شەماڵ عادل سەلیم : لەخەونمدا شهپۆلێكی بارانبارین ههرێمی کوردستانی گرتەوە …؟!
لەخەونمدا شەپۆلێکی بارانبارین و لافاو هەرێمی بەتەمای خوای گرتەوە ,لەماوەیەکی کەمدا دەفتەرە دۆلارکانی مەسئولە خەم خۆرەکانمان کە بۆ ڕۆژی ڕەش وتەنگانە لە ژێرزەمینی کۆشک و تەلارەکانیان هەلیانگرتبوو وەک گەڵای وەریو کەوتنە سەرئاو و شەقام و کوچەو کۆڵانەکانی شاریان داپۆشی ، خاوەنەکانیشیان لە ترسی لافاوەکە بێ ئاوڕ دانەوە بەرەو شاخەکان ڕایان دەکرد، ، خەڵکی ئەو دەڤەرەی ئێمە لەخۆشیان نەیان دەزانی بەرام بەر بەو نیعمەتەی خوا شوكری خوایان بکەن، یان دەفتەرە دۆلارەکان خرکەنەوە و بێمنەتانە ژیانی خۆیان و خانەوادەکانیان لەو(تەقەشفە ) پێ مەیسەربکەن ….!!
ئای کەسەیربوو ، مناڵە ڕەشوڕوتەکانی ههرسێ شارهكهی ههرێم بەیەک دەنگ لە کوچەوکۆڵانەکان دەگەڕان وهاواریان دەکردوو دەیانگووت : (هەیاران ومەیاران ، یاخوا هەرزۆر بێ باران ، بۆفەقیروهەژاران ) ، (هەیاران ومەیاران ، یاخوا ببارێ باران ، بۆ ئێمەی هەژاران ) .
ژنە شەهیدێک ،بە جلێکی رەش و لەچکێکی رەشەوە هاتبووە سەرشەقام و یەک فەردە ( گونیە ) دۆلاری کۆکردبوەوە ،لەخۆشیان هاواری دەکردوو دەیگووت : زۆر شوکر خودایە ، چیتر منالەکانم برسی نابن و سەیری دەستی نامەردان ناکەین وچیتر کەرامەتمان قوربانی دەرامەتیان نابێت !! .
پێشمەرگەیەکی بێ مووچەی داماو بەچاوی تێڕمان سەیری دۆلارە سەرئاوکەوتووەکانی دەکردو لەپێش خۆیەوە دەیگووت : بەهەوەنتە نەگوتراوە (مالی سپی بۆ رۆژی رەشە )، لەمە ڕەشتر نابێ ….. کۆیکەنەوە هەژارانی بەشمەینەت، ئەوە پارەی گومرگ و کۆمپانیا و نەفت و گازی دزراو و تەنانەت ئەو بودجەیەیە کە لە بەغداوەش دێت ،مەسئولەکانمان لە ژێرزەمینی کۆشکەکانیان لێمانیان شاردۆتەوە و دەشڵێن پارەمان نییە …..!!، کۆیکەنەوە ، کۆیکەنەوە ، کۆیکەنەوە دۆلاری هەرزان و بەلاش…… !!
خەلکی شارەکان هاتبوونە ڕاوە دۆلار ، جوتیارو وەرزێر و کرێکارەکان بەسەدان (فەردە) دۆلاریان کۆکردبووەو بەماوەیەکی کەم پرۆژەکانیان بەگر خست وکوردستانیان بوژاندەوە ، کەرتی کشتوکال بوژایەوەو قەیرانی ئاسایشی خۆراک کۆتای پێهات ،دێهاتە خاپورکراوەکان ئاوەدان کرانەوە ، کارگەکان کەوتنەکار ، کالاو کەلو پەلی کوردستان بۆ سەرجەم وڵاتان دەنێردراو کەس نەما نەبێتە خاوەن پارەوزەوی و ملک ، کێشەکانی هەرێم و بەغدا بە جاڕدانی کۆماری کوردستانی دیموکراتی ویەکسانی چارەسەر بوو ، کەرکوک کرا بە پایتەخت ، (تەقەشف) و موچە برین کۆتای پێ هات ، حوکمی وڵات کەوتە دەست هەژارو چەوساوەکان، حزب حزبانی و شەڕە پەڕۆ دووئیدارەیی ودووئیرادەیی بنبڕ کرا ، پۆستەکان دابەشکران ، وەزارتی پشمەرگە درا بە پشمەرگەیەکی بەئەزموون رۆژانی مقاوەمەت ، وەزارەتی شەهیدان درا بە دایکە شەهێدێک ، وەزارەتی پەروەردە درا بە مۆماستایەکی دێرینی خاوەن ئەزموون ، وەزارەتی تەندروستی درا بە دکتۆرێکی دڵسۆزولێزان ، وەزارەتی دارایی درا بە ئابووری ناسێکی ئەکادیمی بلیمەت ، بۆ پۆستی سەرۆک کۆمارو سەرۆک حکومەت بەدەیان ئافرەتی لێهاتوو و بلیمەتی کوردستان خۆیان کاندیید کرد ، لە هەڵبژاردنێکی دیموکراتی کەم وێنەدا ئافرەتێک بێ لایەن بەزۆرینەی دەنگ بۆ سەرۆک کۆماری کوردستانی دیموکراتی هەڵبژێردار ، ئافرەتێکی تریش لە هەڵبژاردنێکی بێگەرد بۆ پۆستی سەرۆک حکومەتی کۆماری کوردستان هەڵبژێردرا …….
لەبری پەرلەمانی ئیفلیجی وپەککەوتوو ،ئەنجومەنێکی باڵای نیشتیمانی بێلایەن لە خەڵکانی دڵسٶزی کۆماری کوردستان پێکهات کە بەیەک رەنگ و یەک دەنگ کاریان بۆ کۆمارە دیموکراتیەکەیان دەکرد …… ، نەوت و گازی کوردستان کە سەروەتی یەکەبەیەکەی خەڵکی کوردستانە لە ماوەیەکی کەمدا خۆمالی کراو بووبە موڵک وسەرەوتی راستەقینەی وڵات و دانیشتوانەکەی و نەوەکانی داهاتوی کۆماری کوردستانی دیموکراتی ، پارەی فرۆشتنی نەوت و گاز زۆر بە شێوەیەکی شەفاو و دیار لە خەزێنەی کۆمار دادەنرا و لە ماوەیەکی کەمدا بەهەشتێکی راستەقینە بۆ گوزەرانی خەلکی کۆماری کوردستان بنیاتنرا و خەڵکی لە پاڵ سیستەمی دیموکراسی و تەکنۆکرات وئازادی تاك وسەروەری یاسا حەسانەوە ، بە مەرسومێکی کۆماری ئاوەرەکانی هەندەران بۆ سەرزێدی باب و باپیرانیان گەڕانەوە و هەرکەس لە بوارو لێزانی و ئەزموونی خۆی بەپرەنسیپی ( کەسی شیاو لە شوێنی شیاو ) بەبێ جیاوازی دامەزرێندران…… !!
تاکە زەرەر مەند لەم باران بارینە مەسئولە ورگ پرەکانی نەفت وگاز بەرێکەر بوون، لەماوەیەکی کەم ژێرزەمینەکانیان لە سەروەت وسامانەکانیان خالی بوون و هاتنە سەر ساجی عەلی و کەوتنە بەر نەفرەتی ئەرزوئاسمان .
لەناکاو زەنگی تەلەفۆنەکەم لێیدا ،هەڵم گرت هاوڕێیەکەم داوی لێکردم بەزووترین کات لەبەردەم پەرلەمان ئامادەبم بۆ نارەزایی دەربرین لە دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی هەشتەم ، دەست بەجێ هەڵسام خۆم ئامادەکرد و لەبەر خۆشمەوە دەمگووت : تۆ بڵێی ، خەونەکەم بێتە دی وچیتر هەژارانی وڵاتەکم ئاوارە و بێ بەش وبێ وڵات و ڕووتوڕەجاڵ و برسی نەبن ….. ؟!