عەتا قەرەداخی : زمان و دەوڵەت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئایا پەیوەندی نێوان نەتەوەو زمان چییە؟ ئایا زمان وەکو لە کەلتووری کلاسیکی سیاسیدا باس دەکرا یەکێکە لە پایەکانی بوونی نەتەوە، یان داخۆ زمان خاسێتی بوونی نەتەوەیە؟ یان داخۆ نەتەوە زمان درووست دەکات هەروەک چۆن کەلتووری هاوچەرخ و مۆدێرنێتە پێداگری ئەوە دەکات دەوڵەت نەتەوە درووست دەکات؟ ، کە ئەمەش دەشێ بەو مانایە بێت دەوڵەت زمان درووست بکات؟ دیارە بۆ ئێمەى کورد ئەم دیدو تێڕوانینە پەیوەست بە درووستبوونی زمانی ستاندار دەشێ جێگای بایەخ و ئاخاوتن بێت؟ دیارە ئێمە لەسەروبەندی رۆژی زمانی دایکداین ، بۆیە لێرەدا دەپرسین ئایا زمانی دایک پیرۆزییەکەی لەوەدایە کە وەکو رەگەزێکی جێگیرو دەست لێنەدراو بمێنێتەوە یان دەبێ پەرە بە خۆی بدات و سنووری لۆکاڵی بەجێبهێلێت و شووناسی خۆی بەدەست بهێنێت؟ شووناسێک کە نەک تەنیا لەو ئاستەدا بێت کە ئەوانی تر دان بەبوونیدا بنێن ، نەخێر بەڵکو شووناسێک کە ئەوانی تر پێویستیان پێی بێت، وەکو چۆن ئێستا هەندێ لە زمانەکانی جیهان شوناسی جیهانیبوونیان هەیە .

لە کەلتووری کلاسیکدا بۆ بوونی نەتەوە چەند پایەیەک دیاریکراون لە جۆری خاک و مێژووى هاوبەش و کەلتووری هاوبەش و زمان. بەڵام گومانی تێدا نییە کە ئەو رەگەزانە تەنیا خاسێتی سرووشتی بوونیان هەبووە، واتە وەکو خاسێتە سرووشتیەکانی پێکهاتەیەکی ئیتنیکی بوون کە دەشێ ئەو پێکهاتە ئیتنیکییە لە روانگەى کۆمەڵناسی نوێوە وەکو مادەیەکی خاوی نەتەوە سەیر بکرێت چونکە سیما دیارەکانی نەتەوە بەپێی تیۆرەکانی مۆدێرنێتە بە بێ بوونی دەوڵەت ناخەمڵێت. یان بە واتەیەکی تر مادەم دەوڵەت نەتەوە درووست دەکات مانای وایە کە ئەو پایانەى لە رابردوودا بۆ بوونی نەتەوە دەستنیشان کراون کۆمەڵێ رەگەزی جێگیری ئەو پێکهاتەیەن کە دواتر دەوڵەت شووناسی نەتەوەی پێدەبەخشێت. هەر لێرەوە قسەکردن لەسەر زمانی نەتەوە وەکو زمانێکی خاوەن شووناس لە کاتێکدا دەوڵەت بوونی نەبێت، شتێکە لە دەرەوەى پیادەکردنی واقیعانە .

ئەگەر لە روانگەی ئەو بوونە سادەیەوە سەیری زمانی کوردی بکەین ئەوە ئاشکرایە کە زمانی کوردی لە رووی ئیتمۆلۆجییەوە مێژوویەکی کۆنی هەیە، ئەو قسەیەش باوە کە زۆرێک لەوانەى بە مێژووى کوردەوە خەریک بوون دەڵێن ئەوەى کوردی لە لەناوچوون پاراستووە زمانەکەیەتی. بەوهەرحاڵ سەرباری ئەوەى کە کورد زمانێکی یەکگرتووی نەبووەو چەندین شێوەزاری هەبووە، بەڵام زمان لەسەر ئاستی ناوچەیی رۆڵی ئامرازی پەیوەندیکردنی بینیووە، بەڵام لەسەر ئەو جوگرفیایەى کە پێی دەگوترێت جوگرافیای کوردستان بە دڵنیاییەوە نە لە رابردووداو نە لە ئێستاشدا زمانی کوردی نەیتوانیووە بە تەواوەتی لە چوارچێوەى ئەو پێناسەدا خۆی بەرجەستە بکات کە دەڵێت: زمان بریتیە لە ئامرازی پەیوەندیکردن .

بەهەرحاڵ بۆ هەر زمانێک دوو قۆناغ هەیە قۆناغی زارەکیء قۆناغی نووسین. ئێمە دەزانین کە قۆناغی نووسین هەمیشە لە دوای قۆناغی زارەکی دێت. بە گوێرەى زمانی کوردیش قۆناغی نووسین لە مێژوویەکی زۆر درەنگدا دەستی پێکردووە. هەروەک بۆ نووسین ئەوەى پێویستە ئەلفابێتە. ئێستا پرسیار ئەوەیە ئایا نووسینی کوردی بە چ ئەلفابێتێک دەستی پێکردووە؟ بە دەربڕینێکی تر ئایا شتێک هەبووە یان هەیە بە ناوی ئەلفابێتی کوردی؟ یان ئایا دەبێ بوونی ئەلفابێتی تایبەت بە هەر زمانێک مەرج بێت بۆ زیندوویی ئەو زمانە؟ ئەوە ئاشکرایە کە زۆرێک لەسەرچاوە مێژووییەکان باسی ئەوە دەکەن کە یەکەمین ئەلفابێت لەو جوگرافیایەدا دەرکەوتبێت کە کوردستانە یان دراوسێی کوردستانە، هەروەک باسی بەکارهێنانی ئەلافبێتی ئارامی دەکرێت بۆ نووسینی کوردی لەرابردووی دووردا. لەلایەکی تریشەوە لەسەر بنەمای گەڕانەوەی کورد بۆ رەگەزی ئاری، بەسی ئەوە دەکرێت کە کوردی بە ئەلفابێتی لاتینی بنووسێت . بەڵام لەپاڵ هەموو ئەمانەشدا ئەو بۆچوونە هەیە کە ئەو رەگەزانە بوونەتە بەشێک لە کەلتوورو تەنیا دەشێت وەکو بەشێک لە توخمەکانی رێنیسانسی نەتەوەیی سەیر بکرێن. بەڵگەش بۆ ئەوە دەهێنرێـەوە کە زمانێکی زیندووی وەکو زمانی ئینگلیزی نە کۆنترین زمانی جیهانە و نە کۆنترین زمانی ئەوروپاشە بەڵکو مێژووى پەرەسەندنی زمانی ئینگلیزی لە دوای سەدەی چواردەیەمەوە دەست پێدەکات و لەگەڵ رێنیسانس و سەردەمی رۆشنگەری و پێگەیشتنی ناسیونالیزمی ئینگلیزیدا بەوشێوەیە پەرەی سەندووەو کاتێکیش کە بووەتە زمانی زانست ئەو بایەخە نێودەوڵەتیەى پەیدا کردووەو لە دوای زمانی دایک لە رووبەرێکی فراوانی جیهاندا وەکو زمانی یەکەم سەیر دەکرێت و لە رووبەرێکی فراوانیشدا بە تایبەتی لە بواری زانستدا زمانی یەکەمی جیهانە .

ئەوە ئاشکرایە لەبەرئەوەى کورد لە هیچ کام لەو دەروازانەوە نەهاتووەتە ناو مێژوو کە نەتەوە دیارەکانی ئێستای جیهان هاتوونەتە ناو مێژووەو توانیوویانە ببنە خاوەنی شووناسی دانپێدانراوی خۆیان کە بەدەستهێنانی شووناسیش لە ئاستی یەکەمدا لە رێگای گەیشتن بە بەرهەمهێنانی دەوڵ’تەوە بووە. کە دەشێ ئەو دەوڵەتە خێڵایەتی، فیودیالی ، ئایینی و لە قۆناغەکانی دواتریشدا نەتەوەیی بووبێت. بەڵام شووناس لەبارێکی وەهادا بە مانای بوونی راستەقینە دێت کە ئەو بوونەش کۆمەڵێ خاسێت و بنەمای هەیە کە لە کارپێکردن و رۆڵ و هەژموونیاندا دەردەکەون. کورد کە لەهیچ قۆناغێکدا خاوەنی دەوڵەت نەبووە مانای وایە پێداویستیەکانی دەوڵەتداریش نەبووە کە یەکێک لەو پێداویستیانە زمانە. لەم روانگەیەوە کە دەوڵەت لەلایەک زمانی ئیداری پێویستە کە دەبێ زمانێک بێت یاساو رێساو فەرمانەکانی دەوڵەتی پێبنووسرێت و پێ بەڕێوەببرێت، لەلایەکی ترەوە شێوازەکانی کارکردنی دەوڵەت ئەو زمانە بەرەو بەرزترین ئاستی پێگەیشتنی دەبات. بە تایبەتی ئەوەى کە پێی دەگوترێت زمانی ستاندار کە دەشێ بە زارەاوەى کۆن پێی بگوترێت زمانی هاوبەش. کەواتە پەیوەندی دەوڵەت چییە بە درووستبوونی زمانی هاوبەش یان زمانی ستاندارەوە .

ئەوە ئاشکرایە کە درووستبوونی دەوڵەتی خاوەن شووناس چ دەوڵەتی خێڵ بێت یان ئایینی، یان فیودیالی یان نەتەوەیی، مانای پێکهاتنی یەک سیستێمی بەڕێوەبردنە کە ئەوەش مانای هەڵوەشاندنەوەی سنوورە لۆکاڵیەکانە لەسەر جوگرافیای ئەو دەوڵەتە. لەسەروەختی دەسەڵاتی دەوڵەتی ئیسلامیدا کە دەوڵەتێکی ئایینی خێڵایەتی بووە زمانی قورئان بووەتە زمانی دەوڵەتەکەو هەر ئەوەش واتە ئەو سیستێمە سیاسی و ئیدارییە وایکردووە کە زمانی عەرەبی کە مەبەسستمان ئەو زمانە قورئانی پێ هاتووەتە خوارەوە ببێتە زمانێکی فەرمی دەوڵەتەکەو زمانی خوێندن کە بەو هۆیەوە تاکو ئێستا زمانی عەرەبی ستاندار پارێزراوەو لە بەهێزبووندایە. لەلایەکی ترەوە کاتێ دەوڵەت لەسەر ئاستی جوگرافیای نەتەوە پێکدێت، لەگەڵ خۆیدا یان تەنانەت پێش پێکهاتنی دەوڵەتیش سیستێمی ئابووری پێکدێت و لەگەڵیدا بازاڕی هاوبەش پێکدێت، کە یەکێک لە دەرئەنجامەکانی پێکهاتنی بازاڕی هاوبەش زمانی هاوبەشە کە ئەویش سەرئەنجام دەبێتە زمانی سەرکی خەڵک و کاروباری دەوڵەتیش بەو زمانە بەڕێوەدەچێت، کە دەشێ بە دەربڕینێکی تر بڵێین زمانی ستاندار بەوجۆرە پێکدێت، نەک بە کۆکردنەوەى میکانیکانەى زاراوە لە شێوەزارە جیاوازەکان. کەواتە ئێستا ئێمە لەبەردەم ئەو پرسیارەداین ئایا زمانی ستانداری کوردی بەبێ درووستبوونی بازاڕی هاوبەشی کوردی ئەگەری درووستبوونی هەیە، کە ئەویش واتە بازاڕی هاوبەش بنەمایە بۆ درووستبوونی چینی ناوەند کە هەر ئەو چینە هەڵگری پرۆژەى دەوڵەتە، واتە دەکرێَ لێرەوە ئاماژە بۆ ئەوە بکرێت کە دەشێ درووستبوونی زمانی ستانداری کوردی پەیوەست بێت بە درووستبوونی دەوڵەتی کوردییەوە .

