sermaye

دکتۆر محەمەد ئەمین گەناوی : سەرمایەی بێ سەر .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

واژەی سەرمایەو سەرمایەداری جگە لە مانا زمانەوانی و وشەیی و ئابوریەکەی لەگەڵ پێشکەوتنی قۆناغەکانی ئابوری و کۆمەڵایەتی بۆتە چەمکێ (concept) کە ڕەهەندی ئایدۆلۆژی، زانستی ، سیاسی، کۆمەڵایەتی وە جیهان بینی تایبەت بەخۆی لەگەڵ خۆیا هەڵئەگرێ .
چەمکی سەرمایە و سەرمایەداری وە ڕۆڵیان لەسەر کایەکانی ژیانی تاک و کۆمەڵەکان پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە پەیوەندیە ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانی هەر کۆمەڵگایەکەوە هەیە کە لێرەدا فەرهەنگ و شارستانی وە هەتا بیری ئاینی ڕۆڵیان هەیە هەروەکو لە گۆشەکانی ڕابردودا لە بابەتەکانی ئابوری و فەرهەنگ وە ئابوری و شارستانی دا شرۆڤەمان بۆ کردبوون .
لەگەڵ دەستپێکردنی دەورانی رینسانس لە ڕۆژئاوا کە هەموو کایەکانی ژیان وەکو زانست ، هونەرو وێژە، فەلسەفە ، وە سیاسی و فکری و ئابوری و کۆمەڵایەتی گەشەی بناغەی بەخۆوە بینی کە تا ئێستاش زۆریان بوونەتە بەرنامەو بناغەی ژیانی ئێستای مرۆڤایەتی، بە هەمان جۆر ئابوری و سەرمایەش گەشەی بناغەی بە خۆوە بینی وە هەر ئەم گەشەکردنە و تێ گەیشتنە نوێ یەی ئابوری و سەرمایە بوو، کە بوونە هەوێنی شۆڕشی پیشەسازی و زۆربوونی سەرمایەو ئەمجار دروست بوونی بیری کۆڵۆنیالیستی لە ڕۆژئاوا کە سەرمایەی تیا دروست بوو. سەرمایەو سەرمایەداری بە هەموو دووربینیەکانیانەوە توانیان شۆڕشی گەورەی مرۆڤایەتی دروست بکەن بە تایبەت لەم 150 ساڵەی ڕابردودا کە تا ئێستاش بەردەوامەو بەردەوامیش ئەبێ کە هەموو مێژووی چەند ملیۆن ساڵەی مرۆڤ بە خۆیەوە نەبینیەوە لە رووی جۆری و پەیوەندیەوە لە نێوان مرۆڤەکان لەگەڵ پێشکەوتنی سەرمایەو بە جیهان بوونی سەرمایە و پێشکەوتنی بیری سیاسی و کۆمەڵایەتی گۆڕانی مەزنی بەسەراهات هەر لە بیری دادپەروەری کۆمەڵایەتی، تاک گەرایی و بازاڕی ئازادو ئازادی یەکتر قبوڵ کردن تا ئەگاتە یاساگوزاری و دیاری کردنی ئەرک و مافی هاوڵاتی و جۆری دەوڵەت و حکومەتەکان واتە مانای سەرمایە و سەرمایەداری لە چەمک و مانا ئابوریەکەوە بەرەو ئەمە چوو وە ئەچێ کە ببێتە سستمی ژیان و سیاسەت لە جیهاندا. لە هەموو ئەو وڵاتانەی کە سەرمایەو سەرمایەداری ڕۆڵی باشیان هەبووە لە پێشکەوتنی ئابوری، تەکنەلۆژیا وە فەرهەنگ و شارستانی و ماناکانی مرۆڤی ئەگەڕێتەوە بۆ :
1-خاوەنی سەرمایەکان ، واتە سەرمایەدارەکان ئاشکراو دیارن وە ناسین وناسنامەی خودی سەرمایەدارەکان بۆ خۆیان بەهای ئابوری و اعتباریان هەیە. ئەمڕۆ لە ڕۆژئاوا یەک کۆمپانیایش نیە نەزانرێ کێ خاوەنداریەتی یان کێ پشکی تیایە هەتا لە پاشای وڵاتان خەڵک ئەزانێ سەرمایەکەی چەندەو لە کوێ سەرمایە گوزاری کردووە .
2-سەرمایە بە شێوەیەکی زانستی بە پێی پێویستی جوگرافی ئابوری و کۆمەڵایەتی سەرمایەگوزاری کراوە تا بتوانرێ کەڵک لە زۆربەی هێزی کارو مرۆیی وەربگیرێ، وە زۆرترین خەڵک بتوانن کەڵک لە سەرمایەی وڵات وەربگرێت لەسەر ئاستی ناوخۆی وڵات کە ئێستا ئەمە سنوری نەتەوەیشی بەزاندووە و بعدێکی جیهانی وەرگرتووە ، هەڵبەتە ئەم بعدە جیهانیە لە سەردەمی کۆڵۆنالیزمەوە دەستی پێ کردووە، کە لە سەرەتادا بە ئامانجی دەست کەوتنی کەرەسەی خاو بوو ئەمجار وزە بەڵام ئەمڕۆ گواستنەوەی سەرمایە، مرۆڤەکان وە تەکنۆلۆجیاشی گرتۆتەوە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر وە لە کیشوەرێکەوە بۆ کیشوەرێکی تر کە دور نیە لە داهاتوودا لە هەسارەی زەوییەوە بۆ هەسارەیەکی تری گەردون بێ .
