puk-pdk

زانا عوسمان . ڕێككەتنی ستراتیژی و ئاوابوونی خۆری یەكێتی ..!؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕێككەوتن لەسەر لەسەر چەند خاڵ و بڕگەیەكە كەلەنێوان دوو لایەن یان زیاتر لەبواری جۆراوجۆردا دەكرێ و هەر دوو لایان یان هەموو ئەو لایەنانەی كە بەژداریان كردووە لەڕێككەوتنامەكەدا دەبێت پێیەوە پابەند بن و دڵنیایی تەواو لەنێوان ئیمزاكەرانی دا هەبێت بۆ مەبەستی پابەند بوون پێیەوە , جاچ لەبواری سیاسی و بەڕێوەبردن و بازرگانی و سەربازی و ئاشتی ….. هتد ، بێت . چ لەناوخۆدا بێت یان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا بێت , ناكرێت و نابێت هیچ لایەنێكیان پێشێلی خاڵێكیش لەخاڵەكانی ڕێكەووتنامەكە بكات , ئەمەش بۆ ئەو ئامانج و ئاواتانەی كەلەڕێككەوتنەكەدا جەختی لەسەر كراوەتەوە بۆ گەیشتن پێی ,
لێرەدا باسێكی كورتی ڕێككەوتنامەی ستراتیژی نێوان یەكێتی و پارتی دەكەم كەبەپێی هەموو پێوەرەكانی هاوپەیمانیەتی كەتیایدا یەكێتی پارتی جەختیان لەسەر جێبەجێ‌ كردن و بەردەوامی كردۆتەوە كەلەڕابردوودا بەشێكی پێشێلكراوەو بەهیچ شێوەیەك لەبواری پڕاكتیكیدا كاری پێنەكراوەو بەشێكیشی لەدوای هەڵبژاردنەكانی 21/9 ی پەرلەمانی كوردستانەوە پێشێلكردن و كارپێنەكردنی سەری هەڵداوە دوو خاڵی سەرەكی تریش كەیەكێكن لە لەهەرە خاڵە بەهێزەكانی لێكهەڵوەشانەوەی ڕێككەوتنی ستراتیژی نێوان ( یەكێتی و پارتی ) بریتیە لە:
1) دابەشكردنی پۆستەكان لەسەر بنەمای هاوسەنگی و یەكسانی لەنێوانیاندا .
2) وەرنەگرتنی بەرپرسی هیچ لایەنێكیان لەلایەنەكەی تر .
بەهێزیەكەیان لەوەدایە كەبەجێبەجێكردنی تەواو كاریگەری لەسەر هێزی جێبەجێكەر دروست دەكات بەدەرئەنجامی گەیشتن بەلاوازی و بەهێزی ئەو لایەنەی كەڕێككەوتنامەكە جێبەجێناكات .
مەبەست لە خاڵی یەكەم واتە بەشێوەیەك هەر پۆست و پلەو پایەكی بەڕێوەبردنی وڵات بەر پارتی و یەكێتی بكەوێت دەبێت لەبواری پڕاكتیكیدا یەكسانی دابەشكردنی پۆستەكان بەسەریاندا بكرێت , بۆ نمونە ئەگەر پارتی( 8 ) پۆستی بەڕێوەبردنی وڵات وەربگرێت لەهەمانكاتدا یەكێتی یش دەبێت بەهەمان شێوە( 8) پۆست وەربگرێت , تەنانەت نەك لە ڕووی ژمارەوە بگرە دەبێت لەڕووی هێزی پۆستەكانیش یەكسانی تاڕادەیەك بەرزیشی تێدابێت , نمونە / ئەگەر وەزارەتی ناوخۆ هەروەكو لەڕابردوودا كەلەژێر دەستی پارتی بووە , ئەوە وەزارەتی پێشمەرگە لەژێردەستی یەكێتی بووە بەهەمان شێوە گشت پۆستەكانی تر بەم شێوەیە دابەشكردنیان بۆ كراوە , پێشێلكردنی ئەو خاڵەی ڕێككەوتنی ستراتیژی بەشێوەیەكی ڕونوو ئاشكرا پارتی ئیشی پێكرد لەكاتی پێشنیاری پۆستەكانی بۆ یەكێتی لەلایان لیژنەی دانوستانكاری حیزبەكەیەوە بۆی كەلاسەنگیەكی تەواو هەستیاری پۆستەكان بەشێوەیەكی ڕەسمی و دیار دەستی پێكرد بۆ كابینەی داهاتوو , كەهەر چەندە لە كابینەی ڕابردووشدا یەكێتی ئەو پۆستانەی كەلەژێر دەستی دابوو زۆر كەمترو لاوازتر بوون بەبەراورد بەتێكڕای ئەو پۆستانەی كەپارتی تائێستاش لەژێر دەستی دایە ، كە كۆنترۆڵكردنی تەواوی جومگە هەستیارەكانی حكومەتی خستۆتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە بەتەواوی دەسەڵاتەكانیەوە بێ‌ ئەوەی یەكێتی بچوكترین دەسەڵاتی لەناو ئەو پۆستانەدا هەبێت .
