بەهرۆز جەعفەر : ئەنفال و ئەخلاقى کورد .
لە سەرەتاى ساڵى (2011) ، پرۆژەیەکم بەناونیشانى ” چۆن ئەنفال ببەینە نەتەوە یەکگرتوەکان” ئامادەکرد ، پێکهاتبو لە : توێژینەوەیەکى (250) لاپەڕەیی ، لەسەر ئەنفال و جینۆسایدى کورد ، نزیکەى (3000) وێنەو بەڵگەنامە ، بڕیارى دادگاى باڵاى تاوانەکانى عێراق کە لەساڵى (2008) ئەنفالى وەک جینۆساید ناساندووە . لەم پرۆژەیەدا لەگەڵ هەریەکە لە : کاک دیندار زێبارى ، گۆران ئەدهەم قایمقامى هەڵەبجەو،ژمارەیەک پەرلەمانتار کۆبومەوە ، هەر خۆشم هەموو شتەکانم لەبیناى پەرلەمان ڕادەستى ” کەمال کەرکوکى ” سەرۆکى ئەوساى پەرلەمان کرد ، بێ ئەوەى پێم بڵێت دەستت خۆش بێت ، وەک گەنجێک هەوڵێکى باشت داوە،وتى : من پێشوتر وەعدم پێداوى لەم کارە هاوکارت بم ، ئێستا دەبێت هەڵوەستەیە لەسەر ئەم قەزیەیە بکەم .!. ( وەک بڵێی ئەو لە باپیرى من تێکۆشەر تربوبێت) بەهەرحاڵ دوو ساڵ دواى ئەوە بیستمان ، بۆچى پارتى نەى ویستووە ئەنفال بچێتە مەحفەلى دەولى ، گوایە قەتڵ و عامى بارزانییەکان لەو هەشت قۆناغەى ئەنفالدا نەبووە .
(22) ساڵە : وەزارەتى مافى مرۆڤ و کاروبارى شەهیدان لەم هەرێمە هەیە ،(22) سانتیم لەقەزیەى ئەنفال نەچۆتە پێش ، تەنها مووچەى داوەو زەوى و سولفەش بۆکەس وکارى ئەنفالەکان . ئەمەش وەک هەنگاوەکانى تریان بۆ بەرخۆرکردنى کۆمەڵگەیە.نەک وەگەڕخستنى . ئاخر قوڕپێوانى ئەوێت لە ئینتەرنێت ” گۆگڵ” بنوسی ” ئەنفال” هیچ دۆکۆمینت و توێژینەوەیەکت نەداتێ ، گۆگڵ وەک ئەڵێن سەرى هارو مارى ئەم کەونەى تیایە بۆچى ئەنفالى کوردى تیا نییە ؟. بۆچى هۆڵۆکۆستى جولەکەکان و کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان ، سربەکان ، دەنگدانەوەى جیهانى گەورەى هەیە ، ئەنفال نییەتى .
بەپێی ووتەى ” مۆفەق ڕوبەیعى” ڕاوێژکارى ئاسایشى سەدام حوسەین ، لەو کارەساتە (200000) دووسەد هەزار کورد لەناوچوون ، توخوا ئەگەر گەلێک بەقەد ئەندازەى بەکتریایەک ئەخلاق و مۆراڵى هەبێت ، لەدواى کوێرکردنەوەى دێیەکان و کانیاوەکانى ، لەدواى وەها زامێکى گەورەوە ، تەنها بەچەند ساڵکى کەم بەرئەبنەوە گیانى یەکترو شەڕى ناوخۆ ئەکەن ؟. شەڕى ناوخۆى یەکێتى و پارتى بەقەد ئەنفال و زیاتریش گورچکبڕە.ئەمان گوێچکى دیلى یەکتریان ئەبڕى .ئاى خودایە ئەمانە چییان کرد !
ئەنفال ، هەربۆخۆى پرۆژەیەکە بۆ سەربەخۆبونى کورد ، بەس کورد هەموو ساڵێک بۆ درۆو خۆبادان و موزایەداتى حزبى و ئایدۆلۆژی ، چەند سەعاتێک یادى ئەکەنەوەو تەواو ، من لەو پرۆژەیەدا ویستم (3) کارى گەورەبکەم :
یەکەم : لەڕووى نێودەوڵەتییەوە ، بەپاڵپشتى حکومەتى عێراقى ( ئەوکات شیعەکان زۆردۆستى کورد بون هەمان ئازاریان هەبو،ئەمانتوانى وەبەرهێنانى سیاسیی تیابکەین) ئەم کەیسە ببەینە نەتەوەیەکگرتوەکان ، بۆئەوەى ئەنفال و گازبارانى هەڵەبجە بەجینۆساید بناسرێت .
دووەم : کە بەجینۆساید ناسرا، زەمانەتێک دەبێت تاجارێکى تر ئەم گەلە تووشی وەها نەهامەتیەک نەبێتەوە ، هەمیش نەتەوەیەکگرتوەکان چۆن قەرەبووى دا بەکوێت ، چۆن ئیتاڵیەکان داواى لێبوردنیان لەلیبیەکان کرد ، ئاوها قەرەبوو بدرێتە کورد ، وە داواى لێبوردن بکرێت .
سێهەم: ئەمویست ئەوە ببێتە سەرەتایەک کە ئەنفال بە دامودەزگا بکرێت ، دوو ناوەندیی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون ، لەسەر ئەم پرسە لەکوردستان هەبن . هەى هاوار چۆن ئەبێت بەڵگەنامەکانى تایبەت بەئەنفال بفرۆشێن بەئەمریکییەکان ؟ چۆن دەبێت حزبە گەورەو بچوکەکان تەسفییەى حیسابى یەکترى بەم بەڵگەنامانە بکەن ؟. لەدواى پرۆسەى ئازادییەوە بەرپرسانى هەرێم (18) تۆن بەڵگەنامەیان دەست کەوتووە لەسەر ئەنفال کوا ؟ چاوەڕێ ئەکەن تەلەف بکرێن ؟ بیسوتێنن ؟. ئەنفال پرسێکى نیشتمانییە.نەک حزبیی .
لەکۆتاییدا ، بەباشمزانى ئەمساڵ ، پێش ئەوەى ببێتە فەوزا لەیادى ئەنفالدا ، بەچەند ڕۆژێک ئەم قسانەى خۆمتان پێشکەش بکەم .
- Latest Posts by بەهرۆز جەعفەر
بەهرۆز جەعفەر: لەبارەی پاڵێوگە نایاساییەکانەوە.
-بەهرۆز جەعفەر: کورد یان ئەردۆگان دەرفەتیان زۆرترە؟
-بەهرۆز جەعفەر: ئایا ئیسرائیل بەڕاستیەتی؟
- All Posts