دارا خونچە : 17 ی شوبات دارێک بوو هەر لە رەگوڕیشەوە کرم لێیدابوو!
پاش داڕووخانی ئەزموونی سۆشیالیستی سۆڤیەتیی – کە لە کۆتاییەکەی تەواو گەندەڵ ببوو و مانەوە و درێژەکێشانی تەنانەت وە زیانی خودی بزووتنەوەی یەکسانیخوازیی و چینە چەوساوەکانیش بوو – ماوەی دوو دەیە پترە هێزە چەپ و یەکسانیی خوازییەکان لە سەرتاسەری جیهان دووچاری شکست و خۆخۆرادنەوە و کەمڕەنگییەکی بێ وێنە بوونە.. ئەوەش کارتێکردنەکی گەورەی لەسەر ئەوە دانا کە کرێکاران و چینە هەژار و زەحمەتکێشەکانی کۆمەڵ تەنانەت توێژەکی بەرفراوانیش لە خەڵکی ناحیزبیی و پێشڤەڕۆ و مرۆڤپەروەری نێو چین و توێژەکانی دیکە بێ پشتوپەنا بمینێنەوە.
هەر لەو ماوەیەی بەرییدا چینە چەوسێنەرەکانی نێو دەسەڵات کە لە بیرۆکراس و مشەخۆرانی نێو چینە سەرمایەدارییەکان پێکدێن نەک هەر وە شێوەیەکی فرە ستەمگەرانە و هۆڤییانە جلەوی حوکمیان وەدەستەوە بووە و ژیان و گوزەرانی کۆمەڵیان لە نێو خوون و فرمێسک و برسیێتیی و سەرکوتکردنی ئازادییەکان نوقم کردییە.. بەڵکە هەردەمیش لە بۆشایی نائامادەگیی هێزە چەپ و یەکسانییخوازییەکان لە سیناریۆگەلەکی زۆر هەڵخەلەتێنەرانە و هەر لە خودی خۆیان وە شێوەی جۆراوجۆر بەرهەلستکاری چەواشەیان لە بەرانبەر خۆیان قوت کردیتەوە و خەڵکە ناهۆشیارەکانی نێو چینە هەژار و زەحمەتکێشکەکانیان پێ لەخشتە بردییە.
خەڵکی کوردستانیش سەرەڕای نەبوونی سەربەخۆیی نیشتیمانیی و نەتەوەیی – کە هۆکارەکی کاریگەری وەدواکەتنی میللەتە لە ژیان و بزاڤی پێشڤەڕۆیی – بێجگە لەوەی وەک خەڵکی هەر ناوچە و سەرزەمینەکی سنوورداری جیهان لە ژێر سایەی هەژموونی ئەوپەڕی دڕندەیی و دەستواڵایی چین و توێژە دەسەڵاتدارە مشەخۆر و گەندەڵەکان – کە لە پارتی و یەکێتی خۆ دەنوێنن – دەناڵێنن.. هەر ئەو دەسەڵاتەشە ساڵانەکی دورودرێژە هێز و لایەنگەلەکی چەواشەکار – ئیسلامییەکان و گۆڕان و هێندەک حیزب و رێکخراوی پەڕپووت و لاواز – وەک بەرهەلستکار پێشان دەدا و هێز و بڕست و جوولەی تەوای ئەو جەماوەرەی پێ لەبار دەبا کە وەدوای ژیان و گوزەرانی باشتر و ئازادیی پتر و سەربەخۆیی کوردستانەوەن.. ئەو لەخشتنەبردنەش لەو ناوچانە پتر جێی خۆی گرت کە لە رووی جوگرافیای سیاسیی و کەمی هۆشیاریی سیاسیی تێیاندا لەبارترن وەک ئەو نموونەیەی کە ( گۆڕان و ئیسلامییەکان) لە دەڤەری سلێمانی قۆستیانەوە.. بێجگە لەوەی زیانەکی گەورەی وە ئاسایشی ژیان و باری ئابووریی لە دەڤەرەکە گەیاند لەوانەش کوشتنی ١٠ کەس و سەدان بریندار و بڵاوبوونەوەی توندوتیژیی و پەککەوتنی سەرلەبەری ژیان وە درێژایی چەندین مانگ.. لە چەندین رووی دیکەشەوە هەر وە زیانی ماف و داخوازییەکانی خەڵکە هەژار و ئازادییخوازەکان تەواو بوو :
– لەبەرچاوخستن و لەباربردنی هێزی ناڕەزایی خەڵک لە تەواوی شار و شاۆچکەکان کە لە پێناو چاکترکردنی ژیان و گوزاران و وەدەستهێنانی ئازادیی پتر و هەنگاونان وە ئاراستەی سەربەخۆیی کوردستان رێچکەی خۆی گرتبوو و خەریکبوو وە شێوەی رێکخراوبوون خۆی رێکبخا و پەرەبستینی.
– وەهێزبوون و جەماوەرییبوونی هێزگەلەکی وەک ( گۆڕان و ئیسلامییەکان) کە ئەگەر دەسەڵات وەک بەرهەلستکار کاری پێیان نەمینێ و بیانخاتە نێو دەسەڵات ئەوە نەک وە قازانجی خەڵک تەواو نابی بەڵکە ئەوانیش وەک بەشەک لە دەسەڵات و دڕندانەتریش بەردەبنە گیانی خەڵکی چەوساوە.
– وەپاشکۆکردنی هێز و لایەن و کەسایەتییە چەپ و پێشڤەڕۆیەکان و میدیای وەناو ئازاد و رۆشنبیران وە جۆرەک کە لە تەنیشت سیاسەتبازیی پاوانخوازانە و توندوتیژییەکانی (گۆڕان) خۆبگونجێنن و دەنگ و پەیامەکانیان لە ژێر سەدای گەورە و ناسازی ( ئەلاهوئەکبەر و پەیامی جیهادی دژەمرۆییانە) ی ئیسلامییە پاشدامایەکان وە ئاستەم نووزەیان بێ و بکەونە ژێر پێیان و وەدیار ( خوتبەی هەینیان) دۆش دابمینێن!
– وەکاربردنی منداڵان و نەجەوانان لە کاری سیاسیی و پڕ لە توندوتیژیی نێو خۆپیشاندان – کە وە پێی مافەکانی مرۆڤ لە رێزی تاوان دەژمێردرێ – سەرەنجام چەندین منداڵ و نەوجەوان گوڵی جوانیی تەمەنیان هەڵوەرێندران.. ئەوە بێجگە لەوەی چەندین کەسی دیکە کوژران و وە سەدانیش بریندار کران.
– جوولاندن و بەرزکردنەوەی هەستی پاشڤەڕۆیانەی شارچیێتیی و ناوچەگەریی تا ئەو رادەیەی کە خەڵکی هەژار و ناڕازیی و پێشڤەڕۆیانی شار و ناوچەکانی دیکە نەتوانن هاوکار و هاوخەباتیان بن و دوور لە هێزە حیزبیی و سیاسەتبازەکان وەک راپەڕینەکی جەماوەریی و سەرتاسەریی تێکڕای کوردستان وە تایبەتییش پایتەخت کە شادەماری دەسەڵاتە بگریتەوە .
– و… هتد .
ئەوەی ئێستا وە ناوی ( شۆڕش یان راپەڕین یان خۆپیشاندانەکان) ی ١٧ی شوبات ناوی دەبەن.. دارەک بوو هەر لە رێوڕیشەوە کرم لێیدابوو! ئەویش لەبەرئەوەی چونکە تەنێ خۆدەرخستنی یەک کەرتی حیزبەکی نێو دەسەڵات بوو وە ناوی (گۆڕان) و ئیسلامییەکان و هێندەک خەڵکی دیکەشی – کە بوونە سووتەمەنی – تێوەردابوو و ئێستاش لەسەر کێکەکەی ئەو دەسەڵاتە ملهوڕ و گەندەڵە خەریکی شەڕەچەقەیە لە نێو پەرلەمانە پەڕپووتەکە و حکومەتە سەقەتە خێڵەکییەکەی بنەماڵەی بارزانی!!!
ئیدی ئێستا ئازادییخوازان و خەڵکی هەژار و زەحمەتکێش لە تەواوی کوردستان زۆر لەوە هۆشیارتر بوونە کە وەدوو سیاسەتبازیی حیزب و حیزبایەتیی بکەون یان وەدوو کلاوی بابردەڵەی شارچیێتیی و ناوچەگەریی بکەون.. هەر کاتەکیش بتوانن وە شێوەیەکی تۆکمەتر و وە پێی سەردەم لە ژێر رۆشنایی هزر و فەلسەفەی خۆیان کە هزر و فەلسەفەی چەپ و یەکسانییخوازییە خۆیان رێکبخەن ئەوە نەک هەر دەتوانن دەسەڵاتەکی پەڕپووت و شلۆقی وەک ئەوەی ئێستای کوردستان رابماڵن بەڵکە دەتوانن وەهێزترین دەسەڵاتی چەوسێنەریش تێکبشکێنن و خۆیان حوکمی یەکسانییخوازانەی خۆیان دابمەزرێنن .