miryam

شەمال عادل سەلیم : ( میریام فارس ) یش هات و مووچە هەر نەهات …؟!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 بەهۆی كێشەكانی هەرێم و بەغدا لەبارەی دۆسیەی  هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگای بۆرییەوە بۆ تورکیا و ناشەفافی پرۆسەکە بەگشتی ، هەروەها نادیاری داهاتی نەوت و مانەوەی ئەم دۆسیە لە چنگی ئەڵقەیەکی کەمی دوو هێزە دەسەڵاتدارەکەی هەرێمی کوردستان ، ‌وایکرد تەقەشف جاڕ بدرێت و دەنگدان لەسەر بودجەی گشتیی دوابخرێت و هەرێمی کوردستانیش بەگشتی ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی و نەمانی پارە لەبانکەکان و نەدانی مووچەی فەرمانبەرانی ببێتەوەو کە ئەوەش راستەوخۆ کاریگەریی نەگەتیڤی کردۆتە سەر ژیانی هاوڵاتیان بەتایبەت چینی مووچە خۆران ، کەسیش نازانێ کەی و چۆن ئەم کێشە چارەسەردەکرێت ، لەوکاتەی کە  ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێم (یەك ملیۆن‌و 341 هەزارو 558 كەس) مووچەخۆرەو لەو ژمارەیەش (682 هەزارو 849 كەس) فەرمانبەرن .

هەتا نووسینی ئەم بابەتەم حكومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی بەتەمای خوا توانای دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی خۆی نییە ، تەنها داوای دان بەخۆداگرتنی هاوڵاتیان ‌و مووچەخۆران دەکات و وەک دەڵێن : (سکی تێر ئاگای لە برسی نیە )  .

لەدوا لێدوانی سەرۆكی وەزیرانی عیراق ( نوری مالیکی ) ئەوەی خستوەتەڕوو کە بەغدا  ئامادەیە موچەی مانگی شوبات بۆ فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە بكات ، بەمەرجی ئەوەی کە حکومەتی کاربەرێکەری هەرێم  داهاتی هەناردەکردنی نەوت بخاتە نێو بودجەی گشتی دەوڵەتی عیراق …..

هەربۆیە خەلکی هەرێمی کوردستان بەپەرۆشەوە  نزا لەخوای خۆیان دەکەن و لێی دەپاڕێنەوە کە دڵی هەردوو ( سەرۆک وەزیران )  نەرم بکات و لە کێشەو قەیرانی بودجەو مووچە رزگاریان بکات …

بەڵێ ….. لەو کاتەی خەڵکی بەشمەینەتی هەرێمی بەتەمای خوا چاوەڕێی هاتنی مووچەیان بوون  ، بەڵام لەبڕی مووچە گۆرانیبێژی لوبنانی ( میریام فارس ناسراو بە شاکیرای عەرب ) بە تازەرتین شێوازی جلوبەرگ و نینۆکی ڕەنگ کراوی بە ئاوی  ( ئاڵتونی عەیار ٢٤ ) هێنرایە هەرێمی بێ مووچەو بودجە  بۆ ئەنجام دانی کۆنسێرتێک  لە هەوڵێری پایتەخت …….!!

هەر بۆیە خەڵکی ئەم دەڤەرەی لەمەر ئێمە بەنیگەرانیەوە دەپرسن : دینار بۆ فەرمانبەرانی هەرێم  نییە ، ئەدی خێرە حکومەت بۆ راقیسە و گۆرانی بیژی عەرەب و (عه‌زییه‌ دانه‌پۆشراوه‌کان ) دەفتەرە دۆلار دەبارێنێ   ؟ حکومەتێک پارەی یەک مانگی موچەی کارمەندانی نەبێت ، ئەدی چۆن بۆ( میریام خان ) دۆلار دەبارێنێت   ؟

جێگای ئاماژەیە کە  ( میریام فارس )  پێش هاتنی بۆ هەرێمی بەتەمای خوا لەلێدوانێکی خۆی واوەسف کرد  : كه‌ ئافره‌تێكی سركه‌ و ( ده‌سته‌مۆ نییه ‌) و یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ی قورسه‌ ( پیاو ) بتوانێت ده‌ستی پێبگات …. ؟!

 هەروەها گووتیشی کە ئەو لەژێر ( عەزیە دانەپۆشراوەکەی ) (  شۆرتی ) له‌به‌ردایه‌ وئامادەبوانی کۆنسێرتەکەی هیچ شتێک نابیین !!

لەکۆتایدا دەپرسم  ئاخۆ دەبێ بۆ ( میریام خان ) ئەم لێدوانەی بەر لە هاتنی بۆ دەڤەری  ئێمە دابێ ،  لەو کاتەی هەرهەمووشمان باش دەزانین کە لە ئەفەندیە خاوێن و تێروپۆشتەو گیرفانپرەکانی  حکومەتی هەرێمی بەتەمای خوا کەسی تر ئامادەی کۆنسێرتی دادە (  میریام خان ) نابێت ؟

 وێنەکە لە خەندان وەرگیراوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت