دکتۆر ئەحمەد میراودەلی: کورتە باسێکی زەردەشتاێتی. به‌شی دووهه‌م
بنه‌ماڵه و زادهگا و سه‌رده‌می زه‌رده‌شت
پڕۆفێسۆر، مێری بۆیس : له‌سه‌ره‌تای پەرتووکی” زەردەشتییەکان ، ئاین و بڕوا و نەریتیان ” دەڵێ ” به‌هۆی دێرینی و ونبوونی زۆر له‌ده‌قه پیرۆزه‌کانی ئاینه‌که و گۆڕانکارییه‌کانی به‌سه‌ریدا هاتوون، زهدهشتایێتی دژوارترین بڕوای زیندووه بۆ لێکۆڵینه‌وه و تێگه‌یشتنی ”. لهڕاستێشدا هه‌ر وه‌هاشه. هه‌تا ئێستا سه‌تان کتێب له‌سه‌ر ئاینه‌که نووسراون ، که مه‌خابن هیچیان نه به کوردین و نه له‌لایه‌ن شاره‌زایه‌کی کورده‌وه نووسراون. وه‌ک ده‌شزانین ده‌یان نووسه‌ر و شاره‌زای بیانی کاتێکی زۆری خۆیانیان بۆ لێکۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ئاینه‌که ته‌رخان کردووه . هه‌ر یه‌ک له‌و نووسه‌ر و شاره‌زایانه له روانگه و رێچکه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی خۆیه‌وه سه‌رده‌مێکی بۆ زه‌رده‌شت و زادهگاکهی دیار کردووه و مشتومڕێکی زۆر له‌نێویاندا به‌رپا بووه که هه‌تا ئێستاش نه‌بڕاوه‌ته‌وه . ناوی زه‌رده‌شت و باوک و باپیر و بنه‌ماڵه‌که‌شی، به شێوه‌ی جیاوز و مانای جیاواز لهسهرچاوکاندا ده‌که‌ونه به‌رچاو . بۆ نموونه ، یۆنانییه‌کان وه‌ک ” زۆرواسته‌ر” ناویان هێناوه و زۆربه‌ی نووسه‌رانی رۆژئاواییش ده‌قیان پێوه گرتووه ، نیچی ، له‌کتێبه به‌ناوبانگه‌که‌یدا ” وه‌های گوت زه‌رده‌شت ” به ” زهراثوسترا ” ناوی ده‌بات ، عاره‌بیش به ” زڕادهشت ” و فارسیش به ” زه‌رتوشت ”.
بنه‌ماڵه‌ی زه‌رده‌شت
زۆربه‌ی شاره‌زا و لێکۆڵه‌رانی بیانی له‌سه‌ر ئاینه‌که کۆکن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی، زه‌رده‌شت کوڕی ” پووروشاسپه/ پوورشاسپ / پڕووشه ئه‌سپه pourushaspe” و له‌خێزانی” سپیتامان/ سپیته‌مان/ ئهسپێنتمان Spitaman” ه و دایکی ناوی ” دۆخدوا/ دهخدۆ Dugdhova” یه، باپیره گه‌وره‌شی ناوی” هیشتاسپ/ هیچتسپ Hishtaspa” بووه .1 مامۆستا مه‌ردۆخ له مێژووی کورد و کوردستان دا ره‌چه‌ڵه‌کی ده‌گێڕێته‌وه بۆ مهنوچێری پێشدادی و نووسیویێتی ( زه‌رده‌شت کوڕی پێرسپ، کوڕی کیدا، کوڕی ئاریاک، کوڕی ئاگهند، کوڕی ئاگیر، کوڕی مامیر، کوڕی هه‌رزیان ، کوڕی ئهسپیتهمانه .)
سه‌رچاوه‌کان ده‌ڵێن زه‌رده‌شت، سێ جاران هاوسه‌رگیری به‌ستووه ، ناوی هاوسه‌ری یه‌که‌م و دووهه‌می زه‌رده‌شت هه‌تا ئێستا نه‌زانراوه، وه‌لێ ئه‌وه‌نده زانراوه که له هاوسه‌ری یه‌که‌میان کوڕێک و سێ کچی هه‌بووه. کوڕه‌که‌ی ناوی ” ئیستواسترا ” بووه و سێ کچه‌کانیش ناویان ” فرینی و پڕیتی و پوروچێستا ” بوون . له هاوسه‌ری دووهه‌می دوو کوڕی هه‌بووه ناویان” ئورتتنهتر و هوروچیستهر” بووه . هاوسه‌ری سێهه‌می زه‌رده‌شت که هیچ منداڵی نه‌بووه ناوی” هوفوڤی/ ههڤوڤی/ هووی Havovi” و خوشکی فرهشاوشترهی Frashaoshtra، بنه‌ماڵه‌ی ” هووگوا/ هووگڤا Hugva” بووه .