هەر بۆ نمونە ئەگەر لەناو خەڵكدا ڕاپرسیەك بكرێت زۆربەی هەرە زۆری نازانێت كەجێگری سەرۆكی هەرێم كێیەو چ دەسەڵاتێكی هەیە , كەتەنانەت نەك لە كاتی ئامادەبوونی سەرۆكی هەرێم بگرە لەكاتی چوونە دەرەوەشی جێگرەكەی ناتوانێت تاكە دەسەڵاتێكی بەكاربهێنێت ! واتە نەك دەسەڵاتی لەناو پۆستە سەربەخۆكاندا نیە بگرە دەسەڵاتی لەناو پۆستە هاوبەشەكانیشدا نیە , بەڵام تا نزیكەی 6 مانگ پێش ئێستا ئەمانە نەبوونە خاڵی هەرە دیاری کارپێنەكردنی ڕێككەوتنامەی ستراتیژی نێوان ئەم دوو هێزە , بەڵام دەستپێكردنی دانوسانەكانی تایبەت بەپێكهێنانی حكومەت ئەم خاڵەش كەبەیەكێك لەهەرە خاڵە گرینگەكانی ڕێككەوتنامەكەی نێوانیان دادەنرێت خرایە ژێر پێی سیاسەتی خۆیی لەلایان پارتیەوە .
وەسەبارەت بەخاڵی دووەم ئەوە لەسەر هەریەكێك لە پارتی و یەكێتی پێویستە پابەندی بێت , نابێت و ناكرێت لەژێر هیچ پاساوێك بەرپرسی حیزبی یەكتری وەربگرن وەك ئەندامی خۆیان , ئەوەش لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا دیسانەوە لەسەر دەستی پارتی بوو بەخاڵی كارپێنەكردن هەروەكو بینیمان چەندین ئەندامی یەكێتی لەسەر ئاستی باڵاوە چوونە ناو پارتی و پارتیش بەئەندامی خۆی وەریگرتن , بێ ئەوەی بیرلە شتێك بكاتەوە بەناوی ڕێككەوتنامەی ستراتیژی لەگەڵ هەوپەیمانەكەیدا .
سوتان وكارپێنەكردنی ئەم دوو خاڵە لەم چەند مانگەی ڕابردوودا بەشێوەیەكی ئاشكرا لەسیاسەتكردنی پارتیدا بەتەواوی سیاسەتكردنی ئەم دوو حیزبە یەكیان بێدەنگبوون و ئەوەی تریشیان سڕككردنی تەواوەتی خاڵە هەستیارەكانی ڕێككەوتنامەكە , پێماندەڵێت لەئێستای كاری سیاسی ئەو دوو هێزە شتێك بوونی نەماوە بەناوی ڕێككەوتنامەی ستراتیژی لەنێوانیاندا , جگە لەقسەكردنێكی زارەكی و بەس , كەئەم شێوازە سیاسەتكردنەی پارتی بەشێوەیەكی ئاشكرا گوێنەدان بەیەكێتی و تاڕادەیەك بەرز پشتگوێخستنی بەبەراورد بەڕابردوو ,لەلایەك دەگەڕێتەوە بۆ پاشگەزبوونەوەی لەجێبەجێكردنی ئەم ڕێككەوتنامەیە كەبەرژەوەندی خۆی لەوەدا دەبینێتەوە , لەلایەكیش دەگەڕێتەوە بۆ هێزێكی نوێ و كاریگەر كەلە 25/7/2009 لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستاندا دەركەوت ئەویش بزوتنەوەی گۆڕانە , كەلەئێستای گۆڕەپانی سیاسیدا پلەیەك یەكێتی بردۆتە خوارەوەو خۆی بووە بەهێزی دووەم , بەتایبەتیش دەركەووتنی ئەو بزوتنەوەیە بەو هێزە گەورەیە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان بەهێزی دووەم , بەڵام ئاستێكی تەواو و دور لەپێش یەكێتیەوە ، وە هێزی یەكەم لەو ناوچەیەی كەپێی دەوترێ‌ زۆنی سەوز , بۆیە ئەگەر یەكێتی هەر وابەداماوی و بێدەنگی سیاسەتكرد بەرامبەر پارتی لە نەبوونی هەڵوێست بەردەوام بێت ، ئەوە بەخەیاڵی سەفینەوە بەستەڵەكی سیاسیان دەتوێتەوە لەو بێئاوەدانیەی جارانی و بەئاوێكی كەمەوە خۆی دەبینێتەوە بۆ بەردەوامی سیاسەتكردنی , چونكە تائێستاش ئەگەرێك ماوە بۆ مانەوەی حیزبێك كەپێی دەوترێت یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ..!؟؟ مەبەست بەو هێزەی كەئێستا هەیەتی , كەهەموو باجەكانی یەكێتی شەریك بوون بوو لەگەڵ پارتی لەگەندەڵی هەموو كایە جۆراوجۆرەكان , بێدەنگبوونی بوو بەرامبەر پۆستە هەستیارەكان كەڕێگای بۆ پارتی خۆش كرد بەچەپڵە لێدانەكان بۆ ئەوەی پارتی قۆرخی تەواوی پۆستە هەستیارەكان بكات و شانازیشی پێوەبكەن ..! بەڵام لەغیابی نەبوونی بیری سیاسی بۆ داهاتووی سیاسەتكردنیان بارانە پۆسبوو لەلایان سەركردە یەكێتیەكانەوە بۆ پارتی هاوپەیمانی بەقسە , كەپارتی توانی مەبەستەكانی خۆی لەڕێگای فڕێدانی كارتە سیاسیەكاندا بێنێتەدی بەجێبەجێكردنی لەلایان یەكێتی بەهەڵپەڕكێیەكی خێرا بێ شیرینی , هەروەكو درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی هەرێم و….. هتد .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت