فەتاح حەسەن : بۆ یادی هەشتی مارس .
لە چاوەڕوانی ( عادلە خانمێك) دا
رەشماڵ بە رەشماڵی ، هۆزی جافان گەرام .
لەوێ نەبووی !
( باخی میر ) و ( کانی ئاشقان ) گەڕام .
لەوێ نەبووی !
بە ئەسپەشێ
شارەزوور و سنە و هەورامانیش گەڕام .
لەوێش نەبووی .
ئەی تۆ لە کوێی ؟
ئەی شاژنی بێ تاجی شاری شارەزور.
لەسەر گڵکۆکەی ( تاهیر بەگ )
لە مەزاری عەبابەیلێ
فاتیحام خوێند .
لەوێش نەبووی !
پیرێك وتی هێی بێخەبەر
( خان بەهادوور ) * ئێوە خۆش
بڕوام نەکرد.
هەبێ و نەبێ خەڵەفاوە !
( ئەحمەد موختار ) شەهیدکرا .
وتم یاران
شاژنی بێ تاجی شاری شارەزوور
هەر دێتەوە ..
دە، وەرەوە، بێ قەزابی !
رادێو تەلەفزیۆن نەما
رۆژنامەو گۆڤار نەما
بۆ هاتنەوەت ..
بانگەوازی تیادا نەکەم
تاکو ئێستا، دەنگت نییە رەنگت نییە ..
دە، وەرەوە ، بێ قەزابی !
ئەمڕۆ، لە هەموو رۆژێك زیاتر
کچ و ژنی وڵاتەکەم
پێویستییان بە
( خان بەهادوور ) ێکی وەك تۆیە .
……………………………………………..
عادلە خانم ، کچی عەبدولقادر بەگی ساحێبقڕان و هاوسەری ( عوسمان پاشای جاف- وەسمان پاشای جاف ) بوو ، دایکی هەردو شاعیری ناودار ( ئەحمەد موختار بەگی جاف) و ( تاهیر بەگی جاف ) بوو .
ساڵی ١٨٥٩ لە ( سنە ) لە دایك بووە ، لە ١٩/٧ / ١٩٢٤ لە هەڵەبجە ، کۆچی دوایی کردووە.
لە سەردەمی خۆیدا ئنگلیزەکان ، لەلایەن خۆیانەوە نازناوی بەرزی هیندی *
( خان بەهادوور ) یان ، بە( عادلە خانم ) بەخشیوە ، بەهادوور بەمانای ئازا .