هه‌ر لایه‌نه و به‌شێوه‌یه‌ک واژه‌ی زه‌رده‌شت ، لێکده‌داته‌وه . لێکۆڵه‌ره رۆژئاواییه‌کان که به‌زۆری ده‌قیان به ناوه یۆنانییه‌که” زۆرواسته‌ر” ه وه گرتووه وا لێکیده‌ده‌نه‌وه که زۆرواسته‌ر، مانای”خاوه‌ن وشتری زۆر” ده‌گه‌یه‌نێ . ده‌شا ئه‌م لێکدانه‌وه‌یه جۆره لۆجیکێک له‌خۆبگرێ ئه‌گه‌ر ئێرانییه‌کانیش هه‌ر به ” زۆرواسته‌ر” ناویان هێنابایه . به‌رای من ئه‌م لێکدانه‌وه‌یه ئه‌نجامی بێ ئاگاییانه له زمانی کوردی .
نووسه‌ری کورد” عیماده‌دین ده‌وڵه‌تشاهی” له‌و بڕوایه‌دایه که واژه‌ی زه‌رده‌شت له” زهرهتاوشهتهرئائی” یه‌وه وه‌رگیرابێت، ” زهره” مانای ” زێڕ” ه و” تا” مانای تابان و دره‌وشانه‌وه‌یه و ”وشهتهر” به‌مانای بارین و” ئائی” به‌مانای” هاتن” دێت و له‌زمانی هه‌ورامی کۆندا مانای” بارین و دره‌وشانه‌وه‌ی تیشکی زێڕینی رۆژ” ده‌گه‌یه‌نێ و زه‌رده‌شت، نازناوێکه هه‌وادارانی پێان داوه. عیماده‌دین ده‌ڵی” پیرشالیاری زه‌رده‌شتی” له به‌رهه‌مه‌که‌یدا به‌ناوی”ماریفه‌ت” زه‌رده‌شت به” سیمیار” ناوده‌بات . 2
هێندێک له‌و بڕوایه‌دان که ناوی باوکی زه‌رده‌شت” پورشاسپ” مانای” پڕ ئه‌سپ” ده‌گه‌یه‌نێ و له‌وانه‌یه پیشه‌ی به‌خێوکه‌ر و به رهسهنکردنی”برید” ی ئه‌سپ بووبێ .
سه‌رده‌می زه‌رده‌شت
سه‌رده‌می زه‌رده‌شت لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی زۆری له‌سه‌ر کراوه. وه‌لێ هه‌تا ئێستاش شاره‌زایانی فه‌رهه‌نگی ئێرانی دێرین هاوده‌نگ نین. سه‌رده‌می زه‌رده‌شت له‌چه‌ند روویه‌که‌وه لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر کراوه و چه‌ند سه‌رده‌مێکی زۆر جیاواز و دوور له یه‌کدی له‌و لێکۆڵینه‌وانه‌دا به‌دی ده‌کرێن و خوێنه‌ر ناتوانێ لێیانه‌وه به ئه‌نجامێکی درووست بگات.
هێندێک سه‌رده‌می زه‌رده‌شت ده‌گێڕنه‌وه بۆ نزیکه‌ی 700 ساڵ پێش سه‌رده‌می ئێستا” به‌واتای پێش له‌دایکبوونی مه‌سیح”، هێندێکیش ده‌یگێڕنه‌وه بۆ نزیکه‌ی دووهه‌زار ساڵ پێش سه‌رده‌می ئێستا و هه‌شن ده‌یگێڕنه‌وه بۆ شه‌ش هه‌زارساڵ و بهرهوژورتریش .
سه‌رده‌می زه‌رده‌شت له‌سه‌ر بنه‌مای ژماره
ئه‌وانه‌ی سه‌ته‌ی شه‌شهه‌می پێش سه‌رده‌می نوێ بۆ سه‌رده‌می زه‌رده‌شت به‌ڕاست ده‌زانن، پشت به‌و ژماره و رووداوانه ده‌به‌ستن که له کتێبه عاره‌بی و په‌هله‌وی و هێندێک سه‌رچاوه‌ی یۆنانیدا هاتوون و، ئه‌وان ئه‌و باسه مێژووییانه‌ی له‌و کتێبانه‌دا هاتوون به‌ڕاست ده‌زانن و ئه‌نجامگیری خۆیانیان له‌سه‌ر بنیاتناوه. ” بوندههیشن” که له سه‌رده‌می ساسانهکاندا نووسراوه ده‌ڵێ، که هه‌زاره‌ی ده‌هه‌م گه‌یشت و زه‌رده‌شت له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگاره‌وه کرا به په‌یامبه‌ر، گشتاسپ دوای ئه‌وه‌ی چووه سه‌ر ئاینه‌که‌ی 90 ساڵی دیکه‌ش فه‌رمانڕه‌وایی کرد، دواتر ژماره‌ی ساڵانی هه‌ر فه‌رمانڕه‌وایه‌کی ئێرانی هه‌تا کۆتایی فه‌رمانڕه‌وایی دارای سێهه‌م به‌ده‌ستی ئه‌سکه‌نده‌ر، تۆمار کردووه که کۆی هه‌مووی ده‌کاته 258 ساڵ. بیڕۆنی و مه‌سعوودیش هه‌مان رۆژگاریان بۆ نێوان زه‌رده‌شت و ئه‌سکه‌نده‌ر داناوه. لێره‌دا مه‌به‌ست له‌سه‌رده‌می زه‌رده‌شت ئاشکرا نیه، نازانین مه‌به‌ست له‌سه‌رده‌می له‌دایکبوونیه‌تی یان سه‌رده‌می بڵاوکردنه‌وه‌ی نامه‌که‌یه‌تی که 40 ساڵیان بهینه. به هه‌مان شێوه، سه‌رده‌می ئه‌سکه‌نده‌ریش روون نییه. پڕۆفێسۆر” هێنینگ” له‌و باوه‌ڕه‌دایه مه‌به‌ست له‌سه‌رده‌می ئه‌سکه‌نده‌ر، ساڵی مردنی دارای سێهه‌می دوا پادیشای هاخامهنشییهکانه. هێرتسفیڵد؛ له‌و بڕوایه‌دایه که مه‌به‌ستی مێژووه‌که له‌دایکبوونی زه‌رده‌شت بێت. به‌هه‌رحاڵ، ئه‌وانه‌ی پشتگیری ئه‌م مێژووه‌ش ده‌که‌ن لهناوخۆیشیاندا مشتومڕیان هه‌یه. جگه له‌وه‌ش به‌ڵگه‌ی ئاركیۆلۆجی تازه به‌ده‌سته‌وه‌ن که سه‌رده‌می زه‌رده‌شت ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌مێکی زۆر کۆنتر .3
لێره‌دا شایانی باسه ئاماژه بۆ ئه‌وه بکه‌ین که ئاركیۆلۆجیستی رووسی” ڤیکتۆر ساریانیدیViktor Sarianidi” له ساڵی 1978- 1979 دا له” تیلیا ته‌په Tillia Tepa” له باکووری ئه‌فگانستانی ئێستا، ئاگر گه‌ده‌یه‌کی زه‌رده‌شتیانی دۆزیوه‌ته‌وه که سه‌رده‌مه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زێده له 1000 ساڵ پێش سه‌رده‌می ئێستا ” پێش هاتنی مه‌سیح”. ئه‌مه‌ش به ته‌واوی بیرۆچکه‌ی پان ئێرانی 600 ساڵ پێش سه‌رده‌می نوێ، پووچ ده‌کاته‌وه .4
کۆمه‌ڵێک لێکۆڵه‌رانی دیکه‌ش پشت به ئه‌و ژمارانه ده‌به‌ستن که له باس‌وخواس و سه‌رگورشته یۆنانییه‌کاندا هاتوون .
مێژوونووس”خانتوس” ی لیدی نووسیویێتی ( زه‌رده‌شت 600 ساڵ پێش داگیرکردنی یۆنان له‌لایه‌ن خشایهرشاوه، ژیاوه). هێندێک سه‌رگورشته‌ی یۆنانی دیکه سه‌رده‌می زه‌رده‌شت ده‌گێڕنه‌وه بۆ 6000 ساڵ پێش پلێتۆ / ئه‌فلاتون” و هێندێکیش بۆ 5000 ساڵ پێش شه‌ڕی یۆنان و تڕۆیا” ته‌ڕواده”. به شێوه‌یه‌کی گشتی ئه‌و زانایانه‌ی له‌سه‌ر باسه یۆنانییه‌کان بۆچوونی خۆیان بنیاتناوه، زیاتر پشتگیری600 ساڵه‌که‌ی خانتوس ده‌که‌ن .
شه‌هبازی: پشتبه‌ست به‌نووسینه‌کانی ” بیڕۆنی” ئه‌وسه‌رده‌مه‌ی خانتوس ده‌ستنیشانی کردووه به راست ده‌زانێ و به‌و پێیه‌ش سه‌رده‌می زه‌رده‌شت ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ 1080 ساڵ پێش سه‌رده‌می ئێستا. لێره‌دا ئه‌و پرسیاره دێته پێش، ئه‌گه‌ر سه‌رده‌می زه‌رده‌شت له هه‌زاره‌ی یه‌که‌می پێش ئێستادا بووبێ، ئه‌ی بۆ گاتاکان، باسی شه‌ڕو پێکدادانی ئاسووری و مید و ئیلامییه‌کانی تێدا نییه، خۆ هێرشی ئاسوورییه‌کان بۆ سه‌ر ئیلام و میدیا، له‌وسه‌رده‌مه‌دا به‌رده‌وام بوو؟. ئه‌گه‌ر سه‌ته‌ی حه‌وته‌م سه‌رده‌می زه‌رده‌شت بووبێ وه‌ک ئه‌وانه‌ی پشتبه‌ستن به ئه‌و مێژوو و ژمارانه‌ی له بوندههیشندا هاتوون، ئه‌وا دیسانه‌وه ده‌بوو له گاتاکاندا ئاماژه‌یه‌ک بۆ ئێزدانه‌کانی بابلی و ئاسوری بکرایه. وه‌لێ به پێچه‌وانه‌وه، نه ئه‌و میلله‌تانه و نه ئێزدانهکانیان له گاتاکاندا باسیان نه‌هاتووه، وه‌لێ به روونی ناوی ئێزدانه‌کانی هیندستانییه‌کان هاتووه که ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ سه‌رده‌مێکی پێشتر .
دیۆژنس لاریتۆس: پێش 200 ساڵ له‌سه‌رده‌می ئێستا ژیاوه و پشتبه‌ست به‌و ده‌ستنووسانه‌ی” ئیکسان تۆس” که کۆنترین نووسه‌ری یۆنانیی بووه ناوی زه‌رده‌شتی هێنابێ، سه‌رده‌می زه‌رده‌شتی گێڕاوه‌ته‌وه بۆ 6000 ساڵ. جگه له‌وه‌ش، هیرمۆدۆرهس و ئه‌ڕستۆ و باقی شاگرده‌کانی” پلێتۆ / ئیفلاتوون” سه‌رده‌می زه‌ردشت ده‌گێڕنه‌وه بۆ 6000 ساڵ پێش مردنی پلێتۆ، به‌واتای 6347 ساڵ پێش سه‌رده‌می ئێستا.
پلینیۆس؛ ناسراو به پلینیۆسی رۆمی مه‌زن، له کتێبه‌که‌یدا”مێژووی سروشت” نووسیویێتی، مو‌سا هه‌زارساڵ دوای زه‌رده‌شت هاتووه. پلوتارکیش سه‌رده‌می زه‌رده‌شت ده‌گێڕێته‌وه بۆ 5000 هه‌زارساڵ پێش جه‌نگی تڕۆیا. ڤۆڵتێریش سه‌رده‌می زه‌رده‌شتی به شه‌ش هه‌زارساڵ پێش سه‌رده‌می” کۆڕش” داناوه .
بۆ یه‌که‌م جار له وڵاتی چین ناوی زه‌رده‌شت له ساڵه‌کانی نێوان”571- 545” ی پێش ئێستادا وه‌ک زانایه‌کی وڵاتی میدیا هاتووه، و زهردهشتایێتیشیان به” تاو کۆان” به‌واتای، ئاینی ئاسمانی، ناوبردووه .5
سه‌رده‌می زه‌رده‌شت به‌پێی نزیکی زمان و به‌ڵگه‌ی مێژوویی
په‌نابردن بۆ به‌ڵگه‌ی مێژوویی و نزیکی زمان، رێگه‌یه‌کی دیکه‌یه هێندێک له شاره‌زایان، په‌نایان بۆ بردووه. شاره‌زایانی وه‌ک” وزندۆنگ، شێده‌ر، مایه‌ر و بۆیس” به په‌نابردن بۆ به‌ڵگه‌ی مێژوویی و زمانه‌وانی، سه‌رده‌می زه‌رده‌شت ده‌گێڕنه‌وه بۆ زێده له هه‌زار ساڵ پێش سه‌رده‌می ئێستا ” بارتهلۆمه” ش ده‌یگێڕێته‌وه بۆ 900 ساڵ. ئه‌م بۆچوونه‌ش له‌سه‌ر لێکدانه‌وه‌ی” یه‌شته” دێرینه‌کانی ئاوێستاوه هه‌ڵچنراوه. له‌و باره‌یه‌وه” باڕۆ” ده‌ڵێ، ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌ناو یهشتهکاندا هاتوون هه‌موویان پێوه‌ندیان به خۆرهه‌ڵاتی ئێرانه‌وه هه‌یه. هیچ زانیارییه‌کی له‌سه‌ر شوێنه‌وار و رووداوی خۆرئاوای ئێرانیان تێدا نییه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ئه‌و به‌رهه‌مانه، به واتای یه‌شته‌کان، به‌رهه‌می رۆژهه‌ڵاتی ئێرانیانن پێش کۆچکردنیان بۆ خۆرئاوای ئێران. جگه‌له‌وه‌ش نه‌بوونی ناوی ماد و فارس له نووسراوه ئاسورییهکاندا هه‌تا نیوه‌ی سه‌ته‌ی نۆهه‌م ده‌کاته به‌ڵگه‌یه‌کی دیکه. له‌به‌ر ئه‌و هۆیانه باڕۆ سه‌رده‌می زه‌رده‌شت ده‌گێڕێته‌وه بۆ 1100 ساڵ پێش سه‌رده‌می تازه ” پێش هاتنی مه‌سیح”، له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه ده‌یه‌وێ بڵێ زادهگهی زه‌رده‌شت رۆژهه‌ڵاتی ئێرانه نه‌ک رۆژئاوای ئێران وه‌ک هێندێک له‌شاره‌زایان ئاماژه‌یان بۆ کردووه.
