فەتاح حەسەن : ئەنفال .. نەورۆز .. نەوت .
دنیایەکی سەیرە گوڵم
لەم هەرێمە ، لە چواردەی چوار
کەسوکاری ئەنفالەکان
گۆشت لە خۆیان حەرام دەکەن.
کەچی گوڵم ، لەو رۆژەدا
هەر سەرکردەو
هەر ئەندام پەڕلەمانی گەندەڵە
لە راوە مامز دێتەوە.
بەخوا سەیرە ..!
بۆ چارەکە سەدەیەك دەچێ
ویژدانی خاوەن دەسەڵات
لە نێوەندی دەوڵەتیدا
لەبانقدایە .
گەلۆ، خێرە .. ماوەیەکە
لێرەو لەوێ
ئەنفال، دەخرێتە رستەوە ..!
خۆیان فێری کوردی دەکەن .. !
لە دووهەزارو دوانزەدا
هەر بە کوردی
جەژنەپیرۆزەمان لێکرا *!!
قونسوڵخانە
لە هەولێردا ، جمەیان دێت !!
چەندین ساڵە ، لە ( تورکیا ) دا
نکولی لە بوونی کورد دەکرێ
نەورۆزیان لێ یاساغ دەکرێ
کەچی .. ئا ، کەچی
لە دووهەزاروسیانزەدا
لە ( ئامەد ) دا
نەورۆزێکی دوو ملیۆنی
پیرۆزکرا.
وا هەست دەکەم ، بۆگەنی نەوت
کلیلی بانقی ویژدان بێ .
قوربانی ، بۆنی .. بۆگەنتم
ئەی ، نەوتی .. خاکی کوردستان.
قوربانی
بۆنی
بۆگەنتم .
ئەی ……….
( نەورۆزتان پیرۆز ) ، پیرۆزبایی سەرۆك وەزیرانی کەنەدا