دکتۆر کەمال میراودەلی : بە کوردیی قسە دەکات تورکە وەزیر .
بە کوردیی قسە دەکا وەزیر، تورکە وەزیر
بە کوردیی دەپەیڤێ
لە قوڕگییەوە سازی کوردی
وەک یەکەم قوڵپی نەوت
لە چالێکی تازە هەڵکەنراوەوە
خۆڵاویی و نەپالاوتە
دێتە دەرێ
گزیرەکان لە خۆشییا هەڵدەپەڕن
وەزیر چەند بەخشندەیە
لە پاداشی داگیرکردنی ولاتێک و سامانەکەی
لە پاداشی١٠٠ سال زیندانی زمان و ژیان و ئازادیی
دوو سێ وشەی نیفاق بەکوردیی دەفلقێنیت
مناڵەکانی ئامەدو دەرسیمیش
سەد ساڵە چاوەڕێن
قوتابخانەی کوردییان بۆ بکرێتەوە
ئەلف و بێی زمانەکەیان فێر بن
لە جیاتی ئەمە
دەرگای زیندانی زۆر
زیندانیی زۆر
گۆڕستانی زۆر
چ قەیدییەتی
ئەوە نییە
تورکە وەزیر
حەوت وشەی کوردی دەرپەڕاند
قەرەبووی هەموو مێژووی کردەوە
بەس هێشتا
نەوت و گازو بازاڕی
باشووریشی دەوێت
مەزاتکردنی خۆراواشی دەوێت
کۆیلەکانیش لە خۆشییا
دەمو چاویان
وەک قۆندەرەیەکی رەشی تازە بۆیاغکراو
دەبریقێتەوە
بە کوردیی قسە دەکا تورکە وەزیر
ئیدی حیسابی نەوت
و فرۆشتنی خاک
شەرەف، بازار ، مێژوو
چ باسە
تورکاندنی کەلتوورو زمان و شار چ باسە
ئیدی با هەواڵی ئۆجەلان نەپرسین
با هەواڵی مەرگ و جەزرەبەو زیندان نەپرسین
زمانبڕینی مناڵان نەپرسین
ئیدی با لە خیانەت لە خۆراوا نەترسین
بەکوردیی دەفلیقێنێ تورکە وەزیر
با لە ئاوارەیی نالی نەپرسین
با لە خەمی حاجی نەپرسین
با لە خوێنی سەعیدو فوئاد نەپرسین
با لە سەد ساڵ داگیرکاریی و تاوان نەپڕسین
بەکوردیی قسە دەکا تورکە وەزیر
کۆیلەکان هەڵدەپەڕن .
بەکوردیی قسە دەکا تورکە-وەزیر
ئیدی با دەستووری عێراق
بدڕین
با پێوەندی لە گەڵ بەغدا
ببڕین
سەددام چەند خەمی بوو
کوردیی فێر نەبوو تا
لەگەل رانکوچۆغە شینەکانی
سەرچۆپی کوردیی بگرێ و
بە زمانی کوردیی
هەڵداتە ستران
بە گەورە موستەشارەکان بڵێت :
سوپاس کوڕە ئازاکان
تورکەکان زیرەکترن
دەزانن
چۆن قۆندەرە بۆیاغ بکەن .