به‌ندی عه‌لی : به‌هاری 7 مه‌راقه‌کانی شه‌و .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

له‌پاییزانا ، من و تۆ
له‌دره‌خت و باران ئه‌چین
تۆ جلکی ئاڵتوونی گه‌ڵا دائه‌ماڵی و
منیش گیانی ڕووت و قووتت ده‌شۆمه‌وه‌و

پاش هه‌ڵزنان
تک تک ئه‌چۆڕێمه‌وه‌ سه‌ر خاکی به‌ر پێت
تا ژیان بۆن و به‌رامی عیشقی لێ بێت

……………

هه‌موو ساڵێ له‌پاییزا
شیعره‌کانم ڕه‌نگی گه‌ڵای وه‌ریو ئه‌گرن
مه‌زاجی شێتی ڕه‌شه‌باو بۆنی خاکی
پاش یه‌که‌م بارانیان لێ دێ
خۆیشم ئه‌بم
به‌دره‌ختێکی رووت و قووت

…………….

گشت پاییزێ
که‌ یه‌که‌م باران ئه‌بارێ
بۆنی خاک و بۆنی سنگی دایکم ئه‌که‌م
وته‌ی پیرێک ، به‌منداڵی
دایکیان له‌گه‌ڵ
یه‌که‌م بارانی پاییزا به‌خاک سپارد

………………….

شه‌رم لای مرۆڤی ساده‌
شه‌ونمێکه‌ به‌سه‌ر گه‌ڵای ته‌وێڵه‌وه‌و
سه‌رجه‌م ته‌مه‌ن ، مه‌راقێتی
که‌رۆژێ نه‌ڕژێته‌ ژێر پێ
لای هه‌ندێکیش
ده‌ڵێی زێرابی سه‌ره‌کی گه‌وره‌ترین
پایته‌ختی دونیایه‌ .. ده‌ڕژێ

…………….

سه‌ربازه‌کانی خوا هاتن
بێڵه‌که‌یان لێ سه‌ندم و شمشێرێکیان دایه‌ ده‌ستم
خێڵ په‌رسته‌کانیش هاتن
داسه‌که‌یان له‌ده‌ست بردم تفه‌نگێکیان کرده‌ شانم
ئازادی خوازه‌کان هاتن
جله‌کانیان لێ فڕاندم کردیانه‌ به‌ری داهۆڵێ
ئیتر له‌و رۆژانه‌وه‌ من
منی مرۆڤ .. داهۆڵێکم
پۆڕه‌ برسیه‌کانی ئاسمان ده‌ترسێنم

…………..

تۆ ئۆقیانوسێکی له‌سۆز
من که‌شتیه‌کی گچکه‌له‌ی مۆد ئه‌نتیکم
تۆ وشک که‌یت
منیش شه‌قار شه‌قار ده‌بم

……………

 

هه‌ر ده‌ڕۆیت و پێیان ناگه‌ی
سێبه‌ری خۆت نا
(به‌ڵێنه‌کانی پێش هه‌ڵبژاردن )
……………
مه‌گه‌ر هه‌ر گڵ پڕیکاته‌وه‌
چاوی ته‌ماع نا
( چاوی ده‌سه‌ڵات)
……………
له‌سه‌ر بنجی خۆی ده‌ڕوێته‌وه‌
گیا نا
(به‌دبه‌ختی مرۆڤی رۆژ هه‌ڵاتی )
………….
هه‌رده‌م له‌سه‌ر سکی تێره‌
ده‌ستی ماندوو نا

(ده‌سکی کورسی )

…………….

کۆشکی عیشق
له‌وپه‌ڕی دنیایه‌ ، گوڵم
رێیه‌که‌ی .. هه‌ورازو نشێو
ئه‌وه‌ی ته‌نگه‌ نه‌فه‌سێی
ئه‌وه‌ی ژێرزه‌منێکی به‌زه‌یی
سه‌روزیادو هه‌م به‌سێتی
له‌قافڵه‌ی ئه‌م سه‌فه‌ره‌یا با

دابه‌زێ ، زیایه‌ .. گوڵم

………………..

ئه‌گه‌ر رۆژێ ئاره‌زووت کرد
سه‌ردانی ئه‌م خه‌راباته‌ی عومرم بکه‌ی
هێدی هێدی وه‌ره‌ ژوورێ

چونکه‌ ره‌نگه‌ له‌هه‌ر سوچ و په‌نایه‌کدا
پێکێکی شه‌رابی یادم جێ هێشتبی و

سیگارێکی نیوه‌ کێشراوی خه‌مباریش
چاوه‌ڕێی ئاخر نه‌فه‌سی

یه‌کێ له‌و هاوڕێیانه‌م بێ
شه‌وێ له‌شه‌وانی پاییز
باڕه‌ش له‌گه‌ڵ خۆیا بردی و

نه‌هاته‌وه‌

……………..

ئه‌و شه‌وانه‌ی
ئاسمان که‌وای هه‌ور ئه‌پۆشێ
جاڵجاڵۆکه‌ی خه‌م له‌دڵما لانه‌ ئه‌کاو
لێوم زیاتر هه‌ست به‌چێژی
شه‌رابی ته‌نیایی ئه‌کا
چونکێ چیتر ئه‌ستێره‌کان ناجریوێنن
مانگه‌شه‌ویش له‌ژێر تاڤگه‌ی تریفه‌یا
به‌ڕوتوقوتی نابینم
ئه‌و شه‌وانه‌ ، ئاسمان له‌ژنێکی پیری
قژ خۆڵه‌مێشیی که‌ساس و خه‌مگین ئه‌چێ
منیش ، له‌پیره‌ مێردێکی
خه‌یاڵ .. به‌شه‌رابی ته‌مه‌ن

……………..

( به‌یادی دیلانه‌وه‌)

گوڵه‌کانت ببه‌خشه‌وه‌
چیتر سوکنایی دڵی من به‌گوڵ نایه‌ت
بۆ من ژیان سه‌فه‌رێکه‌
سه‌رلێو .. له‌هه‌ورازو نشێو
سیخناخ .. به‌ ئازاری گیان و

  موچوڕکه‌و ئاخ
بۆ تۆش ، سه‌رخه‌وێکی کورته‌
چون حیکایه‌ت
نه‌که‌ی هه‌ر گیز نه‌مامی گوڵ
بکه‌یته‌ سێبه‌رو سایه‌ت
به‌نینۆک گه‌ر بژاری که‌ی به‌پوڵێ
به‌رهه‌م و مایه‌ت

…………………

عیشق نه‌قه‌باره‌ی هه‌یه‌و
نه‌بارستایی و نه‌روبه‌ر
گه‌مژه‌ ، ئه‌وه‌ی تۆ سوتاندت
هه‌ر به‌ته‌نیا داهۆڵێ بوو
تاکو ئێوه‌ی قه‌له‌ڕه‌شکه‌
به‌م نێوه‌دا .. نه‌که‌ن گوزه‌ر
بڕوانه‌ عیشق و ئازادی
گه‌مژه‌ی له‌دونیا بێ خه‌به‌ر
……………….

 که‌هه‌ندێ جار دڵه‌ی بێزار
ئۆقره‌ له‌ژیانم ئه‌بڕێ ، وا ئه‌زانم
سه‌رقه‌تاری خه‌می گشت خه‌مباره‌کانم
روحم له‌ئاسمانا ئه‌فڕێ و
به‌گیان به‌سه‌ر ئه‌رزا ئه‌ڕۆم
له‌هیچیانیش ئۆقره‌ ناگرم
غه‌ریبی ئه‌م دنیایه‌ .. خۆم

………….

خه‌می من ، خه‌می سوتانی
په‌یکه‌رێکی بێ گیان نیه‌
خه‌می من ، خه‌می سوتانی
خودی گیانه‌ زیندووه‌کانه‌
ئه‌وانه‌ی ، له‌مۆزه‌خانه‌ی

ئه‌م نیشتمانی شه‌رمه‌یاو
هه‌ر له‌ژووره‌ تاره‌کاناو له‌ترسی ئاگری سه‌قه‌ر
بۆ یه‌ک ده‌نکه‌ گێلاسی ماچ
دوو دوو ده‌بن .. به‌ دوو په‌یکه‌ر
ئاخر گوڵم

ئه‌و گه‌مژه‌ ترسنۆکانه‌ی
له‌ژێر په‌رده‌ی شه‌وه‌زه‌نگا

په‌یکه‌ری ماچ ده‌سوتێنن
بۆیان بلوێ ، به‌ڕۆژی روون
بێ باک ، بێ سانسۆر ، بێ سنوور
چی عاشقانی دنیا هه‌یه‌
ده‌به‌ن به‌ده‌ردی .. کێوی توور

………….
عه‌یامێ ، نان
دروشمێ بوو بۆ ئازادی
عه‌یامێ خاکی نیشتمان
عه‌یامێکیش
عیززه‌تی میلله‌ت و زمان
وه‌لێ یاران ، له‌ئه‌مڕۆوه‌ ئیتر ماچ بوو
به‌سمبولی شۆڕشی نوێ و
شوناسی ئازادی ئینسان

…………..

ببارێ ئه‌ی ماچ ، ببارێ
خۆ ئه‌گه‌ر تۆ نه‌بوویتایه‌
نه‌هه‌وری خه‌ستی ژانی دڵ
ده‌ڕه‌وییه‌وه‌و
نه‌بیابانی زینده‌گی ته‌ڕ ته‌ڕ ده‌بوو
نه‌داری عیشق و ئازادی
به‌ری ده‌گرت
ببارێ ئه‌ی ماچ ، ببارێ
نه‌ک هه‌ر به‌وه‌شت
به‌ره‌هێڵه‌ …. وه‌ره‌ خوارێ

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت