دەرباز سەرابی : حیزبی کوردی لەنێوان زاوەزێ و نەزۆکی دا ـ ئیسلامیەکان وەک نمونە .
بەشی چوارەم
ئایا هەر بەڕاستی دین ئەوەندە لاوازە پێویستی بە دروست کردنی حیزب هەیە؟!ئایا حیزبی ئیسلامی لە کوردستان لەپێناوی خزمەتی دین دروست بوون یان بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات و وەرگرتنی ئیمتیازات و کورسی؟!ئایا کۆمەڵگەی کوردی بەوە ڕازیە بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی خەلافەت و هەرچی پیشەسازی و تەکنەلۆژیای دونیا هەیە لای خۆی تەڵاقی بدات؟! ئایا تا ئێستا حیزبە ئیسلامیەکان جگە لە بنیادنانی کۆمەڵێ تاکی تۆقیوو دورەپەرێز لە واقیعی ژیان چیان بە کۆمەڵگا بەخشیوە؟! ئەرێ هەر بەڕاست خۆ موتەربەکردنی گوتاریان بە دیموکراسی ڕاستیە یان هەنگاوێک بۆ خەڵەتاندنی تاکی کورد؟! ئایا ئەوە واقیعی حیزبە ئیسلامیەکانە کە وا بەزەقی شەڕی خۆیان بکەن یان شکستی هێزە علمانیەکان؟!،ئایا ئەگەر خراپی ئیقتیسادی کوردستان نەبوایە ئەوان وا بەئاسانی دەیانتوانی بە پارەی خەلیجی عەقڵی کوردی لەباربەرن؟! .
من پێم وایە لەهەرکوێی دونیا حیزبی دینی زاڵ بێت دەبێ گومان لەتوانا عەقڵیەکانی ئەو کۆمەڵگایە بکەیت و زۆر بە ئاسانی لەوە تێبگەیت کە تۆ سەروسەودات لەگەڵ وەهمگەلێک دایە نەک لۆگیک.هەموو دینەکان پەیامبەرو کتێبی تایبەتی خۆیان هەبووە کەوابێ حیزبی دینی جگە لەوەی بیەوێ مشەخۆرانە لەسەر بەرهەمی پەرستگاو کتێبە دینیەکان بژی چیتری لە هەگبەدایە ، چلۆن دەتوانێ خزمەتی کۆمەڵگا بکات و بەهەموو جیاوازیەکانەوە قەبوڵی بکات لەکاتێکدا ئەوان لەدەرەوەی بەرنامەی خۆیان گومان لەتوانای عەقڵی هەموو سوکرات و ئەنیشتاین …. ـە کان دەکەن؟؟!!!
من پێم وایە هەموو لقەجیاوازەکانی حیزبی ئیسلامی دواجار دەگەڕێنەوە سەر یەک درەخت،ئەویش گێڕانەوەی خەلافەت و بوونی خۆیان بە والی و خەلیفەو … ئەگەر بەڕاستی ئەوان لەپێناوی خزمەتی دینی دروست بووبن بەرلەوەی کوڕی خەڵک بۆ جیهاد هان بدەن خۆیان و کوڕەکانیان دەڕۆیشتن،بەرلەوەی بە حۆری بەهەشت گەنجێکی برسی و بێ دەسەڵات فریو بدەن کوڕەکانی خۆیان دەنارد،ئایا لای حیزبە ئیسلامیەکان هاوکێشەکان بەو جۆرەیە ؟!
هەر زاوەزێیەکی حیزبە ئیسلامیەکان زیادبوونی خەتەرێکی ترە بۆ سەر کۆمەڵگا ، چونکە ئەوان جگە لە هاوردەکردنی کەلتورو عەقڵی عەرەبی هیچی تریان لەهەگبەدا نیە تا بتوانن بە ئاڕاستەی جیاواز خزمەتی کۆمەڵگا بکەن … بەڵێ حیزبی دینی خەتەرە لەسەر کۆمەڵگا .
هەر لە پەیوەندی ئیسلامیەوە بگرە ، بەرەو بزوتنەوەی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی و ئەنسارولئیسلام چیان بە کۆمەڵگا بەخشی،ئایا ئەوان خزمەتی دینیان کرد یان ئایدۆلۆژیای ئیسلامیان وەک بەرهەمهێنەری تیرۆر ناساند؟! ئەوەندەی حیزبی ئیسلامی زیانی لەدینی ئیسلام داوە ئەوەندە ئایدۆلۆژیا دژەکان نەیان کردوە.دواجار ئەو خەونی چەسپاندنی بیری ئیخوانیەی کە یەکگرتوو پەیڕەوی دەکات ، هەرچەندە بە میتۆدێکی مەدەنیانە کار دەکەن بەڵام دواجار دارێک چ بەیەک جار بەتەور بیبڕیەوە یان هێدی هێدی مۆرانە لێی بداو بڕزێت ، ئەنجام ڕزینی دارەکەیە … بەڵێ حیزبی ئیسلامی زاوەزێی کردوەو دەشی کات ، بەڵام هەموو زاوەزێیەکیان لێدانێکی ترە لە مەدەنیەت و دیموکراسی ، وە ئەوەی من دەیبینم هەر زاوەزێیەکی تری ئەوان هەنگاونانیانە بەرەو پیادەکردنی سڕینەوەو بەرپاکردنی شۆڕشی وێرانکردنی کۆمەڵگا و گۆڕینی میتۆدی خەباتیان لە نیمچە مەدەنیەوە بۆ نیمچە جیهادی .
جێگای ئاماژەیە بەشی پێنجەمی ئەو وتارە کە سبەی بڵاو دەبێتەوە تایبەتە بە ” ئایا چەپەکان توانای نەوە خستنەوەیان ماوە ؟!”