ئازاد حەمدى : وەنەوشە سەرشۆڕەکەى ژێر تووتڕکەکانى باخى میر …
لەبیرم دێ .. هەموو ساڵێک ، پاش هەفتەى دووهەمى مانگى شوبات ، لە چایخانەکەى ( کاکە عارف حاجى فەرەج ) ناسراو بە عارفی چایچى .. چایخانەکەى لە مەیدانى چوار ڕێیانەکەى ناو بازاڕی هەڵەبجەبوو .. چەند گووڵە وەنەوشەیەک لەناو پیاڵەیەکدا لەسەر مێزى دەغیلەکەى و تاکە یەکیشی بەسەر یەخەی مراد خانیەکەوە دەبینرا کە مژدەی سەرەتای داهاتنى بەهارێکى نوێی جاڕ ئەدا … ئەم گووڵە وەنەوشەیەیە کە چەند دانەیەکى دانسقە بوو ، لە لایەن کەسایەتى ناسراوى هەڵەبجە بەڕێز [ داودى حاجى سەعید ] برای تێکۆشەرى بەرگەگر کاک [ عومەری حاجی سەعید بۆیاخ چى ] بوو ، پێشکەش بەکاک عارفی دەکراد ….
ئەم بەڕێزە ، کەبەداخەوە ( وێنەیەکیم بەدەست نەگەیشت ) کەسایەتیەکى خزمەتگوزار بوو لە سیانزە ماڵەى هەڵەبجەبووە ، ، ئەرکى ڕۆژانەى لە هاویندا ئاو هێنان بوو لە مزگەوتى پاشاو جامیعەوە بۆ ئاوڕشێنکردنى شەقامە سەرەکیەکان ، بە دوو تەنەکەى پڕئاوکراوى هەڵواسراو بە سەر شانیەوە … لەگەڵ ئەمەشدا ئەو چایخانەو شوێنانەى پێویستیان بە ئاو دەبوو بۆی دەهێنان . ئەم کەسایەتیە وەکو زۆری دانیشتوان هەژار و کەم دەرامەت بوو .. بەڵام بە ئارەقی ناوچەوان سەربەرزانە بژێوی ژیانی دابین دەکرد .. پیاوێکى باڵا بەرز و ڕووخۆش و قسە خۆش بوو ، لەبەر ئەمە ئەو شوێنانەى پێویستیان بە خزمەتگوزاری ئەو بووایە پەنایان بۆ دەبرد … یادی بەخێر .
وێنەکە هی کاک عارف چایچی یە لەساڵی 1951 گیراوە .