێ هەزار مەترە هی فڵان وەزیرە . ئەو سەیارە سەدهەزاردۆلاریە هی کورى فڵانە بەرپرسە . ئەو باخە دەیان دونمیە هی کاک فیسارە . گەندەڵی لە کوردستان دەبینرێت و کەسیش لێپرسینەوە ناکات . ئەگەر دەمی سیاسییە کانی ئەم وڵاتەش بکەیتەوە . دەڵێن دەبی نەزاهە بکەینە سیستەم خۆ لەم وڵاتەدا گەندەڵی بۆتە سیمای جوانی بەرێوبردن .