بەهرۆز جەعفەر : ئێمە چیمان گەرەکە ؟ .
دەیان جار سیاسییەکان ، لایەنەکانى ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات ، بەنامە یان خەڵکیان ناردووە ، بزانن ئێمە چیمان ئەوێ و ئەمانەوێ بڵێین چى ؟. یان قسەیەکى لەوە خێڵەکی ترو نا لۆژیکتر ” هەقە خۆى ساغ بکاتەوە !!”. دیسانەوە ئەڵێن چیتان ئەوێ بۆچى وائەکەن ؟.
ئێمە نەنوێنەرى خەڵکین ، نە هى مێژوو نە هیچ لیستێک ، خودانێکى فرسەتهێنەر و خەڵەتێنەرى خەڵکى ، یان لایەنێکى ئۆپۆزسیۆن نین لەساحەکەدا بۆمەرامێکى سیاسی و ئایدۆلۆژی هاتوهاوار بکەین . جگە لە تەلەفزیۆن و ئامرازەکانى کە ، زیاتر لەهەزار وتارو ستونم نوسیوە ، ئەوانەى لەم سیستەمەدان ئێستاش نەیانزانی چیمان ئەوێ . لە ساڵى (2008) بەنوسین و پرۆژەو ووتن بەجەنابى تاڵەبانیم وتوە چیم ئەوێ ؟. لەدواى 17ى شوبات بە جەنابى بارزانى و دواتریش سەرکردەکانى ئۆپۆزسیۆن ؟. من هەمان خواستى سەرۆکى هەرێمم هەیەکە (8) ساڵە نەى هێنانەوەتە دى ، کەهەمووجارێک لەموناسەباتەکان دووبارەى دەکردەوەو بەخۆشمى ووت :
یەکەم: ئاسەوارى شەڕى ناوخۆ نەهێلین .
دووەم: موئەسەسات دروست بکەین.
سێهەم: کوردستان ببەینە مەحفەلى دەولى .
ئەم داخوزایانە نەک هەرنەهاتونەتە دى ، بەڵکو ئێمە پێمانوایە نەبەتەنها و نە بەهەموو ئەم هێزانەى لەگۆڕەپانەکەدان ، بەبزوتنەوەى گۆڕانیشەوە ناتوانن ئەوە بکەن . هەر هێزو کەسێک لەشاخ بوبێت ناتوانێ ئەوە بکات . ئەمڕۆکە تادێت کلتورى کوردى جگە لەخەڵکى زیاخۆرو حەزى خانەنشینى و گەندەڵى هیچ شتێکى دى بەرهەم ناهێنێ.. ئەمڕۆ تاقەچارەسەر بۆئەوەى کەمێک بارودرۆخەکەمان بۆبباتە پێش تەنهاو تەنها بە گۆڕانێکى ڕیشەیی دەکرێت ، بەبەرپابونى ڕێنسانسێک ، لەکۆمەڵى کوردیدا ئۆقرە ئەگرێت . ئەمە بەمامۆستافەلەکانى زانکۆ و ڕۆشنبیرە خانەنشینکراوەکان و دەستو پێ سپیەکان ناکرێت . بەو شەش حەوت هەزار ڕۆژنامەنووسە دیعایەچى وبێ سەرو سەوداکەرەش ناکرێت ، کەلە بێ پرۆژەیی و بێ فکرییا هەر ڕۆژەى حیکایەتەکانى ناوبازاڕى خۆیانمان بۆئەکەنە چەند دێرێک . درەنگە و یەقینیشم هەیە لەم چەرخى جیهانگەرایی و لەم پێدەشتى بەرفراوانەى مۆدێرنەدا ، لەناو ئەم هەموو تیۆرە جۆراوجۆرانەى کەیەک ئەوى تر سەرکۆنە ئەکات . کورد ڕێک (100) ساڵى لەدواى هەموو عالەمەوەیە .باوەڕکەن کورد زۆر دواکەوتوە ! . کەس تائێستا لەجیهانى دەرەوە نایواتێ ؟. لەسەروى ئەمانەشەوە حەزێک لەهەناوى دەسەڵاتەوە هەیە بۆ سەرکوتکردن و خەفەکردنى ئەو دەنگانەى کە ئازایەتى دروستەکەن ، کە پرسیارو گومان بەرهەم ئەهێنن .لەبرى نەوەیەکى تر دروست بکەن ، وەکو حکومەتى ئێرانیشیان لەدەست نایات کە ” تلیاک” ەکەکەى بۆ ” شاملۆ ” ئەبردە ماڵەوە ، دەیگوت : بەهەموو خەڵک قەدەغەیە ، تۆ سەروەتى نەتەوەییت بیکێشە .. ئەوانەى دەیانەوێت ببنە کامۆیەکى کورد ، شاملۆیەک ،، ڕامین جیهانبەگلویەکى کورد ،، کۆڵان بەکۆڵان ،، وڵات بەوڵات سانسۆر دەکرێن .
مەلا بەختیار ئەڵێت : خۆمان خستۆتە ئەزمەیەکەوە ، ناتوانین چارەسەرى بکەین ، ئەوەندەى لەکۆمپانیاکان نزیک بوین ئەوەندە لەجەماوەر نزیک نەبوین !
نێچیرڤان ئەڵێت : گەندەڵى بوە بەکلتور .!
ڕەفعەت عەبدوڵا ئەڵێت : یەکێتى و پارتى لەکەرکوک حزبایەتى ئەکەن نەک کوردایەتى .!.
وەزیرى دارایی ئەڵێت: بەخوا نازانم بودجەى یەکێتى و پارتى چەنە ؟
وەزارەتى پێشمەرگە ئەڵێت: هەربەناو یەکمان گرتۆتەوەو نسبەتى کوردیش لەسوپاى عێراقدا زۆر کەمبۆتەوە ؟.
ئێمە بڵێین چى ؟. خۆ ئەتوانین بێدەنگ بین . خۆئەشزانین خەڵکى ئێمە هەرزوو کارەسات و کۆژانەکانى خۆیان بیر ئەچێتەوە ، خەمى ئێمە لەوە ئەولاتریش ئەوەیە ، ئەم پرۆسەى ڕۆژنامەنووس کوژ و ژن کوژ و پیاوکوشتن و بێدادییە ، هەموو ڕۆژێک بەردەوامەو ، هیچیشیان نابنە خاڵێکى وەرچەرخان و سەرەتاى بەدەنگهاتنى خەڵک لەئاستى ئەو جەنگەڵەى تیایدا گوزەر ئەکەن .
- Latest Posts by بەهرۆز جەعفەر
بەهرۆز جەعفەر: لەبارەی پاڵێوگە نایاساییەکانەوە.
-بەهرۆز جەعفەر: کورد یان ئەردۆگان دەرفەتیان زۆرترە؟
-بەهرۆز جەعفەر: ئایا ئیسرائیل بەڕاستیەتی؟
- All Posts