بێگومان ئەوەى رۆڵی بزوێنەەری مێژوو دەبینێت لە ئاستی یەکەمدا پاڵنەری ئابوورییە. ئەوەشی زمانی هاوبەش یان ستاندەر درووست دەکات بازاڕی هاوبەشە، درووستکەری بازاڕی هاوبەشیش مۆتیڤی ئابوورییە، کەواتە دیسان ئەوە ئابوورییە کە زمانی هاوبەش یان ستاندەر درووست دەکات. هەر لێرەوە بە ئاشکرا دیارە کە زمانی ستاندەری کوردی پەیوەستە بە درووستبوونی دەوڵەتی یەکگرتووی کوردییەوە، واتە دەوڵەتێک کە لەسەر جوگرافیای کوردستان درووست ببێت یان دەوڵەتێک کە بەرهەمی پێگەیشتنی چینی ناوەندی کوردی بێت، کە ئەویش تەنیا لە دەرکەوتن و پێگەیشتنی ناسیونالیزمی کوردیدا دەبێت، واتە گەیشتنی ناسیونالیزمی کوردی بە ئاستی بزووتنەوەیەکی جەماوەریی ئەوتۆ کە هەموو جەستەی نەتەوە بگرێتەوەو هەموو ئاست و بەش و چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکانی کورد لە یەکەیەکی یەکگرتوودا رێکبخات و ببێتە بەرنامەو ئایدیۆلۆجیای بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی جەماوەریی کە ئەو بزووتنەوەیەش هەموو سنوورە ناوچەیی و لۆکاڵیەکان لە سنووری خێڵ و عەشیرەت و مەزهەب و ناوچەو شارو هەرێم و رێبازی تەسەوف و حیزب و شێوەزارو دەسەڵاتی ناوچەیی و بەرنامەی ناوچەیی و پرۆگرامی خویندنی ناوچەیی هەڵبوەشێنێتەوەو لە شوێنی هەموویاندا یەک بەرنامەى نەتەوەیی لەسەر جوگرافیای نەتەوە بەرهەم بهێنێت کە یەک ئینتیما دەخوڵقینێ ئەویش ئینتیمایە بۆ نەتەو نیشتیمان و یەک دامەزراوە بەرهەم دەهێنێت کە دامەزراوەى دەوڵەتی نەتەوەیە لەسەر جوگرافیای نیشتیمان و زمانی کارپێکردن و بەڕێوەبردنی ئەو دەوڵەتەش زمانی هاوبەش یان ستاندارە کە ئەو بازاڕی هاوبەشە بەرهەمی هێناوە کە چینی ناوەندی بەرهەمهێناوەو ئایدیۆلۆجیاو بەرنامەی ئەو چینەى بەرهەم هێناوە کە لەگەڵیدا زمانی دەوڵەتەکە پێکدێت کە زمانی ئەو بازاڕە هاوبەشەو ئەو چینە نوێیەیەە کە پێی دەگوترێت چینی ناوەند، ئەویش هەڵگری پرۆژەى گشتگرو خاوەن شووناسی ناسیونالیزمی کوردییە. واتە زمانی ستانداری کوردی ناسیونالیزمی خاوەن شوناسی کوردی درووستی دەکات. بە دەربڕینێکی تر زمانی ستانداری کوردی دەوڵەتی سەربەخۆی یەکگرتووی کوردستان درووستی دەکات. کە ئەویش شێوەیەکی میکانیکی نییە لە درووستبوون بەڵکو لەگەڵ بەرهەمهاتنی دەوڵەتەکەدا ئەو زمانەش بە شێوەیەکی سرووشتی بەرهەم دێت .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت