دکتۆر که‌مال میراوده‌لی : ده‌ستوور و ئاخاوتنی ئازادی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بیره‌ مرۆڤ دروست ده‌کا . بیری مه‌زن ، مرۆڤی مه‌زن دروست ده‌کات .. بیری بچوك و رارا و دۆڕاو ، مرۆڤی بچووك و رارا و دۆڕاو دروست ده‌کات . بیری ئازادی ، مرۆڤی ئازادیخواز دروست ده‌کات . بیری ترسان له‌ ئازادی ، مرۆڤی ترسنۆك دروست ده‌کات .

ئه‌وه‌ی له‌ زینده‌وه‌ارنی دیمان جیا ده‌کاته‌وه‌ ، بیره ‌، هۆشمه‌ندییه ‌، هیوا و خه‌ون بینینە .

ئه‌وه‌ی له‌ زیندانی له‌شمان جیا ده‌کاته‌وه‌ : بیری ئازاده ‌. به‌قه‌ده‌ر گه‌وره‌یی بیروخه‌ونه‌کانمان ، له‌ جیهانیی بێ بیرو بێ پڕۆژه‌یی زینده‌وه‌رەوە‌ بۆ جیهانی مرۆڤه‌ بیرئازادو نیشتمان ئازاده‌کان ، هه‌نگاو ده‌هاوین.

بیرکردنه‌وه‌ی نه‌خۆش ، مرۆڤی نه‌خۆش دروست ده‌کات . بیرکردنه‌وه‌ی نه‌زۆك- مرۆڤی نەزۆك دروست ده‌کات . بیرکردنه‌وه‌ی نائازادو خۆبه‌ده‌سته‌وه‌ده‌رانه ‌، مرۆڤی نائازادو خۆ به‌ده‌سته‌وه‌ده‌رانه‌ دروست ده‌کات . من بیر دەكەمەوە كەواتە من هەم. من بیركردنەوەكەمم . بیر و قسە و كردار لە كۆبەندیی فەلسەفیی زەردەشتیدا لێك جیاناكرێنەوە . مرۆڤ بە بیر دەست پێ دەكا، بە قسە دەردەكەوێ ، بە كردار دەسەلمێنرێ .

نه‌خۆشی ئێمه‌ نه‌خۆشی بیرکردنه‌وه‌یه‌ . نه‌خۆشی ئێمه‌ نه‌خۆشی که‌سێتی لاوازو ڕاڕاو خۆ به‌ده‌سته‌وه‌ده‌رانه‌یه‌ . که‌سێتییه‌ك که‌ له‌خۆی دابڕاوه‌.که‌سێتییه‌ك که‌ هه‌موو حیسابێك بۆ ئەوی دی دەكات و هیچ حیسابێ بۆ خۆی ناکات.هیچ حیسابێك بۆ ئه‌وه‌ ناکات که‌ ئه‌وه‌ی دی هیچ حیسابێ بۆ ئه‌و ناکات مادام مرۆظێکی ئازادو ئازادیخواز نییه‌ . که‌سێتییه‌كه‌ که‌ باوه‌ڕ به‌ خۆبه‌خۆبوونی لێ داماڵدراوه‌ .

بیری بۆش ، که‌سێتییی بۆش درووست ده‌کا. بۆشێتیی که‌سێتی کورد ، ده‌ردو دیارده‌یه‌کی مێژوویی یه‌و ته‌نیا به‌ په‌روه‌رده‌کردن ڕاست ده‌بێته‌وه‌ . په‌روه‌رده‌کردن به‌ بیری نوێ بۆ دروستکردنی که‌سێتی نوێ . هۆی نه‌خۆشی ئێمه‌ ئه‌و‌ی دی نییه‌، ده‌ره‌وه‌ نییه ‌، نه‌خۆشییه‌که‌مان خوده ‌، خۆماڵییه‌ .

