ئەبوبەکرد جاف : ترس و لەرزی ئیمانی موسوڵمان .
داخی ئەم ئومەتە زۆر جەرگبڕە ، تا دێت سەرقاڵی خۆ بچوک و بچوکتر دەکات ، ئەم ئومەتە زاکیرەیەکی خراپی هەیە ، ئەم ئومەتە و ئیمانی ئەم ئومەتە پڕ پڕ لە ترس ، ڕۆژگارێک هەمیشە لە دۆخی پێشەوەو هێرشکردندا بوو ، هێرشکردنێک لەو سەروبەندەدا شارستانیەتەکانی تر پڕبون لە دۆگم و وەستان ، پڕبون لە سکون و پاشەکشە ، ئەم ژیارە نمونەیەکی تری پێشکەش کرد . جەدەل و ئەرگومێنتسازی هێنایە ناو گوتارەکەیەوە ، بێ ترس ، ئەم ئومەتە کۆمێنت و تەعلیق و شەرح و تەفسیرو تەئویلی خۆی هەبوو …
ئەم ئومەتە تەنیا کەسێکی تێدا هەڵکەوت هەوڵی ئاشتکردنەوەی ( پلاتۆ و ئەرستۆی ) ئەدا . سەردەمانێک بە حوکمی جەبەروتی تۆلۆژیایەکی پڕ دۆگم لە ڕۆژئاوا فەلسەو بیرکردنەوە و بچڕانێکی تێکەوت ، ئەم ئومەتە ئەو گوتارەی لە دەستی ئەوان ڕاکێشایە دەرەوە ، وەک میراتگرێک بە ئەمەکی بیرکردنەوە جڵەوی ئەم خەمە گەورەیەی خستە سەرشانی . بێ ترش ، بێ دودڵی لەوەی ئەم ( کارە دونیایی و شەیتانییە ) . میراتی تەسەوفی ئەم ئومەتە نەک نامۆ نییە بە میراتی کۆی تەسەوف و عرفانی بەشەری ، ئیدامە پێدەرە ، بە قەولی گەورە عارفێکی وەک ( فریتۆف شوان و کۆی قوتابخانەی سونەتی ) : میراتەکە وەحدەیەکی موتەعالیانەی ناوەکی لە خۆ گرتووە …
ئەم ئومەتە ئاوا بوو کەچی ئێستا ، ئێمان بووە بە ترس ، ئیمان بووە بە شەریعەتێکی قامچی وەشێن ، ئیمان و پرۆژەی ئیمانی بووە بە شەریعەتی ترساندن و پۆلبەندی کردنی ئیسنان لە سەر بنەمایەکی دوالیزمی پڕ لە توندو تیژی و زەبروزەنگ ، تۆ تەماشاکە : ئومەتێک ، زانایانی ئومەتێکی سەرقاڵی چین ( چ بەشێک لە جەستەی ئافرەت عەورەتە ، کۆێی عەورەت نییە؟ سیاقە و شۆفێری ئافرەت حەرامە یان حەڵال، سەفەرکردنی ئافرەت بە تەنیا (وەک ئەوەی ئێستاکەش هەر بیابانەکانی سەردەمی چۆڵەوانی ئەو کاتە بن )؟! ئومەتێک ڕێک ناکەویت کە نەورۆز و دەرچون لەو ڕۆژەدا حەڵاڵە یان حەرامە؟ ) شەو ڕۆژ ، ئەم ئومەتە توشی وەهمێک بووە ، وەهمێک کە وا دەزانێت هەمیشە ( زایۆنیزم و پلانی جولەکەو نەێرانیەت کاریان نەماوە تەنیا دانیشتن نەبێت لە پێناو بیرکردنەوە بۆ درزخستەنە ناو یەک ڕیزی و لەویشەوە ئیمانی ئەم ئومەتە …. ئەم ئومەتە چی لێ بەسەرهاتووە ، بێ ئاگا لە خۆی،بێئاگا لەوەی لە ناو ” گەمەیەکدا دەیەوێت بەرەنگارییەک دروستبکات بەرانبەر مۆدێرنێتێ و دەرکەوتەکانی ؟! بێ ئاگا لەوەی هەمان ئەم بەرەنگارییە و هەمان ئەو میکانیزمی بەرەنگارییە ، شەڕێکی دۆنکیشۆتانەیە ، شەڕێکە هەر لە سەرەتاوە دۆڕاوە ،) ئەم ئومەتە وای لێهاتووە ئافرەتی لێ دەرکەیت کارێکی نامێنێت ، هێزی ناوەکی خۆی ون دەکات ، با گریمانەی ئەوە دابنێین خوداوەند هەر ئافرەتی دروستنەکردووە . ئەو کاتە ئەم ئومەتە ئەکەوێتە سەر ساجی عەلی و شتێکی بۆ نامێنێتەوە خۆی پێوە سەرقاڵ بکات ، خۆی پێوە مەست بکات ، ئێمە ئەگەر جوگرافیای جەستەی مێینە لە گوتاری ئیدۆلۆژیانەی ئەم سەردەمەی ئومەت دەر بکەین .. چی دەمێنێتەوە؟!
ئەم ئومەتە ئەبێت بگات بەو بڕوایە ، ئێستاکە هەوڵویستەو وەستان و ئاوڕدانەوەیک لە مێژوی بەشەریدا دروستبووە ، بەشەریەت لە ناو ” بۆشای” یەکدایە ، بەشەریەت بە قەولی ڕۆنییە گوێنۆن لە قەیرانێکی ترسناک دایە لەوەی دەستبەرداری ڕەهەندە ترانسدێنتاڵەکەی بووە ، ناچارە بە مێژوی خۆیدا بڕواتە خوارە و ئەزمونەکانی ڕابردوو هیچ نەبێت ( فەحێبکاتەوە ) … بەڵام ئەم بەشدارییە نەزۆک و بێبەرهەم و بەدیلە دۆنکیشۆتانەی موسوڵمانان ، بەم فۆرمە ، بەم گوتارە ، نەک تەنیا ” بۆ ئەویتر”، بەڵکە بۆ خۆیشی مایەی زەرەرو زیانە و توشی عەیبەش بووە دەبێت .