کونجرینی : بزوتنەوەی گۆڕان و ئایندەیەکی نادیار .
گۆڕان یەکێتی و پارتی بەکار دەهێنێت بۆ جێگیرنەبوونی ڕەوشێک ، کە پیلانەکەی لەهەولێردا جێگیربکات ..
لەشەستەکاندا ، پارتی بوون شانازی بوو . لەناوەڕاستی حەفتاکاندا ، تا دوای ڕاپەڕین یەکێتی بوون شانازی بوو . کە گۆڕان هاتە مەیدان تا ئەم ساتە ، گۆڕان بوون شانازییە ..
25/7/2009 کاتێک گۆڕان لەسەر هەڵەو کەمووکوڕی و ململانییە ناڕێکەکانی ناو ماڵی یەکێتی دامەزرا ، ئیتر ئەم دوو هێزە کەوتنە ململانێی یەکتری و شەڕیان لەسەر میراتی ناوچەو دەسەڵات دەست پێکرد .
هەمیشە ، کە دوو هێز دەکەوێتە ململانییەوە ، هەریەکەیان بەجیا هەوڵی لەتکردن و لاوازکردنی ئەوی تردەدات ، ئەم دوو کەرت بوونەی یەکێتی ، کە گۆڕان بەشێکی جیابووەی ئەوە ، خوازیاریی پارتی بوو ، بەڵام هەوڵ و کۆششی ئەو نەبوو .
سەرەتا گۆڕان لە سلێمانیەوە وەک هێزێکی بەهێز نمایشی هەوڵ و کۆششی خۆی دەست پێکرد و . لەهەولێر دەنگێکی زۆر کەم و لەدهۆک و کەرکوک وەک نەبوو دەرکەوت . دواتر ئەم هێزە لەنێو پەڕلەمان ، خەبات و هەوڵی خۆی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی پانتاییەکی زیاتر چڕکردەوە . لایەنی یەکێتی و پارتی سەرەتای دەستپێکردنی کاری سیاسی ئەم هێزە بەنابەلا تێیان دەڕوانی و وەک کەفوکوڵێکی ماوەکەم و دواتر هێوربووەوەو هەژماریان بۆ دەکرد .
هەڵەی ئەم هێزە لەوەدا بوو ، سەرەتا هەموو تەرکیزی سیاسی بۆ لاوازکردنی دوو هێزی دەسەڵات ، لەیەکێتیەوە سەرەتاگیر بوو . هەر ئەمەش بوو ململانییەکی هاوشێوە جەنگ لەنێوان گۆڕان و یەکێتی تائەم ساتە ، گڕوکڵپەی هیور نەبۆتەوەو هێزی بەرامبەر وەک تەماشاکار و چێلکەتێوەر و سودمەندبوو لەم ڕەوشەیەو ، کار بۆ بەهێزی خۆی دەکات . بەڵام ناڕێکی سیاسی و بنەمای کاری ناجۆر و نەخوازیار ، نەپارتی و نەیەکێتی وەک دوو هێزیی ماوە دڕیژ لەدەسەڵات ، نەبەرنامەو نەگفت و نە پڕۆژەی نوێ ، هۆکار نابێت بۆ ڕێگری لەلاواز بوونیان . ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەم فاکتەرانە :
1 / سیاسەتەکانیان لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق و ناوچەکە تۆزی لێنیشتووەو نوێکاریی پێوە دیار نییە .
2 / هەوڵدان بۆ تەسکردنەوەی پانتایی ئازادی و ڕەوڕەوەی دیموکراسی .
3 / ناجێگیری ڕەوشی ئابووری کوردستان ، کە خۆی دەبینێتەوە لە ناڕوونی کەیسی نەوت و بوجە . هەروەها هەوڵنەدان بۆ جێگیرکردنی بەرنامەیەکی شێلگیرانە ، کەبنەمای ئابووریەکی بەهێز دابین بکات .
3 / داپۆشینی کەیسی نیشتمانی و نەتەوەیی بە کەیسی نەوت و پلەوپایە ، لەگەڵ بەغداد .
4 / تەشەنەکردنی ناڕێکی ئاشتی کۆمەڵایەتی لەسەر هەموو جومگەکانی کۆمەڵگا .
گرفتەکان زۆرن ، هێندە بەهێزە کۆمەڵگاکەمان بەناهۆشیار و هۆشیارەوە لەسێرەیەکدا یەک خستووە ، کەناتوانرێت وەک هێزێکی کەم سەیریی بکرێت . گۆران لەم ڕەوشەدا سوودمەندی یەکەمەو هەڵچنینی دەنگە ناڕازییەکانی خەڵک ، لەم هەرێمەدا .
بزوتنەوەی گۆڕان لەهەڵبژاردنەکانی 25/7/2009 دا دەنگێکی بەرچاوی هێنا . ئەم گەشە سەرەتاییەی گۆڕان ، بەرمابەرەکانی وا هێنابووە دەنگ ، کە کەفوکوڵێکی کەم مەودایەو بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو هێندە کەم دەبنەوە ، کەتوانایان لەحیزبێکی پچووکدا کۆدەبێتەوە . ئەم بیرکردنەوە تەسک و بێ بنەمایانە ، تەنانەت هاوڕێ پەنجا ساڵەکانی ڕێکخەریی گشتی بزوتنەوەی گۆڕانی ( نەوشیروان مستەفا ) ی ئاڵودەکرد بوو . کارکردنی گۆڕان لەسەر ئەم بیرکردنەوەی بەرامبەر بەخۆی ، وەک پیلانێکی وردو بنەماگیر بۆ ڕاستکردنەوەو سەرکەوتنی دروشمەکانی لەگۆڕینی سیستەمی هەرێم دادەڕێژێت .
گۆڕان لەسەرەتاوە لەسلێمانییەوە گەشەی کردو ، توانی زۆرینەی دەنگ بەدەست بهێنێت . خوێندنەوەی ناتەندروست بۆ سەرەتایی بوونی ئەم هێزە لەلایەن پارتییەوە ، دەستی پێکرد .
ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 25/7/2009 .
پارێزگاکان کۆی دەنگدەری هەموو لیستەکان دەنگی لیستی کوردستانی دەنگی لیستی گۆڕان
سلێمانی 775،034 284،809 315،320
هەولێر 665،767 438،968 114،740
دهۆک 429،136 36،720 14،794
ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 21/9/2013
پارتی / 82 + 221 + 325 = 628
گۆڕان / 347 + 120 + 12.621 = 479.621
یەکێتی / 183 + 85 + 25.500 = 293.500
بزوتنەوەی گۆڕان لەدوای هەڵبژاردنەکانی 2009 وە لەسەربنەمایەکی ستاندارتی کاریگەر کاریکردو ، وەک هێزێکی سیاسی بەهێز دەرکەوت . سەرەتا خۆی کرد بەحیزب و پاشان وەک ئۆپۆزیسوێنێکی بەهێز نمایشی تواناو بەرگیکردنی لەکۆمەڵێک خاڵی دەرکەوتەی نادروستی پارتی و یەکێتی بۆ ڕاکێشانی زیاتر سەرنجی خەڵکی بەلای خۆیدا ڕاکێشا . سەرئەنجام خەڵکی توڕەی شەقامی لەتەوەری دروشمەکانی خۆی ئاڵاند.
جیاوازی گۆڕان لەگەڵ پارتی و یەکێتی لەوەدا بوو ، ئەوان لەهەنگاوی کرداری و ئەم لەچاودێریی ڕەخنەگرانەی سەختدا بوو . هەروەها هێزێکی نوێ و ڕابردویەکی بێ نمایشی ئیداری بوو لەدەسەڵات . گۆڕان لەپێش هەڵبژاردنەکانی 21/9/2013 دا ڕایگەیاند ، وەک هێزێکی ئەم هەرێمە لەئۆپۆزیسوێن بوونەوە بۆ بەشداریی حکومڕانی هەرێم خۆی ڕاگەیاند . لەکاتی بەشدار بووندا ، زۆرینەی چاودێرانی سیاسی و بەئاگابوونی سیاسی بەخۆشمەوە ، بزوتنەوەی گۆڕانمان خستە بەر گۆشەیەکی توندی ڕەخنەوەو تاوانبارمان کردن بەوەی ” دروشم و هەنگاوەکانی ڕابردووی کاڵبۆتەوەو ، بە پلەو پایەی دەسەڵات دەیانگۆڕێتەوە ” بەڵام دەرکەوت پیلانەکانی ئەم هێزە بەتایبەتی خودی ڕێکخەرەکەی ، لەتوانای هێزە سیاسیەکان و چاودێران و شارەزایانی سیاسی دا نییەو ، خوێندنەوەکانیان بۆ هەنگاوەکانی ئەم هێزە دووربوو لەپێکانەوە .
دیارە زۆربەی پارتییەکان ، دڵخۆشن بەوەی گەمەکەری سەرەکی گۆڕەپانەکەن و سیاسەتێکی دروست بە بەرژەوەندی حیزبەکەیان پیادە دەکەن و زاڵن بەسەر جومگە سەرەکییەکانی هەموو هێزە سەرەکییەکانی هەرێم و دووا کەوتنی حکومەت بەبەرژەوەندی خۆیان دەزانن . دیارە نازانن ئەم مناوەرەیەی گۆران ، دان ڕشتنە بۆ کۆمەڵێک خاڵی گرنگ بەبەرژەوەندی خۆیان ، وەک چاڵهەڵکەندنێک بۆ داهاتووی
پارتی و ئینجا یەکێتی ..
1 / گۆڕان توانی بەدواخستنی حکومەت شەقامی ناڕازیی لە دژی پارتی و یەکێتی پۆڕتر بکات . بەتایبەتی هەولێر .
2 / بزوتنەوەی گۆڕان لەماوەی هەڵبژاردنەکانی 21/9 تا بۆ 30/4 پیلانەکانی بەجوانی داڕێژاو خاڵی سەرەکی خۆقایمکردن بوو لە هەولێردا .
3 / لە 1 /4 دا ڕێکخەری گشتی گۆڕان وتی : لە کوردستانی عێراقدا ئێمە لەبەردەمی دوڕیانێکداین ، ئەم دوڕیانە بریتیە لەوەی کە ئایا رێگای سیاسی ، رێگای هەڵبژاردن ، رێگای پەنابردن بۆ سندوقی دەنگدان ، ئەوە ئەو رێگەیەیە کە دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی تێدا دەکرێت ، ئەوە ئەو رێگەیەیە کە چاکسازی ریشەیی تێدا دەکرێت ، ئەوە ئەو رێگەیەیە کە زامنی ژیانی دیموکراتیە یاخود نا، لە پاش (30-4) ئەتوانین وەڵامی ئەم پرسیارە وەربگرینەوە. لە کۆتاییدا ، خوای گەورە پشتیوانتان بێت . لەسایتی سبەی وەرگیردراوە …
هەموو ئاماژەکان وامان پێدەڵێن : کەبزوتنەوەی گۆڕان لەهەڵکشاندایەوەو هەموو ئەگەرەکانی بەردەمیشی خوێندۆتەوەو جموجۆڵەکانی کادێرانی سەربازیشی ، خەرمانەی ئەو ئەگەرەن ، لەهەر وەختێکدا بێت ، ڕووبەڕووی هەر هێزێکی سەربازیی ببنەوەو ، زانایانە لەوە گەیشتوون ، نەپارتی هێزی بەبیروباوەڕی ماوەو نە هیزەکانی یەکێتیش ترسی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانیان لەسەرە . جگە لەمەش نەدەوڵەتانی ناوچەکەش وەک جاران توانای تاودانی ئەسپیان هەیە لە مەیدانەکەدا … بەڵام ترسی گەورە لەبەردەم ئەم بزوتنەوەیەدا دوو بارە بوونەوەی دەستتێوەردانی دەوڵەتانی ناوچەکەیە .
- Latest Posts by لاوک کونجـــــــرینی
لاوک کونجرینی: بەم سیستەمەی دادگای فیدراڵی بڕیاری لێداوە بۆ هەڵبژاردن، بۆچی پارتی دڵشکاو و یەکێتی دڵخۆش؟ – بەشی کۆتایی.
-لاوک کونجرینی: بەم سیستەمەی دادگای فیدراڵی بڕیاری لێداوە بۆ هەڵبژاردن، بۆچی پارتی دڵشکاو و یەکێتی دڵخۆش؟ – بەشی دووەم.
-لاوک کونجرینی: بەم سیستەمەی دادگای فیدراڵی بڕیاری لێداوە بۆ هەڵبژاردن، بۆچی پارتی دڵشکاو و یەکێتی دڵخۆش؟ – بەشی یەکەم.
- All Posts