دکتۆر ئارام ڕەفعەت : لافاوەکەی هەولێر .
لەدوو هەفتەی رابردوو (٢٨/١/٢٠١٤) لافاو شەقام و کۆڵانەکانی شاری هەولێری داپۆشی . وەک هەر جێگایەکی تر، لافاوەکەی هەولێریش چەندە کارەساتێکی سروشتییەهێندەش پەیوەندی بە چۆنییەتی ژێرخانی شارەکەوە هەیە . هەولێر دەکەوێتە ناوچەی بارانی نیچمە مسۆگەر و رێژەی بارانبارینی ٣٠٠-٥٠٠ ملیمەترە لە ساڵێکدا . ڵەچاو زۆرێک لە شارەکانی کوردستانو جیهان هەولێر بە ناوچەیەکیکەم – باراناوی پۆلێندەکرێت ، بەڵام پێجەوانەی زۆربەی ئەو شارانە هەمیشە لەبەردەم مەترسی لافاو دایە .
پرسیارێکی گرنگ ئەوەیە چ پەیوەندییەک لەنێوان بوونی نەوت وەک سەرچاوەی سەرەکی داهات لەگەڵ زیادبوونی حاڵەتی لافاو لە کوردستاندا هەیە ؟ ئەم ستونە شرۆڤەی ئەو پەیوەندییە دەکات .
تا هەشتاکانی سەدەی رابردووش ، کشتوکاڵ بڕبڕەپشتی ئابووریو سەرچاوەی بژێوی زۆرینەی کوردستانییەکان بوو . کوردستان نیوەی پێداویستییە دانەوێڵەییو کشتوکاڵییەکانی عێڕاقی دابیندەکرد . واتە ، لەکاتێکدا دانیشتوانی کوردستان ٢٠%ی دانیشتوانی عێڕاقی پێکدەهێنا ، کوردستان سەرچاوەی ٥٠%ی پێداویستییە کشتوکاڵییەکانی عێڕاق بوو . لە ٢٠ ساڵیرابردوودا (بەتایبەت دوای ٢٠٠٣) وەرچەرخانێکی بنەڕەتی روودەداتو نەوت جێگای کشتوکاڵ دەگرێتەوە و دەبێتە سەرچاوەی٩٥%ی داهاتی هەرێم . ئەم وەرچەرخانە سێ دەرەنجامی بنەڕەتی لێکەوتۆتەوە ، کە راستەوخۆ پەیوەندییان بە زیادبوونی کارەساتی لافاو لەکوردستاندا هەیە .
یەکەم ، لە ئابووری کشتوکاڵیدا، خاك بایەخێکی تایبەتی هەیە وهاوتای بژێویو ژیاری خەڵکە. بەپێچەوانەوە ، لە ئابووری نەوتیدا، خاک ئەو بەهایەی نامێنێت . لەلایەکەوە نەوت دەبێتە سەرچاوەی بژێویو پێداویستتییەکانی خەڵکیش لەدەرەوە هاوردە دەکرێنو کوردەواری لەکۆمەڵگایەکی بەرهەمهێنەرەوە دەبێتە بەکارهێنەر . لەلایەکی تریشەوە ، هاوسەنگی شار و دێ تێکدەچێتو دانیشتوان لە گوند وشارۆچکەکانەوە روودەکەنە سەنتەری شارەکان . لەسەرێکەوەباشترین دەشتەکانی کوردستان ( بیتوێن ؛ هەولێر، شارەزور، سندی) لەسەرچاوەی بژێویەوە دەبنە پانتاییەک بۆ کۆکرنەوە و نیشتەجێکردنی خەڵک . لەسەرێکی ترەوە دار، درەخت ، دانەوێڵە ، جۆگا ، دێراو و بەنداوە کشتوکاڵییەکانی کوردستان چیتر وەک هەناسەی زەوی و رەگەکانی خاک نابنە لەمپەری بەردەم لافاوەکان .
دووەم ، لەو وڵاتانەی کە بناغەی ئابووریەکەیان لەسەر کشتوکاڵ دامەزرابێت ، کۆچکردن لەشاروە بۆ دێ کۆچکردنێکی سروشتیو تارادەیەک لەسەرخۆیە . بەپێچەوانەوە ، لە وڵاتە نەوتیەکاندا، ئەم کۆچە خێراو ناسروشتییە . زیادبوونی ژمارەی دانیشتیوانی هەولێردەرەنجامێکی ئەم وەرچەرخانەیە لە ئابووری کشتوکاڵییەوە بۆ ئابووری نەوتی . بەپێی زۆرینەی سەرچاوەکان ژمارەی دانیشتوانی ناو شاری هەولێر لە ٥٠٠،٠٠٠ کەس لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە بازیداوە بۆ ١،٣٠٠،٠٠ کەس لە ٢٠١٣دا. واتە لە ماوەی یەک دەیەدا لە هەولێر ٨٠٠،٠٠٠ کەس زیادی کردووە .
جێگای سەرنجە ، سەرجەم دانیشتوانی پارێزگای هەولێر(بە هەر دە قەزاکەیەوە)، ١،٧٠٠،٠٠ کەسە،بەڵام زیاتر لە ٧٠%ی کۆی دانیشتوانی پارێزگاکە لە ناوەندی شاری هەولێردا نیشتەجێن . ئەم زیادبوونە کتوپڕە لە ژمارەی دانیشتوانی شارەکانوەرچەرخانێکی مەترسیدار و گەشەکردنێکی ناسروشتییە . لەم بارودۆخەدا پلاندانان و دیزاینکردنی ئاوو ئاوەرۆکانو بونیادنانی ژێرخاێکی تۆکمە بۆ رامکردنو ئاراستەکردنی باراناو ئەستەمە . دەرەنجام ، لەگەڵ هەر بارانێکدا پایتەخت دەرگیری قەیرانی لافاو دەبێت ..
سێیەم ، ئەو حکومەتانەی کەسەرچاوەی بودجەیان نەوتە کەمتر لەژێر لێپرسینەوەی خەڵکدان بەبەراورد لەگەڵ حکومەتگەلێک کە سەرچاوەی بودجەیان باجو خەراجە . هۆکارەکەشی ئەوەیە لە ئابووری کشتوکاڵیو پیشەسازیداوشیاریو ئینتیمای خەڵکسروشتی حوکمڕانی دیاریدەکات ، بەپێچەشەوە، لە ئابووری نەوتیدا (رژێمی ریعی)دا ، سروشتی حوکمرانییەکە وشیاریو ئینتیمای خەڵک ئاراستەدەکات . واتە ، لە سایەی سیستەمی «ریعی» دا بواربۆ کڕینی ئینتیمای تاک لەرێگای تەرخانکردنی بڕێک لە داهاتی نەوت بۆ فەراهەمکردنی بەشێکی بژێوی ژیانی تاکەکان دەڕەخسێت . هەربۆیە ، لەسایەی سیستەمی (ریعی) دا نارەزایەتییەکان کورتماوە و سنوردارن . بەمجۆرە ، دەسەڵاتدارانی هەرێم توانای رامکردنی نارەزایی خەڵکییان هەیە. بۆ نموونە لەحاڵەتی لافاودا ، نارەزایەتییەکان لەگەڵ نقومبوونی شەقامو کۆڵانەکان لەئاودا سەرهەڵدەدەنو لەگەڵ نیشتنەوەی لافاوەکانیشدا دادەمرکێنەوە . سەرەنجام ، هۆکارێکی تری لافاوەکان سیستەمی «ریعی»یە کە حکومەتەکان لەژێر فشاری دانانی پرۆژە و پلانی درێژخایەن بۆ رێگاگرتن لە لافاو و کارەساتە سروشتییەکاندا نین .
بەکورتی، زیادبوونی کارەساتە سروشتییەکان ، بەتایبەت لافاو، دەرەنجامی وەرچەرخانی بناغەی ئابووی هەرێمە لەئابووری کشتوکاڵییەوە بۆ ئابووری نەوتو ئاماژەیەکی تری نەفرەتی نەوتە .