ئێمه‌ هه‌وڵێکی زۆرمان گه‌ره‌که‌ تا بتوانین که‌سێتی مرۆڤی کورد ، له‌ که‌سێتییه‌کی، دابڕاوو لاوازه‌وه ‌، بکه‌ین به‌ که‌سێتیه‌کی به‌هێز، باوه‌ڕ به‌ خۆبوو ، خواستدار ، به‌کار ، ڕێز له‌ خۆگرتوو، گه‌شبین ، کۆمه‌کخواز، کۆمه‌ڵخواز، کوردستانخواز، ئازادیخواز .

ئێمه‌ ناتوانین ئازادی له‌ ده‌ره‌وه‌ دروست که‌ین تا ئازادی له‌ ناوه‌وه‌ دروست نه‌که‌ین .

ئێمه‌ ناتوانین که‌سێتیمان ئازادکه‌ین تا بیرکردنه‌وه‌مان ئازاد نه‌که‌ین . ئێمه‌ ناتوانین وه‌ك مرۆڤی ئازاد خۆمان بناسێنین ئه‌گه‌ر واپه‌روه‌رده‌کرابین نه‌توانین به‌ ئازادی بیرکه‌ینه‌وه‌ . ئێمه‌ ناتوانین داوای ئازادی بۆ خۆمان و گه‌له‌که‌مان بکه‌ین که‌وا فێرکرابین نه‌وێرین وشه‌ی ئازادی ببێژین .

کاره‌ساته‌که‌ لێره‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌کات . لێره‌شه‌وه‌ ده‌توانرێ کۆتایی پێ بهێنرێ .

ئێمه‌ ده‌توانین به‌ڵێ ده‌توانین ئه‌و له‌حزه‌یه‌ ئازاد بین که‌ به‌ ئازادی بیر بکه‌ینه‌وه‌ . به‌ئازادی بئاخڤین ، به‌ ئازادی بڵێین : به‌ڵێ ئێمه‌ش مرۆڤی ئازادین و ئازادی هه‌ڵبژارده‌یه‌ك نییه‌ بیکه‌ین ، ئازادی پرسی ئا یان نا نییه‌ بۆ ئێمه ‌. ئازادی مه‌رجی سه‌ره‌کی و سه‌ره‌تایی بوونی مرۆڤانه‌مانه ‌.

به‌بێ ئازادی مرۆڤایه‌تیمان نییه . به‌بێ ئازادی بوونمان نییه ‌. که‌وایه‌ به‌ڵێ ئێمه‌ مرۆڤی ئازادین . ئێمه‌ مرۆڤانی ئازادین و نه‌ك ته‌نیا خه‌ون ده‌بینین ، به‌ڵکو سوورین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌ کۆمه‌ڵگای ئازادو نیشتمانی ئازادا بژین . ئه‌مه‌ هه‌لومه‌رجی دابینکردنی مرۆڤایه‌تیمانه ‌. ئه‌مه‌ هه‌لومه‌رجی بوونمانە‌ وه‌ك مرۆڤ . مرۆڤی نا ئازاد مرۆڤی نیوه‌ ناچڵه . مرۆڤی ناته‌واوو نا کامڵه ‌. مێژوو نیشانمانی ده‌دا گه‌وره‌ترین سه‌رکه‌وتنه‌کانی گه‌لان و ده‌سکه‌وته‌کانی مرۆڤایه‌تی له‌ ئازادیی و بۆ ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی یه‌وه‌ ده‌ستی پێکردووه‌ .

جاڕنامه‌ی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌مریکا

گه‌ر زیاتر به‌ مێژوودا برۆینه‌ خوارێ تا گرنگیی په‌یمانی نه‌ته‌وه‌یی و ده‌ستوور بۆ یه‌کگرتنی ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌یی و دروستکردنی نه‌ته‌وه‌ بزانین دیاره‌ ده‌بێ سه‌رنجی ده‌ستووری ئه‌مریکا بده‌ین. چی ئه‌مریکایه‌کی کۆمه‌لگای کۆچه‌ران و ده‌یان ره‌گه‌ز و کۆلۆنی وناوچه‌ی جیا جیای کرده‌ یه‌ک نه‌ته‌وه‌، ئه‌وسا گه‌وره‌ترین سوپه‌ر‌هێزی دنیا؟ بوونی ئه‌مریکا، به‌رده‌وامیی ئه‌مریکا، یه‌کێتیی ئه‌مریکا، دیمۆکراتی ئه‌مریکا‌، پێشکه‌وتنی ئیداری و سیاسی و ئابووری و ته‌کنۆلۆجی ئه‌مریکاو له ‌ئاکامدا سوپه‌رهێزیی ئه‌مریکاو خه‌ونی ئه‌مریکی، بۆبیری ئازادی و ده‌ستووره‌که‌ی و پابه‌ندبوونی سه‌رۆکه‌کانی گه‌ل و سیستمه‌که‌ی پێی ، نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌، ده‌گه‌رێته‌وه‌. له‌ ئه‌مریکاش سه‌رچاوه‌ی یه‌که‌می ده‌ستووره‌که‌ی په‌یمان یان “جاڕنامه‌ی سه‌ربه‌خۆیی” بووکه‌ له‌ ئه‌نجامی جه‌نگی سه‌ربه‌خۆیی یه‌وه‌ دژی ده‌سه‌ڵاتی دییسپۆتی به‌ریتانیا سه‌ری هه‌ڵدا، که‌ بیریی ئازادی مرۆڤی کرده‌ به‌ردی بناغه‌ی ژیان و حکومه‌ت و سیاسه‌ت له‌ ئه‌مریکا .

جاڕنامه‌ی سه‌ربه‌خۆیی

“جاڕنامه‌ی سه‌ربه‌خۆیی” به‌ هاوده‌نگی سێزده‌ ویلایه‌تی یه‌کگرتووی ئه‌مریکا له‌ 4 ی ته‌مووزی 1776 دا راگه‌یاندرا.” ده‌ستنووسی جارنامه‌که‌ له‌ لایه‌ن ‘تۆماس جێفری ئه‌نده‌رسۆن’ نووسرا. ئه‌م جارنامه‌یه‌ خۆشه‌ویسترین ره‌مزی ئازادی نه‌ته‌وه‌ی ئه‌مریکییه‌ و به‌هێزترین میراتی زیندووی جێفرسۆن – ه‌. لێره‌دا، له‌ ده‌سته‌واژه‌ی له‌ بیر نه‌چۆوه‌دا، جێفرسۆن ئه‌و باوه‌ڕانه‌ی‌ ده‌ربڕی که‌ له‌ مێشک و دڵی هه‌موو گه‌لی ئه‌مریکادا بوون . فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی جاڕنامه‌که‌ تازه‌ نه‌بوو. ئایدیاله‌که‌نی ئازادیی تاکه‌که‌س پێشتر له‌ لایه‌ن [فه‌یله‌سوف] جۆن لۆک و فه‌یله‌سوفانی ئه‌وروپییه‌وه‌ ده‌ربڕدرا بوو. ئه‌وه‌ی جێفرسۆن کردی ئه‌وه‌ بوو که‌ ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌ وه‌ک‌ ‘راستیی به‌ڵگه‌نه‌ویست’ پوخته‌ بکاو لیستێکی ناره‌زایی دژی ده‌سه‌ڵاتی پاشای { ئینگلته‌را} بخاته‌ به‌رده‌م جیهان هه‌تا پاکانه‌ بۆ پچراندنی پێوه‌ندی نێوان کۆلۆنییه‌کان و وڵاتی دایک بکا.”

بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکە کلیک بکەرە سەر .. ئاخاوتنی ئازادی هاولاتی

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت