barzani-1

بەهرۆز جەعفەر : سەرۆک ، کەس نازانێ کوردستان لەکوێیە !

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سیاسەت ، هونەرە ، ئەزمونکردنە،زانستە. لەهەر شوێنێک کۆمەڵگە هەبوو ، ئۆتۆماتیکى سیاسەت هەیە ، تا تاک و کۆمەڵیش بەردەوام بێت ، سیاسەتکردن بەردەوامە . چونکە یەکسەر کەمینەیەکى فەرمانڕەواو زۆرینەیەکى فەرمانپێکراو ( حاکم و مەحکوم) دروست ئەبێت . ئەمە بۆئەوەیە هونەرى ئیدارە دانى دەوڵەت و کۆمەڵگە ، وەک ئیشە سەرەکیەکەى سیاسەت بچێتە سەر سکەى خۆى . ئینجا هەرئەوە بەس نییە کەمینە فەرمانڕەواکە بتوانن ، ئاسایشى نیشتمانى و پلانێکى ستراتیژیی تۆکمە وەگەڕبخەن ، پەیڕەویی حوکمڕانییەکى باش (good governance) بکەن . بەڵکو دواجار دوو خاڵى گرنگتر هەیە بۆ دروستکەرانى بڕیارى سیاسیی و سیاسەتێکى تەندروست :
یەکەم : چاودێریی جێبەجێکردنى سیاسەت لەناو کۆمەڵگە ، وە لەچوارچێوەکانى ئاسایشى ئیقلیمى و نێودەوڵەتیدا .
دووەم : هەڵسەنگاندن (تقیم-Evaluation).
لەم ماوەیەى تەمەندا ، وێڕاى پشکنینى کایەى سیاسیی لەهەرێم و پارچەکانى ترى کوردستان ، چەند وڵاتێک گەڕاوم ، لەگەڵ چەندین وەفدو کەسانى ئەکادیمیش دانشتووم ، ئەوە هەفتەیەکە دەستم بەخویێندنى ماستەر کردووە ، لەبوارى ( پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و سیاسەتى ئابوریی یەکێتى ئەوروپا) لەو ( قبرێ ) ەى هەلومەرجەکەى هەر ئەڵێی کوردستانە .لەم زانکۆیە نوێنەرو خوێندکارى زیاد لە (80) دەوڵەتى جیهان ناویان تۆمارکردووەو ، ڕۆژانە بەریەک ئەکەوین ، هیچ کام لەمانە نەدەزانن کوردستان چییەو نە دەشزانن دەکەوێتە کوێی گۆى زەوییەوە ؟. لەمەش ئەولاتر لەهەر تەیارەخانەیەکى ئەم سەرزەوییە یەکەم پرسیار ( کەبۆئێمەى کورد و کوردەکانى هەندەرانیش ناخۆشە) ئەوەیە لەکوێوە هاتویت .؟. پرسیارى (where are u from) . بەتەواوى ئینسانى خاوەن هەست و ئینتیما ئەتەزێنێ ، چونکە هەردەبێت لەوەڵاما بڵێین (عێراق-iraq) . بۆکوردەکانى سوریاو تورکیاو ئێرانیش هەروایە ، هەموویان ئێرانى و عێراقى و سورین ، خۆشمان بکوژین ئێمە هەر عێراقین !. لەماڵى خۆت هاتیتە دەر ئیتر کوردستان نایخواو ، نایواتێ .تورکەکە ووتى : کوردستان یۆخ !.
سەرۆک ، ئەها . چەندین جار خۆت ئەتوت ، من بۆیە بومەتە سەرۆک (3) ئامانجم هەیە ..
 یەکەمیان : سڕینەوەى ئاسەوارى شەڕى ناوخۆ .
 دووەم : کوردستان بکەمە موئەسەسات .
سێهەم: لەڕووى دیبلۆماسییەوە کوردستان بەجیهان بناسێنم . ئەها لەکورتى داوە ئامانجەکە ، ئەوسیاسەتەى داتانڕشتووە ، پێویستى بەهەڵسەنگاندنێکى باشتر هەیە ، چونکە ئەگەر وابڕوا کەشتییەکە نامانگەیەنێتە کەنار.. خواو خەڵک و خۆشت دەزانیت نەئاسەوارى شەڕى نێوخۆ سڕاوەتەوە ( کورد زۆر ئازان بۆ پەلاماردانى یەکتر) نە موئەسەسات دروست بووەو ، نەکوردستانیش چووەتە مەحفەلى دەولى ،، هەر هیچ نا … نەتانتوانیوە لە ئەوروپاو ئەمریکا لۆبى و خەڵکانێکى خوێنەوار بچێنن !!. تواناسازى چییە ؟ تواناسازى ؟. بە سەدان ملیاردۆلارى تیاسەرفکراوە ، سبەینێ ئەوانەى شەهادە دێننەوە ، ئەبنە مشەخۆرو مووچەخۆر بەسەر حکومەتەوەو بڕایەوە ، کێشەکان وەک خۆیان دەمێنن .؟. بۆ ؟ چونکە هەڵە لەسیاسەتەکەدا هەیە . کێتان بۆکوێ پێگەیاندووە ..؟. ئێمە تورکیامان والێکرد موعجیزەى ئابورى بخوڵقێنێ و قەیرانى ئابوریمان بۆ چارەسەرکردن ، ئێمە قونسلخانەو نوێنەرایەتى زیاد لە (20) دەوڵەتمان هێناوەتە کوردستان ، بۆچى هاتون ..؟. ئێمە خاوەنى نزیکەى (25) کەناڵى ئاسمانى کوردین ، سەدان سایت و ڕۆژنامەمان هەیە بۆ نامان ناسن ؟. ئێمە سەرچاوەو شوێنگەى سەرهەڵدانى شارستانییەت و ئاینە گەورەکانى ناوچەکەین ، بۆنامانناسن ؟.
ئاخر ، سەرۆک ، لەکوێی مێژووی  مرۆڤایەتیدا هەبووە ، گەلێک ئەنفال و سوتماک بکرێت ، دوو ساڵ دواى ئەوە لەبرى باوەش پێکا بکەن ، دەست بکەن بەشەڕى ناوخۆو گوێچکى یەکترى ببڕن . ئاخر درەنگە بەخوا ، ئەم نەوەیەى بەڕێوەیە نەوەى ئیمۆو سێ چارەک و گێڵ فرێند و تانگۆ و ئارایشتە ، نەوەى شۆرش و گۆڕانى ڕیشەیی و بیرى ناسیۆنالیزمى قووڵ نییە . نەوەى تێفکرین و بیرى نیشتمانیی فراوان نییە . خەڵکینە (22) ساڵ لەحوکمرانى کەس نازانێ کورد کێیەو کوردستان لەکوێیە ، ئێوەش هەر خەریکى حزب پەرستى و چاتە چاتى نێوخۆیی بن .!.
  

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت