دکتۆر کەمال میراودەلی : کورد و خوێندنه‌وه‌ی سیاسه‌ت له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا .
بەشی یەکەم
[ ئەم باسە لە کۆنفرانسی هاوبەشی گۆڤاری( رابوون ) و ( کۆمەلەی کەلتووریی ئازاد لە ئۆپسالا ) لە ستۆکهۆلم بە ناونیشانی ( کورد لە بەردەم سەدەی بیست و یەکەمدا ) لە رۆژی ١٨/١٢/١٩٩٩ دا پیشکەش کرا، تا ئێستا بلاو نەکراوەتەوە. بەشدارانی تر لە کۆنفرانسەکە بریتی بوون لە بەرێزان: دکتۆر بورهان یاسین – دکتۆر رەفیق سابیر – کاک هاشم کۆچانی – کاک ئەحمەدی ئەسکەندەری .. هەوال و چەند باسێکی کۆنفرانسەکە لە ژمارە ٢٩ ی رابوون ی سالی ٢٠٠٠ دا بلاوکراونەوە] .
بە بۆنەی تیپەربوونی سەد ساڵ بەسەر جەنگی جیهانیی یەکەمدا کە چارەنووسی کوردیی خستە قالبێکی جیۆپۆلیتیکی نوێ وە ، بە باشم زانی ئەم باسە لەم کاتەدا وەک خۆی بلاوبکەمەوە ]
***********************************
ئه‌وا سه‌ده‌ی بیست تێپه‌ڕی … سه‌ده‌یه‌کی نوێ ، ملینیۆمێکی نوێ ! به‌ڵام نوێیه‌تی له چ دایه ؟ گه‌ر ئه‌و ناوه گه‌وره و ، ئه‌و بۆنه دینییه‌ی له‌دایك بوونی مه‌سیح نه‌بێ ، چ گۆڕانێك له ڕه‌وتی ئەو کات و مێژووه دا هه‌یه ؟ ئه‌مڕۆ درێژ بوونه‌وه‌ی دوینێیه … ئه‌مساڵیش هی پاره ، سه‌ده‌ی نوێش هی سه‌ده‌ی به‌سه‌رچووه .
مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه گۆڕانی گه‌وره و مه‌زن له ئارادا نین و نابن . ئه‌م گۆڕانانه هه‌میشه له هه‌ناوی شته‌کاندا هه‌یه . به‌تایبه‌تی که ئه‌مڕۆ ته‌کنۆلۆژیا دنیا ، هه‌ڵبه‌ته دنیای وڵاته پێشکه‌وتووتره‌کان ، له وێنه‌ی خۆی ده‌نه‌خشێنێ و ڕه‌وتی جیهانیبوون و پاشکۆبوونیش به‌سه‌ر وڵاته دواکه‌وتووه‌کاندا ده‌سه‌پێنێ.
به‌هه‌ر حاڵ سه‌ده‌یه‌کی نوێ و هه‌زاره‌یه‌کی نوێ ، بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ، بۆنه‌یه‌کی مێژوویی و سایکۆلۆژییه بۆ به‌خۆدا چوونه‌وه ، بۆ ئاوڕدانهوهیکی ڕه‌خنه‌یییانه له سه‌د ساڵی چوو ، بۆ ڕوانینێکی ئاگادارانه له داهاتووی نادیار ، بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسانه‌ی وه‌ڵام نهدراونهوه ، بۆ کردنی ئه‌و پرسیارانه‌ی نه‌کراون.
ئه‌و سهرباسهی بۆ بابه‌تی ئه‌م کۆنفرانسه‌م هه‌ڵبژاردووه ، تا بڵێی به‌ر فراوانه .. کورد و خوێندنه‌وه‌ی سیاسه‌ت له سه‌ده‌ی بیستدا ، هه‌ڵبه‌ته چه‌ندان کتێبیش پڕ به پێستی مه‌به‌ست ئه‌م بابه‌ته شییناکاتهوه . به‌ڵام مه‌به‌ست ئه‌وه نییه لاپه‌ڕه‌کانی مێژوو بخوێنمه‌وه ، داتا‌کان به‌سه‌ر یه‌کدا خڕ که‌مه‌وه ، له قوژبنه تاریکه‌کانی ڕووداوه‌کان بۆ شتی گوایه نوێ و نه‌دۆزراوه ، بگه‌ڕێم ، نا ، ده‌مه‌وێ له‌سه‌ر زۆر شتی سه‌ره‌تایی و سه‌ره‌کی ڕابمێنم ، ده‌مه‌وێ ئه‌و شتانه‌ی به قبووڵکراو و مۆرکراو له قه‌ڵه‌م دراون ، بخه‌مه‌وه به‌ر نیگای پرسیار و گومان و لێکدانه‌وه ، ده‌مه‌وێ سه‌ره‌تا له سه‌ره‌تاکانه‌وه ده‌ست پێ بکه‌ینەوە ، ئه‌و سه‌ره‌تایانه‌ی هه‌میشه فه‌رامۆشمان کردوون ، هه‌میشه هه‌ڵمان بواردوون و له‌سه‌ر حسێبی ژیان و ده‌رچوونی خۆمان به بۆشایی بەجێمان هێشتوون.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا به‌خێرایی ده‌توانم بیکه‌م ته‌نیا ئه‌وه‌یه هه‌وڵ بده‌م سه‌ره‌تاکان ، وه‌ك پێناسه، ده‌ستنیشان بکه‌م .
نامه‌وێ پێناسه‌ی سه‌ده‌ی بیست بکه‌م ئه‌مه چه‌مکێکی ژماره‌یی زانراوه : سه‌د ساڵی ڕابردوو، هه‌ڵبه‌ته گه‌ر که‌مێ له سنووری ساته‌کانیش بۆ دواتر شۆڕبینه‌وه ئه‌مه له جوغزی باسه‌که ناگۆڕێ. ئه‌وه‌ی که وه‌ك پێناسه‌ی سه‌ره‌تایی و سه‌ره‌تای پێناسه گه‌ره‌کمه سه‌رنجی بده‌م ئه‌و سێ وشه‌یه‌یه: کورد ، سیاسه‌ت ، خوێندنه‌وه.
ناشێ باسی خوێندنه‌وه‌ی کورد بۆ سیاسه‌ت بکه‌ین گه‌ر سه‌ره‌تا مه‌به‌ستی خۆمان له وشه یان زاراوه‌ی کورد و سیاسه‌ت روون نه‌که‌ینه‌وه.
سیاسەت چییە؟
به سیاسه‌ت ده‌ست پێ ده‌که‌م .. نامه‌وێ سه‌رتان بیه‌شێنم بۆ پێناسه سۆسیۆ-سایکۆلۆجییه‌کان و ره‌گ و پێشینه تیۆرییه‌کان بگه‌ڕێمه‌وه. هه‌وڵ ده‌ده‌م پێناسه‌یه‌کی ساده و به‌رده‌ست و به‌کار پێشکه‌ش بکه‌م.
وشەی پۆلیتیکی ، ئینگلیزیی ، ئه‌وروپایی ، له ره‌گه یۆنانییه‌که‌ی ، وه‌رگیراوه و لە سەر نموونەی کتێبەکەی ئەرستۆ [ پۆلیتیکا] دارێژراوە ، کە بە مانای کاروباری دەوڵەت و حوکمرانی بەکاری هێناوە.
( پۆلیتیی ) ، به پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ درووستبوونی شار‌و ژیانی شاریی و پێوه‌ندییه مرۆیی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی ژیان له دەوڵەتە شاردا هاتۆتە کایه‌وه . بۆیە هەم مانای کۆمەلگای شارییی و هەم مانای وهاوشاریبوون یان هاونیشتمانێتی دەگەیەنێت .
پۆلیتیك ، سیاسه‌ت ، به‌م مانا سه‌ره‌تایی یه ئه‌وه‌یه : چۆن کۆمه‌ڵه خه‌ڵکێکی جێنشینی شارێ ، ولاتێ به‌یه‌که‌وه ده‌ژین ، چۆن کاروباری به‌رهه‌مهێنان و خۆبه‌ڕێوه‌بردنیان رێك ده‌خه‌ن.
به کورتی: مانایه‌کی سه‌ره‌تایی سه‌ره‌کیی سیاسه‌ت / پۆلیتیك/ ئیداره‌ی سیاسییه . که ئه‌مه‌ش خۆی له رێکخراوی سیاسیی ده‌سه‌ڵاتدا ده‌نوێنێ ، بۆیه له ئاستی ئه‌کادیمییدا زانستی سیاسه‌ت زیاتر زانستی به‌رێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت و شێوه‌ی حکومڕانی ده‌گرێته‌وه ، به‌ڵام وەک چه‌مکی گشتیی هه‌موو چوارچێوه‌یه‌کی شوێنی پێکه‌وه‌ژیانی مرۆڤ پێوه‌ندیی ده‌سه‌ڵاتی تێدایه ، رێکخستن و چه‌سپاندنی ئه‌و پێوه‌ندیی ده‌سه‌ڵاته‌ش : سیاسه‌ته .
