لوقمان غەفوور : بارزانی ، بەشپرزیی و پەرتەوازەییەوە هەڕەشەدەکات .
مەسعود بارزانی لەرۆژی 6/3 لەمیانی هێنانەوەی روفاتی 93 ئەنفالکراوی بارزانیدا ، هەڕەشەی لەمالکی کرد کە هەڵوێستێکیان دەبێت چاوەڕوانی نەکەن .
بارزانی دەبوو ئەو هەڕەشانەی لەو وادە و شوێنەدا بکردایە ، چونکە لەبەردەم روفاتی 93 ئەنفالکراوی خێڵەکەیدا ئەگەر هەڕەشە نەکات ، ئەوا دوور نییە بارزانییەکانیش ئیتر بەسەرۆکی خۆیانی نەزانن ، بەڵام بەو پەرتەوازەییەوە کە ئێستا هەموو کوردی تێدایە ئەو هەڕەشانە لەهەولێر تێپەڕناکەن ، هۆکاری ئەوەش ئەوەیە چەکەکانی دەستی بارزانی ، چەکی کوردی نین ، بەڵکو چەکی تورکی و سونین ، کەواتە شەڕکردن بەچەکێک کە خۆت خاوەنی نەبیت ، سەرکەوتن مەحاڵە.
زۆر جاری تریش ئەم جۆرە چەکانەمان بەدەست پارتییەوە بینیوە و دواتر سەرکەوتوو نەبووە ، خۆ ئەگەر بەپێوەری دەنگدانیش لێکی بدەینەوە ئێستا بارزانی جگە لەوەی سەرۆکی ماوە بۆ درێژکراوەیە و شەرعی نییە ، لەهەمانکاتدا دەنگی 29%ی خەڵکی کوردستانە ، ئەویش بەوەی کە تائێستا بەیەکێتی هاوپەیمانییەوە پشتگیری هەڕەشەکانی نەکردووە، ئەمە جگە لەبزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو کە پشتگیری ناکەن ، کەواتە ئەو پشتگیری نەکردنەی مەسعود بارزانی وامان لێدەکات بڵێین ئەم پیاوە نەیتوانی لە4 ساڵی رابردوودا دەنگی نێو حزبەکان بۆ خۆی راکێشێت ، بەپێچەوانەوە ئەوەندەی ئیشی لەسەر پارچەکردنی حزبەکان کرد ئەوەندە ئیشی لەسەر یەکدەنگی نەکرد ، هەموو ئەو هەڵانەی کە پارتی پێشتر کردنی هەر لەرێگری بۆ پێدانی هیچ پۆستێکی وزاری بە گۆڕان لەبەغدا ساڵی 2011 و سوتاندنی بارەگاکانی یەکگرتوو لەبادینان و لێدان لەشکۆی عەلی باپیر بەوەی پەیوەندی بەبەعسەوە هەبووە ، دەرئەنجامەکەی ئەو خۆ بێدەنگکردنەی لێکەوتەوە بەرامبەر ئەو هەڕەشانەی کە بارزانی کردنی ، هاوپەیمانەکەشی کە یەکێتییە ئەوەندەی ئایندەی خۆی لەبەغدا لەگەڵ شیعەدا دەبینێتەوە ئەوەندە لەگەڵ پارتیدا نایبینێتەوە .
بارزانی بەم بێدەنگبوونەی حزبە کوردستانییەکان دەبێت لەوە تێبگات کە زیانێکی گەورە بەحزبەکەی دەگەیەنێت ، چونکە دەسەڵاتدارانی بەغدا نەک بەردەوام دەبن لەسەر فشارەکانیان ، بەڵکو بەلایانەوە ئاساییە سبەی کورد عیراق بەجێبهێڵێت ، بەڵام ئەوانیش لەوە دڵنیا بوون کە کورد لەبەجێهێشتنی بەغداشدا یەکگرتوو نییە ، بۆیە کارتەکانیان فڕێداوەتە سەر مێزی پارتی ، ئەوان لەوە دڵنیا بوون کە پارتی لەهەولێر تاک و تەنیایە و هیچ هێزێکی سیاسی کوردستان پشتگیری ئەو بارزگانییەی ناکات بەنەوتەوە .
بارزانی باسی لەشکۆ و هەیبەتی کورد کرد کە مالکی دەیەوێت بیشکێنێت ، درککردن بەشکاندنی شکۆ لای تاکی کورد کاتێک لەهەستیدا دەوروژێت ئەگەر پەرلەمان و وەزیرە کوردەکان لەبەغدا نەبن و مانگەکانی کانوونی دووەم و شوبات و ئادار مووچەکانیان لەبەغدا بەمۆڵی وەرنەگرتبێت و لەهەرێمیش مووچەخۆر مانگی لێنەکرابێت بە50 رۆژ، ئیتر نازانم شکۆ و هەیبەتی کورد ، مالکی شکاندویەتی یان نوێنەران و وەزیرەکانی کورد کە لەبەغدا دانیشتوون و ئاگایان لەهەرێمی کوردستان نەماوە .
کاتێک مالکی لەبەردەم کەسێکی حزبی وەک عادل موراد-دا کە هیچ پۆستێکی حکومی نییە لەعیراق و کوردستان، بەڵێن دەدات مووچەی شوبات بنێرێت ، ئەوا بەتیرێک دوو نیشانە دەشکێنێت لەلایەک پارتی کردە هۆکاری سەرەکی کێشەکانی هەرێم و بەغدا و لەلایەکی تریش یەکێتی کردەوە بە ژمارەیەکی نوێ لەهاوکێشەکانی عیراق و دەنگی داهاتووی یەکێتی بۆ خۆی مسۆگەر کرد ئەگەر بۆ خولی سێیەم خۆی کاندید بکاتەوە بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بەو مەرجەی سونەکانیش رازی بکات کە ژمارە دووی هاوکێشەکەن و سەرۆک کۆماری عیراق لەدوای هەڵبژاردنی 30 نیسانەوە بۆ ئەوانە.
کۆتا ئەوەی کورد بەگشتی چنییەوە لەقسەکانی بارزانیدا ئەوەیە بەدەنگێکی شپرز و بەماڵێکی پەرتەوازەوە هەڕەشەی کرد کە نەک خەڵکی دڵخۆش نەکرد ئەوەندەی تر خەڵکی بێزارکرد ، باشترین بەڵگەش بۆ ئەم قسانە ئەوەیە کە گرتنەوەی بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە نەبووە هۆی ئەوەی کورد دژی سیاسەتی مالکی بڕژێتە سەر شەقام داوای ئەو مافەی خۆی بکات ، هۆکارەکەشی ئاسانە، چونکە خەڵکی لەوە دڵنیان پارە لەنێو بانکەکانی ئەوروپا خزێنراون و لەبانکەکانی ناوخۆش چۆڵکراون .