مێری بۆیس: شاره‌زایه‌کی ئاینی مازدانیانیزمه و ده‌ڵێ؛ ناتوانرێ سه‌رده‌می زه‌رده‌شت به ته‌واوی ده‌ستنیشان بکرێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌سه‌رده‌مێکدا ژیاوه که سه‌رده‌می به‌ردینی نه‌ته‌وه‌که‌ی بووه. زمانی گاتاکان زمانێکی زۆر دێره و نزیکه له زمانی”ریگ ڤێدا- ریگ وێدا” ی ئاینی هیندویزم که له 1700 ساڵ پێش سه‌رده‌می ئێستاوه نووسراون. هه‌روه‌ها ده‌ڵێ وێنه‌ی ئه‌و دنیایه‌ی زه‌رده‌شت له گاتاکاندا کێشاویێتی، وێنه‌ی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ده‌وری به‌رده….. له‌وانه‌شه خه‌ڵکی ئاوێستا زمان خه‌ڵکێکی هه‌ژار و دووره‌په‌رێز بووبن و به زوویی پێشڤه‌چوونه‌کانی سه‌رده‌می مس کاریگه‌ر نه‌بووبێ له‌سه‌ریان. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش هه‌ر ده‌توانین ئه‌وه‌نده بڵێین که زه‌رده‌شت له نێوان ”1700- 1500” ساڵ پێش سه‌رده‌می ئێستا ژیابێت.6
وه‌لێ خاتو مێری بۆیس دوای ماوه‌یه‌کی زۆر رای خۆی ده‌گۆڕێت و سه‌رده‌می زه‌رده‌شت ده‌گێڕێته‌وه بۆ نێوان” 1500- 1200 ” ساڵان پێش سه‌رده‌می ئێستا. 7
به‌شێوه‌یه‌کی گشتی زۆربه‌ی سکۆلار و لێکۆڵه‌رانی ئاینه‌که سه‌رده‌می زه‌رده‌شت ده‌گێڕنه‌وه بۆ زێده له هه‌زار ساڵ پێش سه‌رده‌می ئێستا، ئه‌وانه‌ی سه‌رده‌مه‌که‌ی ده‌گێڕنه‌وه بۆ 600 ساڵ پێش ئێستا به‌ڵگه‌کانیان زۆر لاوازه و به‌شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی له بوندههیشنهوه که له‌سه‌رده‌می ساسانهکاندا نووسراوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه. سکۆڵاره رۆژئاوییهکان زۆر به‌شک و گومانن له نووسراوه ساسانیه‌کان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لایان ئاشکرابووه که ئاینه‌که‌یان بۆ ده‌ستکه‌وتی سیاسی به‌کارهێناوه.
سرووده‌کانی زه‌رده‌شتی نه‌مر، دڵسۆزانه له‌لایه‌ن هه‌ڵگرانی ئاینه‌که‌وه پارێزراون. گاتاکان ته‌نها ئامۆژگاری نین، به‌ڵکو ده‌ربڕینی بڕوایه‌کی مۆڕاڵی تایبه‌تین. داواکاری و پرسیاری راسته‌وخۆن له ”ئه‌هورا مه‌زدا” ی مه‌زن.
به بۆچوونی شاره‌زایانی زمانه ئێرانییه‌کان، سرووده‌کانی زه‌رده‌شت شێوازه زمانێکی زۆر دێریان هه‌یه که ئێستا له ئارادا نه‌ماوه و ناویان ناوه زمانی گاتیک/ گاتاکان/ ئاوێستایی، هێندێک له شاره‌زایانی ئاینه‌که ده‌یگێڕنه‌وه بۆ سه‌رده‌می پێش ره‌وی هیندۆ ئه‌ورووپاییه‌کان.
زمانی گاتاکان زۆر نزیکه له زمانی”ریگ ڤێدا” وه جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ریگ ڤێدا نزیکه‌ی 1700 ساڵ پێش سه‌رده‌می ئێستا نووسراوه، بۆیه ئه‌و شاره‌زایانه‌ی پشت به زمانی گاتاکان ده‌به‌ستن له‌و بڕوایه‌دان، سه‌رده‌مێ زه‌رده‌شتیش له‌نێوان” 1700 تا 1500” سالان پێش هاتنی سه‌رده‌می نوێ بووبێت. (ئێستا روون بووه‌ته‌وه که نووسینه‌کانی ریگ وێدا هێنده کۆن نیین و سه‌رده‌میان له 1500 ساڵ پێش سه‌رده‌می ئێستا تێناپه‌ڕێ، هه‌ر ئه‌وه‌ش هۆکاری سه‌ره‌کی راگۆڕکێی پڕۆفێسۆر خاتو مێری بۆیسی شاره‌زای ئاینه‌که‌یه ….. نووسه‌ر)
به‌کورتی و به شێوه‌یه‌کی روونتر ده‌توانین بۆچوونی شاره‌زا و لێکۆڵه‌ران له‌سه‌ر سه‌رده‌می زه‌رده‌شت، له‌سه‌ر بنه‌مای میتیۆلۆجیای ئێرانی، سه‌رگورشته یۆنانییه‌کان، ”ئاركیۆلۆجی و فیلۆلۆجی” هه‌روه‌ها مێژوویی و تڕادیسیۆناڵ(به‌واتای نووسینه په‌هله‌ویه‌کان و دوای هێرشی عاره‌ب) به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه دابه‌ش بکه‌ین.
سه‌رده‌می زه‌رده‌شت به پشتبه‌ستن به میتیۆلۆجیای ئێرانی
ئێچ . ئێس . سپێنسه‌ر…… ئینسایکلۆپیدیای ئاریان ………………………………7129
جه‌ی . که‌ی . کاتڕاک ……. پشتبه‌ست به شاهنامه ………………………………….6600
پیتهواله …………………………………………………………… ………. …………………..6312
له‌سه‌ر بنه‌مای سه‌رگورشته یۆنانییه‌کان
خانتوسی لیدی ”سه‌ته‌ی پێنجه‌می پێش سه‌رده‌می ئێستا ژیاوه” …………. 6480
ئیۆدۆکسۆس و پلینوس له زاری” ئه‌ریستۆتال” ه‌وه…………………………………6350
هێرمۆدۆڕهس” سه‌ته‌ی سێهه‌می پێشسهردهمی ئێستا” ………………………….6200
پلوتاڕک …………………………………………………………………………………………..6000
له‌سه‌ر بنه‌مای ئاركیۆلۆجی و فیلۆلۆجی
کاڤۆسجی و بهاروچه……………………………………………………4000 – 6000
فیرۆز ئازارگۆشاسپ…………………………………………………………………… 3500
ئهسکهرۆف،له‌سه‌ر بنه‌مای دۆزینه‌وه‌یه‌کی ئاڕهیۆلۆجی له ئوزبێکستان
ساڵی ……………………………….. ………………………………………… 1984- 2000
له‌سه‌ر بنه‌مای زمانی ریگ ڤێدا و کۆچی ئارییه‌کان………1500 – 2000
مۆڵتن……………………………………………………………………. …..900 — 1800
زه‌بیح به‌هرۆز، له رێگه‌ی تیکنۆلۆجیای ئهستڕۆلۆجییهوه…………………1767
جه‌ی. ئاشتیانی، له‌سه‌ر سه‌رده‌می ریگ وێدا و گاتاکان…..1400–1700
میلس…………………………………………………………………………………………….1500
مێری بۆیس…………………………………………………………………1000 – 1400
تۆماس بۆڕۆ، به‌لێکدانه‌وه‌ی فرهوهردین یه‌شت و کۆچی ئارییه‌کان..1100—1200
له روانگه‌ی مێژوویی یه‌وه
شاپور شه‌هبازی، به‌هۆی نووسراوه فارسییه‌کانی دوای ئه‌سکه‌نده‌ره‌وه………1080
پورداوود، ته‌مه‌نی زه‌رده‌شت …………………………………………………………………..1080
دهاله، مێژووی زهردهشتایێتی………………………………………………………………….. 1000
لومێڵ، له‌سه‌ر بنه‌مای نووسینی سه‌ر ”پاپیر” ه میسریه کۆنه‌کان …………….1000
رادوڵف و دهنخهر و گێڵدنهر و جاکسن…………………………………………………….1000
ویزندۆنک……………………………………………………………………………………900 – 1000
بارتهلۆمه و ویدنگرین…………………………………………………………………………………900
روانگه‌ی تڕادیسیۆناڵ
تڕادیسیۆنالهکان وه‌ک له‌پێشدا باسمان لێوه کرد.ئه‌وانه‌ن پشت به باسه‌کانی بونده‌هیش ده‌به‌ستن.
ئی. دبلیو. وێست……………………………………………………………………………583 – 660
ده‌بلیو. بی. هێنینگ………………………………………………………………………..541 – 650
هێرتزفیڵد………………………………………………………………………………………550 – 570
له‌م تابلۆیه‌ی سه‌ره‌وه‌دا ده‌رده‌که‌وێ که، جگه له تڕادیسیۆنالیستهکان، هه‌موو ئه‌وانی دیکه سه‌رده‌می زه‌رده‌شت ده‌گێڕنه‌وه بۆ زێده له هه‌زار ساڵ پێش سه‌رده‌می ئێستا/ نوێ.
زاده‌گای زه‌رده‌شت
زاده‌گای زه‌رده‌شت وه‌ک سه‌رده‌مه‌که‌ی مشتومڕی له‌سه‌ره، به‌پێی سه‌رچاوه په‌هله‌وی و عاره‌بییه‌کان که من له‌و بڕوایه‌دام سه‌رچاوه عارهبییهکانیش هه‌ر له سه‌رچاوه په‌هله‌وییه‌کانه‌وه زانیارییه‌کانیان وه‌رگرتووه، خاکی” ئێرانفاچ/ ئیرانواچ/ ئیرانویچ که له‌ده‌قه ئاوێستاییهکاندا ناوی هاتووه و له‌و خاکه‌دا” ئههورە مه‌زدا” ئاینه‌که‌ی به زه‌رده‌شت راگه‌یاندووه، مانای نیشتیمانی هۆزه ئێرانییه‌کان ده‌گه‌یه‌نێ و ئه‌و سه‌رچاوانه ئێرانفاج به ناوچه‌ی ئازه‌ربایجانی ئێستا ده‌زانن. به‌لای ئه‌م بۆچوونه‌وه، ئاینه‌که له ناو کۆمه‌ڵگه‌ی”مۆگان/ مۆغان” دا سه‌ری هه‌ڵداوه که له‌ناوچه‌ی ماد دا ژیاون. به‌ڵام زه‌رده‌شت لهکۆچکردندا به‌ره‌و رۆژهه‌ڵاتی ئێران چوه و له شاری به‌ڵخ گیرساوه‌ته‌وه. هیڕۆدۆت، میژوونووسی به‌ناوبانگی یۆنانیش تیره‌ی” مۆگ/ مۆغ” ی وه‌ک یه‌کێک له شه‌ش تیره‌که‌ی ماد ناوبردووه. وه‌لێ زۆر له شاره‌زایانی رۆژئاوایی به هۆی به‌ڵگه‌ی زمانه‌وه، ئازه‌ربایجان بهزادهگای زه‌رده‌شت نازانن. به‌ڕای ئه‌وان زمانی ئاوێستا (لێره‌دا مه‌به‌ست له زمانی گاتاکان و یه‌شته کۆنه‌کانه) به به‌راوردکردنی له‌گه‌ڵ زمانه‌کانی دیکه‌ی ئێران‌دا، زمانێکه زیاتر پێوه‌ندی به رۆژهه‌ڵاتی ئێرانه‌وه هه‌یه. به‌ڕای ئه‌وان زمانی ئاوێستا پێوه‌ندی بنچینه‌یی زمانه‌وانی له‌گه‌ڵ واژه‌کانی زمانی فارس و ماد دا نییه.
مو‌سا خوڕنی، مێژوونووسی ئه‌رمه‌نی که له سه‌ته‌ی پێنجه‌می سه‌رده‌مدا ژیاوه ناوی ناوچه‌ی” توور” ی له خوارزمدا بردووه. ئێرانی ناس”مارکوات” مو‌سا خوڕنی به‌ڕاست ده‌زانێ و به بۆچوونی مارکوات وشه‌ی” تویرا” و ” تورانی” یه‌کن. هێندێ نووسه‌ری کۆنی دیکه‌ش وه‌ک” بێیلی و هێنینگ” پشتگیری مارکواتیان کردووه.
نیۆلی: بۆچوونێکی جیاوزی هه‌یه که بۆچوونه‌که‌ی مارکوات پووج ده‌کاته‌وه. به بۆچوونی نێۆلی زاده‌گای زه‌رده‌شت له نێوان هیندوکوش و هامون هێرماند دا بووه. نیۆلی پشتی به ناوه جیۆگڕافیاییهکانی ئاوێستا و نووسینه یۆنانییه‌کانی ده‌رباره‌ی رۆژهه‌ڵاتی ئێران نووسراون له‌گه‌ڵ قووڵی نه‌ریتی زهردهشتایێتی له سیێستان به‌ستووه. پڕۆفیسۆر مێری بۆیس، له‌سه‌ره‌تاوه له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونهدابوو که ئێرانویچ ناوچه‌ی ئازه‌ربایجانه و زهردشتیش له‌وێ هاتۆته دنیاوه، وه‌لێ له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ته‌کانی سه‌ته‌ی پێشتردا (1992) رای خۆی ده‌گۆڕێ و ده‌ڵێ ( ده‌ستنیشانکردنی ئازه‌ربایجان به ئیرانویچ دوای سه‌رده‌می ئاوێستا هاتۆته ئاراوه و له دروستکراوی مۆگه رۆژئاوییهکانه و ره‌نگه له‌سه‌رده‌می ساسانهکاندا له داڕشتنی نوێژی پێنجهه‌م” نیایش Niyayes” بۆ پیرۆزکردنی ئاگر که، له تێکسته کۆنه‌کانی ئاوێستا وه‌رگیراوه نێوئاخن کرابێت. جگه له‌وه‌ش نووسینه په‌هله‌وییه‌کان و هێندێک بۆچوونی بریقه‌داری زه‌ند و شاهنامه‌ی فیرده‌وسی که زۆربه‌ی له چیرۆکی پادشایان ”خوادهی نهمهگ” وه‌رگیراوه له گه‌ڵ هێندێک نووسینی گه‌ڕۆک و جیۆگڕافهر و مێژوونووسی عاره‌ب، کاریگه‌رن له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ی که ئازه‌ربایجان ئێراویچه و زه‌رده‌شتیش له‌وێ ژیاوه و گوایه له شاری ورمێ، نزیک ده‌ریاجه‌ی ورمێ له‌دایک بووه که، روبارێکی تێده‌ڕژێت و ئه‌و روبارهیان به روباری” دریجه/ دریژه Dreja ” لێکداوه‌ته‌وه که به‌پێی وێدوداد، باوکی زه‌رده‌شت له‌وناوه ژیاوه. دواتر به‌پێی سه‌رگورشته‌کانی ژیانی زه‌رده‌شت، زه‌رده‌شت چۆته چیای” سابهڵان Sabalan” بۆ بیرکردنه و رامان. به‌پێی کات ئه‌م کێوه پیرۆزی وه‌رگرتووه و له سه‌رده‌می ساسانهکاندا، ئاگرگهدهی گوشناسپ ”ئادور گوشناسپ” ی لێ بنیاتنراوه. هێندێک سه‌رچاوه ده‌ڵێن ئادور گوشناسپ له ” گانزاک Ganzak” ه له باشووری ده‌ریاچه‌ی ورمێ و ئێستا ناونراوه – میاندواو. ناوی دهریاچهکهشیان گۆڕیوه بۆ ”چایچێستا/ چهیچێسته” به‌ناوی”چایچێستا Chaechasta” ی ئاوێستایی. ئه‌وجا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو نه‌ریتی ئاوێستایی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ رۆژهه‌ڵاتی ئێران، دانانی ئازربایجان به زادهگهی زه‌رده‌شت، ڕاست نییه). 8
به بۆچوونی نووسه‌ری به‌ناوبانگی کرماشانی” عیماده‌دین ده‌وڵه‌تشاهی”، زه‌رده‌شت یه‌که‌م جار رووده‌کاته زۆزانی” ئهوشێدرینه” که ئێستا وه‌ک” ئاوێدهر/ ئاویه‌ر” ناوده‌برێ، دواتر ده‌چێته چیای” هۆگر” که دوواتر ناوبراوه به چیای” هه‌ژیر، هه‌جر، هه‌جیر” ئه‌و ناوچه‌یه‌ش ئێستا له رۆژهه‌ڵاتی کوردستانه و به” دینه‌وه‌ر” به‌ناوبانگه. شوێنی کۆشکی پادشا ” که‌ی گوشتاسپ” که ئاینی به‌هدینی په‌ژراند و بووه پاڵپشتی زه‌رده‌شت، ئێستا له باژێڕی” سه‌حنه” یه و له‌و سه‌رده‌مه‌دا به” شاهێندژ/ شاییندژ/ ساییندژ” به‌ناوبانگ بووه. 9
به بۆچوونی زمان‌ناس ”محه‌ممه‌د ئه‌مین هه‌ورامی” ئاویهدهر، یه‌کێک له‌و جێگا پیرۆزانه بووه که زه‌رده‌شت له هاتوچۆی نێوان” شیز” و ” لوڕستان” دا چه‌ند رۆژێک بۆ پشوودان ماوه‌ته‌وه و له هاتوچۆ دا به رووخی روباری سیروان دا تێپه‌ڕیوه. به باوه‌ڕی ئه‌و، گوندی به‌ڵخه له هه‌ورامان له‌سه‌ر سنووره ده‌ستکرده‌که‌ی ئێران و ئێڕاقه و ئێستاش ماوه. سه‌رده‌می خۆی باژێڕێکی مه‌زن بووه و کۆشکی به‌ناوبانگی” که‌ی گوشستاسپ” ی لێبووه. 10
په‌راوێز
The Zoroastrian Faith, S.A Negosian, Reprint in 2003 p 11 -1
2 – بابان سه‌قزی، گاتا، سرووده پیرۆزه‌کانی زه‌رده‌شت ل 12.
3 – نما؛ سه‌رده‌می ژیان و زاده‌گای زه‌رده‌شت، ژاڵه ئامۆژگار، ئه‌حمه‌د ته‌فه‌زولی …. و: وریا قانع.
4 – Warrior Women. An Archaeologist’s Search for History’s Hidden Heroines by Jeannine Davies Kimball, with Mona Behan p 181
5 – بابان سه‌قزی گاتا، …………………… ل 10
6 – Mary Boyce, Zoroastrians, Their Religious Beliefs and Practices p 18
7 – Mary Boyce, Zoroastrianism, its Antiquity and Constant Vigor p 45
8 – سه‌رچاوه‌ی پێشتر ل ل 5،6.
9 – بابان سه‌قزی، گاتاکان ل 13.
10 – هه‌مان سه‌رچاوه ل 14.