که‌واته سیاسه‌ت ده‌شێ له ئاستی خێزانێک، گهرهکێك ، گوندێك ، ناوچه‌یه‌ك ، هه‌رێمێك ، وڵاتێك یان ئیمپراتۆریەتێک، یان فیدراسیۆنی چەند نەتەوەو ولاتێک دابێت ، یان له چوارچێوه‌ی تاقە رێکخراوێك و ده‌زگایه‌کدا بێت . بەڵام قه‌باره‌ی شوێنیی/ جوگرافیی ده‌سه‌ڵات ، شێوه‌ی رێکخراوی سیاسیی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کان و میکانیزمه‌کانی ده‌سه‌ڵات ده‌گۆڕێ.
هه‌موو جۆره رێکخستنێکی ده‌سه‌ڵات ( واته پراوه‌کردنی سیاسه‌ت) له هه‌ر ئاستێک‌دا بێ ، به‌رژه‌وه‌ندیی چه‌سپاو و زامنکراوی لایه‌ك و چه‌وساندنه‌وه و سوود لێده‌رهێنانی لایه‌کی تری ، که‌م یان زۆر، تێدایه.
ئه‌مه‌ش خۆی له خۆیدا به‌ربه‌ره‌کانیی ( صراع ، کۆنفلیکت) درووست ده‌کات.
بۆیه زۆرانبازیی سیاسه‌ت له هه‌موو ئاستێک‌دا هه‌یه ، چونکه ئه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییان له رێکخراوه سیاسییه‌که و ئه‌و ستراکتوور و میکانیزمانه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا نییه که باون ، هه‌وڵی گۆڕینیان ده‌ده‌ن.
هه‌موو هه‌وڵێك بۆ گۆڕینی ( حاڵه‌تی ئێستا یا حاڵه‌تی باوی ده‌سه‌ڵات) هه‌ڕه‌شه بۆ ستراکتوورە چه‌سپاوه‌کانی دەسەڵاتی باو درووست ده‌کات. ئه‌مه‌ش به‌رژه‌وه‌ندی زامنکراوی ده‌سه‌ڵاتداره‌کان ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه.
بۆیه وه‌ك به‌شێك له ( زامنکردنی ده‌سه‌ڵات) ده‌سه‌ڵاتداران هه‌میشه ( پاراستنی ده‌سه‌ڵات) یشیان وه‌ك به‌شێکی جه‌وهه‌ریی ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان کردۆته به‌شێکی ته‌واوکه‌ری ستراکتووری ده‌سه‌ڵات : بوونی پاسه‌وان ، له‌شکر ، سووپا ، چه‌ك ، هه‌ر له کۆنه‌وه ده‌ربڕینێکی سه‌ره‌تایی ئه‌م مه‌به‌ستی پاراستنی ده‌سه‌ڵاته‌یه .
تا ئێرە سێ ئاستی سیاسەتمان بە پێوەندی لەگەل دەسەڵات دەستنیشانکردن :
پێوەندییە ناهاوسەنگەکانی دەسەڵات
پاراستنی دەسەڵاتی باو
دروستکردنی ئەو ستراکتورانەی هێز کە بۆ پاراستنی دەسەلاتی باو بەکاردەهێنرین وەک هێزی توندوتیژیی و سەربازیی وسیاسیی
ئاستەکانی دەسەڵات
وه‌ك وتم : ده‌سه‌ڵات له هه‌موو ئاستێک‌دا هه‌یه، خۆی له هه‌موو قه‌واره‌یه‌کی ژینگه‌یی مرۆڤدا ده‌نوێنێ ، ته‌نانه‌ت له‌ناو بیر و له‌سه‌ر جه‌سته‌ی مرۆڤیش‌دا مۆری خۆی به‌جێ ده‌هێڵێ. هه‌ر به‌م پێیه‌ش به‌ربه‌ره‌کانی سیاسیی گه‌رچی به‌م شێوه‌یه‌ش سه‌یری نه‌که‌ین و نه‌یخوێنینه‌وه ، له هه‌موو ئاستێک‌دا هه‌یه . به‌ڵام له هه‌ندێ حاڵه‌تدا چوارچێوه‌کانی ده‌سه‌ڵات ئۆتۆنۆمی یا سه‌ربه‌خۆیی یان هه‌یه و له هه‌ندێ حاڵه‌تیشدا به شێوه‌یه‌کی گرێبه‌ند ( معقد) پێکه‌وه گرێ دراون و روونکردنه‌وه و شیکردنه‌وه‌ی چۆنێتیی و ئاست و هۆکارێتیی پێوه‌ندییه‌کان کارێکی ئاسان نییه.
ئه‌وه‌ی به‌لای ئێمه‌وه گرنگه لێره‌دا روونکردنه‌وه‌ی بوونی ده‌سه‌ڵاته وه‌ك ستراکتووری رێکخستن و بەکارخستنی ئه‌م ستراکتوورهیە له‌به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵاتی تاقمێك و ؛ بوونی به‌ربه‌ره‌کانی بهرژهوهندییهکانە بۆ گۆڕینی ستراکتوورهکه : واتە
* هه‌وڵدانی ستراکتووری باو یا چه‌سپاوی ده‌سه‌ڵات بۆ پاراستن و هێشتنه‌وه و ئه‌ستوورکردنی خۆی به هه‌موو شێوه‌یه‌ك.
* بوونی پێوه‌ندیی له نێوان ئاست و هۆکارەکانی ده‌سه‌ڵاتدا.
* بوونی بیر یا لۆژیک یا پڕوپاگاندە بۆ ته‌فسیرکردن و پاکانه بۆ کردن و به‌هێزکردنی ده‌سه‌ڵات
* بوونی بەربەرەکانی بەرژەوەندییەکان و ئایدیۆلۆژی دژ‌و و بزاڤی کەم یان زۆر بۆ گۆڕینی باری باو.
ئه‌م چوارچێوه سیاسییه‌ی ده‌سه‌ڵات هه‌موو جۆره ستراکتورێکی مایکرۆیی یا مەکرۆیی ( بچووك یان گه‌وره ، ورد یان درشتی) ده‌سه‌ڵات ده‌گرێته‌وه… بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌مان زیاتر لا روون بێت ، با هه‌ندێك نموونه بێنینه‌وه.
خێزان ، که سه‌ره‌تاترین و باوترین فۆرمی رێکخستنی مرۆڤیی کۆمه‌ڵایه‌تییه ، بریتییه له ستراکتورێکی تایبه‌تی بۆ رێکخستنی پێوه‌ندییه‌کانی ده‌سه‌ڵات ، له زۆربه‌ی کۆمه‌ڵه‌کاندا ، به شێوه‌یه‌کی مێژوویی ئه‌م پێوه‌ندییانه له ستراکتووری پهتریارکیدا واتە باوکسالارییدا خۆی ده‌ربڕیوه. واته : ده‌وری سه‌ره‌کیی ، ده‌وری بڕیاردان بۆ باوکه .. به‌ڵام ته‌نانه‌ت خێزانیش به‌رژه‌وه‌ندیی جیاوازی تێده‌که‌وێ و له‌مه‌وه ململانێ و ناکۆکیی تێدا په‌یدا ده‌بێ . ئه‌و ناکۆکیی و ململانێیه ده‌گاته لوتکه کاتێ ده‌سه‌ڵاتی باوك بوێریی [ تەحەددای ] بەرامبەر دەکرێ و ده‌که‌وێته مه‌ترسییه‌وه : واته کاتێ له لایه‌ن ئه‌ندامانی دیکه‌ی خێزانه‌وه : دایك ، کوڕی گه‌وره، کچان، داوای بەشداریی لە ( ده‌سه‌ڵاتی بڕیاردان } دا ، که ده‌سه‌ڵاتی سیاسی سه‌ره‌کییه، دەکرێت.
گه‌ر سه‌یری هه‌ر رێکخراوێکی دیکه بکه‌ین ، هه‌ر ئه‌و مودێله‌ی ناکۆکی و به‌ربه‌ره‌کانی و ترسی ده‌سه‌ڵات له گۆڕینی ( سته‌یتس کۆ) واتە وه‌زعی باوی تێدا ده‌رده‌که‌وێ .
قوتابخانه‌یه‌ك که به‌رێوه‌به‌ره‌که‌ی چه‌ند ساڵه ئیداره‌ی ده‌کات، گه‌ر مامۆستایه‌کی نوێی خاوه‌ن قابیلیه‌ت و توانای بۆ بێ و چاوی ببڕێته شوێنی به‌ڕێوه‌به‌ر ، ناکۆکیی و به‌ربه‌ره‌کانی تێدا درووست ده‌بێ.
رێکخراوێکی کوردیی – یا هی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کی دی له ئه‌وروپادا وه‌رگره ، ئه‌و رێکخراوه کە درووست بووه ، سیستمێکی هه‌یه . ئه‌و سیستمه به شێوه‌ی سه‌ره‌کی به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و که‌سانه ده‌رده‌بڕێ ، که قازانجی ماددیی یا مه‌عنه‌وی راسته‌وخۆیان له‌و رێکخراوەدا هه‌یه . بۆیه سیستمی ئه‌ندامێتی و نه‌خشه دانان و به‌کارهێنانی سه‌رچاوه‌ی دارایی و ماددی و به‌رپرسیارێتی و به شێوەیەک رێك ده‌خرێت و ده‌پارێزرێت که ئه‌و سیستمی به‌رژه‌وه‌ندییه بهێڵێته‌وه ، به‌ڵام ئه‌مه له‌وه‌ی ناپارێزێ که چ له ناوخۆدا له رێگای که‌سانی جیاوازه‌وه که به‌رژه‌وه‌ندی و ته‌مای جیاوازییان هه‌یه، یان له ده‌ره‌وه‌دا ، له رێگای که‌سان و رێکخراوانی دیکه‌وه که به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه ، به‌ربه‌ره‌کانی بکرێ و به‌مه ناکۆکی شەخسیی و سیاسی درووست ببێ.
خۆ ئه‌گه‌ر له‌م نموونه ماکرۆیی یانه‌وه ، بۆ نموونه‌ی گەورەتری وەک حزب ، حکوومه‌ت و ده‌وڵه‌تان بڕۆین ، ئه‌وه خۆمان به‌رامبەر مودیلێکی زۆر ئاڵۆزتر و گرێبهنداوتر ده‌بینینه‌وه. به‌ڵام راستییه‌که‌ی هه‌مان ( یاسای سیاسه‌ت ) یاسای به‌رژه‌وه‌ندی و به‌ربه‌ره‌کانی و هه‌وڵی هێشتنه‌وه‌ی رەوشی باو له لایه‌که‌وه هه‌وڵی گۆڕینی له لایه‌ن خاوه‌ن بهرژهوهندییانی جیاوه له لایه‌کی دیکه‌وه خۆی ده‌نوێنێ.
سروشتی دەسەڵات
هه‌ر حیزبێك یا رێکخراوێک بۆ ئامانجێکی دیاریکراو درووست ده‌بێ و بۆ ئه‌و ئامانجانه کارده‌کات. خه‌ڵك له ده‌وری خۆی کۆده‌کاته‌وه ، سه‌رچاوه‌و که‌ره‌سه‌ی کار په‌یدا ده‌کات له دواییدا شێوه‌ی پراکتیزەی ده‌سه‌ڵات له‌ناو حیزبه‌که‌دا دیاری ده‌کا. ئه‌و سیستمه له شیکردنه‌وه‌ی دواییدا به‌رژه‌وه‌ندی کۆمهڵهکهسانێك ده‌رده‌بڕێ که خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتی بریاردان و فه‌رمان ده‌رکردن له رێکخراوه‌که‌دا ، به‌ڵام دیسانه‌وه ئاشکرایه که به ئاشکرایی یان به په‌نهانی چ له ناوه‌وه چ له ده‌ره‌وه ناکۆکی و به‌ربه‌ره‌کانی ده‌سه‌ڵات درووست ده‌بێ ، که هه‌ره‌شه له سیستمی باو ده‌کا و وێنه‌ی سیستمێکی به‌دیل پێشکه‌ش ده‌کات.
له‌ناو هه‌ر حکوومهتێکیشدا له‌هه‌ر به‌شێکی دنیادا بێ فاکشن ( تاقم) و لایه‌نی سیاسیی خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی جیا ده‌بینین ئه‌و تاقمانه بۆ نموونه له وڵاتانی رۆژاوایی و دیموکراتیدا له شێوه‌ی ته‌یاری چه‌پ و ناوه‌ند و راست خۆیان ده‌رده‌خه‌ن . ئه‌مه جگه له به‌ربه‌ره‌کانی حیزبی حاکم له‌گه‌ڵ حیزبه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی حوکم که چاودێری هه‌موو کار و چالاکی و دهسکهوتنێکی ده‌که‌ن و بۆ هه‌لی جێگرتنه‌وه‌ی ده‌گه‌ڕێن و هەوڵ دەدەن .
کەوایە بەربەرەکانی و جیاوازیی بەرژەوەندییەکان و روانگە ئایدیۆلۆجییەکان سروشتی سیاسیی دەسەلاتە . جیاوازییەکە لە بەکارهێنانی شیوەی پراوەکردنی ئەو جیاوازیی و بەربەرەکانییەدایە . لەو ولاتانەی دیمۆکراتییان پێ دوترێت، گەیشتوونە ئەو ئاستەی پێگەیشتن و پێشکەوتنی دەستووریی و دەزگایی و موئەسسەساتی کە ئەم بەربەرەکییانە لە ئاستی سیاسیی حیزب و رێکخراوی جیاواز‌و هەڵبژاردن و دەنگداندا بمێننەوەو هێزو توندوتیژیی و تۆقاندن بۆ چارەسەری ناکۆکییەکان بەکارنەیەت . لەم شێوە دیمۆکراتییەدا ، سیاسەت مانا‌و دەوری سەرەکی خۆی وەک میکانیزمی ریکخستن و ئالوگۆڕی ئاشتیییانەی دەسەلات و دەزگاکانی بەرێوەبردنی دەوڵەت بەدەست دێنێت.
سیستمی دەوڵەت و جیۆپۆلیتک
ئه‌وه‌ی ئێمه زیاتر مه‌به‌ستمانه که له‌م نموونانه‌وه بۆی ده‌چین : سیستمی سیاسی ده‌وڵه‌ته که دیاره ده‌وڵه‌ت له حیزب و حکوومه‌ت و سیستمێکی تایبه‌تی گه‌وره‌تره.
ده‌وڵه‌تان له ئه‌نجامی پرۆسه‌یه‌کی مێژوویی و درێژی خه‌بات و به‌ربه‌ره‌کانی دروست ده‌بن … سیستمی ده‌وڵه‌ت درێژخایه‌ن تر و سه‌قامگیرتر و شموولی ترە له هه‌موو سیستمه‌کانی دی … ده‌وڵه‌ت ژماره‌یه‌کی زۆر دامه‌زراوه و داموده‌زگای خاوه‌ن ستراکتووری به‌هێز دروست ده‌کا که به‌رژه‌وه‌ندی فراوانی نه‌ته‌وه‌یه‌ك به گشتی ده‌چه‌سپێنن و ئه‌مه قه‌واره‌یه‌کی فراوان بۆ کۆکردنه‌وه و پێکه‌وه‌گونجاندنی هه‌موو ماکرۆ سیستم و قه‌واره‌کانی سیاسه‌ت ده‌سه‌ڵات فه‌راهه‌م ده‌کات. چوارچێوه‌ی سیستمی ده‌وڵه‌ت گه‌وره‌تر و به‌هێزتره له چوارچێوه‌ی سیستمی حکومه‌ت و حیزب و چینه‌کانی کۆمه‌ڵ بۆیه له‌گه‌ڵ زۆر به‌ربه‌ره‌کانی به‌هێز و ناکۆکی و هه‌را و شه‌ڕ و شۆڕش و کاره‌ساتی گه‌وره‌ش که زۆرجار زۆر هێزی سیاسی و ته‌نانه‌ت ستراکتورره کۆمهڵییهکانیش له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵده‌وه‌شێنێ، ده‌بینین قه‌واره‌ی ده‌وڵه‌ت زۆربه‌ی کات بە جێگیریی ده‌مێنێته‌وه ، بۆ نموونه له‌گه‌ڵ ئه‌و کێشە و هه‌را و جه‌نگ و کاره‌ساتانه‌ی له لوبنان و ئه‌فغانستان ڕوویدا و گۆڕانی له سیستمی سیاسی و ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی دا به‌رپا کرد ، چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی ئه‌و دوو وڵاتانه وه‌ك خۆی مایه‌وه و قه‌واره‌ی سیاسی به ده‌وڵه‌ت بوونیان له ده‌ست نه‌داوه .
ده‌وڵه‌تان ، کاتێ دروست ده‌بن، له هه‌موو قه‌واره‌یه‌کی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی تر زیاتر و شیلگیرتر و شه‌ڕانی تر هه‌وڵی مانه‌وه‌ی خۆیان ده‌ده‌ن. لای زۆربه‌ی نەتەوەکانی دنیا مانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ته‌که‌یان یه‌کسانه به مانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌یان، به مانه‌وه‌ی مێژوو و کەلتوورو میراتی نه‌ته‌وه‌یی یان ، به زامنکردنی پاشه‌رۆژی نه‌وه‌کانیان ..
بۆیه سه‌ختترین جه‌نگ له کاتی هه‌ڕه‌شه‌کردن له قه‌واره‌ی ده‌وڵه‌تدا سه‌رهه‌ڵ ده‌دات ..
ده‌وڵه‌تان بێ گوێدانه جۆری سیستمه‌که‌یان له کاتی بوونی هه‌ره‌شه بۆ سه‌ریان ، دزێوترین و دڕنده‌ترین شێوه‌ی خۆپاراستن به‌کارده‌هێنن ، به‌ڵام دیاره ته‌بیعه‌تی سیاسیی یا شێوه‌ی رژێمی سیاسیی هه‌ر ده‌وڵه‌تێك ده‌وری گه‌وره‌ی له بڕیاردانی شێوه‌ی جهنگجۆیی و به‌رگریی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌دا هه‌یه ..
له لایه‌کی دیکه‌وه مه‌سه‌له‌ی ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌ت له ئاستی ده‌وڵه‌تدا مه‌سه‌له‌یه‌کی ناوخۆیی نییه …
هیچ ده‌وڵه‌تێك نییه که یه‌که‌یه‌کی ته‌واو سه‌ربه‌خۆ بێ و پێوه‌ندیی جۆراوجۆری به ده‌وڵه‌تانی دیکه‌وه نه‌بێ ، به حوکمی جوگرافیا ، ئابووریی ، مێژوو ، کەلتوور ، ئایدیۆلۆژی یان هی تر ، به چه‌نده‌ها سنوور و ده‌وڵه‌ت و رژێمی سیاسی دیکه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه … بۆیه هەڕهشه بۆ سه‌ر هه‌ر ده‌وڵه‌تێك ده‌بێته هۆی تێوەگلانی ده‌وڵه‌تانی دیکه ، هه‌ر نه‌بێ له‌به‌ر هۆی ئابووریی و عه‌سکه‌ریی یان به تایبه‌تی جیوپۆلیتیکی ..
فاکته‌ری جیوپۆلیتیك ده‌وری سه‌ره‌کی له فراوانکردن و گرێبهندکردنی سیستمی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تییدا ده‌بینێ .. لێره‌شه‌وه مه‌سه‌له ناوخۆیی یه‌کانی دامێن ودوورییهکی ده‌ره‌وه‌یی و جیهانیی وه‌رده‌گرن ..
هه‌وڵدان بۆ گۆڕینی سیستمێکی ده‌وڵه‌تێک یان هه‌ڕه‌شه‌کردن له قه‌واره‌یه‌کی ده‌وڵه‌تیی ، له شیکردنه‌وه‌ی دواییدا ده‌بێته مه‌سه‌له‌یه‌کی نێونه‌ته‌وه‌یی و له جوغز و تۆڕی پێوه‌ندیی و هاوپه‌یمانییه ئاشکرا یا نهێنییه جیهانییه‌کانه‌وه تێوه ده‌گلێ .
بە کورتی : خوێندنەوەی سیاسەت و جیۆپۆلیتیک
له‌م پێشه‌کییه ساده و خێرایەدا به شێوه‌یه‌کی زۆر رووت و ئەبستراکت دوور له چوارچێوه‌ی کۆنکرێتی مێژوویی ، جوگرافی ، یان سیاسی هه‌وڵی خوێندنه‌وه‌ی مانای جه‌وهه‌ری سیاسه‌تم دا.. سیاسه‌ت له هه‌موو ئاستێکی ده‌سه‌ڵات دا هه‌یه ، له هه‌موو ئاستێکیشدا ده‌سه‌ڵات ستراکتووری خۆی دروست ده‌کا. هه‌وڵی پاراستن و مانه‌وه‌ی ئه‌و ستراکتووره ده‌دات به هه‌موو شێوه‌یه‌ك باوك له خێزاندا ته‌نانه‌ت به‌رامبه‌ر کوڕه گه‌وره‌ی خۆشی ، هه‌وڵی پاراستنی بڕیاری سیاسی ده‌سه‌ڵاتی خۆی ده‌دا .. له دائیره‌یه‌کدا سه‌رۆك دایه‌ره و ده‌ست و پێوه‌نده‌کانی ده‌یانه‌وێ ئه‌و سیستمه ئیدارییه‌ی خۆیان بسه‌لمێنن و لە هه‌ڕه‌شه‌ی خوێنی نوێ و بیر و بۆچوونی نوێ که به‌رژه‌وه‌ندی جیاواز بێنێته کایه‌وه و بیپارێزن. خێڵێك ئه‌و سنوور و سیستمانه ده‌پارێزێ که پاوانی به‌رژه‌وه‌ندی و پاوانی ده‌سه‌ڵاتی مسۆگه‌ر ده‌که‌ن.. سه‌رکردایه‌تی حیزبێك بۆ هیچ شتێ ده‌ست له‌و ستراکتووری ده‌سه‌ڵاته و پێوه‌ندییه‌کانی ده‌سه‌ڵات هه‌ڵناگرێ که به‌رژه‌وه‌ندی بڕیاری سیاسی ئیحتیکارکراوی مسۆگه‌ر ده‌که‌ن. جا گه‌ر ئه‌مانه هه‌موو ئاوا بن ، ئه‌ی چۆن دهوڵەتان که وه‌ك وتمان چوارچێوه‌ی ستراکتووری سیاسیی ده‌سه‌ڵاتیان زۆر فراوانتر و قووڵتر و جێگیرتر و گرێبهندتر و مێژوویی تر‌و جیهانی تره ، چۆن به هه‌موو شێوه‌یه‌ك بۆ پاراستنی سیستم و ستراکتووری خۆیان ناجه‌نگن؟!
که‌وایه ( خوێندنه‌وه‌ی سیاسه‌ت ) ی جیهانیی مانای تێگه‌یشتن و شیکردنه‌وه و لێکدانه‌وه و ئاشکراکردنی هه‌موو ئه‌و ستراکتووره مێژوویی و جوگرافیی و میتۆلۆژیی و کەلتووریی و جیوپۆلیتیکیی و سه‌ربازییانه‌یه که ( ده‌وڵه‌تێك) بۆ مانه‌وه‌ی خۆی پشتیان پێ ده‌به‌ستێ. مانای تێگه‌یشتنی هه‌موو ئه‌و هاوپێوه‌ندیی و به‌رژه‌وه‌ندیی و هاوپه‌یمانیی سیاسیی و جیوپۆلیتیکی سه‌ربازیی و ئابوورییانه‌یه که ده‌وڵه‌تێك له کاتی هه‌ڕه‌شه لێکرانیدا دهیانخاتهکار.
مانای زانینی دیاله‌کتیکی ماکرۆ سیاسه‌ت و مهکرۆ سیاسه‌ته ، وردەسیاسەت و درشتەسیاسەت ، سیاسه‌ت لە ئاستی بچوککراوه‌ی چوارچێوه شوێنگه‌یی و کۆمه‌لیی و جوگرافییه‌کانی ده‌سه‌ڵات و پێوەندی ئه‌مه به مهکرۆ سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تییه‌وه ..
خوێندنه‌وه‌ی سیاسه‌ت مانای ئاگاداربوون و هوشیاربوون و حاڵی بوونی ئه‌و دوو سه‌ره به‌رواڵه‌ت له‌یه‌ك دوور و له یه‌ك دابڕاو و ته‌نانه‌ت به‌یه‌ك دژەی ده‌سه‌ڵاته : ده‌سه‌ڵاتی بچووکی گرۆیه‌ك له شوێنێکی جوگرافی تایبه‌تیدا و کارکردنی گلۆبهیی ده‌سه‌ڵات له ئاستی ناوچه‌یی و جیهانیدا.. واته تێگه‌یشتنی سروشت و دامێنی جیهانیی ئه‌و کێشه و به‌ربه‌ره‌کانییانه، چۆنیه‌تی تێگه‌یشتنیان خۆی له خۆیدا.. تێگەیشتنی ئەو حه‌قیقه‌ته‌ی که ره‌وشی سیاسه‌ت له بچووکترین ئاستا ره‌وشی پاراستنی جۆره به‌رژه‌وه‌ندییه‌که که چ به ئاقاری گۆڕینی وه‌زعێکی باودا یان هێشتنه‌وه‌ی وه‌زعێکی باودا ، دەورو دووریی جیوپۆلیتیکی ناوچه‌یی و جیهانیی هه‌یه…
تێگه‌یشتنی حه‌قیقه‌تی سیاسه‌ته‌که له ئاستی ناوخۆیی دا به‌بێ تێگه‌یشتنی تێکه‌ڵکاریی و ناکۆکیی یان داکۆکی سیاسه‌ته‌که ، واته ستراکتووری ده‌سه‌ڵاته ناوچه‌یی و جیهانییه‌کان ، مومکین نابێت .