لوقمان غەفوور : سەیرە ، خانەوادەی شێرکۆ بێکەس گلەیی لەشارەوانی دەکەن!
ئەوە شەش مانگ تێپەڕیوە بەسەر مەرگی شاعیری گەورەی کورد شێرکۆ بێکەس- دا و هێشتا ئەو بەڵێنانەی کە بەرۆحی پاکی درا بوو ، جێبەجێ نەبووە ، مەزارێکی شایستەی نییە بۆئەوەی وەک خۆی دەیوت کوڕان و کچانی گەنج بێن لەچواردەوری دەمەتەقێی شیعری بکەن.
خانەوادەکەی گلەیی لەشارەوانی سلێمانی دەکەن ، کە رێز لەشێرکۆ بێکەس ناگرێت ، بەوەی بەڵێنیان داوە مۆنۆمێنتێکی شایستە بۆ گۆڕی شاعیری گەورەی گەلەکەمان دروستبکەن ، بەڵام بەبیانووی جیاجیا ئەو کارەناکەن ، ئەم گلەییکردنە چەند مانادارە بۆ ئەوەی کە رێز لەکلتور و ئەدیب و نوسەرانمان ناگیرێت ، ئەوەندەش بێماناییە ئەگەر بەناوەڕۆکی مێژووی ئەدیب و نوسەرانی سلێمانیدا بچینەوە و بزانین گۆڕیان لەکوێن و شارەوانی چی بۆ کردوون؟.
لەم ماوەیەدا سەرقاڵی داڕشتنەوەی کتێبێکی مامۆستا فەهمی ئەمین عەزیز – م لەسەر گەڕەکی کارێزی ئەحمەد زەنگەنە کە بەشێکە لەگەڕەکی شێخانی چواردەوری سەرای سلێمانی ، ئەم سەرقاڵییەم وایلێکردم بگەڕێم بەشوێن زۆر وردەکاری مێژووی ژیاریی سیاسی و هونەری و ئەدەبی و فەرهەنگی سلێمانیدا ، کاتێک لاپەڕەکانی سلێمانی هەڵدەدەیتەوە بەسەدان نوسەر و ئەدیب و هونەرمەند ساغدەبێتەوە کە تائێستا نەک خەڵکی ئاسایی ، بەڵکو نوسەر و رۆژنامەنووس و خاوەن قەڵەمەکانیش نازانن گلکۆ و مەزاری ئەمانە لەکوێن و کەوتونەتە چ قوژبنێکی ئەم سلێمانییەوە ، هۆکاری ئەم بێئاگاییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەوانەی رۆژێک لەم سلێمانییە لەحوکمدا بوون بەعەقلیاندا نەهاتووە کە ئەمە شارێکی رۆشنبیرییە ، دەست بردن بۆ هەر مانگێک نوسەرێک و رۆشنبیرێک و ئەدیبێک تێدا درەوشێتەوە ، کەچی بەپێچەوانەوە لەدوای مەرگیان ، روانینی شارەوانی روانینێکی جەمادییانەیە و وایان لێکداوەتەوە کاتێک ئەو کەسە کە لەژیاندا نەماوە ، ئیتر هەموو ئەدەبەکەشی لەگەڵ خۆیدا پێچەواوەتەوە و لەزهنی خەڵکدا نەماوە .
ئەگەر کاربەدەستانی سلێمانی لەسەردەمی بەعسدا ئارەزوومەندانە لەگەڵ بەشێک لەرۆشنبیری و کلتوری سلێمانیدا جوڵابێتنەوە و بۆ تێکدانیشی نەبێت ، کەمتەرخەمیش بوبێت ، ئەوا دەتوانرێت ئاسایی وەریگرین ، چونکە ئەوانە بەعس ئاسا بیریان کردۆتەوە ، بەڵام دوای 23 ساڵ لەحوکمڕانی کوردی بیرکردنەوە بەو جۆرە نەک دەمانگەیەنێتە دوریانی بێنرخ کردنی کلتور و هونەر و ئەدەبی سلێمانی ، بەڵکو رۆحێکی بێزارکەرە بۆ ئەو نووسەر و ئەدیبانەی کە 70 ساڵ پێش ئێستا سلێمانیان جێهێشتووە.
بەلامە سەیرە خانەوادەی شێرکۆ بێکەس گلەیی لەشارەوانی ئەکەن ، وەک ئەوەی چواردەوری خۆیان نەبینن و نەزانن ئەوەی کە بۆ فایەق بێکەسی باوکی شێرکۆ بێکەس کراوە ، چییە تا بۆ کوڕەکەی بکرێت ؟، من لەزۆر کەس دەپرسم ئەرێ لەماوەی ئەم 23 ساڵە چەند جار شارەوانی مەزاری پیرمێرد- ی شاعیری نۆژەنکردۆتەوە ، ئەرێ کەس هەیە بزانێت گۆڕەکەی سالم و کوردی لەکوێیە و شارەوانی چی بۆ کردوون لەدوای راپەڕینەوە ، جیاوازی چییە لەنێوان مەولانا خالید کە لەشام کۆچی دوایی کردووە و لەگەڵ ئەحمەد بەگی ساحبقران ( حەمدی) کە لەسلێمانی کۆچی دوایی کردووە ، کاتێک ژیانی جەمیل سائیب دەخوێنیتەوە هەست دەکەیت لەو دەمەدا ئەم چیرۆک نووس و رۆژنامەنووسە چ داهێنانێکی کردووە ، ئەی کوا گۆڕەکەی لەکوێیەو شارەوانی چەند خزمەتی ئەم نووسەرەی کردووە ، ئەرێ کێ رێگەی مەزاری عەبدولواحید نوری و زێوەر و ئەحمەد هەردی و شاکیر فەتاح و حەمەساڵح دیلان و رەفیق چالاک دەزانێت ؟، کاتێک مەزارەکەی رەفیق چالاکم بینی تووشی شۆک و سەرسوڕمان بووم چریکەی دەنگی ئەم هونەرمەند بەعسی تۆقاندبوو کەچی تا لەمەزارەکەی وردنەبیتەوە نازانی مەزاری ئەوە.
من لەدیدگای مردوو پەرستی .. زیندوو کوژەوە ، ناڕوانمە ژیان ، بەڵام دەستگرتن بەم مێژووەوە ، دەستگرتنە بەکلتوری نەک سلێمانی ، بەڵکو نەتەوەیەکەوە ، هاوڕێیەکم وتی کاتێک چوومەتە سەر مەزارەکەی بۆدلێر- ی شاعیری فەرەنسی گریانم هات بۆ گۆڕەکەی عەبدوڵلا گۆران ، چونکە ئەوەی بۆدلێر کردی لەشیعری فەرەنسیدا زیاتر نەبوو لەوەی گۆران لەشیعری کوردیدا کردی .
ئەم تێڕوانینە بۆ دنیای نوسین و ئەدەب لەخۆوە دروست نابێت ، لەوانەیە ئەوانەی لەشارەوانی کاردەکەن و ئەو لیژنەیەش کە بریاری داوە پارک تەنیا بۆ گەشتوگوزارە و ئەوە شوێنی مەزار نییە ، تێڕوانینێکی بەجێ بێت بۆ خوێندنەوەی عەقلی ئەوان ، چونکە ئەوندەی لای من چاپکردنەوەیەکی نوێی دیوانی قانیع گرنگە ئەوەندە دروستکردنی ئەندەرپاسێک گرنگ نییە ، بەڵام روانینی من روانینێکی تاکە کەسییە جودایە لەروانینی شارەوانی شارێک کە ئەرکی هەڵگرتنی دەیان پرۆژەی گەورەیە .
ئەوان بەواقیعی ئەوە لەدیدگایاندایە بۆ نوسین و ئەدەب و هونەر ، ئەگەر وانەبێت و بەو شێوەیە بیر لەدنیای ئەدەب و هونەری سلێمانی نەکەنەوە ، ئەی چییە ؟ ئەوانەی لەشارەوانی وایان بیرکردۆتەوە رەنگە بەهەموو تەمەنیان شیعرێکی شێرکۆ بێکەسیان نەخوێندبێتەوە و تەنیا لەگەڵ کارە جەمادییەکانی وەک پرد و بلۆک و شیش و چیمەنتۆدا مامەڵەیان کردووە، بۆیە بەلامەوە سەیرە خانەوادەکەی شێرکۆ بێکەس گلەیی دەکەن لەگەڵ ئەوانەی مامەڵە لەگەڵ کەرەستە جەمادییەکاندا دەکەن ؟.