بەهرۆز جەعفەر: نەوشیروان مستەفا ، دووکانى زێریى داناوە .
ڕۆژهەڵات : لەجۆرى تاوان و فاشیزمیشدا ، لەڕۆژئاوا جیاوازە .لەکڕۆکى جیاوازییەکەش مانەوەى توخمێکى نێگەتیڤە لەزهنیەتى تاکى شەرقیدا کە ، هەمیشە ئامادەگى و حەزێکى هەیە بۆ دروستکردنى بت و کاریزما ، زەمینەکەى لەبارە بۆ دروستکردنى کۆدو بەرهەمهێنانى جۆرێک لە دیسپۆتیزم و دیکتاتۆریەت ، ئێستا لەکۆمەڵە ڕاگوزەرەکانى وەک کوردستاندا، خەڵکى ئەوەندە ئەو ئامرازانەیان خۆشەوێ کەدوایان ئەخەن ، ئەگەر بڵێی ، وازى لێ بێنە . نەک هەر ناوزڕاندن ، ڕەنگە بشتکوژن .!. ترسەکە ئەوەنییە ئۆپۆزسیۆنى ڕیفۆرمخواز لەڕۆهەڵاتدا هەبێت یان نا، ئەوە ئەداتێکى نەگۆڕە کە گروپێکى گۆڕانخواز لەچوارچێوەى سیستەمێکى سیاسیدایە ، بۆخۆى بەشێکیشە لەدەسەڵات . ئینجا ئەگەر ئەم (تەوژمە) لەکوردستانیش بێت . ئەوە دووجار هەقى ترسە لەوەى ئەم خوێنە تازەیەش ببێتەوە بەوەى پێشوو ، هەموو ئۆپۆزسیۆنە شەرقییەکان تا ئەم چرکەساتە نەیانتوانییوە هێزەکانى پێش خۆیان تێ بپەڕێنن .
وێنایەک ، لاى خەڵکى سلێمانى بەتایبەتى و دەنگە ناڕازییەکان بەگشتى دروست بووە ، هەرکەسێک لەکەناڵەکانى بزوتنەوەى گۆڕان قسەى کرد ، ئەو ڕاستەکا، ئەو خۆشەویست و دڵى گەلە !.بەپێچەوانەشەوە هەرچى کەناڵى دیکە هەیە ، هەر شتێکى مەنتقیشى تیابوترێت ، هەر نا واقعییەو لەگەڵ ئیرادەى بەرەى گەل پێک نایەتەوە .
بەجۆرێکى تریش ، لەکوردستان دوو خەت دروست بوە ، خەتى دەسەڵات پارتى یە ، خەتى موعارەزەى دەسەڵات و دەسەڵاتى موعارەزە کە نەوشیروان مستەفاو بزوتنەوەکەیەتى . خەتى سێیەم سەدجار پڕۆفیسۆرو بەئەزمون بن ، یەک قەبرستان ئەنفال و شەهیدیشى هەبێت ، لەدەرەوەى ئەم دوانە ناتوانێت یەک بکات بەدوو . داخلى سیستەمەکەو ئەم دوو هێلەش ببیت ، ئەبێت بەپێی قاڵبەکەى ئەوان هاتوچۆ بکەیت . لەدەرەوەى نەوشیروان هیچ کەسێک ناتوانێت (300) دەنگ مسۆگەربکاو، لەدەرەوەى پارتیش کەس بۆى نییە بچێتە پەرلەمانەوە ئەگەر گڵۆپى سەوزى بۆ هەڵنەکرابێت . نمونەى بەردەستیش زۆرن خەڵکى ناڕازی و ڕۆشنبیرى گەورەو خاوەن پێشینەو بڕوانامە ، نەیانتوانیوە هیچ جوڵەیەک بکەن ، یاخود هەر بتوانن بچنە پەرلەمانیشەوە .!.
لەم ڕۆژگارى ئەمڕۆماندا ، هەر کاراکتەرێک قسە لەسەر خەتى سێهەم ، یاخود فکرو مەعریفەو گۆڕانى ڕیشەیی بکات ، هەربۆخۆى خەڵکى کوردستان پێی دەڵێن : شێت بوە،سەر لەدونیاو لەخۆشی دەرناکات . کەس نازانێ چى دەکات . جاشەو خۆفرۆشەو .. ئاوها . زەمەنێک پێم سەیر بوو، لەبەر بێ مینبەرى بیروڕاکانى خۆمان لە کەناڵەکانى دەسەڵات ئەوت ، یەکێک لەزێڕەکانى بزوتنەوەى گۆڕان ، ئەیگوت : ئێوە جاش و خۆفرۆشن ، چما بۆ منێک لەڕاپەڕینەکە تەمەنم (4) ساڵ بوە ، جاش بوبێتم ؟. ئەى ئێستا بۆچى پیاوەکانى شەقام و ئۆپۆزسیۆن هەمان بۆچونى چوارساڵى پێشوترى ئێمەیان هەیە !. دەیان کەس کە لەم بزوتنەوەیەدا پێشوتر (قوڕ) بون ، نەوشیروان مستەفا کردونى بە زێڕ . ئەم زێڕانە ئێستاش موزەیەف و فەلن ، گەرەکیانە بەپەنجە بادان و هاتوهاوار کۆمەڵگەو بارودۆخەکە بگۆڕن . لەدەرەوەى نەوشیروان ناتوانن (100) دەنگ بۆخۆیان کۆبکەنەوە ، لەپرسگەى لق و مەڵبەندەکانیش پێیان دەڵێن : لێرە نییە . خۆمان تەلەفۆنتان بۆ ئەکەین !.
محەمەدى حاجى مەحمود ، چوار قسەى کردووە ، کردویانە شەیتان و بە دێوى زەمانە ،” پارەى وەرگرتوە ،، پیاوى ئێرانە ،، جاشە ،، خائینە ،، خۆفرۆشەو … هتد . مەگەر بزوتنەوەى گۆڕان پارە وەرناگرێت بۆخۆى و کەناڵەکانى ؟. مەگەر بزوتنەوەى گۆڕان سۆپەرمارکێتى گەورەى لە موڵکى گشتى دا دروست نەکردوەو کارگەى چیمەنتۆى نییە ؟. مەگەر پشکیان لەدانا غازو نەوتى شاکەلدا نییە ؟. مەگەر کۆبۆنەوەکانی گۆڕان لەپشت پەردەوە نین لەگەڵ پارتى و سەرۆکى هەرێم .؟. دەستەواژەى ” کوڕى شارەکەیە ” یاخود ” خوازیارى شەقامێکى ئارامین لەم چوار ساڵەى ئێمە دەچینە دەسەڵاتەوە “. بەسە بۆ ئەوەى بزانین : کورد ئەمجارەشیان خەباتەکەى شارچێتى و گەڕەکچێتى تێ نەپەڕاند ، ئەگەرچى من پێموایە گۆڕان لەهەڵبژاردنى ئایندەدا دەنگى زیاتر بەدەست ئەهێنى ، بەڵام ئومێدەواریشم شەقام تێ بگا داواکانى لەڕێگەى خەڵەفان و هاژو هوژى ئۆپۆزسیۆن و پرۆسەى بەزێڕکردنى خەڵکە هەرزەکانەوە بەدى نایات .