3-ڕێکخستنی سەرمایە لە ڕێگەی یاسا گوزاری و دامەزراوە داراییەکان وە دامەزراوە سەرمایە گوزراریەکانەوە کە ئەمانە هەمویان پەیوەندیان بە سیاسەتی ئابوری دەوڵەتەوە هەیە تا ئەگاتە بەهای قازانجی بانکەکان و بەرزی و نزمی بازاڕی پشکەکان ( بۆرسە ) .
واتە لەو شوێنانە کەئابوری تەندروست و چالاک هەیە هەم سەرمایە هەم سەرمایەدار دیارن و ڕۆڵیان ئاشکرایە لە چالاکی ئابوری دا .
بەڵام لە وڵاتانی جیهانی سێ یەم  نەئەزانرا بەراستی کێ سەرمایەدارە وە سەرمایەی کەسەکان چەندە؟ بۆ نمونە لە وڵاتانی نەوتی لە جەزائیر و نێجیر  ولیبیاوە بگرە تا وڵاتانی کەنداو و عێراق و ایران کە بوونی سەرمایەی بە دەست هاتووی نەوتی تا ئێستا بە دەیان ترلیۆن دۆلار مەزەندە ئەکرێ کەس نازانێ سەری ئەم سەرمایانە کێ یە و لە کوێ یەو بۆچی بەکار هاتووە و بەکاردێ جگە لە هەندێ حاڵەتی تخمینی نەبێَ کەئەڵێن فڵان پاشای نەوتی یان سەرۆک ئەمەنەی سەرمایە هەیە بەڵام دوبارە سەرەکەی دیار نیە  کە کێ یە ؟
وە سەری ئەم سەرمایە بە چ دەزگایەکی دارایی و ئابوریەوە بەندە ؟
ئێستا لەمیدیاکانی کوردستان بە چڕی باسی ئەوە ئەکەن کە لە کوردستانی عێراق زیاتر لە دە ملیار دێر و دە هەزار ملیۆنەر هەیە بەڵام کەس نازانێ سەری ئەم سەرمایانە کێ یە و لە کوێ یە بۆیەش ئەم هەموو ملیاردێرو ملیۆنەرە ئەگەر ژمارەیان چەند بەرامبەریش بێ هیچ بەهایەکی ئابوری و سیاسیان نیە بۆ بەرژەوەندی گەل و وڵات .
نموونەش ئەمەیە کە ئەوترێ ئەم هەموو سەرمایە لە کوردستان هەیە کە ئەتوانرێ معجزەی ئابوری پێ دروست بکرێ کەڕاست بەکارهاتبێ ( هەتا مەسەلەی بە شەرعی بوونی ئەم سەرمایەش بخەلاوە کە مەسەلەی شەرعیەتی سەرمایەش   بۆخۆی پرسیارێکی جوهری و گرنگە ) بەڵام ئەبینین ناتوانن مووچەی مانگێ کارمەندان فەراهەم بکەن. ئەمەش ئەمە دەرئەخات کاتێ سەرمایە بێ سەربوو ناتوانێ شوێنیش پەیدا بکات بۆ ئەوەی بەکاربهێنرێ، وە لە کۆتاییدا ئەم سەرمایە بێ سەرانە کە شوێنیان نیەتیا سەرمایەگوزاری  بکرێ  بە ئاسانی لە دەست ئەڕواو لە دەست دەرئەچێ ئیتر پرسیاری بابەت ئەمەیە :
چۆن ئەم سەرمایە بێ سەرانە کەبە شێوە ی سەرمایەی مردو هەیە چالاک و زیندوو بکرێ ؟ ئەمە پرسیارێکە پێویستە بکرێتە بابەتی جدی لەسەر ئاستی حکومەت و خەڵک بە تایبەتی ئێستا کەقەیرانی دارایی و نەبوونی مووچە یەخەی هەموانی گرتووە ئەبێ بە جددی لە هەموو ئاستەکانا سەری ڕاستەقینە بۆ سەرمایەکان پەیدابکرێ و بناسرێن وە شوێنی سەرمایەگوزاری لە ڕێگەی دەزگایەکی نیشتمانی بۆ سەرمایەگوزرای بدۆزرێتەوە. چو نکا تا سەرمایەکان بێ سەرو شوێن بن چاوەڕێی گەشەی ئابوری و چارەسەری قەیرانە داراییەکان ناکرێ .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت